ماڵه‌وه‌ > Comment > ساڵح موسلیم ، سەرۆكی PYD: ئەوەی لە سووریا دەقەومێ شۆڕش نییە

ساڵح موسلیم ، سەرۆكی PYD: ئەوەی لە سووریا دەقەومێ شۆڕش نییە

27 كانونی یه‌كه‌م 2012 لێدوانێک بنووسە Go to comments

ساڵح موسلیم محەممەد، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد PYD، كە نزیكی پارتی كرێكارانی كوردستانە لە رۆژئاوای كوردستان، باسی سەردانەكەی خۆی دەكات بۆ لای نوری مالیكی لە هەفتەی رابردوودا ، لەگەڵ (هەیئەی تەنسیقی هێزە نیشتمانییەكانی سووریا) كە چوارچێوەیەكە لە هێز و لایەنەكانی نێو سووریا،پێكهاتووەو بنكەی لە دیمەشقە و بەشێوەیەكی جیاوازتر لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكەی سووریا تەماشای رووداوەكانی سووریا دەكات.
هەڤپەیڤین: هێمن خۆشناو … فۆتۆ: فەرزین حەسەن
رووداو: سووریا ئێستا گەیشتووەتە چ قۆناغێك؟

ساڵح موسلیم: سووریا بە بارودۆخێكی بێ نموونەدا تێدەپەڕێت. مرۆڤ ناتوانێ بڵێ ئەوەی دەقەومێ شۆڕشە. ئەوەی دەكرێ لە خزمەت دیموكراتی و ئازادی دا نییە، بەڵكو شەڕێكە بۆ دەسەڵاتداری. سێ هێز شەڕ دەكەن، هێزێكیان هێزی رژێمە كە تاوەكو ئەمڕۆ ناخوازێ دەسەڵات بەجێبێشڵێ، باوەڕی نەكردووە كە دەبێ دەسەڵات بەجێبێڵێ، تاوەكو ئەو ساتە پێیوایە دەتوانێ بەشەڕ و كوشتن جڵەوی رووداوەكان كۆنتڕۆڵ بكات. هێزی دژبەریش بەهەمان لۆژیكی رژێم دەیەوێ رژێم لەنێوببات. لۆژیك و بیركردنەوەیان نەگۆڕیوە. لەبەرامبەر ئەو دوو لۆژیكەش لۆژیكی چارەسەری دەردەكەوێت. ئەو لۆژیكە پێیوایە دوو لایەنەكەی دیكە یەكێكیان ناتوانێ لێدانی كەمەرشكێن لەوەیتر بدات، بە كوشتنی هەزاران كەس ئەو مەسەلەیە چارەسەر نابێ. لایەك دەڵێ 80% شوێنەكانم كۆنتڕۆڵكردووە، باشە 20%ەكەی دیكە كەی تەواو دەكەی! بۆ ئەمە پڕ بەدەنگ دەڵێین كات كاتی چارەسەری سیاسییە. چارەسەریش پەیوەستە بەوەی دوو لایەنە شەڕكەرەكە واز لە بیرۆكەی یەكتر لەنێوبردن بێنن. بۆیە تاوەكو دەچێت لۆژیكی چارەسەری سیاسی بۆ كۆتاییهێنان بە كوشتارگەی سووریا خۆی دەسەپێنێ. پێموایە هێزە نێودەوڵەتییەكانیش بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن.

بۆ مام جەلال چووین، مالیكیمان بینی

رووداو: واتە هێزە نێودەوڵەتییەكان پشتگیری لە مانەوەی بەشار ئەسەد دەكەن؟

ساڵح موسلیم: مەسەلە رۆیشتن و نەڕۆیشتنی ئەسەد نییە، مەسەلەكە بە خراپبوون و وێرانبوونی وڵاتێكەوە بەستراوەتەوە. ئەگەر مەسەلە ئەسەد بێ دەتوانن رێگەیەكی بۆ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات بەجێبێڵێ، بەڵام مەسەلەكە بەتەنیا ئەوە نییە. دەتوانن چارەسەرێكی سیاسی بدۆزنەوە تاوەكو ئەمڕۆ یان دوو مانگی دیكە بڕوات. مەسەلەكە پەیوەستە بە دۆزینەوەی شێوازێكی چارەسەری لە دەرەوەی كوشتن.

رووداو: پێیتوایە هێزە نێودەوڵەتییەكان هاوشێوەی كۆبوونەوەی جنێڤ لە حوزەیرانی رابردوودا ئەمجارەش بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی سووریا كۆببنەوەو جیاوازیەكانیان بەلاوە بنێن؟

ساڵح موسلیم:لە كۆبوونەوەی جنێڤ بڕیاریاندا هێزێكی نێودەوڵەتی بەسەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رەوانەی سووریا بكەن، ئەمەیان نەكرد، چونكە هەندێك لایەن پێیەوە پابەند نەبوون. بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی جنێڤ لەوانەیە كۆبوونەوەی دووەمی جنێڤ بكرێت.

رووداو: ئەو كۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە هێزە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی سووریا رێكبكەون؟

ساڵح موسلیم: بێگومان چارەسەری مەسەلەی سووریا پەیوەستە بە رێككەوتنی هێزە نێودەوڵەتییەكان.

رووداو: چی لە رۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێ؟

ساڵح موسلیم: كێشەكانی رۆژئاوا هەمان ئەو كێشانەن كە سووریا بە دەستیانەوە دەناڵێنێ. بەڵام ئەو پلانەی لەسەر رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت بەشێوەیەكی دیكەیە. زۆربەی پلانەكانی رۆژئاوا بەدەستی توركیا جێبەجێدەكرێن. لەگەڵ دەستپێكردنی رووداوەكانی سووریا، توركیا دەستی خۆی خستە ناو رووداوەكانەوە. توركیا دەیویست كورد خزمەتی خەڵكی دیكە بكات، دەیویست كورد خزمەتی ئەو هێزە بكات كە ئەوان دەیانویست. واتە مێژووی كورد كە چۆن خزمەتی خەڵكی كردووە بەسەر كوردی رۆژئاوای كوردستاندا دووبارە بكاتەوە. دەیویست كورد ببێتە خزمەتكاری ئیخوانەكانی سووریا. كورد نە كەوتە ناو ئەو تەڵەیە. ساڵ و نیوێكە ئەو پلانەیان نەچووەتە سەر، ئەمجارە بە سەربازی خۆیان تاقیكردەوە. ویستی ناوچە كوردییەكان كە ئارامبوون، كە باوەشی بۆ هەزاران حەلەبی و شارەكانی دیكە كردبووەوە تێكبدات. توركیا چەتە و رێگرەكانی هاندا تاوەكو هێرشبكەنە سەر كورد، سەرەتا لە حەلەب و ئەشرەفیە و عەفرین خۆیان تاقیكردەوە، هەرەدواییش لە سەرێكانیێ خۆیان تاقیكردەوە. لەهەمانكاتدا هەوڵەكانیان بۆ بەرپاركردنی شەڕی كورد – كورد دەستپێكرد، پارەیاندا هەندێك لایەن، چەكیاندا هەندێكی دیكە، كەتیبە بەناوی كوردی دروستدەكەن. واتە دەیانەوێ مێژووی كورد دووبارە بكەنەوە، چۆن لە باشوور جاش هەبوون، چۆن لە باكوور جەردەوان هەبوون، دەخوازن هەمان شت لە رۆژئاوای كوردستان دووبارە بكەنەوە. سەرەڕای هەوڵی زۆر ئەم پیلانەش ئەنجامی نەبوو. بۆ ئەمەش ئەمڕۆ رۆژئاوای كوردستانیان ئابڵۆقە داوە، كورد بێ نان دەكەن، بێ سووتەمەنی دەكەن، دەزانن لە وڵاتێك سووتەمەنی نەبێ چی لێدەكەوێتەوە؟ واتە ئۆتۆمبێل، فڕن، كارەبا و هەموو شتێكی دیكە لەكار دەكەوێت. سوپای ئازاد لە باشوور ناهێڵێ كامیۆنەكانی سووتەمەنی بێنە ناوچەكە، توركیاش لە باكوور هەمان شت دەكات.

رووداو: ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد، داوای وەزارەتی دەرەوەی توركیای بۆ سەردانیكردنی ئەم وڵاتە رەتكردەوە، رایگەیاند تەنیا لەژێر ناوی دەستەی باڵای كورد سەردانی توركیا دەكەن. پێتوایە یەك هەڵوێستی كورد لە رۆژئاوا دروستبووە؟

ساڵح موسلیم: ئێمە عاشقی یەكێتی كوردین، بەڵام مەحاڵە لە ئامێزی توركیادا ئەو یەكێتییە دروستببێ. رژێمی توركیا هەبوونی خۆی لە نەبوونی كورددا دەبینێ. ئەوان قبوڵ ناكەن دەستەی باڵا نوێنەری كورد بێ. ئەمڕۆ بە بەشداری داودئۆغڵو كۆبوونەوەیەك لە ئورفا دەكرێ، بۆچییە؟ بۆ ئەوەیە كورد لەگەڵ یەكتر بەشەڕ بێنن. بۆچی توركیا ئەنجوومەن قبوڵ دەكات و دەستەی باڵا قبوڵ ناكات؟

رووداو: هەڵوێستی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردت پێباشە دەربارەی نەچوونیان بۆ توركیا؟

ساڵح موسلیم: زۆر باشە.

رووداو: ئەگەر توركیا دەستەی باڵا قبوڵ بكات، ئامادەی بچییە توركیا؟

ساڵح موسلیم: ئەگەر قبوڵی كرد، ئامادەم لەگەڵ ئەو دەستەیە سەردانی توركیا بكەم.

رووداو: وەك هەیئەی تەنسیق ئامانج لە سەردانی بەغدا و كۆبوونەوەتان لەگەڵ مالیكی چیبوو؟

ساڵح موسلیم: ماوەیەكە وەكو هەیئەی تەنسیق دەمانویست سەردانی بەغدا بكەین، بەهۆی یەكنەگرتنی كاتە دیاریكراوەكان ئەمە نەكرا. ئەوجارە مام جەلال بە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوایكرد هەیئەی تەنسیق سەردانی بەغدا بكات، هەر بەخۆشی بەرنامەی سەردانەكەی دانابوو. داوای كردبوو منیش لەگەڵ شاندەكە سەردانی بەغدا بكەم. ئێمە وەك هەیئەی تەنسیق سەردانی بەغدامان قبوڵكرد. واتە سەردانەكەمان لەسەر داوای مام جەلال بوو، بۆ دانیشتن لەگەڵ مام جەلال هاتینە بەغدا، بەڵام بەداخەوە ئەو شەوەی گەیشتینە بەغدا نەخۆش كەوت. بۆیە لەگەڵ مالیكی و زێباری دانیشتین.

ئامادەم لەگەڵ دەستەی باڵای كورد بچمە توركیا

رووداو: لەگەڵ مالیكی باسی چیتان كرد؟

ساڵح موسلیم: كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە بارودۆخی سووریا، لەبەرئەوەی هەیئەی تەنسیق لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە،مالیكی پرسیاری دەربارەی بارودۆخی سووریا كرد. هەروەها ویستی خوێندنەوەی ئێمە دەربارەی چارەسەری قەیرانی سووریا بزانێ. مالیكی راشكاوانە گوتی: “رژێمی بەعس كە ئێوە لەدژی شەڕ دەكەن، لە رابردوودا لەلای ئێمە هەبوو، بۆ ئێمە جیاوازی لە نێوان بەشار و سەدام نییە. ئێوە ئەمڕۆ شەڕ لەبەرامبەر ئەو رژێمە دەكەن كە ئێمە ساڵانێكی درێژ شەڕمان لەگەڵ كردووە. لە دەرەوەی مەسەلەی چەك ئەوەی پێویستبێ بۆ بەرژەوەندی گەلی سووریا دەیكەین”.

رووداو: كۆبوونەوەتان لەگەڵ هۆشیار زێباری چۆن بوو؟

ساڵح موسلیم: كۆبوونەوەی زێباری زۆر باش بوو. وەزیری دەرەوەی عێراق ویستی بزانێ هەیئەی تەنسیق بۆ قەیرانی سووریا چۆن بیر دەكاتەوە. لەبەرئەوەی بەردەوام هەیئەی تەنسیق لە دواوە ماوە، لەبەر خاتری توركیا و رۆژئاوا و ئەوروپا هیچ حیسابیان بۆ هەیئەی تەنسیق نەكرد. زێباری بەڵێنی پێداین كە لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا پشتگیری لە هەیئەی تەنسیق بكات. هەروەها بەڵێنیدا دەنگی ئێمە بگەیێنێتە هێزە نێودەوڵەتییەكان.

رووداو: دانیشتنت لەگەڵ مالیكی وەك ئەندامێكی شاندی هەیئەی تەسیق لەناو كورد رەخنەی لێگیرا. چۆن دەڕواننە ئەو رەخنانە؟

ساڵح موسلیم: لە بڕیارداندا ئازادم، رێنوێنی لەكەس وەرناگرم. نامەوێ كەس رێگەم نیشانیدات، چونكە ئێمە پارتێكی سیاسین و ستراتیژێكی تایبەت بە خۆمان هەیە. لە بڕیارداندا ئازادم، دەزانم كەی چ ئەركێكم لێ دەخوازرێ. ئەگەر پێویست بكات دەزانم چۆن دەیكڕم، ئەگەر فرۆشتنیش بێ بەهەمان شێوە دەزانم چۆن دەیفرۆشم.

رووداو: رەخنەكان زیاتر لە كاتی دانیشتنەكە دەگیرێت. مالیكی ئەمڕۆ لە دژی كوردی باشوور كاردەكات. ئایا دانیشتنتان لەگەڵ مالیكی نابێتە پشتگیریەك بۆ ئەو؟

ساڵح موسلیم: وەك ئەندامێكی هەیئەی تەنسیق لەگەڵ مالیكی دانیشتووم. دیسان هیچ شتێك لەبارەی كێشەی بەغدا و هەرێمی كوردستان باسنەكرا.

رووداو: بەڵام بە گوێرەی رێككەوتنی هەولێر، پێویستە هیچ لایەنێكی كوردی بەبێ راوێژ لەگەڵ لایەنەكەی دیكە نەچێنە كۆڕو كۆبوونەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی؟ 

ساڵح موسلیم: ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و ئەنجوومەنی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەبێ راوێژ لەگەڵ یەكتر ناتوانن بجوڵێنەوە. بەڵام پارتی سیاسی تاوەكو ئەوكاتەی زیان بە كورد ناگەیێنێ، سەربەستە لە پەیوەندی و هەڵوێستەكانی. لە رابردوودا چەندین جار ئەوەم دووپاتكردووەتەوە كە ئەگەر هەیئەی تەنسیق زیان بە كورد بگەیێنێ، ئامادەم حەوت بەردی تێبگرم.

دەزانم چۆن وەڵامی سەركردەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد بدەمەوە

رووداو: پێتوایە كۆبوونەوەتان لەگەڵ مالیكی هیچ زیانی بۆ كورد نییە؟

ساڵح موسلیم: ئێمە نەچووینەتە لای مالیكی. ئێمە میوانی مام جەلال بووین، لەسەر داوای مام جەلال چووینە بەغدا، لەوێ چاومان بە مالیكی كەوتووە، ئەوە شتێكی ئاساییە. دیسان ئەگەر بەناوی ئەنجوومەنی گەل، یان دەستەی باڵا لەگەڵ مالیكی دابنیشم شتێكە، بەڵام من بەناوی هەیئەی تەسیق چوومە و لەناو ئەو شاندە دابوومە. لە رابردووشدا لەگەڵ هەیئەی تەنسیق چوومەتە رووسیا و ئەوروپا. لە سیاسەتەدا زۆر كەوتووینە و هەڵساوینەتەوە، سوودمان لەو ئەزموونانە بینیووە، زوو بە زوو هەڵناخەڵەتێین، دەزانین بەرژەوەندی كورد لە چیدایە.

رووداو: هەندێك لە سەركردەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد دەڵێن:” پێویستە ساڵح موسلیم روونكردنەوە لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ مالیكی بدات و داوای لێبووردنمان لێبكات؟”، ئەوە دەكەی؟

ساڵح موسلیم: گوێم لەوە نەبووە. كاتێك ئەوەیان پێگوتم دەزانم چۆن وەڵامیان دەدەمەوە.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانComment
  1. : رۆژپڕێس/ Rojpress
    28 كانونی یه‌كه‌م 2012 له‌ 17:16

    صالح مسلم: دیدار ما با مالکی به دعوت مام جلال بود
    سوریه – صالح مسلم، رئیس حزب اتحاد دمکراتیک (PYD) در سخنانی اعلام کرد سفر اخیر وی به بغداد و دیدار با نوری مالکی به دعوت رسمی جلال طالبانی، رئیس جمهور عراق بود، افسوس که بیماری مانع از دیدار با او شد.
    به گزارش خبرگزاری کردپرس، منابع خبری نزدیک به حزب اتحاد دموکراتیک سوریه به نقل از صالح مسلم، اعلام کردند: دعوت از شورای ملی هماهنگی سوریه به بغداد و دیدار با نخست وزیر عراق به ابتکار مام جلال و از طریق وزارت خارجه عراق صورت گرفته است.
    مسلم افزود: مام جلال بسیار مصر بود که در این دیدار نمایندگانی از کُردها نیز وجود داشته باشند اما به دلیل همزمانی این سفر با بیماری ایشان اعضای شورا موفق به دیدار با رئیس جمهور عراق نشدند.
    رئیس حزب اتحاد دموکراتیک سوریه خاطرنشان کرد: در دیدار با مالکی ضمن اظهار نگرانی از افزایش خشونت ها در سوریه بر ضرورت تقویت گفتمان اعتدال و میانه روی تأکید شد.
    مسلم، ضمن تقدیر از کمک های بشردوستانه ی عراق به مردم سوریه خواستار کمک های بیشتر و بدون هرگونه اهداف سیاسی شد و دخالت های ترکیه در امور سوریه به طور عام و به ویژه در مناطق کُردنشین را محکوم کرد.
    وی همچنین خاطرنشان کرد: ما به عنوان یک حزب کُردی در دیدارها و روابط خود کاملاً آزاد بوده و بر مصالح ملی اهتمام داریم.
    صالح مسلم در رابطه با پیوستن حزب اتحاد دمکراتیک به ائتلاف ملی مخالفان سوری گفت: در حال حاضر اختلاف نظری میان ما وجود دارد اما در صورت تأمین منافع و مصالح هیچ گونه مخالفتی برای ملحق شدن به آنها نداریم.

  2. : رۆژپڕێس/ Rojpress
    28 كانونی یه‌كه‌م 2012 له‌ 17:17

  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: