ماڵه‌وه‌ > PoemMusic > ناڵەی جودایی – هێمن موکریانی

ناڵەی جودایی – هێمن موکریانی

heminmukriyani-1

ساقیا! وا بادەوە، وا بادەوە
روو لە لای من کە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زۆربەیان شاد و بە کەیف و بێ خەمن
مەی حەرامە بۆ سەھەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟!
ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرامم بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە
ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نیە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی رەنگ زەرد نیە
بۆ کەسێکە مەی چزیلکی پێوەنێ
بۆچی ملھوڕ لێرە بینی پێوەنی؟!
بۆ کەسێکە مەی کە دەردی کارییە
بێ خەمێک بیخواتەوە، زۆردارییە
بۆ کەسێکە مەی، دڵی پڕ بێ لە داخ
بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ؟!
ئەو کەسەی بێکەس نیە و خانە خەراب
دەک بە ژاری ماری بێ بادە و شەراب!
ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و بڕک و ژان
ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم
شانی دانەخزا لە بن باری ستەم
ئەو کەسەی ھەستی بە زۆرداری نەکرد
تیخی زۆرداری برینداری نەکرد
ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا
ئەو کەسەی نەیبینی ھاتی دوژمنی
تیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی
ئەو کەسەی ھێندە نەبوو زویر و زگار
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار
ئەو کەسەی نەیھاڕی بەرداشی زەمان
ئەو کەسەی ((زیڕەی نەگەییە ئاسمان))
ئەو کەسەی دووری عەزیزانی نەدی
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی
تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت
لێی نەگیرا دەور و پشت و چوار تەنیشت
ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر رما
شەو بە نیازی کەیف لە ماڵی خۆی نەما
بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ!
ئەو کوڕەی ھێشتا لە ژوانێ رێی ھەیە
سەیرە زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە
ئەو کەسەی راوی نەنێن لێرە و لەوێ
ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ
ئەو کوڕەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ
بێتە ئێرە، چۆنە ھەی دێی ناکەنێ؟
ئەو کەسەی ((دەستی لە مەمکان گیر ببێ))
ئەو کەسەی ((تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ))
ئەو کوڕەی کیژێک بەرەو رووی پێکەنێ
ئەو کەسەی ھەر سووکە ئاوڕێکی دەنێ
ئەو کەسەی پەنجۆڵە بکوشێ جار و بار
ئەو کەسەی دەستی بگاتە گەردنی یار
ئەو کەسەی رامووسێ کوڵمەی تاس و لووس
ئەو کەسەی تێی ھەڵنەدابێ چارەنووس


ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ
کوفرە یەک قەترە شەرابی گەر دەنێ
ئەو کەسەی ئاسوودەوو خۆش رایبوارد
قەت خەمی یەخسیری کۆیلانی نەخوارد
یەک لە ماڵێ چاوەڕێی بوو بێتەوە
دەرکی نێوە ماڵێکی لێ بکرێتەوە
خەم ڕەوێنێک گوێ بداتە رازی ئەو
نازەنینێک بێ بکێشی نازی ئەو
بگرێ پەنجەی نەرم و نۆڵی ناسکێ
بۆی کرابێتە سەرینێ، باسکێ
ھەیبێ ھێز و گورد و تین و تاو و گوڕ
رۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مکوڕ
ئەو کەسە جێگای لە مەیخانێ نیە
ئەو کەسە بادە و شەرابی بۆ چیە؟
ساقیا! وا وەرگەڕێ، وا وەرگەڕێ
روو لە لای من کە، مەچۆ بۆ سەر پەڕێ
لەنگەرێ بگرە، مەبە وا بەرزەفر
بێنە بۆ من، بێنە بۆ من جامی پڕ
مەی حەلاڵە بۆ منی وێرانە ماڵ
بۆ منی سەرگەشتەوو رووت و رەجاڵ
بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین
بۆ منی ئاوارەوو دوورە وەتەن
بلبلی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن
پەڕ وەریوی، بال شکاوی، دەنگ بڕاو
بێ بژیوی، بەش خوراوی، دەرکراو
پیری زورھانی، کەنفتی، دەربەدەر
دیدە سووری، دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر
داتە پیوی، بێ پەسیوی بێ قەرار
بێ کەسی، دەستە شکاوی کۆڵەوار
لێو بەباری دەردەداری ڕەنجەڕۆ
شاعیر جوانی پەرستی دڵ بە سۆ
ساقیا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟
تۆش لەبەر ئەو ملھوڕانە مل کەچی؟
تۆش بە رەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریوە؟
چاوی تۆشی ھەڵفریواند زێڕ و زیو؟
تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوھەر، ھونەر
کەنگێ گەوھەر جوانی کردن بەختەوەر!
زێڕ بەڵایە بێ وەفایە دەوڵەمەند
ھەر ھونەر نەمرە، ھونەروەر مەرد و رەند
((چڵی دەستە ماڵی دنیا)) وەک دەڵێن
ماڵ پەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن
قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵ و پەرست
جوان پەرستە پیری خاوەن زەوق و ھەست
نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ!
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ!
ئەو ھەوەس بازانە جێی متمانە نین
ھەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین
وا وەرە، دەی وا وەرە نێزیک بە لێم
بمدەیە مەی، بمدەیە مەی تا دەڵێم:
((مست مستم ساقیا دستم بگیر!
تا نە افتادم ز پا دستم بگیر!))
جا کە سەر خۆش بووم بە دەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شیعرە بەرزەی مەولەوی
((بشنو از نی چون حکایت می کند
از جداییھا شکایت می کند))
گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بە سۆز
نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ با ھەڵوەرێنم ئەشکی روون
شیوەنی من شیوەنی ئینسانیە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانیە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەم لێی و ھەشە
با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شیعر
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شیعر
پارچە گۆشتێکە دڵی من روو نیە
ناڵەناڵی من درەنگە زوو نیە
دەردی دووری، دەردی دووری، کوشتمی
دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم رۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو
خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی ئەدی؟!
نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم
روو لە ھەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێ ژوان و کەونەلانی خۆم
شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
رۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی
چۆن نەناڵی ئەو دڵەی پڕ ھەستی من؟!
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟!
چۆن نەناڵی ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟!
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی ھەیە
ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھێشتووە
ھەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵ نشین
بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دوور وڵات
کەوتمە نێوە وردە داوی رێی نەجات
بەکرە شۆفارە ئەوی مووخەی چنیم
زێی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم
کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک ((مەمێ))
((یایە زین)) لە کوێیە ھاواری کەمێ!
کوا ((قەرە تاژدین))، ((چەکۆ)) و ((عەرفۆ)) لە کوێن؟؟!
بێنە ھانام وەک پڵینگی چنگ بە خوێن
((لاس)) ە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان
ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان
وام بە تەنیایی لە نێو خوێنا شەڵاڵ
کوانێ عێل و کوانێ ((خانزاد)) و ((خەزاڵ))؟!
زۆر لە میژە نارە ناری منی نەبیست
ھەر وەکوو ((شەمزین))، ((شەم)) یلەی خۆش ئەویست
وەک ((سیامەند)) ێ لە چۆڵ و بەندەنێ
جەرگی لەت کردم پەلی دارەبەنێ
شەتڵی جواناوم منی ساردە برین
کوا ((خەج)) م تا بۆم بگێڕێ گەرمەشین؟!
((مانگی کانوونی بە چلوان دەرکرام))
وەک ((برایم)) لەو وڵاتە راو نرام
کوا ((پەریخان)) بەند و باوم بۆ بڵێ؟!
بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟!
ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم
کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟!
کورردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم!
رۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!
ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟
رۆگار ھاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد
ھێز و توانای لێ بڕیوم دەردە کورد
بوومە گەپچاڕ و دەکا گاڵتەی بە من
ئەو رمووزنەی زەندەقی چوو بوو لە من
ئەی رەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!
ئەی برای ھاوسەنگەری جەرگەی خەبات!
گەر دەناڵێنم، ئەمن پەک کەوتە نیم
تێدەکۆشم بۆ وەسڵ تاکوو دەژیم
کۆششی من رۆر بە جێیە و زۆر رەوا
چونکە قانوونی تەبیعەت وایە، وا
((ھر کسی کو دور ماند از اڵل خویش
باز جوید روزگار و ڵل خویش))
رێگە دەبڕم، کوانێ ھەنگاوم شلە
راستە بێ ھێزم، دەکەم ئەمما ملە
ھەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت
دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەھەشت
دێم بەرەو زیخ و چەو و کانیاوی خۆم
چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم؟
دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە
دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە
دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند
دێم بەرەو پاناوک و ھەوراز و نشێو
دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو
دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک
دێم بەرەو شێخاڵ و ریچکە و رەشبەڵەک
دێم بەرەو لێڕە و چڕ و بەستێن و چۆن
دێم بەرەو ھەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم
دێم بەرەو ھۆبە و ھەواری باسەفا
دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگەی وەفا
دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم
دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم
دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ
دێم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ
دێم گراوی خۆم لە باوەش وەرگرم
دێم نەھێڵم بەر ھەڵست و بەرگرم
دێم و ھەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد
دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب
ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب
دێم و ناترسم لە پەرژینی بەزی
ھەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی
تا بمێنێ نووری چاو و ھێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
دێم ھەتا ھەمبێ بڕست و بیر و ھۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!

Advertisements
:هاوپۆله‌کانPoemMusic
  1. Rojpress
    26 كانونی یه‌كه‌م 2015 له‌ 23:31

  2. Rojpress
    26 كانونی یه‌كه‌م 2015 له‌ 23:31

  3. Rojpress
    27 ئاب 2016 له‌ 21:50

  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: