Archive

Archive for ته‌مموز, 2009

داگیرکەرانی عوثمانی دەبێ کوردستان بە جێ بهێڵن

1 ته‌مموز 2009 لێدوانێک بنووسە

Screen Shot 2016-01-02 at 01.34.11

ڕۆژنامەی کوردستان/ ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان

ژمارەی ٦ (٣٤٥) شەممە، ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٣٠ی هەتاوی- بەرانبەر بە ١٤ی ئاپریلی ١٩٥١ی زایینی

لە لایەن دەستە نووسەران دەر دەچێت

ئیرادەی نەتەوەی کورد لە هەموو جێگایێک – لە کوردستانی داگیرکراوی تورکییە و ئێران و عێڕاق و سوورییە لە سەر ئەوەیە کە داگیرکەران لە نیشتمانی خۆی وەدەربنێت و دەوڵەتی واحید و دێمۆکڕاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان دابمەزرێنێت. حزبی سەربەرزی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕەهبەری ئەو بەر بەرەکانیە یە و پێش هەنگی ئەو ئامانجە گەورەیەیە.

وەکوو تەواوی بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان، لە کوردستانی داگیرکراوی تورکییەدا بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەوەی ئێمە هەتا دێت زیاتر هێزدار دەبێت.

چلۆنایەتی ژیانی ئەوڕۆی خەڵک لە کوردستانی داگیرکراوی تورکییە قابیلی تەحەمول نییە. تەواوی داهاتی ئەو ووڵاتە لە کوردستان دەبردرێتە دەرێ و بۆ سیاسەتی شەڕ هەڵاییسێنەری دەوڵەتی ئەمریکا مەسرەف دەکرێت. کوردان لە شارستان و لادێ لە هەموو جۆرە هۆیەکی ژیانی ئەوڕۆ بێ بەشن و دەها هەزار نەفەر لە تورکییە دا پەرەوازە بوون و بە سو واڵێ بەڕێ دەچن. سیاسەتی فاشیستی “تورک لێکران” لە لایەن دەوڵەتی ئانکاڕا ڕا بە توندی ئیدامەی هەیە و هەر کەسێک هەستی نەتەوایەتی خۆی بنوێنێت، لە لایەن داگیرکەرانی عوثمانی را بە نێوی “سەربزێو” تەعقیب دەکرێت.

کوردستانی داگیرکراوی تورکییە لە تەواوی مەڵبەندی ڕۆژهەڵاتی نیزیک و نێوەڕاست دا کراوە بە یێکێک لە گەورەترین پایگا نیزامییەکانی شەڕهەڵاییسێنەرانی ئەمریکا. گەورەترین خەتەر هەڕەشان لە خەڵکت دەکات.

دەو حاڵە دا نەتەوەی ئێمە ناتووانێت بێ دەنگ و هەست دابنیشێت. دانیشتووانی کوردستانی داگیرکراوی تورکییە لە برا ڕۆژهەڵاتییەکان نموونە هەڵدەگرن و و ێڕای تەواوی کوردان بۆ ڕزگاری و یێکوتی نیشتمان بەربەرەکانی دەکەن. دەو چەند ساڵەی دووایی دا هەستی تۆڵە ئەستاندن و ڕزگاری وەدەست هێنان گەلێک بەرەوژوورتر چووە و ئەو بەسەرهاتە هۆی وە ترس کەوتنی فاشیستەکانی ئانکاڕای پێک هێناوە.

بەربەرەکانی نەتەوەی ئێمە لەو کاتە ڕا دەستی پێکرد کە دەوڵەتی ئانکاڕا ژمارەەیێک لە لاوانی کوردی بۆ کورە نارد و لەوێ قوربانی ئەربابانی ئەمریکایی کران. بەوەڕا کوردان چاکتر تێ گەیشتن کە خیانەتی تەبەقەی حاکمەی تورکییە بە جێگایێکی بە هەست، یانی بە شەڕ و خوێن ڕێژی گەیشتووە و دەبێ جیدەن تەواوی کۆمەڵانی خەڵک بە پێچەوانەی وی بەر بەرەکانی بکەن. لە ترسی ئیعتیڕازی کوردان ئیدارەی تەبلیغاتی ئانکاڕا هێندێک لەمەو بەر ئاگاداریێکی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند کە گۆیا ئەو هۆردووی کە بۆ کورە ناردراوە ، کوردی تێدا نییە. ئەوەی کە تەبلیغاتی ئانکاڕای مەجبوور بە کوتنی ئەو درۆیە کرد، هەستی ئێعتیڕازی نەتەوەی کورد بە پێچەوانەی شەڕی داگیرکەرانی ئیمپریالیست لە کورە بوو کە ڕاستەو ڕاست فاشیستە بە کرێ گیراوەکانی ئانکاڕای دەگرتەوە.

نیهایەت ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوە یانی دوێنێکە “عەدنان مەندەرێس” سەرۆک وەزیری تورکییە و “کوێپرلوو ” وەزیری کاروباری دەرەوەی کابینەی وی کە هێندێک لەمەوبەر هاتبوونە کوردستان، لە شاری “دیاربەکر”  و  “باشقەڵا” نوتقیان کرد. “مەندەرێس” کوتی دەبێ “یێکەتی” نەتەوەی تورک مەحکەمتر لێ بکرێت و هەر کەسێک لە سیاسەتی “دەوڵەتی تورکییە” لا بدات، ئەو کەسە بەو “یێکەتییە” سەدەمەی گەیاندووە. ئەوەی کە “مەندەرێس”ی لە گەورەترین شاری کوردستان، یانی لە “دیاربەکر” وادار بە کوتنی ئەو قسانە کرد، دیسان هەستی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کورد بوو.

کوردان بۆ ڕزگاری کوردستان بەربەرەکانی دەکەن و سەرۆک وەزیری فاشیستی تورکییە ویستوویەتی وا بنوێنێت کە گۆیا ئەو بەربەرەکانییە بە پێچەوانەی یطکەتی نەتەوەی تورکە. دە سووڕەتێک دا تورک جیایە و بۆ خۆی خاوەنی یێکەتێکی جیاوازە و کوردانیش وەکوو نەتەوەیێکی جیاواز خاوەنی یێکەتێکی تایبەتین.

بە پێچەوانەی قسەی بێ ئەساسی ” مەندەرێس” و ئامانجی گڵاوی فاشیستەکانی ئانکاڕا ، نەتەوەی کورد دەگەڵ نەتەوەی تورک و تەواوی نەتەوە زوڵم لێکراوەکانی تورکییە دەستی هاوکاری و برایەتی داوەتە دەستی یێک و بۆ ڕووخاندنی فاشیزمی ئانکاڕا و وەدەرنانی ئیمپێریالیستەکان لەو ووڵاتە بەربەرەکانی دەکەن.

دەبوو داگیرکەرانی عوثمانی لە جیاتی ئەو ووڕێنە کردنانە، خۆیان بۆ تلاربوونەوە حازر کردبایە. داگیرکەرانی عوثمانی دەبێ کوردستان بەجێ بهێڵن.

کوردستان هی کوردانە! ئەوەیە شوعاری ڕووناکی نەتەوە و حیزبی ئێمە.

  

:هاوپۆله‌کانNNSROJ