ماڵه‌وه‌ > Comment > بەرگێک لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵات: کڕۆنۆلۆژی ڕۆژەکانی دەورووبەری دەرچوونی گەڵاڵەی ٨ خاڵی مەهاباد

بەرگێک لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵات: کڕۆنۆلۆژی ڕۆژەکانی دەورووبەری دەرچوونی گەڵاڵەی ٨ خاڵی مەهاباد

٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ واتە ١١/٢/١٩٧٩ ڕژیمی شاهەنشاهی ڕووخا و شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت.
٢٣ی ڕێبەندان: بارۆدۆخێکی زۆر ناسەقامگیر و ناڕوون هەموو وڵاتی گرتووەتەوە.
٢٤ی ڕێبەندان: بەپێی ڕۆژنامەی ئیتلاعات، بە فەرمانی ئیمام جومعەی مەهاباد شێخ عێزەدین حوسەینی، بۆ کۆنتڕۆڵی شار ئەمڕۆ شۆرای شۆڕش لەم شارەدا پێکهات.
٢٥ی ڕێبەندان: سەرەکوەزیری ئێران مەهدی بازرگان ناوی حەوت وەزیری تازەی ڕاگەیاند. داریووش فرووهەر: وەزیری کار.
٢٧ ڕێبەندان: ڕێوڕەسمی ناشتن و ڕێزگرتن لە کاک حەمەحوسەین کەریمی لەسەقز بەڕێوەچوو. کۆمەڵە بەم بۆنەوە هەڵسوووڕانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندانیان کرد بە ڕۆژی کۆمەڵە.(ڕۆژی گیانبەختکردنەکەی)
٢٨ی ڕێبەندان: لە دەفتەری مەهدی بازرگان، سەرەکوەزیری تازەوە تەلەیفوون دەکرێت بۆ ماڵی مامۆستا شێخ عێزەدین و دەڵێن هەیئەتێك دێت بۆ کوردستان. رۆژنامەی ئیتلاعات: “ئەمڕۆ ئاگادار بووین کە داریووش فرووهەر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ هەیئەتێکدا بە ڕاسپاردەیەکی تایبەتەوە ئەمڕۆ تارانی بەجێهێشت و بەرەو کوردستان وەڕێکەوت.
٢٩ی ڕێبەندان: کۆبوونەوەی نوێنەرانی شارەکانی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت لە ماڵی میرزا ڕەحیم خەڕازی (جێگای سەرنجە کە سەیدبرایم عەلیزادە و مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە نهێنی لە مەهاباد دەژیان و هەربۆیە هیچکامیان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون.)
شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ واتە ٩/٢/١٩٧٩: گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد (قطعنامە ٨ مادەای مهاباد) درایە نوێنەرانی دەوڵەت کە بریتی بوون لە داریووش فرووهەر،برایم یونسی، ئیسماعیل ئەردەڵان، موحەممەد موكری، ئایەتوڵڵا نووری.
کۆتایی ڕێبەندان؛ “جمعیت دفاع از آزادی و انقلاب” لە شاری سنە دامەزرا.
٣٠ی ڕێبەندان: پادەگانی مەهاباد لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە دەستی بەسەردا گیرا.
٢ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی ئیتلاعات: بەپێی ئەو هەواڵانەی کە پشتڕاست نەکراونەتەوە، جەلال تاڵەبانی و ٦٠ پێشمەرگە چوونەتە ناو شاری مەریوان. دواتر لیژنەی عەسکەری یەکێتی نیشتمانی لە برووسکەیەکدا بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی هەواڵەکە بە دروستکراو ناودەبات و بە دەسیسەی ئەمپریالیسم و دارودەستەکەی دادەنێت.
٥ی ڕەشەمە: بۆچوونی غەنی بلووریان لەسەر مەلا مستەفا بارزانی لە گەڵ ڕۆژنامەی ئیتلاعات‌ بڵاودەبێتەوە.
٦ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی کەیهان: فڕینی فڕۆکەی فانتۆم بەسەر کوردستاندا ڕاگیرا. حیزبی دیموکرات پاش ٣٢ ساڵ هەڵسووڕانی خۆی دەستپێدەکاتەوە. ڕۆژنامەی ئیتلاعات: هێمن شاعیری شۆڕشگێڕی کورد دوای ساڵەها تەبعید لە ناو خۆپیشاندان و پێشوازییەکی شکۆداردا گەڕایەوە کوردستان.
١٠ی ڕەشەمە: واتە ١/٣/١٩٧٩ مەلا مستەفا بارزانی لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
١٢ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی کەیهان( ل ٧): “گوتەبێژێکی حیزبی دیموکرات بە ئاماژە بە مەرگی مەلا مستەفا بارزانی گوتی: گەلی کورد بە بیستنی هەواڵی مەرگی کەسێك کە لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوەی کوردی عێراقی بە ‘شا’ و ‘سیا’ فرۆشت، هەست بە ئارامی دەکەن. بارزانی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران و عێراق وەکوو خائین . . . بە ناوبانگە.”
١٢ی ڕەشەمە: پێنجەمین کۆبوونەوەی جەمعییەتی کوردەکانی دانیشتووی ناوەند [تاران]، لە زانکۆی سەنعەتی شەریف بەڕێوەچوو و تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەڵاڵەی هەشت خاڵی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان دەربڕی. (کەیهان ١٢/١٢ لاپەڕەی ٧)
١٤ی ڕەشەمە: ناشتنی تەرمی مەلا مستەفا لە شاری شنۆ. لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەدا مەسعوود بارزانی کوڕی مەلا مستەفا گوتی: “ئیمام خومەینی فەرموویەتی کوردەکانی ئێران بە مافی خۆیان دەگەن. . . من وادەتان دەدەمێ کە ئەم ڕێبەرە گەورەیە لە ژێر ئاڵای ئیسلامیی ئێران و لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا خودموختاریتان پێدەدات.’ مەلا کەریم شاریکەندی دەڵێ: “مادەی هەشت لە خواستەکانی کوردەکان سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی لادەبرێت.”(ڕۆژنامەی ئیتلاعات ١٦/١٢/١٣٥٧)
١٦ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی ئیتلاعات: سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ خستەوە کە لە زمانی حیزبی ئەوانەوە سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو بووەتەوە. ئەو گوتی: “کۆمیتەی ناوەندی بە پێویستی دەزانێت ڕایبگەیەنێت کە ئەو قسانە هەڵوێستی حیزبی ئێمە نییە. بۆچوونی ئێمە سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی هەر ئەوەیە کە لە نووسراوەی ڕەسمی حیزبدا بڵاو بووەتەوە و لە داهاتوویشدا بڵاو دەبێتەوە.”
***
دەقی گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد

١ – گەلی کورد هاوڕێ لەگەڵ گەلانی‌ تری ئێران، شۆڕشی ئێران پەسەند دەکات و بڕیاری داوە لە ڕێگای پتەوکردنی خەباتی خۆی لەگەڵ خەباتی باقی گەلانی ئێران بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئاوەدان لە داهاتوودا ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕێت.
٢ – گەلی کورد هەروەکوو باقی گەلانی ئێران داواکاری نەمانی ستەمی میللی و دابین کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە شێوەی فیدیراڵییە لە چوارچیوەی وڵاتی ئێراندا و هەر چەشنە تۆمەتێکی جیاوازیخوازانە ڕەد دەکاتەوە و لە دەوڵەتی کاتی بەڕێز موهەندیس بازرگان داوا دەکات کە هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر ئەم داواکارییەدا بە شێوەی ڕەسمی ڕابگەیەنێت.
٣ – ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە زەحمەتکێشانی ئێران بەشێکی سەرەکییان هەبووە لە شۆڕشی ئێراندا و هەر بۆیە مافی بێ ئەملاو ئەولای زەحمەتکێشان و کرێکاران و جووتیارانە کە بەشداری بکەن لە دەوڵەتی شۆڕشگێڕ‌دا.
٤ – کوردستانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی سەرچاوەی دەستلێنەدراوی ئێجگار زۆرە، یەکێکە لە ناوچە هەرە پاشکەوتووەکانی ئێران. کەوابوو نەهێشتنی ستەمی ئابووری یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانە.
٥ – پێویستە هەموو پادەگانەکانی کوردستان لە ژێر چاوەدێری شۆرای شۆڕشدا بەڕێوەبچن و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ کۆمیتەیەکی هاوبەشی سەربازی لە ئەفسەرانی نیشتمانپەروەر و نوێنەرانی شۆڕای شۆڕش پێک بهێندرێت.
٦ – ئەو ئەفسەرە تاوانکارانەی کە فەرمانی تەقەکردنیان دەرکردووە و بوونەتە هۆی شەهید بوونی ڕۆڵەکانی گەل، دەبێ بدرێنە دادگای شۆڕشی گەل و بەمەبەستی گۆڕینی ئەرتەشی کۆنەپەرست بە ئەرتەشێکی گەلیی، پێویستە ئەرتەش لە کەسانی دژە شۆڕش پاک بکرێنەوە.
٧ – هەموو نوێنەرانی ئامادە لەم کۆبوونەوەدا کە نوێنەری شارە کوردنشینەکانن ڕایدەگەیەنن کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید عێزەدین حوسەینی، شایستەی ئەوەیە سەرۆکی هەر هەیئەتێك بێت کە لەلایەن گەلی کوردەوە دەکەوتێتە وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی؛ با دەزگای ڕیبەرایەتی شۆڕش و دەوڵەتی کاتی خۆیان بپارێزن لە پەیوەندی گرتن و وتووێژ لەگەڵ کەسانی کۆنەپەرستی کورد.
٨ – بەو پێیە کە مەلا مستەفا بارزانی و تاقمی ناسراو بە “قیادە موەقەت” داردەستی ڕێکخراوی ‘سیا’ ی ئەمریکا و ‘ساواک’ ی ئێران و ‘میت’ ی تورکیا بوون و [ئێستایش] هەن و هەروەها هەموو گەلی کورد نەفرەتیان لێدەکەن، لە دەوڵەتی شۆڕش داواکارین کە هەرچەشنە پەیوەندی و لێک نزیکبوونەوەیەک لەگەڵ ئەم دارودەستەیە ببڕێتەوە و ڕێبەرە خائینەکانیان لە ئێران وەدەرنێن، بەبێ ئەوەی ئەم سیاسەتە زیانێك بە دۆخی بنەماڵە پەنابەرە هەژارەکان بگەیەنێت

بەشیک لە وتاری “گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مهاباد، قیادەی موەقەت و ڕۆژهەڵاتی کوردستان” کە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ بڵاویکردەوە… لینکەکەی

Advertisements
:هاوپۆله‌کانComment
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: