ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > داعش لە ١٠ پرسیاردا … #داعش

داعش لە ١٠ پرسیاردا … #داعش

ئەلجەزیرە
و: مەسعوود مەناف

NNSROJ: “دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام” [داعش]، دوێنێ موسڵ، دووهەمین گەورەشاری عێڕاقی داگیر کرد. لە سووریاش، ڕەقای دەوڵەمەند بە نەوتی لە کۆنترۆڵ دایە. دەروازەی سنووری “قارقامیش” و ناوچەکانی دەوروپشتی لەسەر سنووری تورکیاشی لەدەست دایە. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەو داعشە کێیە و چییە کە لە موسڵی عێڕاقەوە تا ڕەقای سووریای داگیر کردووە؟

١. داعش چی دەوێ؟
“دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام”[داعش-ISIS]، گرووپێکی چەکدارە کە لە سووریا و عێڕاق چالاکە. ئەو گرووپە سەلەفییە، دامەزراندنی ئیماڕەتێکی ئیسلامی کردۆتە ئامانج کە ناوچەگەلێک لە عێڕاق، سووریا، فەلەستین و ئۆردۆن لەخۆ دەگرێ. سەرۆکی ڕێکخراوەکە کەسێک بەناوی “ئەبووبەکر بەغدادی”یە. داعش ئێستا لە لایەن یەکێتیی ئەورووپا، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسراوە.

٢. کەی دامەزرا؟
داعش سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی و لەژێر ناوی “تەوحید و جەهاد” لە لایەن “ئەبوو موسعەب زەرقاوی” لە عێڕاق دامەزرا. ئەو ڕێکخراوە، دواتر تێکەڵ بە ئەلقاعیدەی ئۆسامە بێن لادەن بوو. پاشان ئەو ڕێکخراوە ناوەکەی بۆ “ئەلقاعیدەی مێزۆپۆتامیا” گۆڕی.

٣. یەکەم ڕێبەرانی کێ بوون؟
لە ڤیدیۆیەکدا کە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوبۆوە، زەرقاوی وتی کە “شووڕایەکی پێکهاتوو لە موجاهیدەکانیان پێکهێناوە”. زەرقاوی لە ٧ی ژووئەنی ٢٠٠٦، لە ئۆپێراسیۆنێکی چەکدارانی ئەمریکاییدا کوژرا و کەسێک بەناوی “ئەبوو حەمزە موهاجیر”، جێگەی ناوبراوی گرتەوە. لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا، “ئەبوو عومەر ئەلبەغدادی”، کە لە ئەلقاعیدە نزیکتر بوو، ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامیی عێڕاق”ی دامەزراندووە.

٤. ڕێبەری ئێستایان کێیە؟
لە مانگی ئاپریلی ٢٠١٠دا، هێزەکانی ئەمریکا و عێڕاق، لە ناوچەی سیسار، ئۆپێراسیۆنێکی هاوبەشیان دژ بەو شوێنە ئەنجام دا کە ئەبوو عومەر ئەلبەغدادی و ئەبوو حەمزە موهاجیر لێی دەمانەوە. هەردووی ئەم کەسانە لەو ئۆپێراسیۆنەدا کوژران و بەم شێوە “ئەبووبەکر ئەلبەغدادی” بوو بە سەرۆکی ڕێکخراوەکە.

٥. ئەی پێوەندیی داعش و جەبهەتولنوسرە چۆنە؟
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١١ی زایینیدا، جەبهەتولنوسرە، لە لایەن “موحەمەد جۆلانی”، وەک باڵێکی ئەلقاعیدە لە سووریا دامەزرا. لە ٩ی مانگی ئاپریلی ٢٠١٣دا، فایلێکی دەنگی بڵاوبۆوە کە تێیدا “ئەبووبەکر ئەلبەغدادی”، دان بەوە دەنێ کە دەوڵەتی ئیسلامیی عێڕاق و جەبهەتولنوسرە هاوپەیمانی یەکن. هەمان ساڵ ئەلبەغدادی ڕایگەیاند کە جەبهەتولنوسرە و دەوڵەتی ئیسلامیی عێڕاقی لەژێر ناوی “دەوڵەتی ئیسلامیی عێڕاق و شام”[داعش]، لەژێر چەترێک کۆکردۆتەوە.

٦. داعش و جەبهەتولنوسرە چۆن لێک جیابوونەوە؟
ماوەیەکی کورت پاش ئەوە، تۆمارێکی دەنگی ئەبوو محەمەد جۆلانی بڵاوکرایەوە کە ناوبراو تێیدا باسی لەوە دەکرد کە نزیکایەتی لە دەوڵەتی ئیسلامی بە فکرێکی باش دەزانی بەڵام ڕەتیکردەوە کە ئەو دوو گرووپە لەژێر ناوێک درێژە بە چالاکی بدەن. جۆلانی لەو تۆمارە دەنگییەدا، گرێدراوبوونی خۆی بە ئەیمەن ئەلزەواهیری، ڕێبەری ئەلقاعیدە دووپات کردەوە.

٧. گەلۆ داعش باڵێکی ئەلقاعیدەیە؟
لە مانگی فێبرواری ٢٠١٣دا، ئەلقاعیدە ڕایگەیاند کە داعش بەفەرمی ناناسێ و داواشی لێکرد کە سووریا چۆل بکات. ئەلقاعیدە ڕاشیگەیاند کە نوێنەری ئەوان لە سووریا، جەبهەتولنوسرەیە و دوابەدوای ئەمەش، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەو دوو ڕێکخراوە، لە چەندین بەرە دەستیپێکرد. لە کۆتاییدا، داعش توانی دێرئەلزەور کۆنترۆڵ بکات کە پێشووتر لە ژێر کۆنترۆڵی جەبهەتولنوسرەدا بوو.

٨. لە عێڕاق و سووریا، کوێ کۆنترۆڵ دەکات؟
داعش لە سووریا شارەکانی منبج، ڕەقای دەوڵەمەند بە نەوت و دێرئەلزەور لە نزیک سنووری عێڕاقی لەدەست دایە. لە عێڕاقیش لە فەلووجە و ڕەمادی پارێزگای ئەنبار چالاکە و ئێستاش موسڵی لە نەینەوا گرتۆتەوە.

٩. هێزی سەربازییەکەی چەندە؟
دەگوترێ کە داعش لە سووریا ٦ تا حەوت هەزار چەکداری هەیە. زۆربەی چەکدارانی بیانین. شیمانە دەکرێ کە چەکدارانی داعش لە عێڕاق لە ١٠ هەزار کەس زیاتر بن.

١٠. گەلۆ پێوەندییەک لە نێوان داعش و ڕەژیمی سووریا هەیە؟
ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵین کە داعش، بۆ تێکدانی شۆڕشی سووریا لە لایەن ڕەژیمی سووریاوە پشتیوانی لێ دەکرێ. شام بە بۆمبی بەرمیلی هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانەی کە لە کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دان بەڵام کاری بە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش نییە و هەروەها، داعش نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی لە ڕەقا بە ڕەژیمی سووریا دەفرۆشێتەوە.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. : رۆژپڕێس|Rojpress
    11 حوزه‌یران 2014 له‌ 13:36

    11 Haziran 2014 Çarşamba 08:49
    10 soruda IŞİD
    IŞİD Irak’ın en büyük ikinci kenti Musul’u ele geçirdi. Peki Musul’dan Rakka’ya uzanan alanda hâkimiyetini pekiştiren IŞİD kimdir?
    IŞİD Irak’ın en büyük ikinci kenti Musul’u ele geçirdi. Suriye’de ise petrol zengini Rakka’yı elinde tutuyor. Türkiye sınırındaki Karkamış Sınır Kapısı da IŞİD’in kontrolünde. Peki Musul’dan Rakka’ya uzanan alanda hâkimiyetini pekiştiren IŞİD kimdir?

    IŞİD ne istiyor?

    Irak-Şam İslam Devleti (IŞİD), Irak ve Suriye’de faaliyet gösteren silahlı bir örgüt. Selefi ideolojiye sahip IŞİD Irak, Suriye, Filistin ve Ürdün topraklarını içine alan bölgede Şeriat’a dayalı bir devlet kurmak istiyor. IŞİD ve lideri Ebu Bekir Bağdadi, ABD, AB ve Türkiye’nin “terörizm listesi”nde yer alıyor.

    Ne zaman kuruldu?

    Örgüt 2004 yılında “Tevhid ve Cihat” adıyla Ebu Musa Zerkavi tarafından Irak’ta kuruldu. Sonrasında Usame Bin Ladin liderliğindeki El Kaide’ye katıldı. El Kaide’ye katıldıktan sonra adını “Mezopotamya’da El Kaide” olarak değiştirdi.

    İlk liderleri kimlerdi?

    2006’da yayınlanan bir videoda Zerkavi, “Mücahitler Şurası Konseyi”ni kurduklarını açıkladı. Irak’taki Zerkavi, 7 Haziran 2006’da ABD güçlerince düzenlenen bir operasyonda öldürüldü. Yerine Ebu Hamza el Muhacir geçti. 2006 yılının sonlarında El Kaide’ye yakın Ebu Ömer el Bağdadi ise liderliğini yaptığı “Irak İslam Devleti”ni kurduklarını açıkladı.

    Şimdiki lideri kim?

    2010 Nisan’ında, ABD ve Irak güçleri, Sisar bölgesinde Ebu Ömer el Bağdadi ve Ebu Hamza el Muhacir’in kaldıkları eve ortak bir operasyon düzenledi. Operasyonda her ikisi de öldürüldü. Ebu Bekir El Bağdadi örgütün yeni lideri oldu.

    Nusra Cephesi ile ilişkisi var mı?

    2011 sonlarında Muhammed Colani liderliğindeki Nusra Cephesi, El Kaide’nin Suriye kolu olarak kuruldu. 9 Nisan 2013’te Ebu Bekir Bağdadi’ye ait bir ses kaydında Nusra Cephesi’nin Irak İslam Devleti’nin müttefiki olduğu belirtildi. Aynı yıl, Bağdadi Nusra Cephesi ile Irak İslam Devleti’nin “Irak-Şam İslam Devleti” adı altında bir araya geldiğini açıkladı.

    IŞİD-Nusra ayrışması nasıl başladı?

    Kısa bir süre sonra Ebu Muhammed Colani’ye ait bir ses kaydı yayınlandı. Ses kaydında Colani, Irak İslam Devleti ile yakın ilişki fikrine sıcak baktığını söyledi, ancak iki örgütü bir isim altında bir araya getirme fikrini reddetti. Colani ses kaydında El Kaide lideri Eymen Zevahiri’ye bağlılığını ilan etti.

    IŞİD El Kaide’nin bir kolu mu?

    2013 Şubat’ında, El Kaide, Suriye’deki IŞİD’i tanımadığını ilan etti ve örgütün Suriye’yi terk etmesini istedi. El Kaide Suriye’deki temsilcisinin Nusra Cephesi olduğunu açıkladı. Nusra Cephesi ve IŞİD arasında birçok cephede çatışmalar yaşandı. En sonuncusu ise IŞİD’in Nusra Cephesi’nin kontrolündeki Deyr Ez-Zor kentinde kontrolü sağlamasıyla son buldu.

    Suriye ve Irak’ta nereleri kontrol ediyor?

    IŞİD, Suriye’de Mumbuc, petrol zengini Rakka ve Irak sınırına yakın Deyr Ez-Zor kentlerini elinde tutuyor. Irak’ta ise Anbar eyaletindeki Felluce ve Ramadi’de etkili. Son olarak Musul kentini de ele geçirdi.

    Askeri gücü ne kadar?

    IŞİD’in Suriye’deki askeri gücünün 6-7 bin civarında olduğu tahmin ediliyor. Savaşçılarının çoğunluğu yabancılar. Irak’taki silahlı üyelerinin sayısının ise 10 binin üstünde olduğu tahmin ediliyor.

    Suriye rejimi ile işbirliği var mı?

    Suriye muhalefeti IŞİD’in Suriye’de devrimin sabote edilmesi için Şam yönetimince desteklendiğini iddia ediyor. Şam rejimi Suriye’de muhaliflerin elindeki bölgelere düzenli olarak varil bombası atarken, IŞİD’in kontrolündeki bölgelere saldırmıyor. IŞİD, Rakka’da çıkardığı petrolü de Suriye rejimine satıyor. (Al Jazeera)
    http://www.ilkehaber.com/haber/10-soruda-isid-29798.htm

  2. : رۆژپڕێس|Rojpress
    18 حوزه‌یران 2014 له‌ 14:28

    داعش چییە؟

    17 حوزيران 2014 14:31 (نوێكردنەوەیی دوايي 17 حوزيران 2014 14:33)
    تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاد لە نیو ملیۆن هاوڵاتی پارێزگای نەینەوا، دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق، هەڵهاتن و روویان كردە ناوچە ئارامەكان، لەناویاندا ناوچەكانی ژێردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

    سلێمانی

    لەناو هەڵهاتووەكاندا پارێزگاری نەینەوا و چەندین بەرپرسی باڵای مەدەنی و سەربازی بەرچاو دەكەون، ئەمە سەرباری ئەو ژمارە زۆرە زیندانیەی لە زیندانەكانی پارێزگای نەینەواوە لە لایەن داعشەوە ئازاد كراون.

    داعش چییە؟

    لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا داعش بە تاكە گروپی رادیكاڵی سونی دادەنرێ كە توانیبێتی لەوەها سنوورە جوگرافییە فراواندا لە یەك كاتدا چالاكی سەربازی ئەنجام بدا و ئامادەیی هەبێ.

    داعش یاخود دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام رێكخراوێكی چەكداری جیهادی سونییە. ئەمیری ئێستای ئەم گروپە كەسێكی عێراقییە بە ناوی ئەبوبەكر بەغدادی و لە ئێستادا خۆی وەك ئەمیری كۆی سونەكانی عێراق و سوریا دەناسێنێ.

    داعش لە لایەن زۆرێكەوە وەك باڵێكی رێكخراوی ئەلقاعیدە تەماشا دەكرێ، چونكە زادەی هەمان بیر و بەرنامەیە. سەرەتای كارەكانی داعش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی دەستبەكاربوونی رێكخراوی ئەلقاعیدە لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤ و سەرەتاكانی جەنگی عێراق.

    دامەزرێنەرانی داعش هەمان ئەندامە كاراكانی ئەلقاعیدەن كە لەگەڵ هەڵكەوتنی یەكەمین دەرفەتی لەبار لە دوای بە بنبەستگەیشتنی ئاڵۆزییەكانی باڵەكانی ئەلقاعیدە لە عێراق بەرەیەكی نوێیان راگەیاند. دامەزرێنەرانی داعشی ئەمڕۆ كارە جیهادییەكانیان لە ژێر ناوی جۆر بەجۆردا ئەنجام دەدا.

    ووردبوونەوە لە دامەزرێنەران و شێوازی كاركردنی داعش ئەوە دەردەخا، ئەم گروپە پاشكۆیەكی چالاكی رێكخراوی ئەلقاعیدەیە و تا ئەو كاتەی ئەلقاعیدە لای خۆیەوە بێبەرییان دەكا.

    لە چارەكی یەكەمی ٢٠١٣وە داعش دەستی كردووە بە چالاكی لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق. لەگەڵ گەشەسەندنی و زیادبوونی ژمارەی سەربازانیدا، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق بەشێك لە چالاكییەكانی گواستەوە بۆ سوریا. لەوێوە سەرجەم چالاكییەكانی لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئەنجام دەدا.

    هەنگاوە توندوتیژەكانی داعش و دووبەرەكییەكانی لەگەڵ باڵە سەرەكییەكانی رێكخراوی ئەلقاعیدە بووە هۆی ئەوەی ئەلقاعیدە پەیوەندییەكانی لەگەل داعشدا بپچڕێنێ. بەم هۆیەوە لە شوباتی ٢٠١٤دا كەسی یەكەمی ئەلقاعیدە ئەیمەن زەواهیری رایگەیاند كە داعش بەشێك نییە لە ئەلقاعیدە و ئەوان بەرپرسیاری چالاكییەكانی ئەو گروپە نین و هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان لەگەڵیاندا نییە.

    ترساندن، دابەشكردن پاشان كۆنتڕۆڵكردن

    داعش لە چالاكییە سەربازییەكانیدا هاوشێوەی باڵەكانی پێشووی ئەلقاعیدە پشت دەبەستێ بە هێرشی لەناكاو.

    بەبڕوای چاودێرانی چالاكییەكانی داعش، ئەم گروپە لە شێوازی سەربازییە جیهادییەكەیدا لە دوو رووەوە سەركەوتوو بووە.

    یەكەم، داعش پێشڕەوی بەرچاوی كردووە لە هەردوو بەرەی سوریا و عێراقدا و سنوورێكی بەرفروانی خستووەتە ژێر ركێفی خۆیەوە.

    دووەم، ژمارەیەكی زۆر گەنجی جیهادی لەخۆی كۆكردووەتەوە كە ئامادەی گیاندانن لە پێناو دروستكردنی دەوڵەتە ئیسلامییەكەیان لە عێراق و شام. ئەمە سەرباری ئەو خێڵە عەرەبە سونانەی پشتیوانی داعش دەكەن لە ناوچە سوننە نشینەكانی عێراقەوە. بۆیە وەك بەشێك لە تاكتیكی جەنگیان، چەكدارانی داعش لەو ناوچانەوە دەستپێدەكەن كە زۆرینەیان سوننەن و دەتوان لە رێگەی جوڵاندنی هەستی ئاینییانەوە پشتیوانییان بەدەستبێنن. ئەم وێنەیە لە كۆی شەڕەكانی داعشدا لە سامەڕا، فەلوجە، ئەنبار و موسڵدا بەرچاو دەكەوێ.

    دەوڵەمەندترین گروپی ئیسلامی چەكدار

    لەگەڵ فراوانتربوونی سنووری چالاكییەكانی داعش، گومانەكان زیاد دەكەن و پرسیار لەسەر ئەو جۆرە چەكە قورسانە دروست دەبێ كە ئەم گروپە دەستی پێیگەیشتووە و ئەو ژمارە زۆرە چەكدارەی لەخۆی كۆكردووەتەوە.

    لای خۆیانەوە بەشێك لە سیاسەتمەدارە كوردەكان پەنجە بۆ سعودیە و توركیا درێژ دەكەن و بە هاوكاری سەرەكی داعشیان دەدەنە قەڵەم. لەم بارەیەوە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان عادل موراد لە پرێس كۆنفڕانسێكدا رایگەیاند، “توركیا و سعودیە هاوكاری داعش دەكەن لە پێناو لێدان و لاوازكردنی كورد.”

    لای خۆیەوە تورکیا بە رەسمی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی بە داعشەوە رەتکردووەتەوە.

    هاوشان لەگەڵ هاوكاری شاراوەی دەرەكیدا، بەشێك لە دارایی داعش، بە تایبەت لە ساڵی یەكەمی دامەزراندنیدا دەگەڕێتەوە بە ئەو بڕە پارە زۆرەی ئەمیری داعش ئەبوبەكر بەغدادی لە رێكخراوی ئەلقاعیدەی كێشاوەتەوە.

    رێكخراوی ئەلقاعیدە بە مەبەستی دووبارە رێكخستنەوەی چەكدارەكانی لە عێراق و هاوكاریكردنی بەرەی نوسڕە، بڕێكی زۆر پارە و هاوكاری لۆجیستی دەداتە باڵەكانی لە عێراق. بەشێك لەو پارە و هاوكارییانە دەكەونە دەست ئەبوبەكر بەغدادی و ئەویش لە دامەزراندنی دەوڵەتە نوێیەكەیدا لە عێراق و شام خەرجی دەكا، كە دواتر دەردەكەوێ ئەو جۆرە كارە لە دەرەوەی خواستی سەركردایەتی رێكخراوی ئەلقاعیدەیە.

    لەگەڵ ئەم سەرچاوانەدا، زۆرێك ئاماژە بۆ بەكارهێنانی داهاتی نەوت دەكەن لە چەند ناوچەیەكی سوریا لە لایەن داعشەوە. زۆرێك لە شەڕەكانی داعش و بەرەی نوسڕە و سوپای ئازاد لەو ناوچانەدایە كە دەگوترێ بڕێكی زۆر نەوتیان تیادایە. ئەو زانیارییە لەبەردەستدا نییە كە چۆن داعش بازرگانی نەوت دەكا و كڕیارەكانی كێن، بەڵام ئەوەی روون بووەتەوە ئەوەیە داعش وەك زۆرێك رێكخراوە جیهادییەكانی پێش خۆیان پشت بە كاری قاچاغچێتی دەبەستن.

    لە ٧٥٠ جەنگاوەرەوە بۆ سوپای دەوڵەتێك

    تا ئیستا ژمارەی سەرباز و سەرچاوەی چەكی داعش ئاشكرا نییە، بەڵام ئەوەی لەبەرچاوە ئەوەیە ئەم گروپە توانای دەست گەیشتنی هەیە بە پێشكەوتوترین چەكەكانی ئەمڕۆ لە روكێت هاوێژ و چەكی قورس، لە پاش كۆنتڕۆڵكردنی موسڵیشەوە داعش توانی دەستی بگا بە هێلیكۆپتەری سەربازی.

    ئەم رووداوە داعشی كردە یەكەم هێزی چەكداری ئیسلامی كە بتوانێ بەو كاریگەرییە هێرش بكا و دەست بەسەر ئەو بڕە زۆرە لە چەكی زەمینی و ئاسمانیدا بگرێ.

    وەك لە گەمارۆدانی فەلوجە و شەڕی ئەنباردا دەركەوت، هێزی داعش لە رووی سەربازی و خۆگرییەوە زۆر زیاترە لەوەی چاوەڕوان دەكرا. داعش بەو توانایەی لەبەردەستیدابوو توانی لە هەمانكاتدا لە بەرەی عێراق لە ئەنبار و بەرەی سوریاشدا بجەنگێ.

    بەپێی راپۆرتێكی تایبەتی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا، ژمارەی ئەو كەسانەی بە شێوەیەكی بەردەوام لە ریزەكانی داعشدا دەجەنگن لە نێوان ٧٥٠ بۆ هەزار كەسدایە.

    ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرە چەكدارە بیانییەی لە ژێر ئاڵای داعشدا دەجەنگن. ژمارەیەكی روون و متمانە پێكراو لەبەردەستدا نییە، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییەی ئەنبار و موسڵ ئاماژە بەوەدەكەن كە داعش لە توانایدایە بە خێرایی خانە نوستووەكانی چالاك بكاتەوە و ژمارەی جەنگاوەرانی چەند بەرامبەر بكا.

    داعش سنوورەكان دەسڕێتەوە بۆ كێشانی سنوری نوێ

    وەك لە ناوەكەیدا دیارە، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام سنووری چالاكییەكانی لە نێوان عێراق و سوریادایە. تا ئێستا ئەم گروپە تەنیا لە ناوچە سنورییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن.

    فراوانترین بنكەی جەماوەری داعش دەكەوێتە ناوچە سوننە نشینەكانی عێراق. هەربۆیە لە پارێزگاكانی ئەنبار، نەینەوا، كەركوك و سەڵاحەدین ئامادەیی چەكداری فراوانی هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا داعش لە بابل و دیالەش چالاكی چەكدارییان ئەنجامداوە و لە ئێستاشدا بەعقوبەی سەنتەری پارێزگای دیالە بە پایتەختی خۆی دەزانێ لە عێراق.

    لە سنووری سوریاشدا باڵە چەكدارەكانی داعش تەنیا لە ناوچە سنوورییەكاندا چالاكن. هاوشێوەی باڵەكەی عێراق، داعش لە سوریاشدا رووبەڕووی چەند بەرەیەكی چەكدار وەستاوەتەوە كە لەناویاندا سوپای ئازاد، سوپای موجاهیدین و بەرەی نوسڕە هەیە، بە سەركردایەتی محەمەد ئەلجەولانی.

    لە سەرەتای نیوەی یەكەمی ئەمساڵەوە داعش لە سوریادا لە پارێزگاكانی حەلەب و ئەلڕەقەدا چالاكی چەكداری فراوانی ئەنجامداوە و رووبەڕووی هێزە ركابەرەكانی بووەتەوە. تەنیا لە حەلەب داعش توانیویەتی كۆنتڕۆلی بەشێكی فروانی پارێزگاكە بكا كە زۆرێك بە زیاد لە ٢٠ ناوچە هەژمارەی دەكەن كە ژمارەیەكی دانیشتووان و سنووری جوگرافی قەبارە جیاوازیان هەیە. لە هەمانكاتدا داعش لە سوریادا پارێزگای ئەلڕەقە بە پایتەخت و مۆڵگەی سەرەكی خۆی دەزانێ.

    ڤیتامینە سەرەكییەكانی داعش

    چاودێرانی رەوشی ئێستای عێراق و داعش باس لە ئایندەی داعش دەكەن و ئاماژە بۆ ئەو دەكەن لێرە بەدواوە چالاكییەكانی داعش ناوچەیەكی فراوانی جوگرافی بەخۆوە دەبینێ و ژمارەی هێرشەكان زیاد دەكەن ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێن.

    ئەم قسانە لە كاتێكدا دێن كە رابەرانی داعش لە پارێزگای موسڵەوە هەڕەشە لە حكومەتی عێراق دەكەن بە مانەوە و پێشڕەوی كردن بەرەو پارێزگاكانی دیكە كە لەناویاندا بەغدادی پایتەختیش هەیە.

    بیركردنەوەی پشتی ئەم هەڵسەنگاندنە ئەو بڕە چەك و پارە زۆرەیە كە داعش لە چەند مانگی رابردووەوە لە پارێزگاكانی ناوەڕاستی عێراق و زۆر تایبەتتریش لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگای موسڵ و كەركوك دەستی بەسەردا گرتوون لە پاش كشانەوەی سوپای عێراق.

    بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستن، سوپای عێراق لە دوای خۆی بڕێكی زۆر چەكی فرەجۆری جێهێشتووە، ئەمە سەرباری ئەو پارە زۆرەی لە بانكەكاندا لە لایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. بەم هۆیەشەوە زۆرێك ئەو ئەنجامە پیشان دەدەن كە بەهێزی و كاریگەری راستەقینەی داعش لێرە بەدواوە لە هەریەكە لە عێراق و سوریادا دەستپێدەكا.

    لەگەڵ ئەم هۆكارە ئێستاییانەدا، كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەیە كە لە رابردوودا رۆڵیان بینیوە لە گوڕدان و مانەوە بە داعش.

    یەكەم، بەشێك لە بەهێزی و چاونەترسی داعش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و پەرتەوازەیی سوپای عێراق. راستە سوپای عێراق سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ كڕینی چەك و مەشقی سەربازی تەرخان كردووە، بەڵام ئەو چەك و مەشقانە بێ بەرهەم بوون و نەیانتوانیوە سوپایەكی نیشتمانی دروست بكەن.

    لە دوای رووداوەكانی موسڵ و كەركوك، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوممەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەیەكەدا سوپای عێراقی بە هۆكاری رووداوەكان دانا و رایگەیاند كە ئەوەی لە موسڵ روودەدا هەڵەی سوپای عێراقە.

    لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا حكومەتی عێراقی نەیتوانیوە سوپایەكی نیشتمانی دروستبكا كە بتوانێ بەرگری لە سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق بكا. بە پێچەوانەوە سوپای عێراق لاوازە و لە نێوان سوننە، شیعە و كورددا دابەشبووە. بۆیە كاتێك هەڕەشەی راستەقینە روویان تێدەكا سەربازان و ئەفسەرانی پلەداری عێراق ئەوە هەڵدەبژێرن جلوبەرگە سەربازییەكانیان فڕێ بدەن و هەڵبێن لەگەڵ هاوڵاتییانی سڤیلدا.

    بەپێی دوایین لێكدانەوە سەربازییەكان، سوپای عێراق پلەی شەشت و هەشتەمینی هەیە لە ریزبەندی بەهێزترین سوپاكانی جیهان. لە هەمان كاتدا سوپای عێراق چاوەڕانی پێگەیشتنی چەندین پارچە چەكی سەربازی قورس و فڕۆكە و سیستمی راداری پێشكەوتوو دەكا، لە پێناو بەرزتركردنەوەی توانا سەربازییەكانیدا.

    سوپای عێراق لە ئیستادا زیاتر لە ٢٧١ هەزار سەربازی هەیە، ئەمە سەرباری هەبوونی زیاد لە ٣٤٢.٢١٢ سەربازی یەدەگ كە دەتوانرێ لە كاتی پێویست بۆ خزمەتی سەربازی بانگبكرێن.

    لە رووی هێزی ئاسمانییەوە سوپای عێراق خاوەنی ١٣٧ هێلیكۆپتەرە و لەو ژمارەیەش ١٤ دانەیان هێلیكۆپتەری جەنگین كە دوانیان لە موسڵ لە لایەن چەكدارانی داعشەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

    ئەم هێزە سەربازییە زەبەلاحەی حكومەتی عێراق چاوەڕوان دەكرێ فروانتر ببێ، بە تایبەت دوای ئەوەی فڕۆكە و تانكە سەربازییەكانی روسیا و ئەمریكا بە گوێرەی رێككەوتنەكانی نێوانیان تا كۆتایی ٢٠١٧ دەگەنە بەغدا.

    لە دوای جەنگی عێراق لە ٢٠٠٣، بەشێكی زۆری بودجەی عێراق بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانكراوە. بە درێژایی ساڵانی رابردوو بودجەی وەزارەتی بەرگری لە پشكی سەرجەم وەزارەتەكانی دیكە زیاتر بووە، ئەمەش بەهۆی ئەو دۆخە ئاسایشە نائاساییەی ئەو وڵاتە پێیدا تێپەڕبووە.

    بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٤، بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق بریتییە لە ٢٣.٢ تریلیۆن دیناری عێراق. ئەم بڕەش چەند باری بودجەی چەند وەزارەتێكە و لەناویاندا ٥.٨ جار لە بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ زیاتر كە تەنیا بڕی چوار تریلۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە.

    دووەم، لاوازی دەزگا سیخوڕییەكانی عێراق هۆكارێكە كە بە شێوەیەكی بەرچاو هاوكار بووە لە گەشەسەندنی چالاكی گروپە چەكدارە توندڕەوەكان و لەناویاندا داعش. هەرچەندە لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا چەند جارێك هۆشداری دراوەتە حكومەتی ناوەندی. دیارترین درزی دەزگا هەواڵگرییەكانی بەغدا لە هێرشەكەی موسڵدا دەركەوتن. لێرەدا ئەم پرسیارە دروست دەبێ، ئایە چۆن دەكرێ دەزگا سیخوڕییەكانی پارێزگاكە و ناوەند ئاگاداری جوڵەیەكی سەربازی نەبوون بەو قەبارەیە.؟

    سێیەم، كێشەی سونە و شیعە بۆشاییەكی زۆری بۆ داعش خوڵقاندووە تا شەرعییەتی پێبدرێ و هاوكاری بۆ چالاكییەكانی كۆبكاتەوە. ئەبوبەكر بەغدادی وەك ئەمیری سەرجەم سونەكانی عێراق و پارێزگاری مافەكانیان خۆی نمایش دەكا.

    ئەم بۆشاییە بەهۆی سیاسەتی حكومەتی ناوەندەوە خوڵقاوە و بووەتە هۆكارێك كە داعش و دەیان گروپی رادیكاڵی دیكەی سونە لە دەوری یەكتر كۆببنەوە بۆ گورز وەشاندن لە حكومەتی ناوەندی كە زۆرینەی لە شیعەكان پێكهاتوە.

    چوارەم، لەم جۆرە كاتانەدا چاودێران سیناریۆی دەرەكی جۆربەجۆر پێشكەش دەكەن. لەوەها كاتێكیشدا زۆرێك پەنجە بۆ ئێران و وڵاتانی كەنداو درێژ دەكەن. بەهۆی هاومەزهەبییەوە ئێران پشتیوانی لە حكومەتی ئێستای عێراق دەكا و بۆ ئەمەش دەگوترێ داعش بەرهەمێكی ئێرانییە و دەجوڵێنرێ لەپێناو لێدانی سونەكان و ناچاركردنیان بە رازی بوون بەو ئەجێندا سیاسییەی حكومەتی ناوەندی هەیەتی. ئەمە لە كاتێكدایە لە سەرەداوی رووداوەكانی موسڵدا، ئێران هۆشداری دەدا و جوڵەكانی داعش وەك هەڕەشەیەك بۆسەر بەرژەوەندییەكانی پێناس دەكا.

    لەبەرامبەر ئەمەدا زۆرێك پەنجە بۆ وڵاتانی كەنداو و سونە نشین درێژ دەكەن. لەمبارەیەوە دەگوترێ ئەو دەوڵەتانە هاوكاری داعش دەكەن تا دووبارە شكۆ بۆ سونەكان بگەڕێنێتەوە، لە رێگەی لاوازكردن و سنووردانان بۆ حكومەتی ناوەندی.

    لەسەر ئاستی سوریاشدا، داعش سوودی لەو پاشا گەردانییە وەرگرتووە كە لەو وڵاتەدا دەگوزەرێ. سوپای سوریا بە هاوكاری هاوپەیمانە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی رووبەڕووی بەرەی ئۆپۆزسیۆن وەستاوەتەوە و لە بەرامبەریشدا هێزە نەیارەكانی دەوڵەتی سوریا هێرشی كوشندە دەكەنە سەر سوپا و بەشێك لە وڵاتەكەیان بۆ خۆیان دابڕیوە.

    ئەم ژینگەیە لەبارە بۆ گروپە ئیسلامییەكان و لەناویشیاندا چەكدارانی داعش كە بەشێك لە خاكی سوریایان بۆ خۆیان دابڕیوە. بۆیە جەنگی سوریا و پاشاگەردانی ئەو وڵاتەش هۆكارێكی دیكەی مانەوەی داعشە.

    لەگەڵ هەموو ئەم هۆكارانەداـ چەكدارانی داعش خاوەنی تۆڕێكی بەهێز و پاشخانێكی كاری نهێنن لە سەرەتای جەنگی عێراقەوە. وەك لە سەرەتادا ئاماژەی پێكراوە، داعش لە ئەلقاعیدە جیابووەتەوە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ بەشێك لە تاكتیكەكانی ئەو رێكخراوە بەكاردەهێنێ لە چالاكییەكانیدا.

    هاوڵاتیبوون لە دەوڵەتەكەی داعشدا

    كاتێك داعش هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێك دەدا، ئەمە مانای ئەوەیە گروپەكە جۆرێك لە پەیكەر و ژیانی بۆ خۆی داڕشتووە.

    هاوشێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ داعش چەندین وەزارەتی هەیە و بۆ هەریەكەشیان چەندین ناوی خوازراو هەیە كە پلەی باڵایان پێدراوە.

    لە دەوڵەتەكەی داعشدا هەریەكە لە وەزارەتە دیارەكانی وەك شەریعە، پەیوەندییە گشتییەكان، جەنگ، تەندروستی و پەروەردە بەدی دەكرێ. لەگەڵ ئەم پۆستانەشدا داعش وەزارەتی نەوتی هەیە و كەسێك وەزیرییەتی بەناوی ئەبو ئەحمەد جەنابی.

    بە ستاندارەدەكانی دونیا ئەمڕۆ ژیان لە ژێر باڵی داعشدا ئاسان نییە. ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەستی داعشەوە خەڵكەكەی دەبێ بە شێوەیەكی تەواو پەیڕەوی بنەما ئیسلامییەكان بكەن، هەروەك لە موسڵ ئێستا روودەدا.

    پیاوان بە هیچ جۆرێك نابێ ریش بتاشن و سەرتاشخانەكان دەبێ لاببرێن (وەك لە ئەلڕەقە روودەدا) و بۆیان نییە جگەرە و نێرگەلە بكێشن، ئەمە هاوكات لەگەڵ ئەوەی خانمانیش نابێ هیچ ئامرازێكی جوانكاری بەكاربێنن و ئاڕایشتگەكان دادەخرێن و دەبێ بە تەواوی خۆیان داپۆشن و لە ماڵەكانیان دەرنەچن، وك ئێستای موسڵ.

    هێماكانی خۆرئاوا بە تەواوی رەتدەكرێنەوە، بێگومان ئەمە هاوشان لەگەڵ ئەوەی مەی خواردنەوە و ماددە كهولییەكان بە هەموو جۆرێك قەدەغەیە.

    نموونەی یاساكانی داعش لەو بەشانەی سوریا و عێراقدا بەدی دەكرێن كە لە ژێر كۆنتڕۆڵیدان. سزای ئەو تاوانانەی لە ژێر دەستەڵاتی داعشدا ئەنجام دەدرێن جیاوازن و لە نێوان جەلد لێدان، دەست بڕینەوە و سەر پەڕاندندان.

    داعش و كورد؛ دوو دراوسێ

    لە دوای دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و دووبارە هێرشكردنەوە سەر چەند بەشێك لە كەركوك و دیالە، داعش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند خوازیاری رووبەڕووبوونەوە نین لەگەڵ كورد و پێشمەرگەدا.

    لە بەشی خۆرهەڵاتی شاری موسڵ و لەو ناوچانەشدا كە زۆرینەیەكی كورد نیشتەجێین، داعش خۆی دوورە پەرێز گرتووە. سەرباری ئەمانەش داعش داوا لە كورد دەكا سەنگەری لەگەڵ یەك بخا دژ بە دەستەڵاتی نوری مالبكی.

    لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا چەكدارانی داعش چەند ‌هێرشێكی كوشندەیان كردووەتەوە سەر پێگەی هەردوو حیزبی دیاری هەرێمی كوردستان لە دووزخورماتوو. دوایبن هێرشەكانی لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا بوو كە زیاد لە سەد بریندار و كوژراوی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمە لەگەڵ ئەو هێرشەی لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا كرایە سەر ئاپۆڕای بانگەشەكارانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە خانەقین.

    هاوشان لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، ناوبەناو چەكدارانی داعش كەسانی كادیر و ئەندامی یەكێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكراتیان كردووەتە ئامانج. بەشێكی زۆر لەو هێرشانەش لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا روویانداوە. لە ناوخۆی هەرێمدا، دیارترین هێرشەكان ئەو دوو هێرشە بوون كە كرانە سەر دوو ئەفسەری پلە باڵای هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سەرچناری پارێزگای سلێمانی.

    لە ئێستادا ژمارەیەك زۆری هێزی پێشمەرگە رەوانەی ناوچە كێشە لە سەرەكانی دەرەوەی هەرێم كراون، فە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان مەسعود بارزانی بریتییە لە مانەوە لەو ناوچانەدا و پێشڕەوی نەكردن بە هیچ جۆرێك بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەستەڵاتی سوپای عێرقدا یاخود چەكدارانی داعشدان.

    مەبەستی حكومەتی هەرێـم لە جوڵە پێكردنی ئەم هێزانە وەك سەركردە سەربازییەكانی هەرێم دەڵێن، “پاراستنی هاوڵاتییانی كوردە لەو ناوچانەی كە سوپای عێراق ناتوانێ بیانپارێزێ.”

    بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، هێزی پێشمەرگە خوازیاری رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش نییە و لەم هەنگاوەشیدا وەك سوپایەكی سەربەخۆ كاردەكا و فەرمان لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە وەردەگرێ.

    هەرچەندە بەڕێوەبەری ئۆفیسی نوری مالكی و پارێزگاری نەینەوا و سەرۆكی پەرلەمان داوای هاوكاری هێزی پێشمەرگەیان كردووە، تا ئێستا سەركردایەتی كورد ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ جەنگ دژی داعش.

    مانەوەی كورد بەم جۆرە خواستی زۆرێكە و هاوڵاتییانی هەرێمیش پێیانوایە بەمجۆرە دەتوانن دوو ئامانجی گەورە بپێكن.

    یەكەم، بەمجۆرە حكومەتی هەرێم دەتوانێ خۆی لە ئاگری چەكدارنی داعش بپارێزی. ئەم كارەش تەنیا كاتێك دەكرێ كە حكومەتی هەرێم جەنگ دژی داعش رانەگەیەنێ و سنوورەكانی توندوتۆڵ بكاتەوە بە رووی هەرجۆرە دزەكردنێكی چەكدارانی داعشدا.

    دووەم، بەهۆی هەڕەشەكان و هێرشەكانی داعشەوە، كورد دووبارە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هێزی رەوانەی سنووری ناوچە كێشە لەسەرەكان كردووە. لە ئیستادا بەپێی راپۆرتە مەیدانییەكان هێزەكانی ئۆپڕاسیۆنی دیجلە و و فیرقەی 12ی سوپای عێراق لە ناوچەكانی كەركوك كشاونەتەوە و هێزی پێشمەرگە شوێنەكانیانی پڕكردووەتەوە.

    لەم رێگەیەوە دووبارە پێشمەرگە گەڕێندراوەتەوە ئەو ناوچانە و ئەمجارە پێدەچێ بهێڵدرێنەوە، چونكە سوپای عێراقی توانای بەرگریكردنی نەماوە. ئەمەش ئەو خەونەیە كە زۆرێك لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەیانە و بۆ ئەمەش لە رابردوودا رەخنەی زۆر ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كراوە بۆ دەست نەگرتنەوە بەسەر ئەو ناوچانە، لە كاتێكدا حكومەتی ناوەندی توانای پارێزگاری كردنیانی نەبوەو.

    ئەوەی جیاوازە ئەمجارە، پێشمەرگە دەبێتە دراوسێی هێزێكی نوێ كە سوپای عێراقی راوناوە و باس لە دامەزراندنی دەوڵەتێك دەكا كە دەبێتە هاوسێی ئەو دەوڵەتەی كورد دەیەوێ لە بەشە كوردییەكەی عێراقدا دروستیبكا.

  3. : رۆژپڕێس|Rojpress
    18 حوزه‌یران 2014 له‌ 23:29

    وتەبێژ بە ناوی ھۆزەکانی موسڵەوە: شۆڕشەکەمان کوردستان و کەرکوک ناگرێتەوە

    18 حوزيران 2014 17:57 (نوێكردنەوەیی دوايي 18 حوزيران 2014 18:00)
    سەرکردەیەکی چەکداریی کە خۆی بە گوتەبێژ بە ناوی “رۆڵەی ھۆزە شۆڕشگێرەکانی موسڵ”ەوە دەناسێنێ، لەسەر کوۆنسوڵی دەستبەسەرکراوی تورکیا دەڵێ: “ئەوان نە دیلن و نە بە بارمتە گیراون، ھەر کاتێکیش دڵنیابین لە گەڕانەوەیان بە سەلامەتی.

    ھەولێر

    گوتەبێژ بە ناوی “رۆڵەی ھۆزە شۆڕشگێڕەکانی موسڵ” شێخ عەلی مەعمووری ئاشکرای دەکا کە جگە لە سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک کە بەدەستی کوردەوەیە، سەرجەم پارێزگاکانی دیکە ئامانجی ئەوانە و بە قسەی ئەو “لە ئێرانییەکان پاکیان دەکەینەوە.”

    لەبارەی ھەڵوێستی ئەوانەوە لەسەر ھەرێمی کوردستان، شێخ عەلی مەعمووری دەڵێ عێراق “لە لایەن ئێرانییەکانەوە و بە دیاریکراویش فەرماندەی سوپای قودس قاسم سولێمانییەوە” ھەڵدەسوڕێنرێ، تەنھا سێ پارێزگاکەی ھەرێم و کەرکوک نەبێ. “ئەو شۆڕشەی دەستمان پێکردووە لە زاخۆوە تا فاو دەگرێتەوە و دەمانەوێ عێراق لە بوونی ئێرانییەکان و بەکرێگیراوەکانیان پاک بکەینەوە.”

    لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە، گوتەبێژی “رۆڵەی ھۆزە شۆڕشگێڕەکانی موسڵ” بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوەی بە شۆڕش ناوی برد و دەستیان پێکردووە، سێ پارێزگاکەی ھەرێم ناگرێتەوە لەگەڵ کەرکوک، لەو رووەوە دەڵێ: “شۆڕشەکەی ئێمە کە دژی ستەمکاری حکومەت و بەکرێگیراوەکەی ئێرانە لە عێراق، سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک ناگرێتەوە و توخنی ئەو چوار پارێزگایە ناکەوین، چونکە ئەوانە بەدەستی عێراقییەکان و کوردەوەن، بەدەستی ئێرانییەکانەوە نین، مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی برا و کەسی ئێمەن و کورد و عێراقین.”

    دەشڵێ کورد ئیشی ئەوانی ئاسان کردووە بەوەی چوار لە پارێزگاکانی عێراقیان بەدەستەوەیە و حوکمڕانی دەکەن.

    مەعمووری کە زوو زوو ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدا بە شۆڕشی رۆڵەی ھۆزەکانی ناو دەبرد، باس لەوە دەکا ئەوەی دەگوترێ و بانگەشەی بۆ دەکرێ گوایە ھێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کردووە رەت دەکاتەوە و دەڵێ: “لە ناو ریزەکانی شۆڕشگێڕاندا کورد و عەرەب بە سونە و شیعە و تورکمان و مەسیحیشەوە ھەن، ئەوە شۆڕشی عێراقییەکانە و ھەموو ئەوانەشی دەگوترێ گوایە ھێرشی داعش و ئەو شتانەیە، راست نین.”

    دەڵێتیش: “مالیکی و حزبەکەی چەندین گرتەی ڤیدیۆییان لە ناوچەکانی عیمارە و ناسرییە و ئەو شوێنانە گرتووە و دەڵێن ئەوە لە موسڵ روودەدا، ئەوە ھیچ بنەمایەکی راستی تیادا نییە.”

    شێخ عەلی مەعمووری لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ ئەو شەڕەی ئەوان دەستیان پێکردووە تەنھا ناوچە سونە نشینەکان ناگرێتەوە، بەڵکو درێژە دەکێشی بۆ بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی دیکە.

    مەعمووری کە لەناو موسڵەوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کرد، دوایین زانیاری لەبارەی کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە موسڵ و کارمەندانی کونسوڵخانەکە کە دوای کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە گیران، ئاشکرا دەکا و دەڵێ: “ئێمە وەک رۆڵەی ھۆزە شۆڕشگێڕەکانی موسڵ کۆنسوڵی تورکیا و سەرجەم کارمەندانی کونسوڵخانەکەمان لایە و ئێمە میوانداری ئەوانمان کردووە، ئەوان نە دیلن و نە بارمتە، بەڵکو ئێمە دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ بۆ پاراستنی ژیانی ئەوان و بۆ ئەوەی لە لایەن میلیشیاکانی مالیکییەوە نەکوژرێن و بخرێتە سەر ئێمە ئەوانمان لە شوێنێکی ئارام پاراستووە و تەندروستیشیان باشە و ھیچ کێشەیەکیشیان نییە”.

    عەلی مەعمووری لەوبارەیەوە زیاتر دوا و گوتی: “ئێمە دەتوانین لە پێنج خولەکدا ئەوان بنێرینەوە بۆ تورکیا، بەڵام ھێشتا بارودۆخی موسڵ ١٠٠% پارێزراو نییە و میلیشیاکانی مالیکی و ھەواڵگری و میلیشیاکانی ئێران ھێشتا ھەن، بۆیە لەبەر مەترسیمان لەسەر ژیانی کۆنسوڵ و ھاوەڵەکانی تا تەواو دڵنیانەبین لەوەی بە سەلامەتی دەگەنەوە، ناتوانیین بیاننێرینەوە، بەڵام ئیشەڵا بەمنزیکانە دەبێ.”

    مەعمووری ئەندامانی گروپی عەسائیبی حەق کە یەکێکە لە گروپە چەکدارەکانی شیعە، بە نموونەھێنایەوە ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسی لەسەر کۆنسوڵی تورکیا و ھاوەڵەکانی دروست دەکەن.

    وتەبێژی رەسمی بە ناوی “رۆڵەی ھۆزە شۆڕشگێڕەکانی موسڵەوە” لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی کۆنسوڵی گشتیی تورکیا و ھاوەڵەکانییەتی و گوتی: “پێدەچێ بەمنزیکانە وێنە و ڤیدیۆی ئەوان بڵاو بێتەوە وەک نیازپاکییەک بۆ پارێزراوی ئەوان”، روونیشی کردەوە کە ھەر ماوەیەک لە ماڵ و شوێنێکدا دەپارێزرێن و جێگۆڕکێیان پێدەکرێ تا پارێزراو بن.

    مەعمووری کە لە پەنجاکانی تەمەنی دەبێ و بە قسەی خۆی بەشداری شەڕی ئێران و عێراقی کردووە، ھێما بۆ ئەوە دەکا کە ھێزی “هۆزە شۆڕشگێڕەکا” لە سێ رۆژی رابردوودا لە سنوورەکانی پارێزگای دیالە و لە سنووری شاری تەلەعفەر نزیکەی ھەزار چەکداریان کوشتووە کە لە ئێرانەوە دزەیان کردووەتە ناو عێراقەوە و دەڵێ: “ھەر دوێنی شەست سەیارەی میلیشیاکانی عەسائیبی ئەهلی حەق کە چەندین ئێرانییان لەگەڵ بووە و ویستویانە فڕۆکەخانەی تەلەعفەر بگرن، تێکمانشکاند و ھەموومان خاپوور کرد، لە سێ رۆژی رابردوودا نزیکەی ھەزار چەکدارمان کوشتووە کە لە ئێرانەوە بۆ دژایەتیکردنی ئێمە ھاتبوون.”

    شێخ عەلی مەعمووری باس لەوەش دەکا کە تاکە رێگەچارەی ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدا تەنھا رووخاندنی حکومەتی ئێستایە و پێیوایە رۆیشتنی مالیکی بە تەنھا کێشەکان چارەسەر ناکا و دەڵێ: “ئەوانەی لە بەغدا حوکمی عێراق دەکەن داگیرکەر و بەکرێگیراون و دەبێ ئەو حکومەتە بڕوخێ.”

    هاوکات داوا لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق دەکا جگە لە ئێران، ھاوکاری “رۆڵەی ئەو ھۆزانە” کە بە “شۆڕشگێڕ” ناوی بردوون، بکەن.

    شێخ عەلی مەعمووری لەبارەی ئەو نمایشەی ھێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کردی، دەڵێ: “ھیچ ئاڵایەکی داعش ھەڵنەکرابوو، بەڵکو ئەوەی روویدا نمایشی ھێزە سەربازییەکانی رۆڵەی ھۆزە شۆڕشگێڕەکانی عێراق بوو.”

  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: