ماڵه‌وه‌ > Comment > پرسی منداڵ له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌دا

پرسی منداڵ له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌دا

knk.minalanمنداڵانی کورد به‌شی هه‌ره‌ گرینگ‌و هه‌ستیاری کۆمه‌ڵگای کوردین‌و داهاتووی نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی کوردستان دیاری ده‌که‌ن. به‌ڵام واقعی چه‌ند پارچه‌بوونی کوردستان‌و تایبه‌تمه‌ندیی لێک جیاوازی دۆخه‌ سیاسی، ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌ی به‌شه‌کانی کوردستان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بووه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشی منداڵان له‌ هه‌ر کام له‌ پارچه‌کانی کوردستان، به‌ تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازه‌وه‌. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی‌یانه‌ چه‌ند پرسێکی هاوبه‌ش منداڵانی کورد کۆ ده‌کاته‌وه‌ که‌ بریتین له‌:

1- منداڵی کورد هه‌میشه‌ له‌ ڕیزی هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی قوربانیانی بارودۆخی سیاسی‌و ناجێگیری‌و شه‌ڕو ماڵوێرانیی گه‌له‌که‌ی بووه‌، که‌ جۆری قوربانییه‌که‌ هێندێک جار له‌ ده‌ستدانی ڕوح‌و جه‌سته‌ بووه‌ که‌ ئه‌مڕۆکه‌ خاوه‌نی سه‌دان منداڵی شه‌هیدین، یا خود به‌ بێبه‌ری‌بوون له‌ کۆمه‌ڵێک ماف‌و خزمه‌تگوزاری که‌ منداڵانی جیهان هه‌یانه‌ وه‌ک وازهێنان له‌ خوێندن، کارکردن له‌ ته‌مه‌نێکی زوودا، ژیان له‌ دۆخێکی پڕ له‌ ترس‌و هه‌ژاری‌و …
2- به‌هۆی ئه‌و سیستمه‌ په‌روه‌رده‌یی‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌ سه‌ردا دابه‌ش بووه‌، منداڵانی کورد له‌ سێ به‌شی کوردستان له‌ سه‌ره‌کیترین ماف بێبه‌ش کراون وه‌ک،‌ خوێندن به‌ زمانی زگماک‌و ئاشنابوون به‌ فه‌رهه‌نگ‌و کلتووری نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی. هه‌موو هه‌وڵه‌ په‌روه‌رده‌یی‌یه‌کانی ئه‌و رێژیمانه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌ که‌ هه‌ست‌و سۆزی کوردایه‌تی‌و نیشتمان‌دۆستی‌و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان له‌ نێو ببرێ‌و به‌و ریگه‌یه‌دا نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ نێو فه‌رهه‌نگی بانده‌ستکراوی خۆیان‌دا بتوێننه‌وه‌.
3- جیا له‌ بارودۆخی سیاسی، منداڵانی کورد له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ بوونه‌ته‌ قوربانیی ئه‌و ژینگه‌و بارودۆخه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ باوکسالاری‌یه‌ کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌یه‌تی. له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سیستمه‌دا منداڵان به‌ره‌وڕووی توندوتیژی له‌ هه‌موو جۆره‌کانی وه‌ لێدان، جیاوازیی ڕه‌گه‌زی، زوو به‌ شوودان‌و یان ژنهێنان له‌ ته‌مه‌نی که‌م‌دا ده‌بنه‌وه‌.

پره‌نسیپ‌ و راسپارده‌کان بۆ ده‌سته‌ی ئاماده‌کاریی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ بواری مافی مناڵان‌دا

لیژنه‌ی مافی مناڵان پێشنیار ده‌کا که ده‌سته‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ ئه‌م پره‌نسیپ و راسپاردانه‌ی خواره‌وه له‌ بواری پارێزگاری له مناڵانی کورد وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ په‌سند کردن پێشکه‌ش به کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد بکا.
کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد وێڕای باوه‌ڕ و پشتگیری له نێوه‌رۆکی “په‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه‌کانی مناڵ”، له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافه‌کانی مناڵانی کورددا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپ و پێویستییانه‌ی خواره‌وه ده‌کا :

1. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد داوا له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش بووه ده‌کا که چیدیکه منداڵانی کورد له مافی خوێندن و په‌روه‌رده به زمانی کوردی بێبه‌ش نه‌که‌ن و بواری خوێندن به‌ زمانی دایک بۆ منداڵانی کورد له‌ هه‌موو ئاسته‌کانی خوێندندا له خوێندنگه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کاندا پیک بێنن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کۆنگره‌ به‌پشت به‌ستن به نێوه‌رۆکی “راگه‌یاندراوی جیهانیی مافه زمانییه‌کان” و پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م بواره، بە شێوەی فەرمی نامەیەک ئاراستەی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌رکوردستاندا ده‌کا.

2. کۆنگره‌ پێداگری له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی نێوه‌رۆکی په‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه‌کانی مناڵ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مناڵانی کورددا به‌تایبه‌تی له‌بواره‌کانی خواره‌وه‌دا ده‌کا :
– رێگه‌پێدان و فه‌رمییه‌ت به‌خشین به شوناسی نه‌ته‌وه‌یی مناڵانی کورددا؛
– دابینکردنی پێویستییه‌کانی ده‌ستڕاگه‌یشتن به په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌میانه؛
– دابینکردنی ئاستێکی گونجاوی ژیان و ده‌سته‌به‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی که ده‌ره‌تانی هه‌ڵدان و پێگه‌یشتنی مناڵانی کورد پێک بێنێ؛
– ده‌ستڕاگه‌یشتنی مناڵان به پێداویستییه‌‌کانی ته‌ندروستی و ئاوڕدانه‌وه‌ له مناڵانی وێڵکراو و مناڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت؛
– کۆتایی هێنان به ئازاردانی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی مناڵان به‌تایبه‌تی به‌هۆی توندوتیژی و کارپێکردن و به‌کاربردنی جینسیی ئه‌وان؛
– جێگیر کردنی چه‌مکی “به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای مناڵ” له‌کاتی بڕیاردان سه‌باره‌ت به هه‌موو ئه‌و رووداو و ئاڵوگۆڕانه‌ی له ژیانی مناڵدا دێنه پێش؛
– به هێند وه‌رگرتن روانگه و بۆچوونی خودی مناڵان.

3. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد‌ داوا له‌ وڵاتانی ئێران، تورکیه‌و سووریه‌ ده‌کا به‌پلانی ورده‌وه‌ هه‌نگاوی جیددی‌و به‌ کرده‌وه‌ هه‌ڵبگرن له‌ پێناووشیارکردنه‌وه‌و پاراستنی منداڵان له‌ بواره‌کانی خواره‌وه‌:

– پاکژکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ مینرێژکراوه‌کان‌ له‌ مین‌و وشیارکردنه‌وه‌و ڕێنمایی کردنی منداڵان له‌ پێناو خۆ به‌دوورگرتن له‌ کێڵگه‌کانی مین‌، هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی ئه‌و منداڵانه‌ش که بوونه‌ته قوربانیی ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ی مین‌و دابینکردنی پێداویستی‌یه‌کانی ژیان و ئاینده‌یه‌کی شیاو بۆ ئه‌وان.

– وشیارکردنه‌وه‌و رێگری‌و مه‌حکووم‌کردنی بازرگانی کردن به‌ منداڵان.

– وشیارکردنه‌وه‌ی منداڵان له‌ هه‌مبه‌ر خه‌ساره‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کانی وه‌ک به‌کارهێنانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان‌و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئازار به‌ جه‌سته‌و ده‌روونی منداڵان ده‌گه‌یه‌نێ.

– هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوکمی ئێعدام‌و له‌سێداره‌دانی منداڵان‌و خۆبواردن له‌ زیندانی کردنی منداڵان‌و ئازاردانی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ به‌ندیخانه‌کان‌ دان.

– قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ منداڵی به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال‌و کیمیاباران که‌و‌توون‌و ئێستا له‌ ژیاندا ماون.

4. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی ‌و رووناکبیری‌ و سه‌رجه‌م ناوه‌نده پێوه‌ندیداره‌کان به‌تایبه‌تی له که‌رتی میدیا و په‌روه‌رده‌دا ده‌کا خۆیان له‌به‌رامبه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵانی کورددا به‌ به‌رپرسیار بزانن‌ و مێژوو و ناسنامه‌ی کورد به نه‌وه‌ی نوێ بناسێنن‌و خۆشه‌ویستیی خاک و نیشتمانی خۆیان له‌ دڵدا جێ بخه‌ن.

5. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه که کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌ڕووی ئایین و زاراوه و کولتوره‌وه کۆمه‌ڵگایه‌کی فره‌چه‌شنه، کۆنگره‌ هه‌موو لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کان ڕاده‌سپێرێ که وێڕای رێگه‌دان به خۆده‌رخستنی فره‌چه‌شنییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردستان و چاولێکردنی ئه‌و فره‌چه‌شنییانه‌ وه‌ک خاڵێکی به‌هێزی ئه‌و کۆمه‌‌ڵگایه، منداڵان به رووحی ئاشتی و نیشتمانپه‌روه‌ری په‌روه‌رده بکه‌ن.

6. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌‌یی کورد به باوه‌ڕ به‌وه که به‌رژه‌وه‌ندیی په‌روه‌رد‌ه‌کردنی نه‌وه‌یه‌کی ته‌ندروست و به‌هێز به پارێزگاری له مناڵان وه‌ك به‌شی هه‌ره هه‌ستیاری کۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره ئازارێكی دەروونی و فیزیكی به‌ستراوه‌ته‌وه، هه‌ر چه‌شنه توندوتیژی‌یه‌کی جه‌سته‌یی، ڕووحی ‌و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن هه‌ر که‌س ‌و لایه‌نێک ده‌رهه‌ق به‌ منداڵانی کورد ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و بۆ بنه‌بڕکردنی ره‌فتارگه‌لی وه‌ك خه‌ته‌نه‌ی کچان، لێدان ‌و ئازاردان، ئیش‌پێکردن له‌ خوار ته‌مه‌نی یاسایی، زوو به‌ شوودانی کچان‌، زوو ژنهێنان بۆ کوڕان، سواڵ‌پێکردن‌و… تێ‌ده‌کۆشێ.

7. کۆنگره داوا له هه‌موو رێکخراوه سیاسییه‌کانی کورد ده‌کا که مناڵان له ململانێ سیاسییه‌کاندا به‌کار نه‌به‌ن و داواش له هه‌موو لایه‌نه چه‌کداره‌کانی کورد ده‌کا که له به‌کاربردنی مناڵان له‌کاتی شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ چه‌كدارییه‌کاندا خۆ ببوێرن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێککه‌وتنامه‌ی بانگه‌وازی ژنێڤ بۆ پاراستنی منداڵان له‌ کاریگه‌ریی ناکۆکییه‌ چه‌کدارییه‌کان ئیمزا بکه‌ن و پێی پابه‌ند بن.

8. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد‌ ساڵانه‌ ڕاپۆرتی بارودۆخی منداڵانی کورد به‌ ریکخراوی یوونیسێف و سندووقی گه‌شه‌ی منداڵانی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بگه‌یه‌نێ و له‌رێگه‌ی به‌شداری پێکردنی رێكخراوه‌کانی منداڵپارێزیی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی کورد له “بزوتنه‌وه‌ی جیهانیی منداڵپارێزی”دا تێبکۆشێ پرسی منداڵی کورد له کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا بێنێته گۆڕێ.

9. کاره‌ساته‌کانی کیمیاباران‌و ئه‌نفال‌و ژێنۆسایدی کورد کاره‌ساتێکی جه‌رگبڕ بوو که‌ به‌ هه‌زاران منداڵی کوردی تێدا بۆته‌ قوربانی، هه‌ر بۆیه‌ زۆر گرینگه‌ چ له‌ رێگه‌ی کاناڵه‌کانی په‌روه‌رده‌یی فه‌رمی له‌ باشوورو چ له‌ ڕێگه‌ی کاناله‌کانی دیکه‌ی نافه‌رمیی وه‌ک پارته‌ سیاسییه‌کان، میدیاو ریکخراوه‌کان له‌ سه‌رجه‌م پارچه‌کان؛ منداڵانی کوردی له‌ گشت به‌شه‌کان پێ ئاشنا بکرێ.

10. مەحكوومكردن و بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو كۆمپانیا و لایەنانەی بە بەرھەمھێنان و فرۆشتنی چەكی كۆمەڵكوژ بوونە ھۆی كوژرانی ھەزاران منداڵی كورد لە رەوتی كارەساتەكانی ئەنفال و كیمیاباران و قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوی ئەوان.

11. کۆنگره‌ جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گشت ڕیکخراوو پارته‌ سیاسییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌ بۆداریژراو کار بکه‌ن بۆ سازدانی چالاکی‌و فستڤاڵی تایبه‌ت بۆ تێکه‌ڵاوکردن‌و لێکتر نیزیککردنه‌وه‌ی منداڵانی کوردی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان.

12. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد داوا له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کا ئه‌و منداڵانه‌ی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان که‌ له‌ باشووری کوردستان له‌ دایک ده‌بن، یان به‌ هۆکاری سیاسی به‌ده‌ر له‌ ئیڕاده‌ی خۆیان نیشته‌جێی باشووری کوردستانن، ناسنامه‌ی ئه‌م وڵاته‌یان بدرێتێ.

13. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد کار بۆ دیاریکردنی ڕۆژێکی تایبه‌ت وه‌ک‌ ” ڕۆژی منداڵی کوردستان” ده‌کا.

14. کۆنگره‌ جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی زیاتر له‌ هه‌مبه‌ر ڕه‌وشی منداڵانی کورد‌‌و ئه‌و کاره‌سات‌و نه‌هامه‌تی‌یانه‌ی به‌سه‌ری هاتوون له‌ ڕێگه‌ی کاناڵه‌کانی پێوه‌ندیداره‌وه‌.

15. کۆنگره‌ داوا له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کا ئاوڕێکی جیددی بداته‌وه‌ له‌ منداڵانی کوردستانی سووریه‌ که‌ ئێستا به‌هۆی قه‌یرانی سیاسی له‌و وڵاته‌ تووشی ئاواره‌یی و به‌شمه‌ینی بوون و ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ کوردستانی سووریه‌ مه‌حکووم ده‌کا.

16. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی داوا له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کا چاوه‌دێری و به‌دواداچوونی وردتر بۆ که‌رتی تایبه‌تی بکا له‌و بوارانه‌دا:

– له‌و خوێندنگه‌و زانکۆ ئه‌هلی‌یانه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان دان هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خوێندکاران و قوتابیان بپارێزرێن.
– له‌ بواری وه‌به‌رهێنان و هاورده‌ی که‌ره‌سه‌ی په‌روه‌رده‌یی و یاریی منداڵاندا ڕه‌چاوی کلتوور و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ستاندارده‌ ته‌ندروستییه‌کان بکرێ.

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
هاوپێچ: په‌یماننامه‌ی جیهانیی منداڵان _ به‌ڵگه‌ی پابه‌ندبوون به‌ بانگه‌وازی ژنێف بۆ پاراستنی له‌ کاریگه‌ریی ناکۆکییه‌ چه‌کدارییه‌کان

,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,,
ئه‌ندامانی کومیته‌ی منداڵانی کۆمیسیۆنی کۆمه‌ڵگای ئازاد
• چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا
• عه‌لی بداغی
• فاتیح ساڵحی
• سوعاد ره‌زاق
• ئه‌مه‌ل جه‌لال
• ره‌سووڵ ڕه‌زگه‌یی
• مریه‌م کرماشانی
• خونچه‌ محه‌مه‌د

Advertisements
:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان:
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: