ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > داعش بۆ پەیتا پەیتا هێرش دەکاتە سەر کۆبانێ؟

داعش بۆ پەیتا پەیتا هێرش دەکاتە سەر کۆبانێ؟

موتڵوو چیڤیرئۆغڵوو- رادیکاڵ
لە تورکیەوە: مەسعوود مەناف

دەوڵەتی ئیسلامی، کە ناوی تازەی “دەوڵەتی ئیسلامیی عێڕاق و شام”[داعش]ە، پاش گرتنەوەی مووسڵ و چەند شاری تری عێڕاق، لە ڕۆژی ٢ی جولایەوە هێرشێکی هەمەلایەنەی بۆسەر کۆبانێ دەستپێکردووە. ئەو هێرشانە کە دەگوترێ بە بەشداری هەژمارێکی زۆر چەکدار، ١٠ تانک و چەکی قورسی تر بۆ سەر چەند گوندی ڕۆژئاوای کۆبانێ دەستیپێکردووە، بەتایبەت لەسەر گوندی گوندی زۆرمغار، کە گرینگییەکی ستراتێژیکی بۆ زاڵبوون بەسەر جەرابلۆسدا هەیە، چڕ بۆتەوە.

جیاوازی هێرشی ئەمجارە، لەگەڵ هێرشەکانی پێشووتر لەوە دایە کە داعش بە چەک و چۆڵی قورس، کە لە مووسڵ دەستی کەوتووە، هێرشی کردۆتە سەر کۆبانێ. جگە لەوەش، سەرچاوەکانی یەپەگە، باس لەوە دەکەن کە هەندێک ئەفسەری عێڕاقی سەردەمی سەددام حوسێن، بەشداری ئەم شەڕانەی دوایی دژ بە کوردان بوونە. بارودۆخی ئێستا، پرسیاری ئەوەی لای شرۆڤەکاران و ئەو چاودێرانەی کە ڕەوشی سووریا و -ڕۆژئاوای کوردستان- تاقیب دەکەن، دروست کردووە کە ئایا بەم حاڵە، یەپەگە دەتوانێ پێش بە هێرشی هەمە لایەنەی داعش بگرێ و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕابگرێ یان نا؟

ڕۆژی هەینی ڕابردوو[چواری جولای]، پاش ئەوەی داعش زیاتر لە ٣٠٠٠ گوللە هاوەنی هاویشتە زۆرمغار، هێزەکانی یەپەگە، ئەو شوێنە و چەند گوندی دەوروپشتیان چۆل کرد. ئەو پاشەکشەیە کە لە لایەن یەپەگەوە وەک “جووڵەیەکی تاکتیکی” ناودێر کرا بەڵام پرسیاری ئەوەش ساز کرد کە “ئایا ئەمە شکەست بوو؟” یان نا. ڕۆژی شەممە، هێزەکانی یەپەگە دوای چۆلکردنی زۆرمغار، پاش شەڕ و پێکدادانێکی قورس، نە تەنیا زۆرمغاریان سەندەوە بەڵکوو گوندەکانی خراباتۆ، زیارەتێ و جەدیدەشیان گرتەوە. هەر ئێستا شەڕ و پێکدادانی خێرا و کورتخایەن لەو شوێنانە درێژەی هەیە، بەڵام هەواڵی ئەوە دەگات کە مۆراڵی خەڵکی ئەو ناوچە زۆر بەرزە و کۆنترۆڵی تەواو کەوتۆتەوە دەست یەپەگە.

ڕۆژی شەشی جولای، ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ڕایگەیاند کە هێرشەکانی داعشی تێکشکاندووە و نزیک بە ٢٠٠ چەکداری ئەو ڕێکخراوەی کوشتووە. سەرچاوە هەرێمییەکانیش ئەو ئامارە پشتڕاست دەکەنەوە. بە گوتەی یەپەگە، لە دوا هێرشدا، ٢٠ چەکداری تری داعش کوژراون، ٢ تانک و هەژمارێک چەکی قورس و ئۆتۆمۆبیلی سەربازی تێکشکێندران و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی کەوتۆتە دەست شەڕڤانانی کورد.

بۆ کۆبانێ؟
هێرشی داعش بۆ کۆبانێ زۆر هۆکاری هەیە. یەکەم ئەوە کە داعش بە گرتنەوەی مووسڵ و چەند شاری تری عێڕاق، متمانەی بەخۆ زیاتر بوو و ئێستا دەیهەوێ، هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە سووریاش زیاتر بکات. لەو نێوەدا، تەنیا کۆبانێ، وەک دوڕگەیەک لەناو گرێ سپی، جەرابلۆس و ڕەقادا ماوەتەوە کە لە لایەن داعشەوە نەگیرابێتەوە. داعش دەیهەوێ بە گرتنەوەی کۆبانێ، ئەو شارەش وەک پارچەیەک لە خەلافەتە ئیسلامییەکەی، بە باقی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی گرێ بدات. گرتنەوەی ئەو شارە گرینگە بۆیە کە هەم توانای جووڵەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ و هەم لە ڕۆژئاواکەی زیاتر دەکات و هەم بواری زیاتر بۆ پەرەپێدانی جوگرافیای ژێر کۆنترۆڵی ئەو ڕێکخراوە لەو هەرێمەکەدا دەخوڵقێنێ.

جگە لەوەش، بە گرتنەوەی کۆبانێ، داعش دەروازەی سنووری موڕشیدپناری هەڵکەوتوو لە سەر سنوورەکانی شارۆچکەی سورووچی ئوڕفا-لە باکووری کوردستان-ی دەکەوێتە دەەست. دەزانرێ کە داعش، هەم بۆ بازرگانی و هێنانی کەلوپەل و هەم بۆ پەڕاندنەوەی ئەندامانی و گوازتنەوەی بریندارەکانی-بۆ تورکیا- پێویستی بەو دەروازەیە هەیە و گرینگییەکی زۆری پێدەدا. هەر بۆیە چاوەڕان دەکرێ لە داهاتوودا، داعش زنجیرە هێرشێکیش بۆ گرتنەوەی دەروازە سنوورییەکانی تر وەک “سەرێ کانییێ” و “تل کۆچەر” کە لەدەست یەپەگە دان و دەروازەی سنووری “عەزاز”، دەستپێبکات کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی گرووپێکی ئیسلامیی تر دایە.

هۆکارێکی تری هێرش بۆسەر کۆبانێ ئەوەیە کە داعش دەیهەوێ بە گرتنەوەی هەرێمی “چیای کوردان”، کانتۆنی لە کانتۆنی جزیرێ و عەفرین بە تەواوی داببڕێ. ئەمڕۆژانە، هاتووچۆ لە نێوان سێ کانتۆنەکەی کوردان تا بڵەی زەحمەتە. بە گوێرەی ڕێوەبەرانی هەرێمەکە، هەژمارێکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنی کورد، لە جەرابلۆس و گرێ سپی لە لایەن داعشەوە بە بارمتە گیراون. لە “منبج”یش، ئەوە پتر لە مانگێکە، زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری کورد لە لایەن داعشەوە ڕفێنراون. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ و یونیسێف، داعش تا ئێستاش ئامادە نەبووە کە مناڵ و خەڵکە مەدەنییە بارمتەگیراوەکان ئازاد بکات. بەرپرسانی کانتۆنی کۆبانێ و چالاکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمەکە دەڵێن بە بارمتەگرتنی خەڵکی سڤیل و مناڵان، داعش دەیهەوێ گووشار بخاتە سەر یەپەگە و خەڵک ناچار بکات واز لە پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی یەپەگە بهێنن. ئەو سەرچاوانە هەروەها دەڵێن کە داعش بەم کارە، بارمتە کوردەکان بە چەکدارە بەدیلگیراوەکانی خۆی کە لە دەستی یەپەگەدان، دەگۆڕێتەوە.

گیرانەوەی کۆبانی، نە تەنیا بۆ داعش وەک دەستکەوتێکی ستراتێژیک دێتە ئەژمار بەڵکوو، شەپۆلێک لە زوڵم و زۆری دژ بە خەڵکی ناوچەکە بەدوای خۆیدا دێنێ. داعش هاووڵاتییانی سڤیل دەڕفێنێ، خەڵک بە چوارمیخ دەکێشێ و بە ئەشکەنجە دەیانکوژێ. زۆر جار ماڵی خەڵکی مەدەنی وێران دەکات و دەست بەسەر موڵک و سامانیاندا دەگرێ و سەرچاوە سروشتییەکانیش بۆخۆی دەبات. داعش تەنانەت ڕەحمی بە ئاوی خواردنەوەی خەڵکیش نەکردووە و تا ئێستا چەند جار ئاوی کۆبانێی بڕیوە.

هۆکارێکی تری هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی داعش بۆسەر کۆبانێ ئەوەیە کە ئەمشارە، یەکەم شاری ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە ١٩ی جولای ٢٠١٢دا لە ڕەژیمی بەشار ئەسەد ڕزگاری بوو و کەوتە دەست کوردان. بەم هۆیە کۆبانێ، نرخێکی مەعنەوی زۆر و پێگەیەکی تایبەتی بۆ کوردانی ئەو پارچە هەیە. تێکشکانی کۆبانێ، داڕمانێکی دەروونی مەزن تووشی کوردی ڕۆژئاوا دەکات و خەسارێکی زۆر بە دەستکەوتەکانیان دەگەیەنێ. بە واتایەکی تر، هێرش بۆ سەر کۆبانێ، وەک هێرش بۆسەر دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی کورد لە ڕۆژئاوا دێتە ئەژمار.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی یەپەگە و بەرپرسانی خۆجێی، مومکینە داعش لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی ئازادکرانی کۆبانێ، هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کانتۆنە زیاتر پەرە پێبدات. هەر لە سەرەتای ئەم حەوتوویەشەوە، داعش هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژهەڵاتەوە، هێرشی چڕوپڕی بۆسەر کۆبانێ دەستپێکردووە. دەگوترێ لە شەڕی نزیک گوندی کونهەفتاری هەڵکەوتوو لە ٣٥ کیلۆمیتری باشووری کۆبانێدا، ٤٠ چەکداری داعش کوژراون و ٢ شەڕڤانی یەپەگەش گیانیان لەدەست داوە.

پاش ئەنجامی چەند هێرش لە بەرەی ڕۆژئاوادا، ئەمجار داعش یەکەم هێرشی لە لای گرێ پسی، بەرەی ڕۆژهەڵات بۆسەر کۆبانێ ئەنجام دا. هێرشێک کە لە لایەن شەڕڤانانی یەپەگە و بەهاوکاری جەبهەتولئەکراد و سوپای سووریای ئازاد تێکشکێندرا. داعش بەم شێوە ویستی کە لە دوو لاوە، مقەست ئاسا، یەپەگە گەمارۆ بدا بەڵام سەرنەکەوت. ڕۆژی دووشەممە ٧ی جولای، داعش هێرشێکی تری لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا بۆسەر کۆبانێ دەستپێکرد. هێرشێک کە تا ئێستاش درێژەی هەیە و شەڕ و پێکدادانی قورسی لێکەوتۆتەوە.

ئەوەی کە ئێستا دیارە ئەوەیە کە داعش سەرەڕای هێزی زۆر و ورەی بەرزی بە گرتنەوەی موسڵ و دەستخستنی بڕێکی زۆر چەک و چۆڵی قورس، نەیتوانە بەسەر هێزەکانی یەپەگەدا سەربکەوێ کە دیسیپلین و توانایەکی باڵای سەربازییان هەیە و خاوەن پشتیوانییەکی بەرفراوانی جەماوەرین. بەڵام هەر وەک باسکرا، چاوەڕوان دەکرێ داعش لە ڕۆژانی داهاتوودا، هێرشەکانی چڕتریش بکاتەوە. هەر بۆیە لە بەرپرسانی کانتۆنی کۆبانێوە بگرە و تا ساڵح موسلیم و هەم موراد قەرەییلان، بە ناوی کەجەکە، لەمبارەوە لێدوانیان داوە. گومان لەوەدا نییە کە داهاتووی کۆبانێ، هەم کاریگەریی زۆری لەسەر دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوا دەبێت و هەم پێگەیەکی مەزن لە نێو گشت کورداندا.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. : رۆژپڕێس|Rojpress
    1 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 10:42

    بۆچی داعش دەیەوێ کۆبانی داگیر بکات؟
    01.10.2014
    ئەنوەر موسلیم سەرۆکی کانتۆنی کۆبانی:
    داوامان لە تورکیا کرد بۆ لێدانی داعش هاوکارمان بێت
    لە هەندێک شوێندا تەنیا 5 کیلۆمەتر لە داعشەوە دوورین
    چەند لایەنێک لەنێو حکوومەتی تورکیادا بەنهێنی هاوکاریی داعش دەکەن
    تەنیا خەڵکی کۆبانێ و YPG و PYD لە کۆبانی شەڕ دەکەن
    (باس) دێرسم ئۆرەمار

    لە ڕێگای تەلەفۆن پەیوەندی دەکەم، دەنگی باش نایەت، خۆم دەناسێنم و سەبارەت بە دوا پێشهاتەکان چەند پرسێک ئاراستەی دەکەم. لە شوێنێک قسە دەکات لە کۆبانیی رۆژئاوای کوردستان کە زیاتر لە 13 رۆژە لە چەند لایەکەوە رووبەڕووی هێرشی دووەمی چەکدارانی داعش بووەتەوە، بەڵام ئەمجارە پڕچەکتر و لە چەند بەرەیەوە. بەشێوەیەک کە ژن و پیاو، گەنج و پیر بۆ بەرگری لە شارەکەیان چەکیان هەڵگرتووە و بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم شارەش ئاوارەی سەر سنوورەکانی باکوری کوردستان (تورکیا) کرد.
    جاری یەکەم لە مانگی جولای ساڵی 2013ەوە رۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشی چەند لایەنەی چەکدارانی سەر بە داعش، جەبهەتولنوسرە و رێکخراوە چەکدارەکانی گرێدراوی ئەلقاعیدەدا بووە.
    کۆبانێ ناوەندی کانتۆنێک بە هەمان ناوە و لە ناوەڕاستی کانتۆنەکانی جزیرێ و عەفرین هەڵکەوتووە. بەڕێوەبەرایەتیی کۆبانێ کە لەلایەن PYDەوە دامەزراوە، رۆڵی حکوومەتی کاتی لە هەرێمی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دەگێڕێ و لە 22 وەزیر پێکهاتووە. ئەرکی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرایەتیەکەش بە ‘ئەنوەر موسلیم’ سپێردراوە.

    شەڕی کۆبانێ
    لە ئەنوەر موسلیم سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان دەپرسم، ئەو دەڵێت: 13 رۆژە شەڕێکی قورس لەنێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و داعشدا بەردەوامە. لە هەموو سنوورەکانی کانتۆنی کۆبانی شەڕێکی دژوار هەیە. لە هەندێک شوێن 5 کیلۆمەتر لە یەک دوورین. ئێستە لە باشووری کۆبانی شەڕێکی گەورە هەیە و یەکینەکانی پاراستنی گەل توانیویانە چەند شوێنێک لە داعش وەربگرنەوە. لەو شەڕەدا ژمارەی کوژراوەکانی داعش زۆرن و دەست بەسەر هەندێک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە. لە بەشی رۆژهەڵاتی کۆبانێ تانکێکی داعش ماوە کە گوندەکانی دەوروبەر تۆپباران دەکات. لەنێو شاردا ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن. بەڵام هێرشەکان بە چەکی قورس بەردەوامن.
    رۆژی 17ی سێپتامبەر ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە پەسەندکردنی پڕۆژەیەک، رێگەی ئیزنی بە ئۆباما دا لە دژی داعش چەک و هاوکاریی بداتە ‘هێزە بەرهەڵستکارەکانی میانڕۆ’ی دژ بە بەشار ئەسەد لە سووریا، بەڵام تا ئبَیستەش پەیەدە بە هێزێکی نزیک لە ئەسەد لەنێو میدیاکاندا تۆمەتبار دەکرێ.
    لە ئەنوەر موسلیم دەپرسم بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەپێی پێویست هاوکاری رۆژئاوای کوردستان یان خەڵکی سڤیلی رۆژئاوای کوردستان ناکات؟ موسلیم دەڵێت: تا ئێستە هاوکارییەکان بەپێی پێویست نەبووە، ئێمە چاوەڕوانیمان هەیە و دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا هاوکاری هەبێت.
    باس لە هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە دژی ئەم گرووپە دەکرێت، بەڵام گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) پۆلات جان رای گەیاندبوو هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانەکان لە دژی داعش لە دەوروبەری کۆبانی، هیچ کاریگەریی لەسەر ئەو گرووپە نەبووە. هەمان پرس لە سەرۆک وەزیرانی کانتۆنی کۆبانێ، ئەنوەر موسلیم دەپرسم و دەڵێ: ئەو هاوپەیمانییە کە داعش بە ئاماج دەگرێت، بەگشتی جێگای رازیبوونە لە هەر شوێنێک بێت. بەڵام سەبارەت بە کۆبانی و دەوروبەری تا ئێستە ئەو هێرشانە کە باس دەکرێن، هیچ کاریگەریی لەسەر داعش نەبووە.

    هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان
    مەترسیی هێرشی ئەمجارەی داعش بۆ کۆبانی تا ئاستێکە کە موراد قەرەیەڵان سەرفەرمانداریی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هاتە دەنگ و رای گەیاند کە ئەوان پشتی یەپەگە بەرنادەن.
    زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی باکور و باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند کە پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانێ دەکەن. مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕای گشتی داوای کرد هەموو ناکۆکییەکان وەلا بنێن و بەرگری لە خاک و ژیانی هاووڵاتییانی کۆبانی بکەن. بەڵام هەڵکەوتی جوگرافی کانتۆنی کۆبانێ کێشەیەکی گەورە بۆ گەیاندنی ئەم هاوکارییانەیە.
    ئەنوەر موسلیمیش دەڵێ: تا ئێستە ئەوانەی شەڕیان کردووە تەنیا خەڵکی کۆبانێ، هێزەکانی یەپەگە و یەپەدەن. هەندێک گەنجی باکوری کوردستان لە بەرگریدا بەشدارییان کردووە، هەروەها خەڵکی باکور لەسەر سنوورەکان بە چالاکیی جیاواز یارمەتیی ئاوارەکان دەدەن. بەڵام سەبارەت بە براکانمان لە باشووری کوردستان، تا ئەم رۆژە هیچ هێزیان نەهاتووە. ئەو هاوکاری و هاوخەمییانە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی لێدوان و ئیدانەکردن بمێنێت. ئێستە خەڵکی کۆبانێ پێویستی بە هاوکاری هەیە. ئەگەری کۆمەڵکوژی هەیە. چۆن هەڵەبجە و ئەنفال زامی هەر کوردێکن، دەبێت بەو چاوەش لە کۆبانێ بڕوانن. ئێمە لە هەر ڕوویەکەوە چاوەڕوانیمان لە هەر هێز و لایەنە سیاسییەکان و لۆبییە کوردییەکان هەیە، چ لە ڕووی دیپلۆماسی، چ لە ڕووی هاوکاریی مرۆیی و هاوکاریی سەبازی.

    گرینگیی کۆبانێ
    پرسیارێک کە زوو بەرجەستە دەبێت ئەوەیە کە کۆبانێ چ گرینگییەکی بۆ داعش هەیە کە ئەوەندە هێرش دەکاتە سەری؟ موسلیم گوتی: گرتنەوەی ئەو شارە بۆیە گرینگە کە هەم توانای جووڵەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ و هەم لە ڕۆژئاواکەی زیاتر دەکات و هەم بواری زیاتر بۆ پەرەپێدانی جوگرافیای ژێر کۆنترۆڵی ئەو ڕێکخراوە لەو هەرێمەکەدا دەخوڵقێنێ. بە گرتنی کۆبانێ، قەڵای رۆژئاوای کوردستان دەکەوێت و لە تەلئەبیەز هەتا کارقامیش، سنوورەکانی نێوان تورکیا و سووریا، دەکەونە دەستی داعش. بە گرتنی کۆبانێ، داعش دەروازەی سنووری موڕشید پناری هەڵکەوتوو لەسەر سنوورەکانی شارۆچکەی سورووچی ئوڕفالە باکوری کوردستانی دەکەوێتە دەست داعش، هەم بۆ بازرگانی و هێنانی کەلوپەل و هەم بۆ پەڕاندنەوەی ئەندامانی و گواستنەوەی بریندارەکانی بۆ تورکیا پێویستی بەو دەروازەیە هەیە و گرینگییەکی زۆری پێ دەدا. هەروەها داعش بە گرتنەوەی هەرێمی “چیای کوردان”، کانتۆنی کۆبانێ بە تەواوی لە کانتۆنی جزیرێ و عەفرین داببڕێ. بەم شێوەیە هەم 3 کانتۆنی رۆژئاوا بە تەواوی لە یەکتری دادەبڕێ، هەم دەتوانێ گوشارەکانی بۆ سەر شاری حەلەبیش زیاتر بکات. بەڵام سەرەڕای هێزی زۆر و ورەی بەرزی داعش بە گرتنەوەی مووسڵ و دەستخستنی بڕێکی زۆر چەکی قورس، ئەم گرووپە نەیتوانی بەسەر هێزەکانی یەپەگەدا سەربکەوێ.

    رۆڵی تورکیا
    رۆڵی تورکیا لە هاوکاریکردنی داعشدا شاراوە نییە، دەگوترێت تورکیا بە داعش شەڕی کوردەکانی سووریا کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن دەکات و نایەوێت هەرێمێکی دیفاکتۆ بکەوێتە دەست کوردان. هەروەها تورکیا دەیەوێ لەسەر شێوازی حکوومەتی داهاتووی سووریا خاوەن قسە بێت. خاڵێکی تر کە تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و ئۆردۆنکۆ دەکاتەوە ئەوەیە، دەخوازن رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز و کەمڕەنگ بکەن، شتێک کە تا ئێستە تێیدا سەرنەکەوتوون.
    پێوەند بەم باسە، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند شتێک بەناوی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان ئەوان و تورکیادا نەماوە. ئەنوەر موسلیمیش دەڵێت: چەند لایەنێک لەنێو حکوومەتی تورکیادا بەنهێنی هاوکاریی داعش دەکەن، بەتایبەت لە کردنەوەی کۆریدۆرێک بۆ دەربازبوون و کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی کە لە ئەوروپاوە لە ڕێگای تورکیاوە دەهاتنە نێو ڕیزەکانی داعش. دواتر بە ئازادکردنی دیپلۆماتە تورکەکان کە لە دەست داعشدا بوون ئەم ڕاستییە زیاتر بەرجەستە بوو، کە بە ڕێککەوتن ئەنجام دراوە. ئازادبوونی دیلەکان جێگای خوشحاڵییە بەڵام نە لەسەر حیسابی کۆمەڵکوژکردنی 600 هەزار کەس خەڵکی سڤیل و بێ تاوان. ئێمە دوای ئەوە کە تورکیا پشتگیری خۆی لە لێدانی داعش ڕاگەیاند، وەکو کانتۆنی کۆبانی داوامان لە حکوومەتی تورکیا کرد کە دەبێ بە کردەوە بۆ لێدان و لاوازکردنی داعش هاوکارمان بێت.
    http://basnews.com/so/News/Details/mod/36097

  2. : رۆژپڕێس|Rojpress
    1 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 11:04

    On 20 July 2012, After Syrian military forces retreated from Ayn al-Arab (also called Kobani by Kurds), a predominantly Kurdish city located near the Turkish border, residents stormed the local security headquarters. The local Kurdish authorities raised the Kurdish national flag at municipal buildings. The Kurdish Popular Defense Committees took over the city without resorting to violence.[7] See also: 2012 Syrian Kurdistan campaign.
    http://en.wikipedia.org/wiki/Cities_and_towns_during_the_Syrian_Civil_War#Ayn_al-Arab

  1. 23 ته‌مموز 2014 له‌ 11:47

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: