ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > د. فواد مەعسووم دەبێتە سەرکۆماری عێڕاق

د. فواد مەعسووم دەبێتە سەرکۆماری عێڕاق

NNSROJ: شەوی چوارشەممە، ٢٣ی جولای، نوێنەری فڕاکسیۆنە کوردییەکان لە پارلەمانی عێڕاق، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، بڕیاری یەکلاکەرەوەیان سەبارەت بە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دا.

بەو پێیە د. فواد مەعسووم، یەکێک لە دوو کاندیدەکەی یەکێتیی نیشتمانی، ٣٠ دەنگی پارلەمانتارانی کوردستانی بەدەست هێنا و وەک تاکە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەستنیشان کرا.

د. بەرهەم ساڵح، کاندیدەکەی تری یەکێتیی دەنگی ٢٣ پارلەمانتاری کوردی بەدەست هێنا.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاش مشتومڕێکی زۆر، نەیتوانیبوو تاکە کاندیدێک بۆ جێگرەوەی تاڵەبانی دیاری بکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ، هەواڵی کشانەوەی دوکتۆر نەجمەدین کەریمیش لە کاندیدبوونی بۆ ئەم پۆستە بڵاوببۆوە و ئێستا چاوەڕوان دەکرێ د. فواد مەعسووم، بە پێی ڕێککەوتنی پێشووتری لایەنەکانی نێو پارلەمان، وەک سەرکۆماری داهاتووی عێڕاق هەڵبژێردرێ.
م.م.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. : رۆژپڕێس|Rojpress
    24 ته‌مموز 2014 له‌ 00:07

    د. فوئاد موعسووم تاوه‌كو ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵی له‌ قوتابخانه‌ ئایینییه‌كانی كوردستان خوێندوویه‌تی، پاشان ساڵی 1958 ده‌چێته‌ قاهیره‌ و له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر ده‌ست به‌ خوێندنی زاسته‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كات و له‌وێ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كاندا به‌ده‌ستده‌هێنێت,
    د. فوئاد ئه‌ندامی حزبی شیوعی عیراق بووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ سووریا و چاوی به‌ خالید به‌گداش-ی سكرتێری حزبی شیوعی سووریا ده‌كه‌وێت و هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی كێشه‌ی كورده‌وه‌ ده‌زانێت ، واز له‌ شیوعیایه‌تی ده‌هێنێت و له‌دوایدا له‌ ساڵی 1964 ده‌بێته‌ ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. : رۆژپڕێس|Rojpress
    24 ته‌مموز 2014 له‌ 00:08

    سەرچاوەیەکی ئەمریکی: ئێران فوئاد مەعصوم دەکاتە سەرۆک کۆماری عێراق … بەرهەم ساڵح ئیتر نابێتەوە یەکێتی و بە یەکجاری ئیستیقالە دەکات

    قاسم سولەیمانی و فوئاد مەعصوم

    سایتی شرۆڤە:

    رۆژنامەنوس سەعید کاکەیی کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەمریکییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا کاریکردووە رایدەگەیەنێت، ئێران فوئاد مەعصوم دەکاتە سەرۆک کۆماری عێراق.

    سەعید کاکەیی لە وتارێکیدا کە لە سایتی شرۆڤە بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایدەکات، بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ئەمریکی، ئێران بەرنامەیەکی تۆکمەی داناوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەر دکتۆر فوئاد مەعسوم بکەوێت کە بە دۆستێکی باوەڕپێکراوی قاسم سلێمانی ناسراوە.

    لە درێژەی وتارەکەیدا ئەو رۆژنامەنوسە دەنوسێت، لە ئەگەری نەکشانەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵح، کە بە دۆستی نزیکی بنەماڵەی بارزانی و تورکیا و ئەمریکا ناسراوە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق، ئەوا هەر یەك لە پەرلەمانتاران حەنان فەتلاوی لە دەوڵەتی یاسا (شیعە) و دکتۆر مهدي الحافظ لە هاوپەیمانی عێراق (سوونە) کاندیدێتی خۆیان ناکشێننەوە بەو مەبەستەی کە دکتۆر بەرهەم ساڵح زۆرینەی دەنگەکان بەدەست نەهێنێت. سەرچاوە باوەڕپێکراوە ئەمریکیەکە لەو باوەڕەدایە کە پەرلەمانتارانی کوتلەی مواطن و کوتلەی أحرار و نیوەی پەرلەمانتارانی کورد دەنگ بە فوئاد مەعسوم بدەن. هەرچی پەرلەمانتارانی پارتی و زۆربەی لایەنە سوننەکانە، ئەوا دەنگ بە دکتۆر بەرهەم ساڵح دەدەن.

    لە بەشێکیتری وتارەکەیدا سەعید کاکەی روونیدەکاتەوە، ئەگەر ئەم زانیاریانە ڕاست بن، ئەوا هیچکام لە کاندیدەکانی ئەمڕۆ بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار توانای بەدەستهێنانی دوو لەسەر سێی دەنگەکانی پەرلەمانی عێراقیان نابێت. واتا، ئەگەری ئەوە هەیە کە فوئاد مەعسوم نزیکەی ١٠٥ دەنگ بەدەستبهێنێت و حەنان فەتلاوی نزیکەی ٩٥ دەنگ بەدەستبهێنێت و بەرهەم سالحیش نزیکەی ٩٠ دەنگ بەدەستبهێنێت و باقی دەنگەکانیش هەندێکیان پوچەڵ دەبن و هەندێکیشیان بۆ کاندیدەکانی دیکە دەڕۆن. بۆیە وەك پێویست، هەڵبژاردنی دووەم لەنێوان براوەی یەکەم (د. فوئاد مەعسوم) و براوەی دووەمدا (حەنان فەتلاوی) دوبارە دەکرێتەوە و لەو کاتەدا تێکڕای ئەندام پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا دەنگ بە فوئاد مەعسوم دەدەن و بەوەش پیلانەکەی ئێران سەر دەگرێت و دکتۆر بەرهەم ساڵحیش دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و پاش ماوەیەك جیابوونەوەی خۆی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

  3. : رۆژپڕێس|Rojpress
    24 ته‌مموز 2014 له‌ 08:47

    فوئاد مەعسوم بە چەند دێڕێک بناسە
    24.07.2014
    بە منداڵی لەگەڵ تاڵەبانی لە یەک گەڕەک دەژیان، ئەو دوو منداڵە بوونە سەرۆک کۆمار

    (باسنیوز)-
    محه‌ممه‌د فوئاد مه‌عسووم هه‌ورامی، كوڕی ئامینه‌خانه‌ و ناسراوه‌ به‌ (د.فوئاد مه‌عسووم). له‌ساڵی 1938 له‌ شاری كۆیه‌ له باشووری كوردستان له‌دایكبووه‌. ئێستا کاندیدی کوردە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
    بنه‌ماڵه‌كه‌ی خه‌ڵكی گوندی خه‌رپانین له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامانی دیوی باشووری كوردستان و باوكی له‌سه‌رده‌ستی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌ ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لالدا دوو بنه‌ماڵه‌ی ئایینیی كۆیه‌ بوون، له‌ منداڵییه‌وه‌ هاوڕێیه‌تی له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌.
    د. فوئاد موعسووم تاوه‌كو ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵی له‌ قوتابخانه‌ ئایینییه‌كانی كوردستان خوێندوویه‌تی، پاشان ساڵی 1958 ده‌چێته‌ قاهیره‌ و له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر ده‌ست به‌ خوێندنی زاسته‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كات و له‌وێ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كاندا به‌ده‌ستده‌هێنێت و به‌دوایدا بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌ هه‌مان زانكۆ له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ وه‌رده‌گرێت.
    د. فوئاد ئه‌ندامی حزبی شیوعی عیراق بووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ سووریا و چاوی به‌ خالید به‌گداش-ی سكرتێری حزبی شیوعی سووریا ده‌كه‌وێت و هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی كێشه‌ی كورده‌وه‌ ده‌زانێت ، واز له‌ شیوعیایه‌تی ده‌هێنێت و له‌دوایدا له‌ ساڵی 1964 ده‌بێته‌ ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.
    له‌ساڵی 1968 له‌ زانكۆی به‌سره‌ بووه‌ته‌ مامۆستای زانكۆ و به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی به‌سره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
    له‌ساڵی 1973 له‌ قاهیره‌ نوێنه‌ری بارزانی و شۆڕشی كوردستان بووه‌ و تاوه‌كو ساڵی 1975 له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌.
    له‌ساڵی 1976 یه‌كێكبووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و تاوه‌كو ساڵی 1992 سكرتێری یه‌كێتیی شۆڕشگێران بووه‌، یه‌كێتیی شۆڕشگێڕان، كه‌ به‌ خه‌تی گشتیش ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان یه‌كێتییان پێكده‌هێنا.
    له‌ ساڵی 1992 بووه‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان .
    له‌ رۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ساڵی 1976 به‌رده‌وام ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه‌ بووه‌.
    له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام له‌ساڵی 2003 دا چووه‌ته‌ به‌غدا و ئه‌ندامی شاندی نوێنه‌رایه‌تی باشووری كوردستان بووه‌.
    له‌ ساڵی 2004 سه‌رۆكی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كاتیی عیراق بووه‌ له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام.
    له‌ ساڵی 2005 ه‌وه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق بووه‌ .
    بۆ دوو خول سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی كوردستان بووه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق.

    ته‌نیا په‌رله‌مانتارانی پارتی ده‌نگیان به‌ د. به‌رهه‌م دا
    24.07.2014
    په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی ملكه‌چی مه‌رجه‌كانی د. نه‌جمه‌دین بوون
    (باسنیوز)
    به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا ته‌نیا په‌رله‌مانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌نگیان به‌ د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح داوه‌ و لایه‌نه‌كانی تر ده‌نگیان به‌ د. فوئاد مه‌عسوم داوه‌.
    ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ (باسنیوز) ئاشكراشی كرد به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی گۆڕان پێی گوتون ئێمه‌ ده‌نگ به‌ د. فوئاد مه‌عسوم ده‌ده‌ین.
    ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانیش كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بێ بۆ (باسنیوز) جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك مه‌رجی بۆ داناون ئه‌گه‌ر هاتوو د. به‌رهه‌م وه‌كوو كاندیدی كورد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار دیاری بكه‌ن ئه‌وا ئه‌ویش خۆی كاندید ده‌كات و هه‌رگیز ناكشێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتیش ده‌نگیان به‌ د. فوئاد مه‌عسوم دا كه‌ هانی د. نه‌جمه‌دین بده‌ن ده‌ست له‌ كاندید كردنی خۆی بكشێنێته‌وه‌.

  4. : رۆژپڕێس|Rojpress
    24 ته‌مموز 2014 له‌ 13:33

    باسنیوز)-
    شەوی رابردوو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا، بە دەنگدان فواد مەعسووم دامەزرێنەر و سەرکردەی دیاری یەکێتییان بۆ کاندیدیکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار یەکلای کردەوە و باسنیوزیش ژمارەی دەنگی لایەنەکان بۆ هەردوو کاندیدەکە ئاشکرا دەکات.
    سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو هاوپەیمانی کوردستان ژمارەی دەنگی هەر لایەنێکی بۆ هەردوو کاندیدەکە، فواد مەعسووم و بەرهەم ساڵح ئاشکراکرد.
    سەرچاوەکە ژمارەی دەنگەکانی بەو شێوەیە ئاشکراکرد،
    دکتۆر فواد مەعسووم، یەکێتی ١٥ دەنگ، گۆڕان ٦ دەنگ، ئیسلامییەکان ٤ دەنگ، پارتی ٥ دەنگ.
    دکتۆر بەرهەم ساڵح، یەکێتی ٤ دەنگ، گۆڕان ٢ دەنگ، ئیسلامییەکان ٣ دەنگ، پارتی ١٤ دەنگ.
    پێشتر عارف قوربانی رۆژنامەنووس و کەسایەتی نزیک لە بەرهەم ساڵح رایگەیاند، کە فواد مەعسووم بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارە پارتییەکان و یەکێتییەکان دەرچووە و بەرهەم ساڵحیش دەنگی کەمینەی یەکێتی و پارتی و دەنگەکانی گۆڕان و ئیسلامییەکانی بردووە، بەڵام بە پێی ئەنجامی ئەو دەنگانەی کە سەرچاوە ئاگادارەکە بۆ باسنیوزی ئاشكرا کرذووە، پێچەوانەی ئەو رایەیە.
    سیروان سیرینی پەرلەمانتاری پارتیش بە باسنیوزی راگەیاند، کە ئەوان هیچ رێنمایی و راسپاردەیەکیان لەلایەن سەرکردایەتی حیزبەکەیانەوە پێنەدراوە، بەڵام زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی دەنگیان بە بەرهەم ساڵح داوە.
    لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەلایەن پەرلەمانتارانی کورد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزاییەتییەک دروستبووە بە دەنگنەدان بە بەرهەم ساڵح و هەوادارانی لایەنەکانیش، یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە دەنگدان بە فواد مەعسووم.

  5. : رۆژپڕێس|Rojpress
    24 ته‌مموز 2014 له‌ 23:42

    دەقی پەیامەكە:

    بە ناوی خوای گەورەی میهرەبان

    بۆ بەڕێز د. فوئاد مەعسووم ئەندامی سەركردایەتیی ی.ن.ك

    بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتان بە زۆرینەی دەنگ وەك سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێ دەكەین و هیوادارین سەركەوتوو بن لەو پۆستە گرینگە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و بەدیهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان.

    بێگومان گرینگیی ئەو پۆستە و هەڵبژاردنی بەڕێزتان وەك دەستكەوتێكی دیكەی گەلەكەمان بەرز دەنرخێنین بۆ ئەو قۆناغە ئاڵۆزەی ئەمڕۆی ئەزموونی حوكمڕانی لە عێراق و، هیوادارین ئەو بۆنەیە موژدەی بەكۆتاهێنانی یەكجارەكیی كێشە و قەیرانەكانی پێ بێت.

    ئاشكرایە ئەمڕۆ عێراق بە ڕەوشێكی زۆر هەستیار و چارەنووسساز ڕەت دەبێ، بۆیە پێویستی زیاتری بە ڕۆڵی سەرۆككۆمار هەیە شانبەشانی پۆستە سیادییەكانی دیكە بۆ چەسپاندن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی و دابینكردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیان، بە گشت چین و توێژەكانیانەوە و بەبێ جیاوازی لە ڕووی ئینتیمای سیاسی و ئایینی و مەزهەبییەوە.

    جارێكی دیكە بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هەرسەركەوتوو بن..

    مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان

    24/7/2014

  6. : رۆژپڕێس|Rojpress
    25 ته‌مموز 2014 له‌ 23:21

    ئالآ تاڵه‌بانی: د. به‌رهه‌م دووجار غه‌دری له‌یه‌کێتی کرد

    ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ئالآ تاڵه‌بانی ده‌ڵێت”د.به‌رهه‌م دوو جار غه‌دریان له‌ یه‌كێتی و له‌ خۆشیان كرد ، كاتێك دوای شکستی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٩/٢١ ده‌ستی كێ به‌رداین و چووه‌ ماڵه‌وه‌ . دووه‌م جاریش هه‌ر پێرێ بوو له‌ به‌غدا كه‌ جه‌نابی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نه‌بوو پرسی سه‌رۆك كۆمار له‌ ناو ماڵی یه‌كێتی یه‌كلایی بكرێته‌وه”.
    له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی کۆمه‌لآیه‌تی فه‌یس بووک به‌ ناونیشانی (هه‌ڤالآنی یه‌کێتی) ئالآ تاڵه‌بانی که‌ خوشکه‌زای تاڵه‌بانییه‌، بابه‌تێکی نوسیوه‌و ره‌خنه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌گرێت.
    له‌و بابه‌ته‌دا له‌سه‌ر چۆنێتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی نێوان د. به‌رهه‌م ساڵح و د. فواد مه‌عسوم و د. نه‌جمه‌دین، هه‌ندێک زانیاری نوێش بلآوده‌کاته‌وه. ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی‌

    به‌ڕێزان.. هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی ..
    قسه‌و باس و سیناریۆی زۆر سه‌یر له‌ سه‌ر چۆنیه‌تی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كاندیدی یه‌كێتی بۆ سه‌رۆك كۆمار باس كراو باس ده‌كرێ . زۆریان دوورن له‌ ڕاستی و هیوادارم مه‌به‌ست لێ یان چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵکی ئێمه‌و تێکدانی ئه‌و هاو هه‌ڵوێستیه‌ی كورد نه‌بێت كه‌ هه‌موو ئومێدی زۆرمان له‌سه‌ر ته‌به‌ننا كردووه‌.
    ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌كو ئه‌ندامێکی سه‌ركردایه‌تی كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كه‌مان یه‌ك پرس و ڕای پێنه‌كردین . و وه‌كو ئه‌ندامێکی په‌رله‌مان كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ناو پڕۆسه‌ی یه‌كلای كردنه‌وه‌كه‌ بووم ،پێم باشه‌ هه‌ندێ خاڵ باس بكه‌م :
    سه‌ره‌تا بۆشاییه‌ك له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی به‌دی ئه‌كرێ كه‌ كێ به‌رپرسیاره‌ یاخود كێ مافی كاندید كردنی هه‌ر هه‌ڤاڵێکی ناو یه‌كێتی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر پله‌یه‌ك بێت بۆ پۆستی باڵا . سه‌رۆک كۆمار بێت یا سه‌رۆک وه‌زیر یا وه‌زیر…هتد .
    چونكه‌ من تائێستا‌ له‌ غه‌یری ته‌زكیه‌یی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی خۆیان ئاگاداری میكانیزمی تر نیم ، و ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆچی كاك د.نجم الدین پاڵپشتی زۆر ئه‌ندامی (م.س ) ی هه‌بوو ناوی نه‌خرایه‌ ناو كاندیده‌كان و ئه‌گه‌ر به‌داوای فه‌رمیش بێت ئه‌وه‌ جه‌نابی د.نجم الدین له‌ ڕۆژی ٢٠١٤/٧/٨ به‌ نامه‌یه‌كی ڕه‌سمی داوای ڕه‌زامه‌ندی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌كات بۆ كاندید بوونی و ئاماده‌یی هه‌موو پرسیارێكیانه‌ (وێنه‌یه‌كی ئه‌و نامه‌یه‌ كه‌ به‌ ئیمه‌یڵ ناردراوه‌ لامان هه‌یه‌) . باشه‌ ئه‌پرسم بۆ مه‌كته‌بی سیاسی نه‌ك هه‌ر وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ به‌ڵکو بانگ نه‌كرا تاڕاسته‌وخۆ هه ر‌چیان هه‌یه‌ ڕازین یاخود نا له‌گه‌ڵی باس بكه‌ن . به‌ چی په‌یڕه‌وێك دوورخرایه‌وه‌ ؟ له‌ كاتێكدا له‌ په‌رله‌مانی عێراق و به‌ پێ ی ده‌ستور هه‌موو عێراقیه‌ك مافی خۆ پاڵاوتنی هه‌یه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ ده‌ستوریه‌كانی تیابێت ، وه‌ قبوڵ كردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌شی ده‌بێ به‌ شێوه‌كی فه‌رمی و به‌ هۆکار بێت . بۆیه‌ نازانین هه‌ردوو به‌ڕێزان جه‌نابی د.به‌رهه‌م و د.فواد به‌ چی میكانیزمێك چوونه‌ منافه‌سه‌وه‌ .تزكیه‌ بوو یان نوسراوی فه‌رمی ؟!!
    پرسیار له‌ هه‌ڤاڵانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی به‌ڕێز ئه‌كه‌م ، كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌م پرسه‌ی بۆ یه‌كلانه‌كرایه‌وه‌ و نه‌یتوانی یه‌ك كاندید دیاری بكات بۆ ڕای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی وه‌رنه‌گیرا.. به‌یاننامه‌كه‌ی (هه‌ندێ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ) كه‌ ده‌ڵێ ته‌نها ئه‌وان به‌رپرسن له‌م پڕۆسه‌یه‌ و (به‌س) ، به‌كارهێنانی ووشه‌ی (به‌س) گه‌وره‌ترین خروقاتی په‌یڕه‌وی ناوخۆیه‌ ، باشه‌ ئه‌كرا پرسه‌كه‌ بهاتایه‌ ناو ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند چونكه‌ ئێوه‌ش په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی یه‌كێتین . بۆیه‌ كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌م پڕۆسه‌ی مه‌شلولی و به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كرد به‌ دوو كاندید و له‌ولاشه‌وه‌ كاك د.نجم الدین كاندید بوو . به‌ ڕاستی بۆ ئێمه‌ی یه‌كیتى ‌یه‌كان ئه‌مه‌ هۆی ئیحراجیه‌كی زۆر بوو له‌ به‌رده‌م دۆست و نه‌یاره‌كانمان . بۆیه‌ هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌ یه‌كیتى‌یه‌كان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌یوك بووین له‌و ماوه‌ زۆر كه‌مه‌ی له‌ به‌رده‌ممان مابوو .
    شه‌وی ٧/٢٢ په‌رله‌مانتارانی لیسته‌كانی تری كورد ئه‌م سێ خاڵه‌یان خسته‌ به‌رده‌ممان و داوایان لێکردین :-
    ١- ئێمه‌ وه‌كو فراكسیۆنی یه‌كێتی یه‌ك كاندید یه‌كلابكه‌ینه‌وه‌.
    ٢-له‌ ناو سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردیه‌کان یه‌كلابكرێته‌وه‌ .
    ٣-ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو خاڵه‌ سه‌ری نه‌گرت ئه‌وا ئێمه‌ واتا ( چوار لایه‌نه‌كه‌ی تر پارتی ،گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ ) ئه‌م پرسه‌ بۆ ئێوه‌ یه‌كلا ئه‌كه‌ینه‌وه‌ .
    سه‌ر له‌ به‌یانی ٢٠١٤/٧/٢٣ سه‌عات (١٠) كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رلامان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ سیاسیه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌نجام درا من و جه‌نابی د.نجم الدین وه‌كو یه‌كێتی ئاماده‌ بووین ، هه‌موو كوتله‌كانی په‌رله‌مان هه‌مان داوای كوردیان لێكردین كه‌ تكایه‌ هه‌وڵ بده‌ن به‌یه‌ك كاندید بێنه‌ ناو هه‌ڵبژاردن چونكه‌ ٢ یا ٣ كاندید ده‌نگه‌كانی ئێمه‌ش له‌ ناو كوتله‌كانمان دابه‌ش كردووه‌ . هه‌ر بۆیه‌وه‌كو فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان داوای مۆڵه‌تی (٢٤) سه‌عاتمان كرد یه‌كلایكردنه‌وه‌ .
    ئه‌و (٢٤) كاتژمێره‌ بۆ هه‌موو یه‌كێتیه‌كان زۆر مایه‌ی دڵ ڕاوكێ و ناڕه‌حه‌تی و له‌ هه‌مان كات ئه‌ركێكی قورس بوو كۆبوونه‌وه‌ی خۆمان ئه‌نجام داو به‌ تێکڕایده‌نگ بڕیارمان دا كه‌ ئێمه‌ له‌ ناو خۆمان وه‌كو فڕاكسیۆنی یه‌كێتی به‌م كاره‌ هه‌ستین سوپاسی د.فواد و د. نجم الدین ئه‌كه‌ین كه‌ ڕازی بوون ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ ئێمه‌ بسپێرن ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ جه‌نابی د.به‌رهه‌م به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك متمانه‌ی خۆی به‌ ئێمه‌ نه‌دا ڕازی نه‌بوو له‌ ناو كوتله‌ی یه‌كێتی ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بده‌ین . زۆر پاڕاینه‌وه‌ و ڕجامان كرد كه‌ یه‌كێتی و خوێنی شه‌هیدانتان له‌ خۆتان و پۆست خۆشه‌ویست تر بێ . داوامان كرد بكشێینه‌وه‌ و بامرشحی (تسویه‌) واتا د.فواد تاكه‌كاندید بێت . به‌ داخه‌وه‌ به‌وه‌ش ڕازی نه‌بوو سوربوو كه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌ ناو هه‌موو كوتله‌ كوردییه‌كان یه‌كلابكرێته‌وه‌ . دواجا په‌نامان برده‌ به‌ر ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌ڵام كاك مه‌لا به‌ختیاریش ڕازی نه‌بوو و سوربوو كه‌ پڕۆسه‌كه‌ له‌ ناو هه‌موو كه‌تله‌ كوردیه‌كان یه‌كلابكرێته‌وه‌ .
    پاشان كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی كاک به‌ختیار و جه‌نابی د.ڕۆژ ئه‌نجام درا ، هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌بووانیكۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕای جیاوازیان هه‌بوو له‌ سه‌ر پرسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ . به‌ڵام له‌ كۆنگره‌كه‌و دواتریش له‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی هه‌ردوو به‌ڕێزان كاك كۆسره‌ت و د.به‌رهه‌م پێیان ڕاگه‌یاندم كه‌ ئه‌وه‌ دوا بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسیه‌ و ده‌بێ ئه‌م شه‌و جێ به‌جێ بكرێ پرسه‌كه‌ ببه‌نه‌ ناو فڕاكسیۆنه‌ كوردیه‌كان ، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانتان زانی چۆن بوو ، ئه‌وه‌ی ماوه‌ بیڵێم بۆ مێژوو ٣ خاڵه‌ .
    ١- جه‌نابی د.به‌رهه‌م له‌ دوا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵم كه‌ هه‌ڤاڵانی تر یه‌كێتی گوێ بیستی بوون ووتی من له‌ناو فراکسیۆنی یه‌كێتی ١٢ ده‌نگم هه‌یه‌ له‌ ١٩ ئاماده‌ بوو . به‌ڵام نازانم بۆ سوربوو پڕۆسه‌كه‌ له‌ ناو هه‌موو فراكسیۆنه كوردیه‌كان بكرێ؟
    ٢-هه‌ردوو هه‌ڤاڵی جوامێر كاك د.فواد معصوم و كاك د.به‌رهه‌م پێش پڕۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ به‌رده‌م هه‌موو په‌رله‌مانتارانی كورد به‌ڵێنیان دا ڕێز له‌ ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌ بگرن و هاوكاریی یه‌كتر بن .
    ٣-جه‌نابی كاك د.به‌رهه‌م زۆر ته‌مه‌ننام ئه‌كرد خۆی كشاندباوه‌ ، به‌ڵام جوامێرانه‌ به‌ڵێنی به‌ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی داوه‌ گه‌ر ده‌نگیش نه‌هێنێ ئه‌و هه‌ر هه‌ڤاڵ و براگه‌وره‌ و جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی یه‌و ده‌ست له‌ یه‌كێتی هه‌ڵناگرێ .
    هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی ….
    مافی خۆتانه‌ هه‌رچی بڵێن و نیگه‌ران بن له‌ هه‌ڵنه‌بژاردنی جه‌نابی د.به‌رهه‌م .به‌ڵام وه‌كو یه‌كێتیه‌ك ، ئه‌ڵێم ، یه‌كێتی غه‌دری له‌ د.به‌رهه‌م نه‌كردووه‌ ، له‌و ڕۆژه‌ی له‌ ناو یه‌كێتی یه‌ چی له‌ ده‌ره‌وه‌ و چی له‌ كوردستان و له‌ عێراقیش پۆست و پله‌ و پایه‌ی پێدراوه‌ ( كه‌ دیاره‌ هه‌قی خۆی و له‌به‌ر لێهاتوویی بووه‌ ) . تادواجار له‌ كۆنگره‌ له‌ سه‌ر داوای جه‌نابی مام جلال به‌ بێ هه‌لبژاردن و به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان هه‌رهه‌موومان به‌ جێگری سكرتێری گشتی قبووڵمان بوو، ئێستاش پێویستمان پێیه‌تی و یه‌كێتی به‌ دكتۆره‌وه‌ جوانه‌ . به‌ڵام من دوو گله‌یم له‌ جه‌نابی د.به‌رهه‌م هه‌یه‌ ، جه‌نابیان دوو جار غه‌دریان له‌ یه‌كێتی و له‌ خۆشیان كرد ، كاتێك دوای شکستی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٩/٢١ ده‌ستی كێ به‌رداین و چووه‌ ماڵه‌وه‌ . له‌و كات هه‌ستیارو ته‌نگانه‌ی ناو یه‌كێتی به‌ جێ ی هێشتین ، له‌ غیابی مام جلال نه‌ كوڕو نه خوێندكاره‌كه‌ی مام بوو . قه‌ڵه‌مه‌كانی ده‌روێشی ڕۆژانه‌ ماڵه‌ ناسك و برینداره‌كه‌ی یه‌كێتیان به‌ردباران ئه‌كرد و ووره‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئه‌ڕوخاند . دووه‌م جاریش هه‌ر پێرێ بوو له‌ به‌غدا كه‌ جه‌نابی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نه‌بوو پرسی سه‌رۆك كۆمار له‌ ناو ماڵی یه‌كێتی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ . بۆ ئه‌مه‌ زۆر بێ منه‌تیه‌ له‌ ده‌نگه‌كانمان له‌ پشتیوانی و چه‌پڵکانی ناو كۆنگره‌مان ، سه‌ركه‌وتوبێ یه‌كێتی.
    ئاڵا طالبانی
    ٢٠١٤/٧٢٥

  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: