Archive

Archive for نیسان, 2012

دووهەمین وەرزنامەی ڕێکخراوی ژنانی ئازەرمێهر، تایبەت بە شەهیدانی 19ی گووڵان بڵاوبۆوە

NNSROJ: ڕێکخراوی ژنانی ئازەرمێهری کوردستان دووهەمین وەرزنامەی خۆی بڵاوکردەوە و ئەو ژمارەی خۆی زیاتر بۆ دوان لە سەر شەهیدانی 19ی گووڵان تەرخان کردووە.

لە وەرزنامەی بەهاری “ڕێکخراوی ژنانی ئازەرمێهری کوردستان” دا، جگە لە بڵاوبوونەوەی چەند بابەتی پێوەندیدار بە ژنان، کێشەکانی ئەو توێژە لە کۆمەڵگا، کوشتن بە بیانووی نامووس و هتد، چەند وتار و نووسراوەی پێوەندیدار بە 4 گیراوی سیاسی ئیعدامکراوی کوردیش دەکەوێتە بەرچاو.

وەرزنامەکە بە تایبەت پێشکەش بە “شیرین عەلەم هولو”. گیراوی سیاسی کورد کراوە کە ڕۆژی 19ی گووڵانی 1389ی هەتاوی لەگەڵ سێ هاوڕێیی تری کوردی بە ناوەکانی “فەرزاد کەمانگەر”، “عەلی حەیدەریان” و “فەرهاد وەکیلی” لە گرتووخانەی ئێڤین لە تاران لەەسێدارەدرا.

“ڕێکخراوی ژنانی ئازەرمێهری کوردستان”، ماوەیەک لەمەوبەر، یەکەم وەرزنامەی خۆی بە بۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن بڵاوکردبۆوە.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

لە بەرانبەر ئاکەپە، پارتی ئیسلامی کوردستان دادەمەزرێ

30 نیسان 2012 1 comment

NNSROJ: بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی ئەو کوردە موسوڵمانانەی کە دەنگ بە ئاکەپە دەدەن، لە داهاتووییەکی نزیک دا، پارتی ئیسلامی کوردستان دادەمەزرێ. گرووپێک لە سیاسەتمەدارانی کورد کە خۆیان بە “کوردانی کۆنسێرڤاتیڤ” پێناسەدەکەن، بە نیازن پارتێکی ئیسلامی کوردی دامەزرێنن و ئامانجیان نەک رکەبەری لەگەڵ پارتە کوردییەکانی تر، بەڵکوو هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوان ڕاگەیاندووە.

پارێزەرێکی ئامەدی بە ناوی “سدیق زیلان” بە ڕۆژنامەی تەڕەفی چاپی تورکیایی ڕاگەیاندووە کە گرووپێک لە سیاسەتمەدارانی کۆنسێرڤاتیڤی کورد، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی کوردە موسوڵمانەکان و بە تایبەت بە مەبەستی شوێندانان لە سەر ئەو کوردانەی کە دەنگ بە حیزبەکانی ئاکەپە و حیزبی ئیسلامی “سەعادەت” دەدەن، حیزبێکی سیاسی نوێ بە ناوی “پارتی ئیسلامی کوردستان” دادەمەزرێنن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە نیزێک بە یەک ساڵە لە چەند شاری باکووری کوردستان وەک “ئوڕفا، ئامەد، باتم،ان، چەولیک و ئەلعەزیز”، خەریکی ئامادەکاری و چالاکی مەیدانین و تا مانگی ئۆکتۆبری 2012 پارتەکەیان دادەمەزرێنن. سدیق زیلان هەروەها دەڵێ کە حیزبەکەی ئەوان نە تەنیا ڕکەبەری بەدەپە و حیزبەکانی تری کوردی ناکات بەڵکوو وەک هاوپەیمانێکی سرووشتی ئەوان هەوڵ دەدات کە ئەو بۆشاییانە پڕ بکاتەوە کە ئەوان نەیانتوانیوە و هێزی کورد لە ئەنقەرە زیاتر بکات.

“ئاڵتان تان”، نوێنەری بەدەپەی ئامەد لە پارلەمانی تورکیاش، کە خۆی بە یەکێک لە سیاسەتمەدارانی دینداری بەدەپە دەژمێردرێ لەمبارەوە وتوویەتی کە “دامەزرانی هەرچەشنە پارتییەکی کوردی، دەوڵەمەندییە” و ئەوان پێشوازی لەو هەوڵە دەکەن.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

سنە: ئیتلاعات هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی و کرێکاری دەکات

NNSROJ: بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە ئێن‌ئێن‌ئێس ڕۆژ گەیشتوون، چەندین چالاکی کرێکاری و مدەنی، لە ڕۆژانی ڕابردوو دا هەڕەشەیان لێکراوە کە بۆیان نیە بەشداری هیچ چەشنە خۆپێشاندان یا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ببن.

سەرچاوەکانی NNSROJ باس لەوە دەکەن، کە ڕەژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆی نیگەرانی زۆر لەمەڕ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی بە بۆنەی یەکی مەی، ڕۆژی جیهانی کرێکار، دەستی کردووە بە هەڕەشەکردن و گووشار خستنە سەر چالاکانی مەدەنی، کرێکاری و بواری ژنان. دوێنێ شەممە، 9ی گووڵانی 1391ی هەتاوی، چەند کەس لە چەکدارانی هێزی ئینتزامی لە شاری سنە، بە جلووبەرگی مەدەنییەوە، چوونەتە بەردەرگای ماڵی خاتوو “سیمین چایچی”، شاعیر و چالاکی بواری ژنان و داوایان لێکردووە کە دەبێ بەڵگەیەک مۆر بکات و بەڵێن بدات کە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە ماڵ نەچێتە دەر!

هاوکات زانرا کە چەند چالاکی کرێکاری کورد بە ناوەکانی “خالید شەهسەواری”، “کورووش بەخشەندە” و کەسێکی تر بە ناوی “غاڵب” بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هۆشداریان پێدراوە کە ڕۆژی سێشەممە، یەکی مەی، بە هیچ شێوە لە ماڵ نەیەنە دەر و بەشداری هیچ خۆپێشاندان و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی نەکەن. چەند ڕۆژ لەمەوبەریش، ئیتلاعاتی ڕەژیم لە سەقز، گووشاریان خستبۆ سەر “مەحموود ساڵحی” چالاکی کرێکاری و دەگووترێ هەر لەمڕۆوە، هێزی ئینتزامی و ئیتلاعات لە شوێنە هەستیارەکانی سنە جێگیربوونە و کەش و هەوایەکی ئەمنی توندیان بە سەر شار دا زاڵ کردووە.

پێوەندیدار: ڕۆژهەڵاتی کوردستان: سەدان کرێکاری کورد لە سەر کار دەرکران
پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە/ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی سنەیی
دەرکردنی کرێکارانی کورد و گووشار بۆ سەر چالاکانی کرێکاری بەردەوامە
لە بەرەبەرەی یەکی مەی دا، کەش و هەوایەکی توندی ئەمنی بە سەر سنە دا زاڵە

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

لە دوایین وتەکانی بێن لادەنەوە و تا تەلەفۆنی کێشە‌کە!

نووسیبوویان گۆڤاری “تایم”ی ئەمریکا، دوایین وتەکانی ئۆسامە بین لادەن، بەر لە کووژرانی بڵاوکردۆتەوە. نیو سەعات، لێرە و لەوێ بە دوایی دا گەڕام تا دیتمەوە! دوو سێ لاپەڕە هەر باسی ئەوە بوو کە کۆماندۆکانی ئەمریکا چەندە قارەمانن و چۆن هێرشیان کردۆتە سەر شوێنە و چۆن چوونەتە ناو ماڵەکە و … ئاخیری هاتبۆ سەر ئەو بەشەی کە ئۆسامە دوا وتەی چ بووە. نووسیبووی، یەکێک لە کچەکانی ئۆسامە هاتووە و وتوویەتی “باوکە، ئەو دەنگە دەنگە و تەق و هۆڕە چیە لە حەوشە دێت؟” باوکەش وەڵامی داوەتەوە: “ڕۆڵە بڕۆ ژوورەکەی خۆت بخەوە و مەیە دەر”… ئەو جار یەکێک لە ژنەکانی هاتووە و پرسیویەتی “ئەرێ کابرا ئەوە چ باسە”؟ ئۆسامە وەڵامی داوەتەوە: “نازانم، دا عافرەت ئەو گڵۆپە داگیرسێنە”! … تایم، خەبەرەکەی کۆڵێک هێنابوو و بردووبوو و لە دوایین دێڕ دا نووسیبووی: دوایین داواکاری ئۆسامە بە جێ‌نەگەیشت، بەم هۆیە کە کۆماندۆکانی ئەمریکا، بەر لەوەی بچنە ناو ماڵەکەی، کارەبای ماڵەکەیان پچڕیبوو! شــــا ئەو گۆڤارە!

دۆستێکی قۆشمە، تەلەفۆنی بۆکردم و پاش چاک و خۆشییەکی سارد و سووڕ کووتی:
چۆنی؟ خەریک بە چی؟ ئەرێ ڕاستی لەگەڵ کێشەکە چیت کرد؟
یەکجێ تێگەیشتم کە مەبەستی چیە!
کووتم[+] “سپاس بەڵام من کێشەیەکم نیە”!
کووتی[-]: با با دەی، خەبەرم هەیە، بڵێ لەگەڵ کێشەکە چیت کرد؟
+ ئەهها، لەپتابەکەم دەڵەی؟ چاک نەبۆوە.
– نا بابە، بریا کێشە هەر ئەو با، لەگەڵ ئەو کێشە چت کرد کە ناتهەوێ باسی بکەی؟
+دە ماڵتە ئەوەی بڵێ! ماوەیەکە کەمتر دەخۆم، ورگم چووکە بۆتەوە!
-هەیهۆ! قەشمەرم پێدەکەی؟ هەڵدە بزانم چیت کرد لەگەڵ کێشەکە!
+ وەبیللاهی نازانم، بەڵام ئەگەر مەبەستت ئەو کێشەیە، هێندەم کێشا، تا پسا! ئەو شۆخیەشت سواوە هێندەت دووپات کردۆتەوە! ساڵی 2012یە، لە شتێکی نوێی بگەرێ ماڵت نەشێوێ! … بە لاسەرسەنگی پێکەنی و … پێموابی تازە ئەو شۆخییە دووپات ناکاتەوە!

:هاوپۆله‌کانComment

گیراوێکی کورد 26 ڕۆژە لە گرتووخانەی بەندەرعەبباس مانی لەخواردن گرتووە

NNSROJ: “عەلی مورادی”، گیراوی سیاسی کورد ماوەی 26 ڕۆژە لە بەرانبەر ناردنی بەزۆرەملی بۆ گرتووخانەی مینابی بەندەرعەبباس، لێوی خۆی درووە و مانی لەخواردن گرتووە.

“عەلی مورادی” کە بە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشی دڵ، لە ڕەوشێکی نالەباری تەندرووستی دایە، لە 16ی نەورۆزی ئەوساڵانەوە مانی لە خواردن گرتووە و دەگووترێ دوو ڕۆژ لەمەوبەر و لە 8ی گووڵان دا، لە لایەن بەرپرسانی گرتووخانەی مینابی بەندەرعەبباسەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانەکە گوازراوەتوە.

چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد بە “کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران”ی گووتووە کە “لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، ئەو گیراوە کوردە بە لێکۆڵەرێکی سازمانی زیندانەکانی ئێرانی گووتووە کە ڕەوشی تەندرووستی نالەبارە و بەرپرسان بە بیانووگەلی جیاواز، گیراوان دەدەنە بەر لێدان و کووتان و دەیانخەنە ناو ژووری تاکەکەسی”، بەڵام هەر دوابەدوایی ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەوە، لە دیسان دەدرێتە بەر لێدان و کووتان و پاش 15 ڕۆژ ڕاگیرانی لە ژووری تاکەکەسی، لە گرتووخانەی مینابەوە بۆ گرتووخانەی بەندەرعەبباس دوور دەخستراوەتەوە”.

“عەلی مورادی”، گیراوی سیاسی کوردیش، بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دوورخستنەوەی نایاسایی بۆ گرتووخانەی بەندەرعەبباس، لە 16ی نەورۆزی ئەمساڵەوە مانی لەخواردن گرتووە و لێوەکانی پێکەوە درووە و بەرپرسانی گرتووخانەکەش، تاکوو ئەمڕۆ، خۆیان لە بەجێ‌هێنانی داواکانی پاراستووە.

سەرچاوەکە باس لەوە دەکات کە “عەلی مورادی”، لە 29ی ڕێبەندانی 1382ی هەتاوی و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە، لە گوندی “کانی دینار”ی مەریوان قۆڵبەست و زیندانی کراوە. ناوبراو بە هەمان تۆمەت، سزای 30 ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ گرتووخانەی مینابی هەڵکەوتوو لە باشووی ئێرانی بەسەر داسەپاوە. ئەو گیراوە کوردە، پێشووتریش، لە ساڵی 1377ی هەتاوی، بە تۆمەتی هاوکاری حیزبێکی کوردی، قۆڵبەست و 5 ساڵ زیندانی کرابوو.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

لە بەرەبەرەی 1ی مەی دا کەش و هەوایەکی توندی ئەمنی بە سەر سنە دا زاڵە

29 نیسان 2012 1 comment

NNSROJ: بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە خۆپێشاندان و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی، شوێنە هەستیارەکانی شاری سنە بە پۆلیس و هێزی ئاسایشی مەدەنی پۆش تەنراوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە “ئێن‌ئێن‌ئێس ڕۆژ” گەیشتوون، لە بەرەبەری یەکی مەی، ڕۆژی جیهانی کرێکار دا، کەش و هەوایەکی ئەمنیەتی بە سەر شاری سنە دا زاڵە و پۆلیس و ئەندامانی مەدەنی پۆشی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕەژیم لە شوێنە قەرەباڵغ و هەستیارەکانی شار جێگیربوونە.

سەرچاوەکانی NNSROJ باس لەوە دەکەن کە هەژمارێکی بەرچاو لە پۆلیس و چەکداری سەر بە دەوڵەت لە شەقامەکانی پاسداران [شەشی بەهمەن]، مەیدانی ئازادی، شەقامی فیردەوسی، سێ ڕێیانی ئەدەب و ناوەندی شار جێگیربوونە و ڕێگە نادەن زیاتر لە سێ هاوڵاتی لە شوێنێک کۆببنەوە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە لەو دواییانەدا، کرێکارانی ناڕازی و دەرکراوی شیرکەت گەلی جیاواز، چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان لەبەردەرگای ئیدارەی کاری ئەو شارە بەڕێوەبردووە و چالاکانی کرێکاری پارێزگاکەش، خۆ بۆ بەڕێوەبردنی ڕێووڕەسمەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژی جیهانی کرێکار ئامادە دەکەن.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر، وەک ساڵانی پێشوو، چالاکانی کرێکاری، لە بەیاننامەیەکی نووسراو دا، داوایان لە کرێکاران و هاوڵاتیان کردبوو، کە بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتیان بەرانبەر بە ڕەوشی نالەباری کار و ژیانیان، ڕۆژی یەکی مەی، خۆپێشاندان بکەن.

پێوەندیدار:

ڕۆژهەڵاتی کوردستان: سەدان کرێکاری کورد لە سەر کار دەرکران
پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە/ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی سنەیی
دەرکردنی کرێکارانی کورد و گووشار بۆ سەر چالاکانی کرێکاری بەردەوامە

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

بەرەی یەکگرتووی کورد دەبیر و وتەبێژی نوێی هەڵبژارد

NNSROJ: زانرا کە کۆبوونەوەی گشتی “بەرەی یەکگرتووی کورد”، بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی، لەشاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە و تێیدا بەرپرس و وتەبێژ، بۆ ڕێکخراوەکە هەڵبژێردراوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ئێن‌ئێن‌ئێس ڕۆژ گەیشتوون، ڕۆژی پێنجشەممە، 7ی گووڵانی 1391ی هەتاوی، بەرەی یەکگرتووی کورد، بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی، کۆبوونەوەی گشتی خۆی لە کرماشان بەڕێوەبرد.

لە کۆبوونەوەی ئاماژەپێکراو دا “ڕەحیم فەرەهمەند”، وەک دەبیری گشتی بەرە و “سیاوەش حەیاتی” وەک وتەبێژی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردرا. دەبیر و وتەبێژی بەرەی یەکگرتووی کورد، بە دەنگی بەشدارانی کۆبوونەوەکە هەڵبژێردران و بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەو بەرپرسیارێتیانە بەڕێوە ببەن. پێشووتر، هەر کەسێک هاوکات پۆستی وتەبێژ و دەبیری ڕێکخراوەکە لە ئەستۆ دەبوو.

بەرەی یەکگرتووی کورد، ڕێکخراوەیەکی سیاسی کوردیە کە لە ساڵی 1384ی هەتاوی و بە هەوڵی کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا. ئەندازیار “بەهائەدین ئەدەب”، دوکتۆر “بایەزید مەردووخی” و دوکتۆر “ڕەحیم فەرەهمەند”، سێ کەسێکن کە تا ئێستا بە نۆبە، دەبیری گشتی ڕێکخراوەکەیان لە ئەستۆ بووە.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ