ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامیدا- کارڵ درۆت- لۆمۆندی دیپلۆماتیک

لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامیدا- کارڵ درۆت- لۆمۆندی دیپلۆماتیک

لە ئینگلیزییەوە: مەسعوود مەناف– ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ

“جۆمەرد”ی تەمەن بیست و نۆ ساڵ لە بن دارەگوێزی ناو حەساری ماڵەکەی دانیشتووە و خەریکە مۆسیقایەکی کورت بە کلارنێت دەژەنێ. ئێرە شاری کۆبانێ لە باکووری سووریایە. شارێک کە لە سێ لاوە لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی[داعشی پێشوو]ە گەمارۆ دراوە. تورکیای جیرانیش، بە داخستنی سنوورەکانی، تەواوکەری دۆرپێچە چوار لایەنەکەی کۆبانێیە. سەرەڕای ئەمە جۆمەرد، لە سایەسەری یەکینەکانی پاراستنی گەل -کە زیاتر لە دوو ساڵە کۆنترۆڵی شارەکەیان گرتۆتە دەست- لێرە لە کۆبانێ، بە ئازادی مووسیقای خۆی دەژەنێ. بە پێچەوانە، جۆمەرد هاوینی ساڵی ڕابردوو، لە بازگەیەکی چەکدارانی داعش وەستێندرا و پاشان بە بیانووی ئەوەی کە ئامێرێکی “شەیتانی” دەژەنێ، بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ دەستبەسەر کرا.

لە دیواری پێشەوەی ماڵەکە، وێنەیەکی کەعبە لە مەککە نەخشێندراوە. شوێنێک کە “مستەفا”، باوکی جۆمەرد سێ جار چۆتە زیارەتی بەڵام تەنانەت ئەو سێ حەجەش، باوکە ٦٠ ساڵەکەی جۆمەردی لە دەست داعش ڕزگار نەکرد. ناوبراو کە مامۆستای زمانی عەڕەبیشە، ١٣ی ئاگۆستی ئەمساڵ بۆ ئەوەی کە بەدواداچوونی کاروباری خانەنشینکرانەکەی بکات، بەرەو حەڵەب کەوتە ڕێ بەڵام هەرگیز لەو سەفەرە نەگەڕایەوە. بنەماڵەکەی دواتر ئاگادار کرانەوە کە داعش کتێبێکی دژە دینی لە ناو کامپیوتێرەکەی “مستەفا”دا دۆزیوەتەوە. ئێستاش هیچ دیار نییە گەلۆ ئەو مامۆستا شەست ساڵەیە ڕۆژێک ڕزگاری دەبێت یان نا.

لە ماڵێکی تر، ژوورە پاک و خاوێنەکەی محەمەد محمەمەدی تەمەن ٢٥ ساڵ، چۆل و هۆل ماوەتەوە. براگەورەی محەمەد لەمبارەوە وتی: “محەمەد گەنجێکی ئارام بوو کە چ حەزی لە سیاسەت و سەرئێشەی لەم چەشنە نەدەکرد.” و لە درێژەشدا دەڵێ کە “ ئێستاش نازانین کە بۆچی کوشتیان”.

محەمەد، ڕۆژی ٢٣ی مەی، چەند ڕۆژ پاش وەرگرتنی بڕوانامەی ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە زانکۆی حەڵەب، بە سواری مینی باسێک، بەم هیوایە کە بگاتە ئەورووپا، ڕێگەی تورکیای گرتە بەر. بەڵام ماوەیەکی کورت پاش دەستپێکی سەفەری محەمەد، عەلی برای لە لایەن چەکدارێکی داعشەوە پێوەندی پێوەگیرا و داوای لێکرا کە پێناسی محەمەد لەگەڵ خۆی بهێنێ و بچێتە گوندی “جوب ئەلفەرەج”.

عەلی بە سواری مۆتۆرسیکلێتەکەیەو بەرەو گوندەکە کەوتە ڕێ بەڵام هەر کە گەیشتە شوێنی مەبەست، خەڵکی گوندەکە پێیان گوت کە تازە کوڕێکی گەنجی باڵابەرز، سەر بڕاوە. عەلی لە ترسی ئەوەی کە نەکا تەلەفۆنکردنەکە و بانگهێشتی بۆ ئەو گوندە داوی داعش بێت، بەخێرایی بەڕەو کۆبانێ گەڕایەوە. چەکدارانی داعش دوای سەربڕینی محەمەد، بە بڵینگۆ بە گوندنشینانیان ڕاگەیاندبوو کە نمایشێکی سەرنجڕاکێشیان بۆ خەڵک هەیە. نمایشەکەش چ نەبوو جگە لە ڕاکێشانی تەرمی بێ سەری محەمەد بە شەقامەکانی گونددا.

لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە، دەوڵەتی ئیسلامی و هاوپەیمانەکانیان، هەڵمەتێکی سیستماتیکیان دژ بە خەڵکی مەدەنیی کورد دەستپێکردبوو. چڕتربوونەوەی شەڕ پێکدادانی داعش لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە، ئەو هەڵمەتەی بۆ شەڕێکی تەواو عەیار گۆڕی. لە ئاکامی ئەو شەڕەدا، هەزاران کوردی دانیشتووی ڕەققا و تل ئەبیەز ناچار کران کۆچبەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە بن و سەدانی دیکەش بە بارمتە گیران و هەژمارێکیش بە سووک و هاسانی بێ سەر و شوێن کران. پاکسازی ئێتنیکی لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی داعش کەم تا زۆر بە ئەنجام گەیشتووە بەڵام تا ئێستاش هەژمارێک لە کوردەکان ناچارن لە ڕێگەی ئەو ناوچە مەترسیدارانەدا سەفەر بکەن. کارمەندانی دەوڵەت دەبێ بچنە حەڵەب تا مووچەی مانگانەیان وەرگرن و کەسانێکی تر بۆ ئەوەی خۆ بگەیەننە تورکیا تا بەڵکوو ئیشێک بدۆزنەوە، ناچارن بەو هەرێمانەدا تێپەڕ بن. تورکیایەک کە هاتووچۆ و پەڕینەوە لە سنوورەکانی بۆ چەکدارانی داعش ئازاد کردووە بەڵام هەموو خاڵە سنوورییەکانی لەسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەپەگەدا بەستووە.

زۆربەی کوردەکانی سووریا هەم بە عەڕەبی قسە دەکەن و هەم ناوی عەڕەبیان هەیە. هەر بۆیەش زۆریان بێ ئەوەی گرفتێکیان بۆ ساز بێ لە خاڵەکانی پشکنینی داعش ڕزگاریان دەبێت بەڵام هەر کە شوێنی لەدایکبوونیان ئاشکرا بێ، بە ئەگەری زۆر بە بارمتە دەگیرێن و بێ هیچ هۆکارێک، مومکینە لە چەند کاتژمێرەوە تا چەند مانگ زیندانی بکرێن. هەر ئێستا لانیکەم ٣٠٠ کەس لە ناوچەی کۆبانێ لە لایەن داعشەوە بە بارمتە گیراون و گومان لەوەشدا نییە کە هەژمارێکی زۆر ی تریش گیراون بێ ئەوەی بەڵگە و زانیارییەک دەربارەیان لەدەستدا هەبێ.

ئەندامانی داعش هەر جار ناجارێک پرسیارگەلێک سەبارەت بە باوەڕی ئایینی لە بارمتەکانیان دەپرسن و ناچاریشیان دەکەن کە ئامۆژگارییە دینییەکان بەجێ بگەیەنن. ئەوان هەروەها سەیری تەلەفۆن و باقی کەلوپەلی خەڵکەکە دەکەن تا بەڵکوو شتێکی سیاسی یا دژەئیسلامی تێدا ببیننەوە و دژ بە بارمتەکان بیکەنە بیانوو. چووکترین گومان سەبارەت بە ئەگەری پێوەندی کەسی بەبارمتەگیراو لەگەڵ یەپەگە بەسە بۆ ئەوەی کە بخرێتە ژێر هەڕەشە و لێکۆڵینەوەی دژوار. هەر چەشنە دانپێدانان و بەڵگەیەک کە ئەو پێوەندییە بسەلمێنێ، ئاکامەکەی ئەشکەنجە و تەنانەت ئێعدام بۆ کەسی گیراو دەبێ.

زۆربەی کوردەکان بەم هۆیە کە پێڕەوی ئایینزای سوننین، پارێزراون. ئەمە بەو مانایە دێت کە داعش بەهۆی گرێدراوی ئایدیالۆژیکی خۆی، ناتوانێ وا بەهاسانی کوردانی سوننی وەک ئێزیدی، شیعە و عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ بکات یا وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ بکات. بەڵام سەرەڕای ئەوەش زۆرێک لەو کوردانەی کەوتوونەتە داوی داعش، بە تۆمەتی جوولەکە بوون، لایەنگریکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان و یا موڕتەدبوون قوربانی دەبن. بەکورتی خراپترین سێناریۆ، بەتایبەت پاش چڕبوونەوەی شەڕی نێوان کورد و چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا و عێڕاق، ناودێرکردنی کوردەکان وەک لەدەین هەڵگەڕاو و کافرە کە بۆتە بیانووی داعش بۆ کۆمەڵکوژکردنیان.

هەڵکەوتەی جوگرافیایی کۆبانێ و منبج
کوڕەکان لە “منبج”ن

داعش زۆربەی کات ڕەتی دەکاتەوە وتووێژ لەسەر گۆڕینەوە یا ئازادکردنی بارمتەکان بکات. جاریش هەیە کە مەرجی نامومکین دێنێتە گۆڕ و جاریش هەیە کە دەیهەوێ پڕۆسەی گۆڕینەوەی بارمتەکان وەک داوێک دژ بە لایەنی بەرانبەر بەکار بهێنێ. “ئەحمەد دادەلی”، وەزیری ناوخۆی کانتۆنی کۆبانێ لەمبارەوە دەڵێ: “ساڵی ڕابردوو کە جەبهەتولنوسرەی گرێدراوی ئەلقاعیدە، خەڵکی دەڕفاند، لانیکەم دەمانتوانی مامەڵەی لەگەڵ بکەین بەڵام گوتوبێژ لەگەڵ داعش نامومکینە. تا ماوەی ڕاگیرانی بارمتەکان لە دەستی داعشدا دوورودرێژتر بێت، ناهومێدی و دڵەڕاوکێی ڕفێنراو و بنەماڵەکانیان زیاتر دەبێ”.

ڕۆژی ٢٩ی مانگی مەی، گرووپێک لە خوێندکارانی مێرمنداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ١٤ تا ١٩ ساڵدا بوو، لە خاڵێکی پشکنینی داعش لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە حەڵەب دەستبەسەر کران. ئەو مێرمنداڵانە لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵیان لە حەڵەب دەگەڕانەوە. کچەکان پاش چەند ڕۆژ ئازاد کران بەڵام کوڕەکان نا. پاش چەند حەوتوو، دایکی بەشێک لەو کوڕانە ئیزن دران کە چاویان بە ڕۆڵەکانیان بکەوێ بەڵام باوکەکانیان لەترسی ئەوەی کە مەبادا خۆشیان بکەونە داو، خۆیان لە داعش بەدوور گرت. یەکێک لە دایکەکان دەڵێ کە نۆ ڕۆژ چاوەڕوان بووم تا بتوانم تەنیا بۆ چەند خولەک کوڕەکەم ببینم. دایکە دەڵێ “کوڕەکەم لەباری دەروونییەوە تا بڵەی لاواز ببوو”.

لە سەرەتاکانی مانگی جولای، هەوڵێک بۆ گۆڕینەوەی کوڕەکان لەگەڵ چەکدارە بەدیلگیراوەکانی داعش لە دەستی یەپەگەدا شکەستی هێنا. یەپەگە ڕەتیکردەوە کە لە شوینێک دیلەکان بگۆڕێتەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی داعش دایە بۆیە کە لە هەوڵێکیهاوشێوەی پێشووتردا، وەفدی ناوبژیوانیش لە لایەن داعشەوە بە بارمتە گیرابوون. سەرەڕای ئەوەش، چەکدارە بەدیلگیراوەکانی داعش، وەک دیلی شەڕ، بۆ نیشاندانی نیازپاکی، لە لایەن یەپەگەوە ئازاد کران. بەم هەنگاوەی یەپەگە، داعش قبووڵی کرد لە ناوچەیەکی بێ لایەن، چاوی بە وەفدی ناوبژیوان بکەوێ بەڵام کاتێک بە دوو باسی پەنجەرە داپۆشراو، گەیشتنە شوێنەکە بەڵام ئەمجارەش ئاکارەی مایەی شک و گومانی چەکدارانی داعش، بوو بە هۆکاری ئەوەی کە وەفدی کوردی لە ترسی ئەوەی کە نەکا ئەمە داوێک بێت و باسەکان لە جێگەی هەڵگرتنی کوڕەکان، بۆمبڕێژ کرابن، شوێنەکەی جێهێشت.

لە ١٦٣ کوڕی بەبارمتەگیراو، شەش کەسیان توانیان ڕابکەن. ١٥ کوڕی تریش تریش لە چەند خولی دانوستان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا ئازاد کراون. هێستا ١٤٢ لە کوڕەکان لە دەستی داعش دان. ئەو کوڕانەی کە گومانی پێوەندیان لەگەڵ یەپەگەدا لێکراوە، بە سەختی ئەشکەنجە کراون. تەنانەت دەگوترێ یەکێکیان لە ئاکامی لێدان و کوتاندا شێت بووە. باوکی یەکێک لەو کوڕانە دەڵێ کە ئێستا گەورەترین مەترسی و نیگەرانیمان ئەوەیە کە نەکا ئەو قوتابخانەی کە ئەو کوڕانەی لێ ڕادەگیرێن بۆمباران بکرێ. بەڵکوو نەزانن کە کوڕەکانی ئێمە لەو شوێنە ڕادەگیرێن. بە گوتەی ئەو باوکە، مناڵەکان لە قوتابخانەی “تەتبیقات” لە ڕۆژئاوای نەخۆشخانەی باسەڵ لە منبج بەند کراون.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: