ماڵه‌وه‌ > Comment > پۆڵات جان وته‌بێژی یه‌په‌گه: پارتى له‌تورکیاوه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ دژایه‌تیکردنمان ده‌نێرێت

پۆڵات جان وته‌بێژی یه‌په‌گه: پارتى له‌تورکیاوه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ دژایه‌تیکردنمان ده‌نێرێت

پۆلات جان وته‌بێژى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) له‌ڕۆژئاوا پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمه‌تبار ده‌کات به‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى تورکیاوه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرێته‌ رۆژئاوا تابچنه‌ نێو ئه‌و گروپانه‌وه‌ که‌ له‌دژیان شه‌ڕده‌که‌ن‌و ده‌ڵێت «به‌شێک له‌فه‌رمانده‌ى ئه‌و گروپانه‌ى له‌دژمان شه‌ڕده‌که‌ن به‌رپرسى باڵاى پێشمه‌رگه‌ى پارتین».

پۆلات جان که‌ یه‌کێکیشه‌ له‌سه‌رکرده‌کانى په‌په‌گه‌ که‌ باڵى سه‌ربازى پارتى یه‌کێتى دیموکراتى سوریا (په‌یه‌ده‌)یه‌، له‌چاوپێکه‌وتنێکى ‌هاوڵاتی-دا باس له‌پێکهاته‌ى هێزه‌کانیان‌و شه‌ڕکردنیان ده‌کات له‌دژى گروپه‌کانى داعش‌و به‌ره‌ى نوسره‌و ئاشکراشیده‌کات که‌ژماره‌یه‌ک دیل‌و ته‌رمى کوردانى هه‌رێمیان لایه‌ که‌ له‌نێو ئه‌و دوو گروپه‌دا له‌دژیان شه‌ڕیان کردوه‌‌و ده‌شڵێت «ئاماده‌ین له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌کانى هه‌رێم دژ به‌داعش شه‌ڕ بکه‌ین».

POLATسازدانی: سەڵاح خدر

هاوڵاتی: سەرەتا دەمانەوێت لەسەر پێكهاتەی یەپەگە زانیاریمان بدەیتێ كەچۆنە؟

پۆڵات جان یەپەگە بۆ پاراستنی هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان دروستبوە، لەهەموو پێكهاتەكانی رۆژئاوا پێكهاتون، بەڵام راستیەكیش هەیە كە زۆرینەی یەپەگە كوردن پاشان عەرەب بەڕێژەی دوەم دێن، پاشان ئاشوری و سریانی و توركما‌ن، لەهەرێمی حەلەب ژمارەیەكی زۆر توركمان لەڕیزەكانی یەپەگەدان، لەناوچەی جزیرە لەهەرێمەكانی قامیشلۆو تربەسپی ژمارەیەكی زۆری مەسیحیەكان لەڕیزەكانی یەپەگەدان بەتایبەتی سریانیەكان، كەمایەتیەكانی چەچەنەكان لەناوچەكانی سەرێكانی هەن هەرچەندە زۆریش نین بەڵام زۆرینەی گەنجەكانیان لەڕیزەكانی یەپەگەدان، تائێستاش چەندین كەسیان لێ شەهیدبون.

هاوڵاتی: ئەی كوردی پارچەكانی تری تیایە؟

پۆڵات جان: بەڵێ هەندێك گەنجی پارچەكانی تری كوردستان لەناو یەپەگەدا هەن بەڵام رێژەیان زۆر نیە، ناشتوانم پێت بڵێم چەندن.

هاوڵاتی: بەڵام زۆرجار دەبیستین كە ئەوانەی فەرمانداری یەپەگە دەكەن‌و بەڕێوەی دەبەن، پێشوتر لەناو هێزەكانی پەكەكەدا بون‌و كوردی باكورن؟

پۆڵات جان: بەپێچەوانەوە زۆربەی فەرمانداری هەپەگە (پەكەكە) كوردی رۆژئاوان، كەواتە رۆژئاواییەكان لەناو یەپەگەشدا سەركردەن نەك پێویستیان بەوە هەبێت لەدەرەوەی رۆژئاوا سەركردایەتیان بكەن، بەڵام ئەو گەنجانەی سودیان لەئەزمونی هەپەگە «هێزەكانی پاراستنی گەل» بینیوە، ئێستا ئەو ئەزمونەیان خستوەتە خزمەتی یەپەگەوە، هەندێكیان هەیە كەخۆیان خەڵكی رۆژئاوان، پێشوتر لەڕیزی هەپەگە و پێشمەرگەدابون بەڵام ئێستا خەباتی خۆیان گواستوەتەوە ناو یەپەگە بەڵام زۆرینەی یەپەگە دوو بەشن، بەشێكیان لەسوپای سوریا جیابونەتەوەو سەربازی هەڵهاتون، بەشێكی تریان خۆبەخشن.

هاوڵاتی: زۆرجار هێزەكانتان بەوە تۆمەتباردەكرێت كە منداڵی ‌خوار تەمەنی 17 ساڵ چەكداردەكات‌و دەیاننێرنە بەرەكانی شەڕەوە كەدژی هەموو یاسا نێونەتەوەییەكانە، كۆمێنتت لەسەر ئەو تۆمەتە؟

پۆڵات جان: دونیا خۆی بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی بەڕێوەناچێت، ئەگەر سەیری یاسا نێونەتەوەییەكان بكەن دەبینین كورد بونی نیە، شتێك بەناوی رۆژئاواو یەپەگە نیە، جارجار حاڵەتێكی دانسقە لەو بارەیەوە رویداوە، بۆنمونە گەنجێك كەسوكاری نەماون، هەموو كەسەكانی شەهیدبون، یان هەن كە هەر بێكەسن، 600 هەزار كورد لەكاتی دەستپێكردنی شۆڕشی سوریاوە هاتونەتە رۆژئاوای كوردستان ئەوانە هەمویان خاوەن خێزان‌و خانەوادەنین، بەڵام لەناو یەپەگەدا خۆیان پەروەردە كردوە، هەموی نزیكەی 10 كەس لەوانەی تۆ باسی دەكەی شەهیدبون كەتەمەنیان 17 ساڵان بوە، بەڵام ئەو حاڵەتەی تۆ باسی دەكەی هەندێكجار لەناو كچاندا رودەدەن، لەبەرئەوەی لەناو هەندێك خێزانی كورددا كچەكەیان تەمەن 15 ساڵە دەیانەوێت بەزۆر هاوسەرگیری پێبكەن، ئەویش لەبری ئەوەی خۆی بكوژێت یان لەگەڵ پیاوێك لەتەمەنی باوكیدا هاوسەرگیری بكات، پەنا دەبەنە سەر یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لەوێ پەنایان دەدرێت.

هاوڵاتی: بۆ جگە لەئێوە هیچ پەناگەیەكی تر لەڕۆژئاوا بۆ ژنان نیە؟

پۆڵات جان: بەڵێ هەیە مەرج نیە تەنها لەوێ بن زۆربەیان لەناو كارو خەباتی رێكخستنەكانی گەنجاندان، بەڵام ئێمە وەك كوردی رۆژئاوا ئەوە بەبنەما دەگرین كێ دەبێت با ببێت گەنج یان پیر، پێویستە بزانێت خۆی بپارێزێت، زۆربەی ئەوانەی لە كۆبانی شەڕ دەكەن و خۆیان دەپارێزن بەژن و پیاوو پیر و گەنج یەپەگە نین خەڵكی مەدەنی خۆیانن، گەنجێك ناوی موحەمەد بوو تاقانەبوو هەشت خوشكی هەبوو كاتێك چەكدارەكانی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق‌و شام) هێرش دەكەنە سەر گوندەكەیان هەتا سەرلەبەیانی شەڕی كرد تا شەهیدبوو ئەوە یەپەگەش نەبوو،

هاوڵاتی: ئێوە باسی هەموو پێكهاتەكانی رۆژئاوا دەكەن لە یەپەگەدا بەڵام ئێوە وەك باڵی سەربازی پەیەدە ناسراون؟

پۆڵات جان: ئەگەر لایەنێك ببێتە چەتر بۆ لایەنێكی تر دەبێت لەو گەورەتربێت، پەیەدە لە یەپەگە گەورەتر نیە، شەڕڤانانی یەپەگە كەسانی گیانبەخشن كە ئامادەن خوێنی خۆیان بۆ گەلەكەیان بڕێژن، بەڵام پەیەدە وەها نیە حزبێكی سیاسیە، كاری سیاسی و دبلۆماسی دەكەن، بەڵام ئامانج لەو پڕوپاگەندانە ئەوەیە‌ كە یەپەگە بچوك نیشانبدەن، نەتەوەیی بونی یەپەگە لەڕوانگەی بەرگریكردن لەهەموو پێكهاتەكانی رۆژئاوا بخەنە ژێر پرسیارەوە.

هاوڵاتی: هیچ حزب‌و لایەنێك هەیە لەناو یەپەگەدا؟

پۆڵات جان: زۆركەس هەیە لەناو یەپەگەدا هەرگیز پەیەدە نەبوە، ئەوانەی دەبنە شەڕڤانی یەپەگە دەبێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەموو حزبێكی سیاسی ببڕێت بەڵام هەقی ئەوەی هەیە حزبێكی خۆشبوێت، بەڵام تەكەتولات و حزبایەتی لەڕیزەكانماندا قبوڵ ناكەین، ئەگەر وامانكرد ئەوا سوپاكەمان نابێتە سوپا، وەك چۆن سوپای ئازادی سوری پارچە پارچەبون.

هاوڵاتی: پێش‌و پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا ژمارەیەكی زۆر كوردی رۆژئاوا ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببون، بەڵام پاش ئەوەی رۆژئاوا ئازادكرا ئەوان خواستیان وەك هێزێكی سەربازی بگەڕێتەوەو بەوتەی خۆشیان یەپەگە رێگەی پێنەداون بۆ؟

پۆڵات جان: یەپەگە بەكەسی نەوتوە مەیەو بەرگری لەگەلەكەت مەكە، من یەپەگە نەبوم بەڵام كاتێك بومە یەپەگە پرس‌و راوێژم بەكەس نەكرد هەموو كارەكانی خۆم وەلاناو چەكم بۆ بەرگری لەخاكەكەم هەڵگرت، ئەو عەرەب‌و توركمان‌و مەسیحیانەی هاتونەتە ناو یەپەگەوەو گوندەكانیان دەپارێزن مۆڵەتیان لەیەپەگە وەرنەگرتوە، یەپەگە بۆ ئامانجێكی سیاسی حزبێك كارناكات، بەڵكو یەپەگە تەنها ئەو خەڵكە رێكدەخات كەدژ بەهێرشكاران خۆیان و خاكەكەیان دەپارێزن، بەڵام تۆ بتەوێت بێیت و هێزێكی تری سەربازی دروست بكەیت و داوای پەنجا بەپەنجا لەمن بكەیت، بڵێیت ئەم ناوچەیە بۆ من و ئەو ناوچەیە بۆ تۆ، هیچ مەجبورنین ئەو ئەزمونە لەڕۆژئاوای كوردستان دوبارە بكەینەوە، كه ‌لە هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نەبوو.

هاوڵاتی : لەشەڕەكانی رۆژئاوادا ژمارەیەك كوردی هەرێمی كوردستان كه ‌لەناو گروپە توندڕەوەكانی داعش و جەبهەی نوسرەدابون بەدیلی كەوتنە دەستی ئێوە، بەڵام یەپەگە پاش ماوەیەك ئەوانەی رادەستی ئەو گروپانە كردەوە، باشترنەبوو ئەو دیلانە رادەستی بنەماڵەكانیان بكەنەوە لەهەرێم؟

پۆڵات جان: نەك تەنها گەنجی باشوری كوردستان بەڵكو هی باكورو رۆژهەڵات‌و رۆژئاواش هەن لەناو چەتەكاندا (داعش‌و نوسرە)، وەك كەتیبەی سەڵاحەدین‌و مشعەل تەمۆ لەجاشەكان جاشتر شەڕمان لەگەڵدا دەكەن، ئێمە وەك یەپەگە هەرگیز قبوڵناكەین هیچ كوردێك بێتە رۆژئاوای كوردستان‌و شەڕمان لەگەڵدا بكەن، ئەگەر تۆ پشتگیری و هاوكاریمان ناكەیت مەیكەو كەیفی خۆتە، بەڵام ئەگەر تۆ بێیت و شانبەشانی داعش شەڕمان لەگەڵ بكەیت، هەركەس بێتە سەرمان و لەشەڕدا بگیرێت، هەركەس دەبێت باببێت سەیری باكگراوەندی نەتەوەیی و سیاسی ناكەین، ئەوە دیلی شەڕەو گرێدراوی ئەو گروپ و كەتیبەیەیە كەلەناویدایەو شەڕ لەدژمان دەكات، ئێمە هەتا هەڵسوكەوتمان زۆر جیاوازترە لەو دیلانەی كەكوردن بەتایبەت ئەگەر كوردی رۆژئاوابێت، بەهیچ شێوەیەك ئازادیان ناكەین تەنها ئەگەر دیل و تەرمی شەهیدەكانمان لەدەست ئەو گروپانەدا هەبێت دەیانگۆڕینەوە، ئەوان هێندە بێویژدانن كاتێك ژمارەیەك دیلیان بكەوێتە دەستمان دەچن 200 كوردی مەدەنی لەژن‌و منداڵ لەسەر رێگاكان دەگرن، بەڵام ئێمە ناچاردەبین بۆ ئەوەی شەهیدیان نەكەن‌و ئەشكەنجەیان نەدەن دیلەكانیان لەگەڵ ئەو مەدەنیانە بگۆڕینەوە، ئێستا ژمارەیەك كوردی هەرێمی كوردستان كە لەشەڕەكاندا بەدیلگیروان لەدەستماندان، لەهەوڵی پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، كەچۆن بتوانین هەماهەنگی بكەین‌و قسەیان لەسەر بكەین.

هاوڵاتی: ژمارەی ئەو دیلانەی هەرێم چەندن؟

پۆڵات جان: ژمارەیەك هەن، هەندێك تەرمیش كەكوردی هەرێمی كوردستانن ‌لەشەڕەكاندا كوژراون‌و كەوتونەتە دەستمان.

هاوڵاتی: چی لەو تەرمانە دەكەن بۆ نایانگەڕێننەوە بۆ هەرێم‌و بیاندەنەوە بەبنەماڵەكانیان؟

هاوڵاتی: كێشەكە لەوەدایە تەرمەكان زۆرن‌و تێكەڵاون، كاتێك كوژراون ناوەكانیانمان بۆ هاتون، ناوی كوردی هەرێمیشیان تێدایە بەڵام نازانین كامەیان ئەوانن لەبەرئەوەی یان ناسنامەیان لەگیرفاندا نیە یان ناسنامەكانیان ساختەن، داعش‌و جەبهەی نوسرەش نایەن بەلای تەرمەكانیانەوە‌و بەلایانەوە گرنگ نیە، جاری واهەیە تەرمی شەهیدێكمان دەكەوێتە دەستیان جوابیان بۆ دەنێرین كە بێت چەند تەرمی خۆیان دەوێت بیبەنەوە بەڵام تەرمی شەهیدەكەمان بدەنەوە بەڵام نایەن، ئێمەش بەهۆی ئەوەی مەیتخانەمان نیەو ئیمكانمان كەمە بەپێی رێوڕەسمی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ناشتومانن‌و وێنەكانیان لەلامانن، با بنەماڵەی ئەوانەی لەهەرێمەوە كوڕەكانیان هاتونەتە سوریاو لە داعش‌و نوسرە بپرسن كەكوڕەكانیان لەكام شەڕەدا كوژراوە ئەگەر لای ئێمەبێت ئەوا بابێت لەڕێی رێكخراوە مرۆییەكانی هەرێم‌و رۆژئاوا یان رێكخراوی مافی مرۆڤەوە، تەرمەكانیان هەتا دیل‌و بریندارەكانیشیان دەدەینەوە ئێمە وەك لایەنی ئینسانی دەمانەوێت رادەستی بنەماڵەكانیان بكەینەوە.

هاوڵاتی: ئێوە باسی چەند كەتیبەیەكی كوردتان كرد كەشانبەشانی داعش دژی ئێوە لەڕۆژئاوا شەڕ دەكەن ئەوانە كێن‌و سەر بەكێن؟

پۆڵات جان : هەندێك لەو گروپە چەتانە‌ كە دژی خەڵكی رۆژئاوا شەڕ دەكەن، بنەچەیان كوردنین بەڵام لەناو كوردا گەورەبون‌و فێری زمانی كوردی بون، بەڵام بەشێكیان كوردی كوڕی كوردن، ئەو كوردانە وەك لایەنی فكری و باوەڕی گرێدراوی پارتی دیموكراتی كوردستانن، بەڵگەشم بۆ ئەوە ئەوەیە كە مەسعود بارزانی بەسەرۆكی خۆیان دەزانن‌و لەلایەن پارتیەوە پشتگیری و هاوكارییان دەكرێت، هەتا خۆشیان دەڵێن ئێمە سەر بەئەنجومەنی نیشتیمانی كوردی سوریاین، ئەنجومەنی نیشتیمانیش دەڵێن ئێمە هێزی سەربازیمان نیە، لێرەدا دوڕوییەك هەیە هەندێك لەو حزبانەی لەناو ئەنجومەنی نیشتیمانیدان بەئاشكرا وتویانە ئێمە كەتیبەمان هەیە‌و لەناو سوپای ئازاددان بەڵام ئەو كەتیبانە ئەوان لەحەلەب‌و حومس نین بەڵكو لەڕۆژئاوای كوردستانن، لەناوچەی تلكۆچەرن شانبەشانی داعش دژی ئێمە شەڕدەكەن.

هاوڵاتی: بەڵگەت چیە كە پارتی یارمەتی ئەو گروپانە دەدات؟

پۆڵات جان: بەڵێ هەندێك لەو كەسانەی سەر بەو گروپانە بون‌و لەلایەن یەپەگەوە بەدیلگیراون دانیان بەوەداناوە كە لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا پەروەردەكراون كە هەندێكیان گەنجی هەرێمی كوردستانن، بەشێكیان كە ناویان لێناون پێشمەرگەی رۆژئاوا، پارتی لەخاكی توركیاوە ناردونی بۆ‌ رۆژئاوای كوردستان بۆ ناو ئەو گروپانە، هیچ یەكێك لە فەرماندارەكانیان كوردی رۆژئاوا نین بەڵكو فەرمانداری باڵای پێشمەرگەی پارتین‌و بەڕێوەیان دەبەن‌و پەروەردەیان دەكەن، فەرماندارەكانی خوار ئەوانیش ئەو كوردانەی باكورن كەپێشوتر لەناو پەكەكەدابون و هەڵهاتون و چونەتە لای پارتی ، هەندێكیشیان وازیان لە پارتی هێناو هاتنە ناو یەپەگەوە ئێستا سەڕڤانی یەپەگەن،

هاوڵاتی: بەوە تۆمەتبار دەكرێن كەپەیوەندیتان لەگەڵ سوپای ئەسەد هەیە وەڵامت بۆ ئەو تۆمەتانە چیە؟

پۆڵات جان: ماوەی دوساڵە ئێمە لەحەلەب دژی رژێمی سوری شەڕ دەكەین، من خۆم لەشەڕی حەلەبدا برینداربوم، دواین جار سەری ساڵ لەحەسەكە شەڕمان لەگەڵداكردن، ژمارەیەكی زۆرمان لێكوشتن و دوو شەڕڤانی ئێمەش شەهیدبون، ‌نێوان ئێمەو رژێم لەعەفرین 200 كیلۆمەترە، ئێمە بشمانەوێت ناتوانین لەگەڵ رژێم پەیوەندی ببەستین، ئامانجی ئەو پڕوپاگەندانە، ئەوەیە كە دانبنێن بەوەدا كەكورد لەڕۆژئاوا خاوەن هێزەو یەپەگە دەتوانێت بەرامبەر داعش و نوسرە و رژێم بەرگری بكات، یان دەیانەوێت رەوایی بونی یەپەگە بخەنە نیقاشەوە.

هاوڵاتی:بەڵام دەوترێت لەقامیشلۆ هێزی رژێمی سوریا هەیە؟

پۆڵات جان : ئێمە هەتا ئێستا نەمانوتوە كەقامیشلۆ بەتەواوی رزگاركراوە، بەشێكی گەورەی لەدەستی ئێمەدایە كەڕژێم ناتوانێت نزیكمان بێتەوەو بەشێكی تری لەدەستی رژێمدایە، لەو ناوچانەش لەبارەگاكانی خۆیاندا نایەنە دەرەوە هیچ كاریگەریەكیان لەسەر خەڵك نیە، بەڵام بۆ نمونە ناوچەی حەی ئەلتەی لەقامیشلۆ هەیە، لەسەدا 99ی عەرەبن و سەر بە دەوڵەتی سوریان كورد ناتوانێت لەوێ خانویەكیش بۆ خۆی دروستبكات، بەڵام كاتی خۆی دێت بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچەیەش.

هاوڵاتی: ئێوە پێداویستیە سەربازیەكانتان لەكوێوە وەردەگرن؟.

پۆڵات جان: لەهەموو شوێنێكەوە بەقاچاخ لەهەرێمی كوردستانەوە، لەتوركیاوە، لەزۆر ناوچەی سوریاوە وەك هەموو پێداویستیەكی تری خەڵك دەیانهێنین.

هاوڵاتی :پاش روداوەكانی تەلحاسل و تەلعەران و كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی كورد شاندێك لەسەر داخوازی مەسعود بارزانی سەرۆكی ماوە بۆدرێژكراوەی هەرێم چوە رۆژئاوا بۆ لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكە پاش

گەڕانەوەیان لەڕاپۆرتێكدا رایانگەیاند كۆمەڵكوژی نەكراوە رای ئێوە لەوبارەیەوە؟

پۆڵات جان: ئەگەر هەرشتێك نەتەوێت ببینی هەشبێت لای تۆ بونی نیە، ئەو هەموو هێرشەی لەلایەن گروپە چەتەكانەوە، دەكرێتە سەرخەڵكی رۆژئاوا و هێرشەكان تێكدەشكێن بەڵام مەسعود بارزانی دەڵێت لەڕۆژئاوا شۆڕش نیە، ئێ لەو حاڵەتەشدا ئاساییە بڵێیت لە تەلحاسڵ و تەلعەران كۆمەڵكوژیش روینەداوە، ئەگەر لەبەرژەوەندی ئەواندا نەبێت سبیەنێ دەشڵێت شێخ سەعیدی پیران شەهید نەبوو بەڵكو قاچی هەڵكەوتو مرد.

هاوڵاتی: ئێوە بەشێوەیەك باس لەپارتی دەكەن كەدوژمنایەتی رۆژئاوا دەكات بۆ؟

پۆڵات جان: من نامەوێت بەو شێوەیە بیبینم نامەوێت و ناخوازم یەك كورد وەك ناحەز ناوبهێنم، بەڵام بەرژەوەندی سیاسی ئەوان جیاوازە، ئەوان پێشنیاریان كرد كەڕۆژئاوا بكرێتە سیستەمی پەنجا بەپەنجا لەنێوان پەیەدەو پارتەكانی ئازادی و ئەلپارتی ئەگەر ئەوە قبوڵبكرایە ئەوا بارزانی لێدوانێكی بەو شێوەیەی نەدەدا، دەیەوێت رۆژئاواش وەك باشور لێبكات، ئامانجی پارتی ئەوەیە ناوچەی دەوڵەمەند بەنەوتی رمێلان بخاتە ژێردەستی خۆی، ئێمە وەك ئەوان لەباشور ناڕوانین و ئێستا ناوچە دابڕاوەكانی هەرێم روبەڕوی هەڕەشەی داعش بونەتەوە، ئێمە ئامادەین ئەگەر پێویست بێت بەهەموو هێزمانەوە بەرگری لێبكەین،

Advertisements
:هاوپۆله‌کانComment
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: