ماڵه‌وه‌ > Comment > دووهەم کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکەی ڕۆژهەڵات

دووهەم کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکەی ڕۆژهەڵات

1 تشرینی یه‌كه‌م 2014 لێدوانێک بنووسە Go to comments

ڕۆژی یەکی سێپتامبر، كۆمه‌ڵه‌ی‌ شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، شاخەی کوردستانی حیزبی‌ کۆمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌ و كۆمه‌له‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی کوردستان بە مەبەستی تاووتوێکردنی هەندێک پرسی پێوەندیدار بە خۆیان و خەباتیان لە ڕۆژهەڵات کۆبوونەوە. ڕۆژی ٣٠ی سێپتامبر، کۆبوونەوەی دووهەمی ئەو پێنج حیزبە بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە هاوکات لەگەڵ جەولەی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حدک و دەنگۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە لایەن ئەو حیزبەوە بوو و هەر بۆیە، بەر لە کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، خەبەری ئەوە بڵاوبۆوە کە گۆیا، ئەو پێنج حیزبە، مژاری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریان لە ڕۆژهەڵات تووتوێ کردووە و بڕیارە لێژنە پێک بهێنن و … ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، ئەنوەر محەمەدی، ئەندامی دەفتەری سیاسی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، دەنگۆکەی بەدرۆ خستەوە و وتی باسی خەباتی چەکداری هەر نەکراوە و ڕەخنەی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حدک گرت کە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بە میدیایی کردووە و … پێشووتر دەنگۆیەکی تر سەبارەت بە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەو پێنج حیزبە بڵاوببۆوە و باس لەوە کرابوو کە گۆیا مەسەلە، قەیرانی دارایی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی هاوبەشە. زانیارییەک کە هیچ کام لە حیزبەکان، تا ئێستا لەسەری نەدواون.
لێرەش

Advertisements
:هاوپۆله‌کانComment
  1. : رۆژپڕێس|Rojpress
    1 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 19:40

    ئەنوەر محەمەدی: دوو لایەنی بەشدار لە كۆبوونەوەكان بەرپرسیارانە ناجۆلێنەوەو بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی هەواڵی كۆبوونەوەكان بڵاو دەكەنەوە
    01/10/2014

    پاش ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەكە هاتۆتە ئاراوە 5 حیزبی كوردستانی رۆژهەڵات بە مەبەستی تاوتوێ كردنی بارودۆخەكە چەندین كۆبوونەوەیان بەشێوەی هاوبەش سازداوەو وەك هاوڕێ ئەنوەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بۆ ئاسۆی رۆژهەڵاتی باس دەكات، بڕیار بووە ئەم كۆبوونەوانە بەمیدیایی نەكرێن، بەڵام دولایەنی سیاسی ناوكۆبوونەوەكە بە بەرپرسایەتیەوە نەجوڵاونەتەوە هەواڵی كۆبوونەوەكانیان لە ئاراستەی بەرژەوەندی خۆیان بڵاوكردۆتەوە، بۆ روونكردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە ئاسۆی رۆژهەڵات وتوێژێكی لەگەڵ هاوڕێ ئەنوەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران سازداوە.

    دەقی وتووێژەكە لێرەدا بخوێینەوە

    ئاسۆی رۆژهەڵات: دوێنێ سێشەممە 8ی رەزبەر كۆبوونەوەیەك بە بەشداری 5 حیزب لە بارەگای ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بەڕێوەچوو، لە هەندێ سایت و كەسی سەر بە دوو لایەنی دیاریكراوی بەشداری كۆبوونەوەكە باسی ئەوە دەكەن كە گوایە ئێوە بۆ تاوتووێ كردنی خەباتی چەكداری كۆبوونەتەوە؟

    ئەنوەر محەمەدی : سپاس بۆ ئێوە، بەڵام پێویستە پێش وەڵامی پرسیارەكەتان شتێك بڵێم ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارماندا ئەم دانیشتنە راگەیاندنی نەكرێتەوە بە كۆمەڵێك هۆكاری دیاریكراو. بەڵام بە داخەوە ئەو لایەنانە بە تایبەتی برایانی حدك بە بەرنامە ئەو كارەیان كردووە بۆیە من بە پێویستی دەزانم وەڵامی پرسیارەكانی ئێوە بدەمەوە و راستیەكان بەیان بكەم.

    لە تەواوی ئەو كۆبوونەوەیەدا تەنیا خاڵێك كە وەك ئەجێندا و باسی كۆبوونەوەكە نەهاتوەتە گۆڕێ خەباتی چەكداری بووە و لە سەر ئەوەش كۆنەبوینەتەوە. مەبەستم ئەوە نیە بڵێم خەباتی چەكداری نابێ باس بكەین و نابێ لەم بارەوە بەحس و دیالۆگ بكەین، قسەكە ئەوەیە لەم كۆبوونەوەیەدا وەك خاڵێكی كۆبوونەوەكە نە باسی كراوەو نە هاتووەتە گۆڕێ تا بكرێتە باسی كۆبوونەوەكە. راستیەكەی ئێمە بۆ خۆمان لەم دوو كۆبوونەوەیەدا هەست دەكەین كە بەرپرسیارانە ناجۆلێنەوەو بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی دوو لایەن هەوڵ دەدەن كەڵك وەر بگرن. پێش ئەوەی بێنە كۆبوونەوەكان لە گەڵ خەڵكانی نزیكی خۆیان قسە دەكەن هێشتا كۆبونەوەكە تەواو نەبووە یان دەستی پێنەكردوە لە سەر فەیس بوك و سایتەكان بڵاوی دەكەنەوە، ئەویش بە شێواوی و بە دڵخوازی خۆیان كە ئەمە بۆ خۆی دەتوانێ لە ئێستا و داهاتوودا ئێمە ولایەنەكانی دیكە دوو دڵ بین لە درێژەدانی ئەم جۆرە كۆبونەوانە و پێم وایە وا بڕواتە پێش سەركەوتوو نابێ.

    ئاسۆی رۆژهەڵات: ئەو دوو لایەنە كێن كە هەوڵ دەدەن كەڵكی حیزبی وەرگرن ؟

    ئەنوەر محەممەدی: بە داخەوە هاوڕێیانی پێشووی ئێمە و حیزبی دیموكراتی كوردستان تا ئێستا لەو ئاراستەیەدا هەنگاویان هەڵگرتووە.

    ئاسۆی رۆژهەڵات: بۆ لایەنەكانی دیكەی رۆژهەڵات بەشداری نادەن لەو كۆبوونەوانە؟

    ئەنوەر محەممەدی: ئێمە وەك كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە هەر دوو كۆبوونەوەكە باسی ئەوەمان كردوە لایەنەكانی دیكەش بەشدار بن و پێداگریشمان كردوە، ئەوەش بە قازانج دەزانین لایەنەكانی دیكەش بەشدار بن .
    http://asoyroj.com/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=7047&Jor=1%DA%A9%DB%86%D9%85%DB%95%D9%84%DB%95%DB%8C&fb_action_ids=599760896812527&fb_action_types=og.likes&fb_ref=.VC3ayE6207c.like

  2. : رۆژپڕێس|Rojpress
    1 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 19:40

    كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێنج حیزبی‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان ده‌ستی‌ پێكرد
    سێ شەممە, 30 سێپتامبر 2014 10:23 | ئەو بابەتە 825جار بینراوە
    رۆژهەڵات تایمز: کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پێنچ حیزب‌و رێکخراوی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تاوتوێ کردن‌و بەدواداچوونی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی یەکەمین‌و دوایین بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای زنجیرە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی حدک، ئێستا لە کۆبوونەوەدان.

    كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج حیزبی‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان ده‌ستی پێكرد‌و ئه‌مه‌ش به‌ دووهه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ر پێنج حیزبه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م مانگه‌ دیته‌ ئه‌ژمار كردن. ئه‌مرۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ شۆرشگێر، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ی‌ حیزبی‌ كمونیست، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و كۆمه‌له‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشان بۆ جاری‌ دووهه‌م كۆبوونه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌كه‌ی‌ ئه‌مرۆدا دوایین ئه‌نجامی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ پێشووی‌ ئه‌م حیزبانه‌ له‌ رۆژی‌ یه‌كی‌ سێپتامبری ٢٠١٤ تاوتوی‌ ده‌كرێت‌و نوێنه‌رانی‌ هاوبه‌شی‌ هه‌ر پێنج حیزبه‌كه‌ ده‌ناسرێن‌و پێكه‌وه‌ لێژنه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش پێكدێنن.

    به‌ پیی‌ زانیارییه‌كان هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مرۆ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ له‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ میكانیزمی‌ هاوبه‌ش بۆ پێكه‌وه‌ كاركردنی‌ زیاتر‌و دۆخی‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان قسه‌و باسی‌ لێوه‌ ده‌كرێت.

    ئه‌م كۆبوونه‌وه‌، دووهه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ ئه‌م حیزبانه‌یه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا‌و ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ چالاكی‌ چه‌كداریی‌” پارێزه‌رانی‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان” له‌ نێوخۆی‌ رۆژهەڵات كه‌ به‌ پێی‌ دوایین ئاماری‌ میدیایی‌ حكوومه‌تی‌ ئێران ئه‌م چالاكیانه‌ كوشتنی‌ ٢٥ پاسدار‌و لێپرسراوی‌ باڵای‌ سه‌ربازیی‌ ئێرانی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌‌. حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانيش شه‌هید بوونی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ به‌ ناوی‌ هه‌ژار قاسمی‌ له‌ شاری‌ شنۆ راگه‌یاند.

  3. : رۆژپڕێس|Rojpress
    1 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 19:40

    Gharani Ghaderi
    پێنج حزبەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
    ئەوە جاری دووەمە کە پێنج حزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکانەوە کۆ دەبنەوە.
    لەو ماوەیەدا ئەوە جاری یەکەمە کە پێنج حزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە دانیشتنیان دەبێت، کە زۆریش گرینگە. ئەوەش ئاسایییە کە دانیشتنەکەیان نهێنی بێت، بەڵام وا باشە کە لەسەر بڵاوکردنەوە یان بڵاونەکردنەوەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان، ڕێککەون. چێکردن و بوونی متمانە، مەرجێکی ترە.
    بەڵام ئەوەش زۆر نائاسایییە کە پاش ئەو هەموو ساڵە خەبات و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی کە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە، نەتوانن لە سەر هەندێک پرسدا ڕێک بکەون. پێم وایە پێویستیش بەوە نییە کە ئەو دانیشتنانە ببنە کۆبوونەوەیەکی ماراسۆنی و کۆتایییان پێ نەیت.
    لانیکەم بۆ دەسپێک و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، دەتوانن زۆر بەخێرا لەسەر هەندێ پرس وەکو کاری هاوبەش بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان، بەڕێوەبردن و بڵاوکردنەوە بەیاننامەی هاوبەش بە بۆنەی ڕووداوە مێژوویییەکان. یان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراوەی هاوبەشیان هەبێت.
    بەپێی ئەوەی کە هەستیاری و دڕدۆنگی لە ناو حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆرە، لەوانەیە نەگونجێت کە باس لە ستراتیژی و شێوەی خەباتی هاوبەش بکەن. درێژەدان بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان و لێکنزیکبوونەوە، دەتوانێت کاری گەورەتری بەدوادا بێت.

  4. : رۆژپڕێس|Rojpress
    2 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 01:21

    وەڵامێک بۆ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیڕان

    مادح ئەحمەدی

    لەمەڕ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاک “ئەنوەر محەمەدی”، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەوە تاوانبار دەکا کە هەواڵەکەیان بڵاو کردووەتەوە و بۆ پڕۆپاگەندا و بەرژەوەندیی حیزبی بەکاریان هێناوە. هاوکات باسی ئەوە دەکا کە بڕیاریان وابووە کۆبوونەوەکان بە میدیایی ناکرێن.
    یەکەم: کاک ئەنوەر بەم لێدوانە، بەپێچەوانەی ئەو شتەی کە دەبێژێ”لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارماندا ئەم دانیشتنە راگەیاندنی نەكرێتەوە بە كۆمەڵێك هۆكاری دیاریكراو”، بۆ خۆی بڕیارەکەی پێشێل کردووە و باسی کۆبوونەوەکەی کردووە.
    دووەم: بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن و ئەنجامێکی دڵخۆشکەری لێ بکەوێتەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان لەم جۆرە لێدوانانە بە دوور بگرن. ئەوی کە کاک “ئەنوەر محەمەدی” وەک ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هاتووە دوو لایەنی دیکە تۆمەتبار دەکا و دەێژێ :” دوو لایەنی بەشدار لە كۆبوونەوەكان بەرپرسیارانە ناجۆلێنەوە و بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی هەواڵی كۆبوونەوەكان بڵاو دەكەنەوە”، کۆسپ دروست کردنە بۆ بەردەوامی کۆبوونەوەکان. پێم وایە ئەگەر هاوڕێیانی ” کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” لەسەر ئەو باوەڕن کە کۆبوونەوەکان بەردەوام بێ، دەبێ بەرپرسیارانە قسە بکەن و بەو ئاراستەیەدا نەبێ کە ئەوی دیکە تۆمەتبار بکەن و تەگەرە بخەنە بەردەم بەردەوامی کۆبوونەوەکان.
    سێیەم: کاک ئەنوەر گومانێکی هەیە و هیچ بەڵگەیەکی فەرمیی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی ناخاتە ڕوو. ئەوەی کە گومانەکەی کاک ئەنوەر و حیزبەکەی چەندە لە جێی خۆی دایە، یان راستە، یان ناڕاستە، بابەتێکی دیکەیە من قەزاوەتی لەسەر ناکەم. بە باوەڕی من دەبوو کاک ئەنوەر و حیزبەکەی لە کەناڵی فەرمییەوە پێوەندیی بەو لایەنانەوە بگرن (کە کاک ئەنوەر تۆمەتباری کردوون و پێ وایە ” بەرپرسیارانە ناجۆلێنەوەو بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی هەواڵی كۆبوونەوەكان بڵاو دەكەنەوە”) و داوای روونکردنەوەیان لێ بکەن. یان دەکرا لە کۆبوونەوەی داهاتوودا، بە بەڵگەوە بابەتەکەیان باس کردبایە و داوای روونکردنەوەیان لەو لایەنانە کردبایە.
    ئەگەر لایەنەکانی بەشداری ئەو کۆبوونەوانە گەرەکیان بێ کۆبوونەوەکان بەردەوام بێ، پێویستە خۆیان لەم جۆرە لێدوانانە بەدوور بگرن و هەر وردە کێشە و گومانێکیش کە دروست بێ، دەکرێ لە ناو خۆیاندا قسەی لەسەر بکەن و چارەسەری بکەن.

    لەگەڵ رێزدا

    مادح ئەحمەدی

  5. : رۆژپڕێس|Rojpress
    2 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 14:21

    تۆمه‌تباركردنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ شۆرشگێر له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌كه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌
    پێنج شەممە, 02 ئۆکتۆبر 2014 08:25 | ئەو بابەتە 174جار بینراوە
    رۆژهه‌ڵات تایمز: فه‌ریبا محه‌ممه‌دی‌ نوێنەری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كۆبوونەوەی پێنج لایەنی سیاسی رۆژهەڵات، تۆمه‌تباركردنی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ له‌لا‌یەن کۆمەڵە‌ی‌ شۆرشگێر به‌وه‌ی‌ زانیاری‌ نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌ میدیایی‌ كردبێت، ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: “هیوادارین لە جیاتی پڕوپاگەندەی بەرتەسكی حیزبی، كاری جیددی بۆ سازدانی هاوكاریەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێتە ئامانج”.

    ئه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ کۆمەڵە‌ی‌ زه‌حمه‌تكیشان دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ ئه‌نوه‌ر محه‌ممه‌دی‌ له‌ کۆمەڵە‌ی‌ شۆرشگێر هه‌ر دوای‌ ته‌واو بوونی‌ کۆبوونەوە‌ پێنج قۆلییه‌كه‌، هه‌ر دوو لایه‌نی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستا‌و کۆمەڵە‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ کۆبوونەوە‌كه‌یان به‌ میدیایی‌ كردوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو تا ئه‌وكات هه‌ر دوو حیزب هیچ هه‌واڵێكی‌ ره‌سمیان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بڵاو نه‌كرد بووه‌.

    کۆمەڵە‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانیش رایگه‌یاند: “لە هیچ ماڵپەرو راگەیاندنێكی رەسمی ئێمەو نە لەلایەن ئەندامانی ئێمەوە هیچ زانیارییەك سەبارەت بە ناوەرۆك‌و بەرێوەچوونی ئەم كۆبوونەوە بڵاو نەبۆتەوەو هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بە ناراست دەزانین كە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان زانیاری دركاندبێت”.

    ئه‌گه‌ری‌ زۆری‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ کۆمەڵە‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشان وەڵامی‌ ئه‌نوه‌ر محه‌ممه‌دی‌ له‌ کۆمەڵە‌ی‌ شۆرشگێر بده‌نه‌وه‌.

    ده‌قی‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ کۆمەڵە‌ی‌ زه‌حمه‌تكیشان بخویننه‌وه‌:

    روونكردنەوەیەك لەلایەن نوێنەری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كۆبوونەوەی پێنج لایەنی سیاسی

    من وەك نوێنەری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشدار لە كۆبوونەوەی پێنج لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان رایدەگەینم كە لە هیچ ماڵپەرو راگەیاندنێكی رەسمی ئێمەو نە لەلایەن ئەندامانی ئێمەوە هیچ زانیارییەك سەبارەت بە ناوەرۆك‌و بەرێوەچوونی ئەم كۆبوونەوە بڵاو نەبۆتەوەو هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بە ناراست دەزانین كە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان زانیاری دركاندبێت.

    دووهەم: بەمجۆرە رایدەگەینین كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هەر لە سەرەتاوە خوازیاری پێكهاتنی چەترێكی هاوكاری لەنێوان هەموو حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووەو ئێستاش بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدا. كۆبوونەوەی پێنج لایەنیش لە روانگەی ئێمەوە هەنگاوێكە بۆ ئەم مەبەستە. هیوادارین لە جیاتی پڕوپاگەندەی بەرتەسكی حیزبی، كاری جیددی بۆ سازدانی هاوكارییەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێتە ئامانج.

    لە گەڵ رێزدا فەریبا محەممەدی

  6. : رۆژپڕێس|Rojpress
    2 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 14:24

    حزبی دیموکراتی کوردستان حەزی لەسەر سنووری ئێرانه‌

    وشە/هەولێر.هیدایەت جان-
    مانگێكە حزبی دیموكراتی كوردستان چالاكییەكانی لە ناوخۆی رۆژهەڵات چڕ كردووەتەوە و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی میدیا فەرمی و سێبەرەكانییەوە، هێرشی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات و بەتایبەت ئەو حزبە دەست پێ كردووە و لە رووماڵكردنی هەواڵەكاندا باسیان لە شەڕ و پێكدادانی قورس و چەند كاتژمێری لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی دیموكرات كردووە.
    ئەوەی تا ئێستە روون نییە پرسی راگەیاندنی شەڕی چەكدارییە دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن حزبی دیموكراتی كوردستان. مستەفا مەولوودی جێگری سكرتێری حزبی دیموكرات لە لێدوانێكیدا بۆ “وشە” دەڵێت: “حزبی دیموكرات هیچ كات شێوازە جۆراوجۆرەكانی خەباتی لە ناوخۆی خەڵكەكەیدا رانەگرتووە و ئەو چالاكییانەی لە ماوەی ئەو مانگەدا دەنگیان داوەتەوە، درێژەی ئەو خەبات و تێكۆشانە جۆراوجۆرانەن كە ئەندام و پێشمەرگە و دۆستانی حزبی دیموكرات لە مێژووی ئەو حزبەدا جێبەجێیان كردووە”.
    مەولوودی زیاتر روونی دەكاتەوە: “ئەو چەند شەڕ و پێكدادانەش كە لەو ماوەیەدا روویان دا، لە ڕاستیدا تێكۆشەرانی ئێمە كەوتوونەتە بۆسەی رژێمەوە و شەڕیان كردووە كە لە ئاكامدا هەم ژمارەیەك لە پاسدار و بەكرێگیراوانی رژێم كوژراو و بریندار بوون، هەمیش پێشمەرگەی ئێمە شەهید و بریندار بوونە و هەر ئەوەش وای كردووە كە دەنگدانەوەكەی زیاتر بێت، ئەگینا شتێك بەناوی خەباتی چەكدارانە دەستی پێ نەكردووەتەوە و ئێمە لە بنەڕەتەوە ئەو شێوازە خەباتەمان رانەگرتووە و هەركات دەرفەتێك بووە كەڵكمان لێ وەرگرتووە، كاتێكیش كە پێویست نەبووە ئەوا نەمان كردووە و ئێستەش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو چەند پێكدادانەی دواییدا پێشمەرگەكانی ئێمە كەوتوونەتە بۆسە و بۆ بەرگریكردن لە خۆیان شەڕیان كردووە”.
    لە ماوەی چالاكییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە ناوخۆی رۆژهەڵات، زۆربەی میدیاكان باسیان لەوە كردووە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی لایەنێكی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە داوای لێ كردوون چالاكییەكانیان بوەستێنن، مستەفا مەولوودی دووپاتی دەكاتەوە: “تا ئێستە هیچ لایەنێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یان لایەنێكی سیاسیی باشووری كوردستان بە رەسمی داوای لە حزبی دیموكراتی كوردستان نەكردووە چالاكییەكانی بوەستێنێت”.
    جێگری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستان دەڵێت “ئێمە پێمان وا نییە حكوومەتی هەرێمی كوردستان یان هێزە سیاسییەكانی هەرێم داوایەكی لەم شێوەیە لە هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن، لەبەرئەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان دۆخی تایبەت بەخۆی هەیە و چالاكی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات و بەتایبەتی حزبی دیموكراتی كوردستان، كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر بزووتنەوەی سیاسی و ئەزموونی هەرێم نابێت”.
    دەڵێت: “بە خۆشحاڵییەوە هەرێمی كوردستان خاوەن پێگە و سەروەری تایبەت بەخۆیەتی، واتا بەشێوەیەك نییە هێز و توانا و دەسەڵاتی خۆی لە وەستاندنی بزووتنەوەی بەشێكی تری كوردستاندا بدۆزێتەوە، خۆی پلان و سیاسەت و دیپلۆماسی و بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەیە و خاوەن هێز و توانایە. پێم وانییە داوایەكی لەم شێوەیە لە ئێمە بكەن و حزبی دیموكراتیش هەمیشە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ئەزموون و دەستكەوتەكانی یارمەتیدەر بووە و لە بەرچاوی گرتووە”.
    ئەو ئەندامەی رێبەرایەتیی حزبی دیموكرات دەڵێت: “ئەگەر رۆژێكیش رێبەرانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە پرسیار لە حزبی دیموكرات بكەن، ئەوا حزبی دیموكرات روونكردنەوەی بۆ ئەم پرسیارانە هەیە”.
    گواستنەوەی كەمپەكان بەرەو سنوور
    ئامادەیی پێشمەرگە و ئەندامانی دیموكرات لە ناوخۆی رۆژهەڵات لە كاتێكدابوو كە زیاد لە ١٥ ساڵە ئەو بەشە لە كوردستان چالاكییەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیتبوو و تا رادەیەك بێ دەنگی باڵی بەسەردا كێشابوو، بەڵام لەگەڵ یەكەم پێكدادانی چەكداریی ئەو هێزە و سوپای پاسدارانی ئێران، دەنگدانەوەیەكی بەرچاوی میدیایی و جەماوەری لێ كەوتەوە و وای كرد تا رادەیەكی چاوەڕواننەكراو ئەو بێ دەنگییەی ناوخۆی رۆژهەڵات بشكێت.
    بەپێی راگەیەندراوەكان و لێدوانی بەرپرسانی حزبی دیموكرات، پێ دەچێت چالاكییەكانیان لە ناوخۆ بەم شێوەیە بەردەوام بهێڵنەوە، بەڵام ئاخۆ دەكرێ لە ناوخۆی رۆژهەڵات چالاكییەكانیان چڕ بكەنەوە، بەڵام سەركردایەتیی حزب لە كەمپەكانی ناوەڕاستی باشووری كوردستان نیشتەجێ بن؟ بۆ ئەم پرسە مستەفا مەولوودی رای دەگەیەنێت كە كەمپەكانی باشوور شوێنی دانیشتن و حەوانەوەی بنەماڵەكانی دیموكراتە و پێی وایە ئەندام و پێشمەرگەكانیان زۆربەیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدان”.
    ئەو ئەندامەی رێبەرایەتیی حزبی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: “دەبێ فشاری كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر كوردستان چەندە بێت تا خەڵكی كوردستان بە چەند چالاكییەكی چەكداری كە ئەویش سوپای پاسداران بۆسەی بۆ پێشمەرگەكانی ئێمە دانابوون و بەرگرییان لە خۆیان كردووە، خەڵكی وا دڵخۆش كردووە و پێیان خۆشە بە هەموو جۆرێك و بە قورسترین شێوە لە ناویاندا بن و خەباتیان بۆ بكەن و ئەوانیش یاریدەر و هاوكار بن”.
    ئەوەش دەڵێت: “كەمپەكانی حزبی دیموكرات شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەوەی بنەماڵەكانی دیموكراتە و تێكۆشەرانی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لەناو خەڵكدان و حزبی دیموكرات لێرەڕا هێز نانێرێتەوە، بەڵكو ئەو هێزەی كە لەوێ هەیەتی، لەباری رێكخستنەوە سەرپەرشتی دەكات و لەوێ تێكۆشانی سیاسی و پڕوپاگەندە و رێكخستن ئەنجام دەدەن”.
    مستەفا مەولوودی دەڵێت: “ئەو هێزانە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا بۆ ئەوەی بتوانن بجووڵێن و كار بكەن، دەبێ چەكیان پێ بێت بۆ ئەوەی ئەگەر فشاری بۆ هات بەرگری پێ لە خۆی بكات، لەبەرئەوەی مەبەستی كارەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستانە و هێزەكەش هەر لەوێیە، ئێمەش پێمان وایە حزبی دیموكرات وەك تا ئێستە لە مێژووی خۆیدا هەركات دەرفەتی بۆ هاتبێتە پێش، كەڵكی لێ وەرگرتووە و خەباتەكانی پەرە پێ داوە، دەبێ ئێستەش درێژەی پێ بدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە رێبەرایەتی حزبی دیموكرات ئەو تێگەیشتنەی هەیە كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پێوەندی سیاسیی ئەو هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەبەرچاو بگرێت و بەشێوەیەك هەڵسوكەوتی سیاسی بكات كە زیان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان نەگات”.
    هەروەها دەڵێت: “بۆ ئێمە خۆشتر دەبوو ئەگەر لوابایە هەموو ئەندامانی دیموكرات لەناو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بان و بە شێوەیەكی یاسایی و ئازادانە خەباتی مەدەنی و رێكخستن و سیاسیی كردبایە، ئەگەر لە سنوورەكانیش دەرفەتی ئەوە بڕەخسێ ئەوە باشتر دەبوو بۆ پێوەندیكردنی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵكەكەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە دڵنیاییەوە ئێمە كارێكی لەم شێوەیە ناكەین كە زیان بە ئەزموون و بەرژەوەندی كوردستان بگات”.
    مەولوودی بۆ بەردەوامبوونی چالاكییەكانیان لە ناوخۆ بەو شێوازەی كە ئێستە گرتوویانەتە بەر دەڵێت: “لە روانگەی حزبی دیموكرات خەبات و تێكۆشان یەك رەهەندی نییە بەڵكو چەند رەهەندییە، بەڵام ئەو جۆرە خەباتەی كە دەبێ ئامادەبوونی چالاكتری لەناو خەڵكەكەیدا هەبێ بۆ ئەوەی رۆڵ و كاریگەریت زیاتر بێت، لە پلان و بەرنامەی ئێمەدایە بە مەرجێك كێشەیەكی جدی كە لە توانای حزبی دیموكراتدا نەبێ بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت”.
    بە تەنیا مانەوەی حزبی دیموكراتی كوردستان
    هەر پێنج لایەنی سەرەكیی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات، مانگێك لەمەوبەر لە بارەگەی سەرەكیی حزبی دیموكراتی كوردستان كۆ بوونەوە و لە ئەنجامدا لەسەر ئەم خاڵە رێك كەوتن كە رووی چالاكییەكانیان لە رۆژهەڵات بكەنەوە. هەر دوا بەدوای ئەم بڕیارە، گرووپی “پارێزەرانی رۆژهەڵات”ی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستان دەستیان كرد بە چالاكی لە ناوخۆدا، بەڵام ئەوا ماوەی مانگێكە ئەو گرووپە لە ناوخۆدان و تا ئێستە لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا شەهیدێك و چەند برینداریان هەیە، بەڵام هیچ یەك لە چوار لایەنەكانی تری ئامادەبووی ئەم كۆبوونەوەیە نە بە رەسمی و نە بەشێوەی نارەسمی بەتەنگ ئەو دەستپێشخەرییە نەچوون.
    جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌یش ده‌خاته‌ ڕوو “نزیك بە مانگێك لەمەوبەر ئەو 5 هێزە سیاسییەی رۆژهەڵاتی كوردستان دانیشتنێكمان لە بارەگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەبوو، لەو دانیشتنەدا لەسەر بارودۆخی سیاسی گفتوگۆ كرا. یەكێك لە بابەتەكان چۆنیەتیی هاوكاری و هاوخەباتی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات بەیەكەوە بوو و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لیژنەیەكمان پێك هێناوە، ئەو لیژنەیە لە بارەگەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دانیشتوون و لەسەر جۆری هاوكاری و هاوپێوەندی و هاوخەباتی بەیەكەوە گفتوگۆ دەكەن، بەڵام هەلومەرجی كار و تێكۆشانی حزبەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان تا ئێستەش هەر حزبەی بەتەنیا و بە لەبەرچاوگرتنی توانای خۆی لە بوارەكانی رێكخستن و دیپلۆماسی و بەشداری لەناو خەڵكدا یان چالاكیی پێشمەرگانە كار دەكات، لەم پێوەندییەدا بەداخەوە هاوكاری ئێمە نەگەیشتووەتە ئەوەی لە ئاستە بەرزەكاندا بەیەكەوە بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێت و حزبی دیموكراتی كوردستان لە توانایدا هەیە لە هەموو ئاستەكانی خەباتدا هێز و توانای خۆی وەگەڕ بخات و چالاك بێت”.
    ئەلتەرناتیڤ بۆ یارمەتی دارایی
    دوای ئەوەی بەغدا بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بڕی، تەنگژەی دارایی باڵی بەسەر هەرێمدا كێشا و ئەو تەنگژەیە داوێنی حزبەكانی رۆژهەڵاتیشی گرتەوە و حكوومەتی هەرێم ئەو بڕە بودجەیەی بڕی كە وەك یارمەتی دارایی بۆ ئەو حزبانەی دەنارد، ئەوەش وای كرد هەندێك لە حزبانە تووشی گرفتی دارایی بنەوە، مەستەفا مەولوودی دەڵێ كە ئەوان هەر لە سەرەتای دروستبوونی حزبەكەیان پشتیان بە یارمەتی خەڵكەكەیان بەستووە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا.
    مەولوودی گوتی “حكوومەتی هەرێم لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە تووشی تەنگژەیەكی دارایی بووە و ئەو كەسانەش كە بە جۆرێك لە دارایی هەرێمی كوردستان سوودمەند بوون تووشی گرفت هاتوون، هەرێمی كوردستانیش زۆر و كەم یارمەتیی ئەو هێزانەی رۆژهەڵاتی داوە كە لە هەرێمن، ئێستەش كە وەك پێویست لە بەغداوە بودجەی بۆ نایەت، كاری كردووەتە سەر ئەو یارمەتییەی بە ئێمە دەكرێت”.
    ئاماژه‌ی دا “حزبی دیموكرات لە یەكەم رۆژی دامەزرانی لە خاڵی كۆتایی پێڕەوی ناوخۆییەكەیدا دەڵێت، سەرچاوەی دارایی حزب یارمەتی دۆستان و ئابوونەی ئەندامانی حزبە، بۆیە داواكردنی یارمەتی لە خەڵكی خۆی بەشێكە لە ئەركەكانی و حزبی دیموكرات ئێستەش هەر بەو داراییەوە كار دەكات و دەبێ بژی، حزبی دیموكرات پێی شەرم نییە داوا لە خەڵكی رۆژهەڵات بكات یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی لە سەرجەم ئاستەكانی تێكۆشانیدا بەردەوام بێت و پێویستی بە ئەملا و ئەولا نەبێت”.

    http://wishe.net/dreja.aspx?=hewal&jmare=1636&Jor=1

  7. : رۆژپڕێس|Rojpress
    4 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 11:05

    Aziz Sheikhani
    11 hrs · Edited ·
    خه‌باتی چه‌كداریی یان تێكهه‌ڵچوونی به‌ رێكه‌وت
    له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا باس له‌ تێكهه‌ڵچوونی نێوان پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كرێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌و تێكهه‌ڵچوونانه‌ به‌ ده‌ستپێكی خه‌باتی چه‌كداریی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا پێناسه‌ ناكرێن، به‌ڵام ده‌كرێ به‌ هه‌نگاوێكی تاكتیكی بخه‌مڵێندرێن. خه‌ڵكی كورد و زۆربه‌ی گه‌لانی ژێر ده‌ست و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كان له‌ زمانی چه‌ك و شه‌ڕ باشتر تێده‌گه‌ن، بۆیه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی ته‌قه‌ی چه‌كه‌كان له‌ گۆڕه‌پانی نێوخۆ و ناوچه‌دا زۆر و به‌رچاوه‌.
    مێژووی ناوچه‌ و به‌ تایبه‌ت كورده‌كان و لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌ كورده‌كان به‌ داخه‌وه‌ به‌ستێنێكی ئاماده‌كراو بۆ توندوتیژییه‌. له‌ ژێڕ سێبه‌ری نیزام و ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركوتكه‌ردا گه‌مه‌ی دێموكڕاسی و مافی چاره‌ی خۆنووسین گوڵ ناكه‌ن، بۆیه‌ به‌ كارهێنانی چه‌ك و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كداری به‌ یه‌كێك له‌ تاكتیكه‌ كاریگه‌ره‌كان بۆ قۆناخێكی دیاریكراو به‌ئه‌ژمار دێ. به‌ واتایه‌كی دیكه‌ شه‌ڕی كورد بۆ ئه‌ستاندنی مافه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ خانه‌ی شه‌ڕی مافخوازانه‌ و داسه‌پاو. له‌ نیشتمانێكدا كه‌ داگیركراوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ زۆر و زیندان ناچار به‌ قبوڵكردنی دۆخی ژێرده‌سته‌بوون كراون، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و به‌گژداچوونه‌وه‌ ده‌بێته‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی.
    هێز و پارته‌‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ ماوه‌ی ١٨ ساڵی رابردوودا له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆی پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی باشووری كوردستان و دۆخی ناسكی ناوچه‌دا ناچار به‌ قبوڵكردنی بژارده‌یه‌ك كران، كه‌ كه‌شێكی ته‌ژی له‌ پاسیڤبوونی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا خوڵقاند. كورده‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا و پارته‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ دوای راپه‌ڕینی كورده‌كان له‌ باشووری كوردستاندا خۆیان بۆ قۆناخی تازه‌ ئاماده‌ نه‌كردبو. ئه‌وان له‌ نێو خۆدا ئاماده‌ی پڕكردنه‌وه‌ی جۆری خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ نه‌بوون و له‌ ده‌ره‌وه‌ش روانینێكی دیار و روون بۆ دوارۆژی بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵات له‌ ئارادا نه‌بو. له‌ ئاكامی نه‌بوونی ئاڵترناتیڤێكی دیار و هه‌ڵقوڵاو له‌ جه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا و چه‌قینی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ باشوور و ونبوونیان له‌ ته‌پ و تۆزی كێشه‌ نێوخۆییه‌كاندا، ژماره‌یه‌ك له‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ باكور و باشوور خه‌ریكی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون. پارته‌ باكوریی و باشوورییه‌كان له‌ دوو به‌ره‌ی جیاوازدا كه‌وتنه‌ كار و به‌ دروستكردنی پارت و له‌ داوخستنی ژماره‌یه‌ك كه‌س و كۆمه‌ڵه‌ی به‌ ناو كولتووری و ته‌نانه‌ت سازان له‌ گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ره‌وتی بنكۆڵكردنی كولتوری بزوتنه‌وه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستانیان ده‌ستپێكرد. پارته‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌و نێوه‌دا وه‌ك چاوه‌دێرێك له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا مانه‌وه‌ و به‌ شێوازێكی درێژخایه‌ن په‌راوێزخران و له‌ كایه‌ی رۆژهه‌ڵات ده‌رپه‌ڕێندران.
    ئه‌گه‌رچی چوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكڕات له‌ باشووری كوردستان بۆ رۆژهه‌ڵات له‌ درێژخایه‌ندا چاره‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام له‌و دۆخه‌دا ده‌كرێ به‌ راهێنان و مانۆڕێكی سیاسیی-چه‌كداری بژمێردرێ. ستراتیژی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداریی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ مێتۆد و شێوازی كۆن سه‌رناگرێ. ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا و له‌ ژێر سێبه‌ری بارودۆخی ٢٠ ساڵ له‌وه‌پێش كراوه‌، له‌ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا ناگونجێ، به‌ڵام رێگاكان هه‌رگیز به‌ ته‌واوه‌تی كوێرنابنه‌وه‌ و ده‌رگاكان داناخرێن. ئه‌گه‌ر ویست و پلان و ستراتیژی بۆ ده‌ستپێكردنی خه‌باتی چه‌كداری هه‌بێ و سه‌رمایه‌گوزاری له‌ سه‌ر بكرێ، پێویسته‌ له‌ نێوخۆی كوردستاندا تاقیكاری گه‌لانی دیكه‌ ره‌چاوبكرێ. پێكهێنانی شانه‌ی چه‌كدار و رێكخستنی رایه‌ڵكه‌ی چه‌كداریی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا كارێكی شیاوه‌ و خه‌ڵك له‌ به‌رده‌م به‌شداربوون له‌ پڕۆسه‌ و ره‌وتی خه‌باتدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.
    رێژیم تاكتیكی كۆنی حیزبه‌ كوردییه‌كان ده‌زانێ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد بۆ دۆخی خۆی ده‌كات. بوژاندنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداریی به‌ فۆڕم و شێوازی نوێ تاكتیكی هه‌ره‌ سه‌ركه‌وتوو دژ به‌ رێژیم به‌ئه‌ژماردێ. په‌نابردن بۆ شاخ و دواتر بۆ بنكه‌یه‌كی پێشمه‌رگانه‌ و مانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ٢ ده‌یه‌ له‌و زۆنه‌دا به‌ مانای سووڕانه‌وه‌ به‌ ده‌وری بازنه‌ی ناسه‌ركه‌وتوودا پێناسه‌ده‌كرێ. گه‌لێك، كه‌ ئازادیی بوێ و داوای مافه‌كانی خۆی بكات پێویسته‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كان به‌ شكڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆر و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچاربوون وه‌ك گه‌لانی دیكه‌ به‌گژ داگیر و چه‌كداری نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رده‌سته‌كاندا بچنه‌وه‌. بۆ سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر دوژمندا بزوتنه‌وه‌ ده‌بێ به‌ جه‌ماوه‌ریی بكرێ و خه‌باتی چه‌كداریی چه‌ند كه‌س و گرووپێك تێكه‌ڵ به‌ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی كۆمه‌ڵگا بكرێ و هێز و وزه‌ی گه‌وره‌ به‌ تێكڕای خه‌ڵك بدات. با له‌ قاره‌مان سازی خۆ دوور بپارێزین و خه‌ڵك سه‌رپشك بكرێ له‌ تێكه‌ڵبوون به‌ ئاپۆڕای بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ پێناوی دابینكردنی مافی گه‌لدا وه‌گه‌ڕخراوه‌. شه‌ڕی كوردان دژ به‌ رێژیم له‌ ئێران ده‌بێ له‌ نێو شار و گونده‌كاندا ره‌نگبداته‌وه‌ و دوژمن به‌ هه‌موو چاوێك ببینێ، كه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵك و دانیشتووانی كوردستانن، كه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان هاتوونه‌ مه‌یدان نه‌ك چه‌ند چه‌كدارێكی په‌ڕیوه‌ی باشووری كوردستان، كه‌ به‌ چه‌ند ساڵ جارێك له‌ گوند و لێڕه‌وارێك ده‌رده‌كه‌ون.
    رۆژگار ده‌گۆڕێ و له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری ئاڵوگۆڕی زیاتر و زۆرتره‌. روانین و تێڕوانینه‌كان بۆ دوارۆژن و هه‌نگاوه‌كان له‌ ئه‌گه‌ری هه‌بوونی دواڕۆژێكی دیار و ئامانجدار پته‌وتر و به‌گۆڕترن. شایانی باسه‌، كه‌ كورده‌كان له‌ كه‌ش و هه‌وای ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا پێویستیان به‌ چه‌ك ده‌بێ. به‌ردی بناخه‌ی كۆشكی دێموكڕاسی له‌ كولتوری ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رده‌ست و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی به‌ تایبه‌ت وه‌ك ئێراندا هێشتا رۆنه‌نراوه‌. به‌ كرده‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ له‌ روانگه‌ و هه‌ڵوێستی رێژیم و كولتوری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ناكرێ. ته‌نانه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌دا رووخانی نیزام و ئاڵوگۆڕی سیسته‌می سیاسی چاره‌سه‌ری تێڕوانین و هه‌ڵوێسته‌كان ناكا. پرسی كورد له‌ ئێران و وڵاتانی دیكه‌دا به‌ گۆچانی سیحراوی مووسا چاره‌سه‌ر نابن و پێویستیان به‌ خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌یه‌كی زیندوو هه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌كانی خه‌بات كه‌ڵك وه‌رگرێ و ئامانجدار بێ. كولتوری ئه‌و ده‌سه‌ڵات و گه‌له‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتانه‌ و ته‌نانه‌ت ژینگه‌ی خۆمان هه‌ڵگری وانه‌ی گرینگن، كه‌ ناكرێ خۆمان به‌ چیرۆكی شانامه‌ خه‌ریك بكه‌ین و لامان وابێ، بای شه‌ماڵ یان زریان ره‌چه‌ته‌ی سه‌ركه‌وتن و سه‌ربه‌ستیمان بۆ دێنێ و كۆڵه‌كه‌كانی مافی چاره‌یخۆنووسین بۆ كورد داده‌كوتێ و پته‌وده‌كا. خه‌باتی چه‌كداری و به‌گژداچوونه‌وه‌ی چه‌كداری هه‌تا دیكتاتۆرییه‌ت و سه‌ره‌ڕۆیی بمێنی له‌ گوڕ ناكه‌وێ. رۆژهه‌ڵاتییه‌كان بۆ راستكرنده‌وه‌ی باری لاری بزوتنه‌وه‌كه‌یان پێویستیان به‌ رێكخستنه‌وه‌ی جۆر و داڕشتنی فۆڕمی تازه‌ له‌ خه‌باتی چه‌كداری و رێكخستن هه‌یه‌. تێكهه‌ڵچوونه‌ به‌ رێكه‌وته‌كان و خۆدرخستن به‌ فۆڕمی كۆن، كه‌ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك سه‌ر له‌ گوند و مه‌زرایه‌ك ده‌ده‌ن وڵامده‌ری پرسی خه‌باتی كورد له‌ رۆژهه‌ڵات نییه‌. خه‌باتی چه‌كداریی پێویسته‌ له‌ ناخی كوردستاندا چه‌قه‌ره‌ بكا و به‌رین و رۆژانه‌ بكرێته‌وه‌.ئاگری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو كوردستان دانه‌پۆشێ ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌وسێنه‌ران له‌ مانای داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناگه‌ن و هه‌ر به‌ پیلانی ئیمپریالیسم و ئه‌مریكا پێناسه‌ی ده‌كه‌ن!

  8. : رۆژپڕێس|Rojpress
    5 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 01:10

    كۆیه‌:لە نێو كەمپی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقەیە

    وشە / كۆیە
    لە سكرتارییەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقە كراوە و سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە كە پێشمەرگەیەك بە هۆی ئەو تەقانەوە، گیانی لە دەستداوە.
    سەعات 10:30 ئەمشەو، لە بنكەیەكی حەوانەوەی پێشمەرگەكانی سكرتارییەتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، تەقە كرا و دواتر لەلایەن ئاسایشی كۆیەوە دۆخەكە كۆنترۆڵ كرا.
    سەرچاوەكان لە ناو كەمپی دیموكرات لە شاری كۆیە، ئاشكرایان كرد كە تەقەكان لە چەند چەكێكی جیاوازە بووە و بە هۆشیانەوە پێشمەرگەیەك گیانی لە دەستداوە و دووی تریش بریندار بوونە. چەند خولەكێك پاش تەقەكە، ئامبولانس و هێزی ئاسایش گەیشتنە ناو كەمپی دیموكرات.
    سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی بهێندرێ، بە “وشە”ی راگەیاند، “چەند پێشمەرگەیەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ویستوویانە بچنە ناو ریزەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانەوە، بەڵام ئەوە كێشەی لێ كەوتووەتەوە و دواتر لەلایەن هاوسەنگەرەكانی خۆیانەوە تەقەیان لێ كراوە. ئێستەش چەند پێشمەرگەیەك رایان كردووە و بێسەر و شوێنن و هێزەكانی ئاسایش بە شوێنیاندا دەگەڕێن”.
    ساڵی 2006 حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تووشی لێكدابران بوو و بوو بە دوو حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.
    ئەو دوو حزبەی رۆژهەڵات چەند جارێك كۆبوونەوەی لوتكەیان هەبووە و هەوڵی تێكەڵبوونەوەیان داوە، بەڵام تا ئێستە سەركەوتوو نەبوونە.

    AM:12:29:05/10/2014

  1. 5 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 22:33

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: