ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > بڵەی مێژوو کوردستانی سەربەخۆی بوێ؟

بڵەی مێژوو کوردستانی سەربەخۆی بوێ؟

جەنگیز چاندار- رادیکاڵ
و: مەسعوود مەناف

جان کێڕی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دیدارەکەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، داوای لە ناوبراو کردبوو کە لە جێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، پشتیوانی لە پێکهاتنی حکوومەتێکی نوێ لە بەغدا بکەن. مەسعوود بارزانیش لە وەڵامدا وتبووی “شتێک دەڵێم کە هەر کەس ورەی نییە بیهێنێتە سەر زمان. ئەو ساتەوەختە مێژووییە، پێویستی بە مرۆڤی دەوڵەتمەداری خۆی هەیە”. ئەو گوتانە، دوو مانای هەیە. یەکەم ئەوە کە ئەمریکا، لانیکەم لەو ساتەوەختە هەستیارەدا، حەز بە سەربەخۆیی کوردستان ناکات و دووهەمیش ئەوە کە بە گوێرەی ئەمریکا، “بوێر” ئەو “دەوڵەتمەدار”ەیە کە لە بەغدا، هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوپەیمانی لە نێوان کورد، سوننە و شیعە بدات.

لە تورکیا، ساڵانێکی دوور و درێژ قەناعەتی هەموو لایەنەکان، لە ئیسلامگەراکانەوە بگرە تا ناسیۆناڵیستەکان ئەوە بوو کە ئەمریکا لە پشت هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییە. کەچی ئێستا لەکاتێکدا مەسعوود بارزانی، نزیکترین هاوپەیمانی تورکیا، سەربەخۆیی لە ڕۆژەڤ دایە، ئەمریکا دژایەتی دەکات. ئەمەش ڕێک بە پێچەوانەی باوەڕی ئەو کەسانەیە کە دەیانکوت ئەمریکا دەیهەوێ لە ڕێگەی [هەرێمی] کوردستانەوە، تورکیا پارچە بکات.

هەڵبەت نابێ لەبیر بکەین ئەوەی کە مەسعوود بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، نزیکترین و باشترە بڵێم تاکە هاوپەیمانی تورکیا لە ناوچەن، بەو مانایە نییە کە تورکیا لایەنگری لە دامەزرانی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات. یانی واش نییە کە بێژی دەوڵەتی تورکیا-کە ئێستاشی لەگەڵ بێ، وەک گەورەترین دوژمن و بەربەستی دامەزرانی کوردستانی سەربەخۆ دێتە ئەژمار- لەناکاو هەڵوێستی سەد و هەشتا پلە سووڕابێ و ئێستا بە سەربەخۆیی کوردستان ڕازی بووبێ. کەوایە دەکرێ بڵەین کە لەم قۆناخەدا، بۆچوونی تەیپ ئەردۆغان، لە بۆچوونی ئەمریکا نزیکترە تا مەسعوود بارزانی.

ئەی باشە بڵەی بارزانی پاش دیتنی کێڕی، هەڵوێستەکەی گۆڕیبێ؟
من یەکێک لەو کەسانەم کە زۆر لە نزیکەوە ئاگاداری بۆچوونەکانی بارزانی بەرانبەر بە ئەمریکام. هەر لە ساڵی ١٩٧٥ەوە کە مەلا مستەفای باوکی لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد، دواتر لە نەوەدەکان و تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە مەسعوود بارزانی، پێوەندییەکی بێ دڕدرۆنگی لەگەڵ ئەمریکا هەبووە. ناوبراو وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی خاوەن هەڵوێست، نە هەوڵی داوە کە بەرانبەر بە ئەمریکاییەکان بوەستێ و نە تینووی ئەوەش بووە هەرچی ئەمریکاییەکان بیانهەوێ، ئەنجامی بدات. بارزانی هەر لە سەرەتای دیدارەکەیدا لەگەڵ جان کێڕی، وتبووی کە ئێستا لەگەڵ عێڕاقێکی تر ڕووبەڕوون و بەر لە دیدارەکەش گوتبووی کە زۆر دژوارە بەو وەزعە، بیر لە یەکپارچەڕاگرتنی عێڕاق بکرێتەوە.

پاتریک کاکبڕن، کە ساڵانێکە لە نزیکەوە بەدواداچوونی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێڕاق دەکات، لە وتارێکدا لە ئیندێپێندێنت نووسیبووی کە کوردەکان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە کۆتایی بە وڵاتێکی یەکگرتوو بەناوی عێڕاق هاتووە.

ئێستا نە سوپایەک ماوە کە یەکپارچەیی خاکی عێڕاق بپارێزێ و نە هێزێکی ئەمنی. سوپایەک کە ئەمریکا بە میلیاردها دۆلار پارەی بۆ دامەزراندنەوەی سەرف کرد، جگە لە هێزێکی ئایینزایی شیعەی سەر بە مالیکی، چیتر نەبوو. تەنانەت مالکی خۆی زیاتر لە سوپا، دڵی بە میلیشیا شیعەکانی “عەسایبی حەق” خۆش کردووە.

تەنانەت ئەگەر ئەمریکا سەهلە ٣٠٠، زۆر لەوە زیارتریش ڕاوێژکاری سەربازی بنێرێتە یارمەتی مالیکی و لە ڕێگەی ئاسمانیشەوە بۆمبارانی ئەو شوێنانە بکات کە لە لایەن داعش و سوننیەکانی لایەنگری سەددام حوسێنەوە داگیر کراون، تازە مومکین نییە ئەو شوێنانە بکەونەوە ژێر دەسەڵاتی شیعەکان. شیعەکان ئیتر توانای ئەوەیان نەماوە ناوچەکانی نێوان موسڵ و بەغدا بگرنەوە و ئەگەر بیشیگرنەوە، ناتوانن ڕایانبگرن. تەنانەت بە هاوکاری ئەمریکاش ئەو کارە مومکین نییە بۆیە کە شکەستی ئەو خواستە بوو کە ئەمریکای ناچار کرد لە ساڵی ٢٠١١دا هەموو هێزە سەربازییەکانی لە عێڕاق بکشێنێتەوە.

لە بەرانبەر ئەوەشدا، سوننییەکانیش نە دەتوانن بەغدا بگرنەوە و نە دەشتوانن خۆ بگەیەننە بەسرە و حوکم بەسەر باشووری عێڕاقدا بکەن. هەڵبەت نابێ ئەوەش لەبیر بکەین کە شیعەکان، سەدا شەستی خەڵکی عێڕاق پێک دێنن.

بەو حاڵە، عێڕاق تەنیا و تەنیا دەتوانێ لە چوارچێوەی سیستمێکی فێدراڵدا وەک وڵاتێکی یەکپارچە بمێنێتەوە. سیستمێک کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە هەوڵی پیادەکردنی دەدرێ و کوردەکان لەوساوە، هەوڵی زۆریان داوە تا سەر بگرێ و لەم چوارچێوەدا، تەنانەت سەرۆک کۆمار و وەزارەتی دەرەوەیان پێشکەشی عێڕاق کرد و زۆریان هەوڵ دا کە ئەو وڵاتە بە یەکگرتوویی بهێڵنەوە. ساڵی ٢٠١١، بە شۆخی بە مەسعوود بارزانیم وت کە عێڕاقییەکان ئەوەی لە دەستیان دێت بۆ پارچەبوونی ئەو وڵاتە دەیکەن کەچی ئێوە بەزۆر عێڕاقتان بە یەکگرتوویی هێشتۆتەوە. بە شێوەیەک کە بە درێژایی ئەو ساڵانە، کوردەکان، تەنانەت بۆ گەڕاندنەوەی ناوچەگەلێکی کێشە لەسەر وەک کەرکووک، ناوچە کوردستانییەکانی باکووری بەغدا و نزیک لە سنوورەکانی ئێران و باشووری ڕۆژهەڵاتی موسڵ، هەر پەنایان بۆ مادەی ١٤٠ی دەستووری ئەو وڵاتە دەبرد و پێداگرییان لەسەر بەڕێوەچوونی دەکرد و هەرگیز بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە، کەڵکیان لە هێزی سەربازی وەرنەگرت.

لەم دوو هەفتەیی دواییدا، بە گیرانەوەی مووسڵ لە لایەن چەکدارانی سەر بە داعش و عەرەبە سوننییەکانی دژبەری حکوومەتی ناوەندی، عێڕاق بە کردەوە پارچە بوو. لەم کەش و هەوایەدا، کوردەکانیش ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکانیان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە گرتەوە.

بەو وەزعە، داواکردن لە کوردەکان-کە تا ئێستا بە هیچ شێوە خەیانەتیان بە یەکپارچەیی خاکی عێڕاق نەکردووە- بۆ گەڕانەوە بۆ هەلومەرجی ساڵی ٢٠٠٣ و پشتگوێخستنی ئەو دەرفەتە مێژووییە، نە لەگەڵ سیاسەتی واقعگەرایانە یەک دەگرێتەوە و نە لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکان.

ئەوەی کە ئەمریکاییەکانیش پێداگری لەسەر پێکهاتنی حکوومەتێکی هاوپەیمانیی سوننی-کورد-شیعە، بە بێ مالیکی دەکەن، جێگەی گومانە بۆیە کە هەرچەند واشنتۆن و تاران، ئەمڕۆژانە، داعش وەک دوژمنی هاوبەش ببینن بەڵام ڕاستییەکی تریش هەیە کە ئێران هەرگیز حەز بەوە ناکات کە لە جێگەی مالیکی، سەرۆک وەزیرێکی شیعەی نزیک لە ئەمریکا جڵەوی دەسەڵات لە عێڕاق بگرێتە دەست.

کێڕی دەڵێ حکوومەتێکی بنکەفراوان دامەزرێنن کە هەموو پێکهاتەکانی عێڕاق بە هی خۆیانی بزانن. کەچی پێکهاتەی عێڕاق، هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە لە لایەن بریتانیا، لە پاش شەڕی جیهانی یەکەم، پێکهاتەیەکی فڕە ڕەنگە و هەر کەس لەم وڵاتە سازی خۆی لێدەدا. سوننییەکان و تەنانەت داعش، ئەو عێڕاقەیان دەوێتەوە کە بریتانییەکان بۆیان جێهێشتن و ئەمریکاییەکان لێیان سەندنەوە. لەم لاشەوە شیعەکان، بۆ وێنە مالیکی، تەواوی ئەو عێڕاقەیان دەوێ کە لە چەنگی سوننەکانیان دەرهێنا و بە بەشێکی ڕازی نابن.

بەڵام کوردەکان، تەنیا کوردستانیان دەوێ و ئێستا، لە هەمیشە زیاتر لەو ئاواتەیان نزیک بوونەتەوە. بەم هۆیەش مومکینە تا ماوەیەکی تریش ئاوانس بدەنە تورکیا و ئەمریکا. بەڵام بێژی تاکەی؟
و هەڵبەت کە دواتر، هەمان دەبێ کە “مێژوو” دەیهەوێ.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: