ماڵه‌وه‌ > Pers. info > ئاوڕدانەوەیەک لە رێککەوتنی ستراتێژیکی حدکا و کۆمەڵە

ئاوڕدانەوەیەک لە رێککەوتنی ستراتێژیکی حدکا و کۆمەڵە

ڕۆژی ٢١ی ئووتی ٢٠١٢ی زایینی، “حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران” بە ڕێبەرایەتی “مستەفا هیجری” و “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” بە ڕێبەری “عەبدوڵا موهتەدی”، رێککەوتنێکی هاوبەشیان واژۆکرد کە تێیدا دوو لایەن بەڵێن دەدەن کە هاوخەباتیان بۆ دەستەبەرکردنی فێدراڵیزمی نەتەوەیی-جوگرافیایی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرە پێبدەن، کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن، رێز لە ئازاری ڕادەربڕین و هەڵبژاردنی ئازاد بگرن و خولێکی نوێ لە خەباتی دیپلۆماتیکی هاوبەش لە ئاستی کوردستان، ئێران و جیهان دا دەستپێبکەن.

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی، رێککەوتنی دوو حیزبی سیاسی کۆن و خاوەنی ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە رێککەوتنی ستراتێژیکی “پارتی دێمۆکراتی کوردستان PDK” و “یەکێتی نیشتمانی کوردستانPUK ” لە نەوەتەکان و رێککەوتنی “ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا ENKS ” و “ئەنجومەنی گەل”[کە پارتی یەکێتی دێمۆکراتیکPYD ، لایەنی سەرەکییەتی] لە هاوینی ئەمساڵ شوبهاندووە. خاڵی هاوبەشی هەر دوو رێککەوتنی ئاماژەپێکراو، دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەی فیفتی- فیفتی، بە سەر دوو لایەنی واژۆکەری پەیمانەکە بووە. بۆیە وێدەچێ کە حدکا و کۆمەڵەش، هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری دابەشکردنی دەسەڵاتی دوایی کۆماری ئیسلامی بکەن.

حدکا و کۆمەڵە: لە هاوخەباتییەوە تا شەری براکوژی

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران [PDKI] کە بە کۆنترین حیزبی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسری و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهابادی لە کارنامە دایە[١٩٤٦]، بە رووخانی رەژیمی پاشایەتی لە ئێران و بە هەوڵی دوکتۆر “عەبدولرەحمان قاسملوو”، ئاکادێمیسیەن و سیاسەتمەداری کورد، پاش نزیک بە سی دەیە پەرتەوازەیی، سەر لە نوێ بووژێندرایەوە. موکریان کە هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە، وەک قەڵای سونەتی حیزبی دێمۆکرات دەهاتە ئەژمار، لە خولی نوێی تێکۆشانی سیاسیش دا، زۆرترین گرینگی هەر بەو ناوچە درا. حدکا لە شارەکانی مهاباد، نەغەدە، بۆکان و هتد چەند میتینگی جەماوەری بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەبرد و بەم شێوەی خەباتی ئاشکرای خۆی دەستپێکردەوە و بە کردەوە نیشانی دا کە فاکتەری هەرە بەهێز و کاریگەری ئەو ناوچەیە. ڕاستییەک کە بۆ بەرپرسانی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی تارانیش دەرکەوت و ناچاری کردن لەمەودوا حیساب بۆ هێزی حدکا بکەن.

هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، کوالیسیۆنێک لە چالاکان و رێکخراوەکانی چەپی کورد بە ناوی “کۆمەڵە”[١] پێکهات کە دواتر تووشی چەندین دابڕان بوو بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانی، بە سازماندانی خۆی، بە تایبەت لە پارێزگای سنە، بێتە فاکتەرێکی کاریگەر لە مەیدانی خەباتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێگەیەکی جەماوەری بەهێز پەیدا بکات. کۆمەڵە لە ماوەیەکی کورت دا نیشانی دا کە نوێنەرایەتی بەشێکی بەرچاو لە کوردستانیان دەکات و هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوە کە ئەو رێکخراوە نوێیە، وەک هێزێکی تری کوردستان حیسابی بۆ بکرێ و ببێتە لایەنێکی تری وەفدی نوێنەرایەتی کورد لە پڕۆسەی دیالۆگ لەگەڵ تاران دا.

حیزبی دیموکرات خۆی بە “رێبەری بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی کورد” پێناسە دەکرد و کۆمەڵە خۆی وەک “ڕێبەرایەتی چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کورد” دەدیت. ئەمەش ببوو بە هۆی سازبوونی دوو تێگەیشتنی تەواو لێک جیاواز سەبارەت بە ماهیەتی کۆماری ئیسلامی، دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و تەنانەت خواستەکانی گەلی کورد. کۆمەڵەی ئەوکات حیزبی دێمۆکراتی بە کۆنەپەرست و پاشڤەڕۆ پێناسە دەکرد و حدکای دەخستە بەرەی ئەمپێریالیسەوە، بە شێوەیەک کە بەرەنگاری حدکا و کۆماری ئیسلامی وەک یەک بە پێویست دەزانی.

کۆی ئەو جیاوازییە فکرییانە، گێرەشێوێنی هەندێک لایەنی ئێرانی و هەڵەی ئەندامان و رێبەرانی ئەو دوو حیزبە، بوو بە هۆی هەلگیرسانی شەڕ لە نێوان حدکا و کۆمەڵە. شەڕیک کە لە ناو کورد دا ناوی “براکوژی” لێنراوە. شەڕێکی هاوکات لەگەڵ هێرشی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان.

لە دەیەی نەوەتی زایینی، حدکا و کۆمەڵە، پاش ساڵەها خەباتی خوێناوی، ئەمجار بوونە کاڵای سات و سەودای هێزەکانی باشوور و کۆماری ئیسلامی و جگە لەوەی کە ناچارکران واز لە خەباتی چەکداری بهێنن و لە باشوور نیشتەجێ بن، سەدان کادر و پێشمەرگەشیان لێ تیرۆرکرا. مانەوەی زۆر لە باشوور، دوور کەوتنەوەی فکری و تەشکیلاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات سەرهەڵدانەوەی کێشەکانی پێشوو، قەیرانێکی قووڵی تەشکیلاتی تووشی ئەو حیزبانە کرد و کەش و هەوایەکی پڕ لە دڵساردی لە ناو ئەندامانیان دا سازکرد و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوە کە هەژمارێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب و کۆمەڵە، ڕیزەکانی ئەو دوو حیزبە بەجێبهێڵن، واز لە خەباتی سیاسی بهێنن یا ڕێگەی هەندەران بگرنە بەر. لەوەش گرینگتر کۆمەڵە و دێمۆکرات، دیسان تووشی دابڕانی ڕیزەکانیان بوون، بە شێوەیەک کە ئێستا هەری کەم دوو دێمۆکرات و سێ کۆمەڵە لە سەر هەمان رێبازی سیاسی و فکری، بە نێوگەلێکی نە هێندە جیاواز، خەبات دەکەن.

حاشا لەوەش ناکرێ کە حدکا و کۆمەڵە، دوو حیزبە بەهێزەکەی ساڵەکانی سەرەتایی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران نین. هەر وەک باسکرا، دوور کەوتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرزبوونەوەی تێچووی خەبات لە ناوخۆ و دژوارتربوونی سازماندانی ئەندامانی نهێنی لە ڕۆژهەڵات و هاوکات ئەو ئینشعابانەی کە لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و حدکا دا هاتۆتە ئاراوە، ئەو دوو حیزبەی بەرەو لاوازی بردووە. جگە لە هەمووی ئەو فاکتۆرانەی کە باسکران، هاتنە مەیدانی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK” وەک ئەکتەرێکی سیاسی نوێ لە ڕۆژهەڵات، توانی بەشێک لەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە لە نەبوونی ئەو حیزبان لە مەیدان دا هاتبۆ ئاراوە. بە تایبەت خەباتی چەکداری پەژاک، توانی جگە لە سەرنجی توێژێکی گەنج و خوێندکار و پەراوێزخراو، سەرنجی مێدیایی جیهانیش بەرەو خۆی رابکێشێ و ناوی خۆی بخاتە ناو هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەر لەو سەردەمە دا و بە دوور کەوتنەوەی کۆمەڵە، دێمۆکرات و لایەنەکانی تر، بزووتنەوە ئیسلامییەکانیش توانیویانە ئەندامگیرییەکی باش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. بۆ وێنە بزووتنەوەی ئیسلامگەرایی “مەکتەبی قورئان” [لایەنگرانی ئەحمەدی موفتی زاده]، لە نەبوونی حیزبە سێکۆلارەکان سوودی بردووە و پانتای شوێندانەری خۆی بەرفراوانتر کردووە. لە هەمان کات دا، سەلەفییەکانیش بە شێوەیەکی مەترسیدار سەرقاڵی پڕۆپاگەندە، ئەندامگیری و بەرێکخستنکردنی خۆیانە بوونە و شیمانە دەکرێ، کۆی ئیسلامەگرا محافزەکار و توندڕۆکان، ببنە سەرئێشەیەکی سیاسی بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبە ئاماژەپێکراوەکان.

لە کەش و هەوایەکی ئاوا دا، کۆمەڵە و حدکا، دوو حیزبی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێک دا کە ڕیزەکانیان تووشی دابڕان بووە، گووشارە نێونەتەوەییەکان لە سەر ئێران لە پەرەسەندن دایە و بەهاری عەرەبی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئێران نزیک دەبێتەوە و ئەگەری ئاڵووگۆڕی بنەڕەتی لە ئێرانیش شیمانەکراوە، پەیمانێکی ستراتێژیکیان مۆرکرد.

دوو حیزبی ئاماژەپێکراو، لە رێککەوتنەکەیان دا ئاماژەیان بە چەند خاڵی پۆزەتیڤ و شایانی سەرنج کردووە کە بەشێکیان پێشووتریش لە بەرنامەی سیاسی دوو حیزبەکە دابووە. بۆ وێنە هەردووک لایەن کۆکن لە سەر ئەوە کە:

بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕەژیمێکی سێکۆلار و دێمۆکرات لە ئێران دەستەبەر نابێ
سیستەمی داهاتوو دەبێ لە سەر بنەمای جیاوازی دین و دەوڵەت دابمەزرێتەوە
مافی بەرانبەر بۆ ژن و پیاو و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە لە بەرنامەیان دا دەبێ
هەڵبژاردنی ئازادی سیاسی و سندووقەکانی دەنگدان، سەرچاوەی مەشرووعیەتی حاکمانی داهاتووی کوردستانە
ئازادی بیروڕا و ئازادی چالاکی سیاسی و سینفی و هتد گارانتی دەکەن
بنەماگەلێک، کە بێ دەستەبەرکردنیان، ناکرێ کۆمەڵگایەکی داخراو بگەیەنەتە ئازادی، دێمۆکراسی و یەکسانی.

لە یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتننامەی حدکا و کۆمەڵە دا هاتووە کە ئەو دوو حیزبە، بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی لە ئێران، دروشمی فدرالیزمی نەتەوەیی-جوگرافیایی بەرز دەکەنەوە و کاری هاوبەش دەکەن بۆ ئەوەی فێدرالیزمێکی لەو چەشنە دەستەبەر بکەن. سەرەتا کۆمەڵە و دواتر حدکا لە کۆنگرەی ی١٣ دا، فێدرالیزمی وەک سیستەمی بەڕێوەبەری سیاسی بۆ داهاتووی ئێران پەسەند کردبوو و ئەمەش کاتی خۆی وەکوو پێشوەچوونێکی گرینگ وەسفکرابوو.

بۆ دۆزینەوەی حیزب و لایەنی هاوفکری تری ئێرانی، رێکخراوێک بە ناوی “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ” دامەزرا بەڵام لە ڕاستی دا، جگە لە خۆی حدکا و کۆمەڵە، تاکوو ئێستا هیچ لایەنێکی ئێرانی خاوەن پێگەی جەماوری و بە تایبەت حیزب و لایەنە سیاسییەکانی سەر بە نەتەوەی باڵادەست [فارسەکان]، پێشوازیان لەو کۆنگرە نەکردووە. بۆیە لانیکەم تا ئەمڕۆ، ناکرێ “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ” بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو وەسف بکەین.

نە حدکا و نە کۆمەڵە، نەیانتوانیوە لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دا، هاودەنگییەک بۆ داخوازییەکانیان، بە تایبەت بۆ فێدرالیزم ساز بکەن و سەرنجی لایەنە ئێرانییەکان بۆ لای خۆیان رابکێشن. شتێک کە بە گوێرەی حدکا و کۆمەڵە، لەم ساڵانەی دوایی دا و بە تایبەت پاش هەرەسهێنانی “بزووتنەوەی سەوز” گۆڕانی بە سەر دا هاتووە. وادیارە ئێستا، لێکنزیکبوونەوە و لێک‌تێگەیشتنێک لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کورد پەیدا بووە. کەوایە، ئەو خاڵەی کە ئاماژە بە ویستی فێدراڵیزمی نەتەوەیی-جوگرافیایی بۆ کورد دەکات، دەبێ هەرچی زۆرتر و ڕوونتر بۆ ئێرانییەکان شی بکرێتەوە و هەوڵ بدرێ سەرنجیان بۆ لای ئەو داخوازییە ڕابکێشرێ.

دوو حیزبی ئاماژەپێکراو، سەرەڕای ئەوەی کە لە ریزی دەگمەن حیزبەکانی ئێرانن کە توانایی سازماندانی کۆمەڵانی خەڵکیان لە ناوخۆی ئەو وڵات هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە شوێندانەرییەکان لە سەر سیاسەت لە ئاستی ئێران دا هەبێت و پێگەی نفووز و گووتاریان سنوورەکانی کوردستان تێپەڕێنێ.

لە ئاستی جیهانیش دا، سەرەڕای ئەوەی کە هەم حدکا و هەم کۆمەڵە، ئەندامی رێکخروای خاوەن پڕیستیژی “ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست”ن نەیانتوانیوە لەو پلاتفۆرمە بۆ راکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی جیهان و بە تایبەت حیزبە چەپ و سۆسیال دێمۆکراتەکانی جیهان، کە زۆربەیان لە وڵاتانی خۆیان خاوەنی دەسەڵاتن کەڵک وەربگرن. لێرەدایە کە دەکرێ مرۆڤ هیوادار بێت، کە ئەو رێککەوتنەوەی حدکا و کۆمەڵە، بتوانێ وێڕای سازکردنی هاوئاهەنگییەکی زیاتر و بەرفراوانتر کردنی ئەو بەرە، ببێتە هۆی خەباتێکی هاوبەشی دیپلۆماتیک هەم لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دا و هەم لە ئاستی جیهانی و بە تایبەت لە رێکخراوەگەلێک وە ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست و “ڕێکخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکانی جیهان” واتە UNPO و هتد.

رەخنەگران سەبارەت بە رێککەوتننامەی حدکا و کۆمەڵە چ دەڵێن؟

ئەگەرچی تاکوو ئێستا حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێستی فەرمی خۆیان لە هەمەبەر ئەو رێککەوتنەی نێوان حدکا و کۆمەڵە ڕانەگەیاندووە بەڵام بە ئاشکرا دەبینرێ کە هەندێک گومان و پرسیاریان لا سازبووه. زۆر کەس ڕەخنە لەوە دەگرێ کە بۆچی لایەنی تر بەشداری ئەو پەیمانە نەکراون؟ پرسیاری ئەوەی کە گەلۆ ئەو هاوپەیمانییە، چ کاریگەرییەکی لە سەر یەکگرتنەوە یا لانیکەم پێوەندییەکانی ئەو دوو حیزبە بە “حیزبی دێمۆکراتی کوردستان”، “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” دەبێت؟ جگە لەوەش گومانی ئەوە لای هەندێک لە چاودێرانی سیاسی درووست بووە کە حدکا و کۆمەڵە دەیانهەوێ خۆیان بە تاکە نوێنەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنن و دەسەڵات لە داهاتوو دا قۆرەخ بکەن و ئەوەش مومکینە ئاکامی زیانباری لێبکەوێتەوە.

لە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی رێککەوتننامەکەی نێوان حدکا و کۆمەڵە، باس لە زیانباربوونی “دەستێوەردانی پارچەیەک لە پارچەکانی تر” کراوە. بە گوێرەی زۆربەی چاودێرانی سیاسی، ئەو خاڵە “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”ی نزیک لە “پارتی کرێکارانی کوردستان”ی کردۆتە ئامانج. پەژاک کە نزیک بە یەک دیە لەمەوەبەر دامەزراوە و لەو ساڵانەی ڕابردوو دا، خەباتی سیاسی و چەکداری دژ بە کۆماری ئیسلامی کردووە، لە لایەن حدکا و کۆمەڵەوە بە حیزبێکی “ناسەربەخۆ” و “لقی پەکەکە لە ڕۆژهەڵات” دەزانرێ و هەر بۆیەش ئەو دوو حیزبە هەوڵیان داوە کە پێوەندی سیاسی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دروست نەکەن.

هەندێک لە ڕەخنەگرانیش لە سەر ئەم باوەڕەن کە حدکا و کۆمەڵە لە کاتێک دا باس لە زیانباربوونی دەستێوەردانی پارچەکانی تر دە کاروباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا دەکەن کە بە قەبووڵکردنی بڕیاری کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری، خۆشیان ئیزنی ئەوەیان داوە کە پارتی و یەکێتی دەستێوەردانی خەباتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. شتێک کە لە لایەن ئەوانەوە بە ڕەوا بینراوە و “بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان”ی وەک پاساو بۆ هێنراوەتەوە.

بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو مەسەلە دەبێ باس لە ئەزموونی کوردانی ڕۆژئاوا بکرێ. بە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی سووریا دژ بە ڕەژیمی بەشار ئەسەد، ئۆپۆزیسیۆنی کورد لەم وڵاتە، بە دوو ئاراستەی سیاسی جیاواز خۆی سازمان دا. سەرەتا ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، وەکوو رێکخراوەیەکی چەترئاسا، بە هاوکاری حیزبەکانی هەرێمی باشووری کوردستان دامەزرا و لە لایەکی ترەوە، “پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک”ی نزیک لە پەکەکەش، کە پەراوێزخرابوو، لەگەڵ هەندێک رێکخراوی سیاسی تری ڕۆژئاوای کوردستان “ئەنجومەنی گەل”ی دامەزراند. پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە ئەنجومەنی نیشتمانی و پەکەکە لە ئەنجومەنی گەل، بۆ ماوەی چەند مانگ، پڕۆسەی هاوخەباتی دوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە ڕۆژئاوا دواخست. کۆسپێک کە سەرئەنجام لە هاوینی ئەمساڵ دا و بە چرا سەوزی قەندیل و دەستپێشخەری مەسعوود بارزانی کۆتایی هات و بەرەیەکی هاوبەش لە هەردوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە سووریا پێکهات و خەباتی هاوبەش دەستیپێکرد.

ئێستاش شیمانەی ئەوە دەکرێ، کە ئەگەر بنکەی ئەو رێککەوتنەی نێوان حدکا و کۆمەڵە فراوانتر نەکرێ، و حیزبەکانی تر لە دەرەوەی ئەو بازنە بهێڵدرێنەوە و پەراوێز بخرێن، مومکینە هاوپەیمانییەکی ئاڵتێرناتیڤ شکڵ بگرێ و ئەمەش گرێپووچکەیەکی تر لە بەردەم هاوخەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز بکات. شتێک کە لە لایەن “حەسەن شەڕەفی” جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕەتدەکرایەوە. ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەت بۆ تیشک تیڤی، زمانحاڵی حدکا وتی کە “هاوپەیمانی ئەوان، دژ بە هیچ لایەنێک جگە لە کۆماری ئیسلامی نییە و بەو مانایەش نییە کە حیزبەکانی تر پەراوێز خرابن بەڵکوو تەنیا لەو کاتەی ئێستا دا، زەمینە و ئامادەگی ئەوە نەبووە کە لایەنی تر بەو هاوپەیمانییە زیاد بکرێن”. حەسەن شەرەفی، کە نەفەری دووهەمی حدکایە وتیشی کە “ئەوان دەرس لە ئەزموونی کوردەکانی سووریاش وەردەگرن و دەزانن کە هاوکاری نەکردنی لایەنە کوردییەکان دەتوانێ چ خەسارگەلێکی هەبێ”.

خاڵێکی تری سەرنجڕاکێشی رێککەوتنی حدکا و کۆمەڵە ئەوە بوو کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سی دەیە بە سەر شەڕی کۆمەڵە و حدکا، تاکوو ئێستاش باسکردن لەو شەڕە، ناساندنی تاوانبارانی ئەم شەڕە، بڤەیە و لە هەموو گرینگتر نە داوای لێبوردن لە گەلی کورد و بە تایبەت قوربانیانی ئەو شەڕە کراوە و نە میکانیزمێکی شەفاف بۆ پێشگرتن لە دووپاتبوونەوەی کارەساتی لەو چەشنە هاتۆتە بەر باس و گفتگۆ. ئالێرە دایە کە مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوەی لەو رێککەوتنی حدکا و کۆمەڵە دەکرد کە لە جێگەی بازدان بە سەر ئەو پرسە گرینگەدا و قەناعەت کردن تەنیا بەوە کە “لەمەودوا کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن”، ئاوڕێک وە ڕابردووش درابایەوە و بە شێوەیەکی کۆنکرێت و ڕاشکاوانە باس لەم مەسەلە کرابا. حدکا و کۆمەڵە، دەبا بە ڕوونی خۆیان لەم کێشە بە خاوەن کردبا و بەڵێنیان دابا کە شەڕی لەم چەشنە نەک تەنیا لە نێوان ئەو دوو لایەنە، بەڵکوو لەگەڵ هیچ لایەنێکی تری کورد، لەو پارچەیەی وڵات دووپات نابێتەوە. شتێک کە دەکرا وەک جیددیترین هەنگاو بۆ ڕیشەکێشکردنی دیاردەکەی قێزەونی شەڕی براکووژی لەقەڵەم درابا.

رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵەهایە تینووی سیاسەتە، تینووی خەباتە. زۆر ڕاستە کە دەرفەتی خەبات لە ناوخۆ کەم و کەمتر بۆتەوە بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت دوو حیزبی ئاماژەپێکراو کە خۆیان بە پێشڕەوی خەباتی کورد لەو پارچە دەزانن، نەیانتوانیوە ئەو رۆڵەی کە ئیدعای دەکەن بیگێڕن. لانیکەم ئەگەر تێچووی خەباتی سیاسی زۆر بووە، گەشە بە خەباتی مەدەنی بدەن، خەڵک پەروەردە بکەن و زەمینەی فکری پێویست بۆ دواڕۆژ ئامادە بکەن. لە دەرەوەی وڵاتیش سەرەڕای ئەوەی کە بە هەزاران ئەندام و لایەنگریان هەیە، خاوەنی چەندین کەناڵی ئاسمانی و رادیۆیین و لە دەیان وڵاتی جیهان، نوێنەرایەتی فەرمیان هەیە، بەڵام ساڵەهای ساڵە نەیانتوانیوە بە گوێرەی پێویست لە دەرفەت و ئیمکانەکان کەڵک وەربگرن، لۆبیگەری بکەن، ئەندێشە بەرهەم بهینێنن، کەسانی پسپۆر و شارەزا بە سیاسەت، مێدیا، یاسا و هتد پەروەردە بکەن.

رێککەوتنی نێوان کۆمەڵە و حدکا، وەک دوو لایەنی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەخشەڕێییەکی ڕوون، بە کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراو، ئەویش لەبەر چاوی بیروڕای گشتی کوردستان خستۆتە ڕوو. ئەمەش دەسپێکێکی نوێ، بە ستایل و فۆڕمێکی نوێ بۆ هاوخەباتییە کە هەردوو لایەن ناچار دەکات کە پابەندی بن و بۆ بەرفراوانترکردن و بەکردەوەیی کردنی تێبکۆشن. هەر بۆیەش پێویستە بگووترێ کە بەر لە پێشبینی نالۆژیکی و گەڕان بە دوایی نییەتی شاراوە و پشت پەردەی حدکا و کۆمەڵە لەو رێککەوتنە، باشترە چاوەڕوان بکرێ و ببینرێ کە گەلۆ بە ڕاستی چەندە دەرفەت بۆ هاوخەباتی لەگەڵ حیزبەکانی تر ساز دەبێت و ڕەنگدانەوەی ئەو رێککەوتنە لە دنیای واقیع چۆن دەبێ.

 [١]. هەر ئێستا هەری کەم سێ لایەنی جیاواز لە ژێر ناوی “کۆمەڵە” خەبات دەکەن بەڵام لێرە دا مەبەست “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” بە سەرۆکایەتی “عەبدوڵا موهتەدی”یە.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانPers. info
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: