Archive

Archive for شوبات, 2009

ناڵەی جودایی – هێمن موکریانی

26 شوبات 2009 3 comments

heminmukriyani-1

ساقیا! وا بادەوە، وا بادەوە
روو لە لای من کە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زۆربەیان شاد و بە کەیف و بێ خەمن
مەی حەرامە بۆ سەھەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟!
ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرامم بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە
ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نیە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی رەنگ زەرد نیە
بۆ کەسێکە مەی چزیلکی پێوەنێ
بۆچی ملھوڕ لێرە بینی پێوەنی؟!
بۆ کەسێکە مەی کە دەردی کارییە
بێ خەمێک بیخواتەوە، زۆردارییە
بۆ کەسێکە مەی، دڵی پڕ بێ لە داخ
بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ؟!
ئەو کەسەی بێکەس نیە و خانە خەراب
دەک بە ژاری ماری بێ بادە و شەراب!
ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و بڕک و ژان
ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم
شانی دانەخزا لە بن باری ستەم
ئەو کەسەی ھەستی بە زۆرداری نەکرد
تیخی زۆرداری برینداری نەکرد
ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا
ئەو کەسەی نەیبینی ھاتی دوژمنی
تیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی
ئەو کەسەی ھێندە نەبوو زویر و زگار
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار
ئەو کەسەی نەیھاڕی بەرداشی زەمان
ئەو کەسەی ((زیڕەی نەگەییە ئاسمان))
ئەو کەسەی دووری عەزیزانی نەدی
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی
تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت
لێی نەگیرا دەور و پشت و چوار تەنیشت
ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر رما
شەو بە نیازی کەیف لە ماڵی خۆی نەما
بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ!
ئەو کوڕەی ھێشتا لە ژوانێ رێی ھەیە
سەیرە زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە
ئەو کەسەی راوی نەنێن لێرە و لەوێ
ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ
ئەو کوڕەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ
بێتە ئێرە، چۆنە ھەی دێی ناکەنێ؟
ئەو کەسەی ((دەستی لە مەمکان گیر ببێ))
ئەو کەسەی ((تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ))
ئەو کوڕەی کیژێک بەرەو رووی پێکەنێ
ئەو کەسەی ھەر سووکە ئاوڕێکی دەنێ
ئەو کەسەی پەنجۆڵە بکوشێ جار و بار
ئەو کەسەی دەستی بگاتە گەردنی یار
ئەو کەسەی رامووسێ کوڵمەی تاس و لووس
ئەو کەسەی تێی ھەڵنەدابێ چارەنووس

زیاتر بخوێنەوە…

Advertisements
:هاوپۆله‌کانPoemMusic

پێشەوا قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی

Peshewa-Qazi-Mala-Mistefa-Barzani

:هاوپۆله‌کانPhotoStory

نەقڵی پاقلە، ئاغا و نۆکەری دووڕوو

دەگێڕنەوە دەڵێن ڕۆژێک، پاقلە و رۆن بۆ ئاغایەک دێنن، دەیخوا، زۆری پێخۆش دەبێت. نۆکەرەکەت کاتێ دەبینێ ئاغاکەی خۆشی لە پاقڵە و ڕۆنە هاتووە، بە دەرفەتی دەزانێ و دنیایەک وەسفی باشییەکانی پاقلە دەکات.
چەند رۆژەک دواتر، شلەی پاقلە بۆ ئاغا دەهێنن، ئاغا تەنها دوو کەوچک دەخوا و بەجێی دێڵێ!
ئەمجارە نۆکەر، دەستدەکات بە باسکردنی خراپییەکانی پاقلە!
ئاغا دەڵێ ئێستا من نەمزانی پاقلە خۆش یان ناخۆش؟ ئەو پێاهەڵگوتنەت لە چی بوو و ئەو زەممکردنەی پاقلەت لە چییە؟ ئاخیری پاقلە باشە یا خراپ؟
نۆکەر دەڵێ: قوربان من پیاوی تۆم خۆ پیاوی پاقلە نیم! ئێوە پێتان چۆن بێت؛ پاقلە خۆشە، پێتان خۆش نەبێ، پاقلە خراپە! قسەی من لەگەڵ ئێوەیە :)
:هاوپۆله‌کانComment

سیاسەتمەدار و بێ باوەڕی!

پاسێک لە شوێنێکی دوورەدەست وەردەگەڕێ، پڕ ئەبێ لە پارلەمانتار و بەرپرسی گەورە و سیاسییەکانی وڵات.
پۆلیس دوای ڕۆژێک ئەتوانێ بگاتە شوێنی ڕووداوەکە.
کاتێ ئەگەن دەبینن جوتیارێک سەرجەم سەرنشینەکانی پاسەکەی ناشتووە.
ئەفسەرێک پرسیار لە جوتێارەکە ئەکات:
دڵنیابووی کە هەموویان بە ڕاستی مردبوون؟
جوتێارەکە ئەڵێت: قوربان هندێکیان هاواریان ئەکرد ماوین، بەڵام کێ باوەڕ بە سیاسییەکان ئەکات!

:هاوپۆله‌کانComment

بەرگێک لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵات: کڕۆنۆلۆژی ڕۆژەکانی دەورووبەری دەرچوونی گەڵاڵەی ٨ خاڵی مەهاباد

٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ واتە ١١/٢/١٩٧٩ ڕژیمی شاهەنشاهی ڕووخا و شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت.
٢٣ی ڕێبەندان: بارۆدۆخێکی زۆر ناسەقامگیر و ناڕوون هەموو وڵاتی گرتووەتەوە.
٢٤ی ڕێبەندان: بەپێی ڕۆژنامەی ئیتلاعات، بە فەرمانی ئیمام جومعەی مەهاباد شێخ عێزەدین حوسەینی، بۆ کۆنتڕۆڵی شار ئەمڕۆ شۆرای شۆڕش لەم شارەدا پێکهات.
٢٥ی ڕێبەندان: سەرەکوەزیری ئێران مەهدی بازرگان ناوی حەوت وەزیری تازەی ڕاگەیاند. داریووش فرووهەر: وەزیری کار.
٢٧ ڕێبەندان: ڕێوڕەسمی ناشتن و ڕێزگرتن لە کاک حەمەحوسەین کەریمی لەسەقز بەڕێوەچوو. کۆمەڵە بەم بۆنەوە هەڵسوووڕانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندانیان کرد بە ڕۆژی کۆمەڵە.(ڕۆژی گیانبەختکردنەکەی)
٢٨ی ڕێبەندان: لە دەفتەری مەهدی بازرگان، سەرەکوەزیری تازەوە تەلەیفوون دەکرێت بۆ ماڵی مامۆستا شێخ عێزەدین و دەڵێن هەیئەتێك دێت بۆ کوردستان. رۆژنامەی ئیتلاعات: “ئەمڕۆ ئاگادار بووین کە داریووش فرووهەر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ هەیئەتێکدا بە ڕاسپاردەیەکی تایبەتەوە ئەمڕۆ تارانی بەجێهێشت و بەرەو کوردستان وەڕێکەوت.
٢٩ی ڕێبەندان: کۆبوونەوەی نوێنەرانی شارەکانی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت لە ماڵی میرزا ڕەحیم خەڕازی (جێگای سەرنجە کە سەیدبرایم عەلیزادە و مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە نهێنی لە مەهاباد دەژیان و هەربۆیە هیچکامیان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون.)
شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ واتە ٩/٢/١٩٧٩: گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد (قطعنامە ٨ مادەای مهاباد) درایە نوێنەرانی دەوڵەت کە بریتی بوون لە داریووش فرووهەر،برایم یونسی، ئیسماعیل ئەردەڵان، موحەممەد موكری، ئایەتوڵڵا نووری.
کۆتایی ڕێبەندان؛ “جمعیت دفاع از آزادی و انقلاب” لە شاری سنە دامەزرا.
٣٠ی ڕێبەندان: پادەگانی مەهاباد لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە دەستی بەسەردا گیرا.
٢ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی ئیتلاعات: بەپێی ئەو هەواڵانەی کە پشتڕاست نەکراونەتەوە، جەلال تاڵەبانی و ٦٠ پێشمەرگە چوونەتە ناو شاری مەریوان. دواتر لیژنەی عەسکەری یەکێتی نیشتمانی لە برووسکەیەکدا بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی هەواڵەکە بە دروستکراو ناودەبات و بە دەسیسەی ئەمپریالیسم و دارودەستەکەی دادەنێت.
٥ی ڕەشەمە: بۆچوونی غەنی بلووریان لەسەر مەلا مستەفا بارزانی لە گەڵ ڕۆژنامەی ئیتلاعات‌ بڵاودەبێتەوە.
٦ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی کەیهان: فڕینی فڕۆکەی فانتۆم بەسەر کوردستاندا ڕاگیرا. حیزبی دیموکرات پاش ٣٢ ساڵ هەڵسووڕانی خۆی دەستپێدەکاتەوە. ڕۆژنامەی ئیتلاعات: هێمن شاعیری شۆڕشگێڕی کورد دوای ساڵەها تەبعید لە ناو خۆپیشاندان و پێشوازییەکی شکۆداردا گەڕایەوە کوردستان.
١٠ی ڕەشەمە: واتە ١/٣/١٩٧٩ مەلا مستەفا بارزانی لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
١٢ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی کەیهان( ل ٧): “گوتەبێژێکی حیزبی دیموکرات بە ئاماژە بە مەرگی مەلا مستەفا بارزانی گوتی: گەلی کورد بە بیستنی هەواڵی مەرگی کەسێك کە لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوەی کوردی عێراقی بە ‘شا’ و ‘سیا’ فرۆشت، هەست بە ئارامی دەکەن. بارزانی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران و عێراق وەکوو خائین . . . بە ناوبانگە.”
١٢ی ڕەشەمە: پێنجەمین کۆبوونەوەی جەمعییەتی کوردەکانی دانیشتووی ناوەند [تاران]، لە زانکۆی سەنعەتی شەریف بەڕێوەچوو و تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەڵاڵەی هەشت خاڵی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان دەربڕی. (کەیهان ١٢/١٢ لاپەڕەی ٧)
١٤ی ڕەشەمە: ناشتنی تەرمی مەلا مستەفا لە شاری شنۆ. لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەدا مەسعوود بارزانی کوڕی مەلا مستەفا گوتی: “ئیمام خومەینی فەرموویەتی کوردەکانی ئێران بە مافی خۆیان دەگەن. . . من وادەتان دەدەمێ کە ئەم ڕێبەرە گەورەیە لە ژێر ئاڵای ئیسلامیی ئێران و لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا خودموختاریتان پێدەدات.’ مەلا کەریم شاریکەندی دەڵێ: “مادەی هەشت لە خواستەکانی کوردەکان سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی لادەبرێت.”(ڕۆژنامەی ئیتلاعات ١٦/١٢/١٣٥٧)
١٦ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی ئیتلاعات: سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ خستەوە کە لە زمانی حیزبی ئەوانەوە سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو بووەتەوە. ئەو گوتی: “کۆمیتەی ناوەندی بە پێویستی دەزانێت ڕایبگەیەنێت کە ئەو قسانە هەڵوێستی حیزبی ئێمە نییە. بۆچوونی ئێمە سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی هەر ئەوەیە کە لە نووسراوەی ڕەسمی حیزبدا بڵاو بووەتەوە و لە داهاتوویشدا بڵاو دەبێتەوە.”
***
دەقی گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد

١ – گەلی کورد هاوڕێ لەگەڵ گەلانی‌ تری ئێران، شۆڕشی ئێران پەسەند دەکات و بڕیاری داوە لە ڕێگای پتەوکردنی خەباتی خۆی لەگەڵ خەباتی باقی گەلانی ئێران بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئاوەدان لە داهاتوودا ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕێت.
٢ – گەلی کورد هەروەکوو باقی گەلانی ئێران داواکاری نەمانی ستەمی میللی و دابین کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە شێوەی فیدیراڵییە لە چوارچیوەی وڵاتی ئێراندا و هەر چەشنە تۆمەتێکی جیاوازیخوازانە ڕەد دەکاتەوە و لە دەوڵەتی کاتی بەڕێز موهەندیس بازرگان داوا دەکات کە هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر ئەم داواکارییەدا بە شێوەی ڕەسمی ڕابگەیەنێت.
٣ – ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە زەحمەتکێشانی ئێران بەشێکی سەرەکییان هەبووە لە شۆڕشی ئێراندا و هەر بۆیە مافی بێ ئەملاو ئەولای زەحمەتکێشان و کرێکاران و جووتیارانە کە بەشداری بکەن لە دەوڵەتی شۆڕشگێڕ‌دا.
٤ – کوردستانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی سەرچاوەی دەستلێنەدراوی ئێجگار زۆرە، یەکێکە لە ناوچە هەرە پاشکەوتووەکانی ئێران. کەوابوو نەهێشتنی ستەمی ئابووری یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانە.
٥ – پێویستە هەموو پادەگانەکانی کوردستان لە ژێر چاوەدێری شۆرای شۆڕشدا بەڕێوەبچن و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ کۆمیتەیەکی هاوبەشی سەربازی لە ئەفسەرانی نیشتمانپەروەر و نوێنەرانی شۆڕای شۆڕش پێک بهێندرێت.
٦ – ئەو ئەفسەرە تاوانکارانەی کە فەرمانی تەقەکردنیان دەرکردووە و بوونەتە هۆی شەهید بوونی ڕۆڵەکانی گەل، دەبێ بدرێنە دادگای شۆڕشی گەل و بەمەبەستی گۆڕینی ئەرتەشی کۆنەپەرست بە ئەرتەشێکی گەلیی، پێویستە ئەرتەش لە کەسانی دژە شۆڕش پاک بکرێنەوە.
٧ – هەموو نوێنەرانی ئامادە لەم کۆبوونەوەدا کە نوێنەری شارە کوردنشینەکانن ڕایدەگەیەنن کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید عێزەدین حوسەینی، شایستەی ئەوەیە سەرۆکی هەر هەیئەتێك بێت کە لەلایەن گەلی کوردەوە دەکەوتێتە وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی؛ با دەزگای ڕیبەرایەتی شۆڕش و دەوڵەتی کاتی خۆیان بپارێزن لە پەیوەندی گرتن و وتووێژ لەگەڵ کەسانی کۆنەپەرستی کورد.
٨ – بەو پێیە کە مەلا مستەفا بارزانی و تاقمی ناسراو بە “قیادە موەقەت” داردەستی ڕێکخراوی ‘سیا’ ی ئەمریکا و ‘ساواک’ ی ئێران و ‘میت’ ی تورکیا بوون و [ئێستایش] هەن و هەروەها هەموو گەلی کورد نەفرەتیان لێدەکەن، لە دەوڵەتی شۆڕش داواکارین کە هەرچەشنە پەیوەندی و لێک نزیکبوونەوەیەک لەگەڵ ئەم دارودەستەیە ببڕێتەوە و ڕێبەرە خائینەکانیان لە ئێران وەدەرنێن، بەبێ ئەوەی ئەم سیاسەتە زیانێك بە دۆخی بنەماڵە پەنابەرە هەژارەکان بگەیەنێت

بەشیک لە وتاری “گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مهاباد، قیادەی موەقەت و ڕۆژهەڵاتی کوردستان” کە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ بڵاویکردەوە… لینکەکەی

:هاوپۆله‌کانComment

بەسیەتی دووبەرەکی… هێمن

hemin-lasari

:هاوپۆله‌کانPoemMusic