ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > ن. بارزانی: “ئەوەی بۆ کۆبانێ لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین”

ن. بارزانی: “ئەوەی بۆ کۆبانێ لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین”

12 تشرینی یه‌كه‌م 2014 لێدوانێک بنووسە Go to comments

NNSROJ: نێچیروان بارزانی، سەرۆکوەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند کە حکوومەتی هەرێم کۆبانێی بۆ گرینگە و ئەوەی لە دەستیان هاتبێت بۆ ئەو شارە کردوویانە.

ناوبراو هەروەها گوتیشی کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی کۆبانێ، حکوومەتی هەرێم دەرفەتی ئەوەی نییە هێز بنێرێ بەڵام سەرەڕای ئەوەش هاوکاریی مرۆییان ڕەوانەی کۆبانێ کردووە. ن. بارزانی باسی لەوەش کرد کە چەک و تەقەمەنیان بۆ کۆبانێ ناردووە و تەنانەت بۆمبارانەکانی ئەمریکا لەم شارەش، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مەلا بەختیار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەناو خۆپێشاندەرانی تووڕەی ئەو شارەدا، وتبووی کە ئەوان چەک و تەقەمەنیان بۆ کۆبانێ ناردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی کانتۆنی گەمارۆکراوی کۆبانێ تا ئێستا چەند جار ڕایانگەیاندووە کە هاوکارییان لە هیچ لایەنێکەوە پێ نەگەیشتووە.
م.م.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. : رۆژپڕێس|Rojpress
    12 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 18:00

    نێچیرڤان بارزانی: چەك و تەقەمەنیمان بۆ كۆبانێ ناردووە
    لەلایەن بەهێز کامیل 4 کاژێر لەمەو بەر
    نێچیرڤان بارزانی
    نێچیرڤان بارزانی
    رووداو – سلێمانی

    نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەرچییان لەدەستهاتووە بۆ كۆبانێ درێغییان نەكردووەو ئاشكراشیكرد، بۆردوومانكردنی داعش لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە لەسەر داواو بە هەماهەنگی هەرێمی كوردستان بووە.
    دوای كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا‌و لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر كۆبانێ، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “كۆبانێ بە نیسبەت ئێمەوە پرسێكی گرنگە و ئەوەی لە تواناماندا بێت كردوومانەو درێغی ناكەین”.

    نێچیرڤان بارزانی هەڵكەوتەی كۆبانێی لەرووی جوگرافییەوە بە هۆكارێك زانی بۆ ئەوەی بە ئاستەنگ حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت هێز بنێرێتە ئەو شارە، بەڵام ئاشكرایكرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە هاوكاریی مرۆیی، چەك و تەقەمەنیشی بۆ كۆبانێ ناردووە.

    سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتیشی “بۆ لێدانی چەكدارانی داعش لە دە‌وروبەری كۆبانێ حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنسیقی لەگەڵ ئەمریكا كردووە”.

    بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بچێتە بەغدا، لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: “هەلومەرجێكی نوێ لە بەغدا هەیە و ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەیە كێشەكان بەهێمنی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات وەكو كێشەی بودجە و پێشمەرگەو پرسی وزە، ئێمە دەمانەوێت چانسێك بدەینە سەرۆكوەزیرانی نوێ”.

    نێچیرڤان بارزانی رەتیكردەوە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق مەرجی بۆ كورد دانابێت و گوتی “هیچ شتێكی فەرمیم لەوبارەیەوە نەبیستووە”. گوتیشی “بەڵام هەرێمی كوردستان ئامادەیە مەرجی شەفافی قبوڵ بكات و بۆ ئەوە ئامادەین هەموو زانیارییەك بدەینە بەغدا”. جەختیشیكردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی نەوت ناداتە دەست بەغدا.
    http://rudaw.net/sorani/kurdistan/1210201415

  2. : رۆژپڕێس|Rojpress
    12 تشرینی یه‌كه‌م 2014 له‌ 18:01

    کۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و پارتی
    12 تشرينى يةكةم 2014 17:16
    كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردن بوو لەسەر كێشە هەنووکەییەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی یەكێتیی و پارتی رێككەوتننامەی ستراتیژی.

    سلێمانی

    شاندێکی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆکی ئەو حزبە نێچیرڤان بارزانی و ئەندامێتی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی فازل میرانی و ئازاد بەرواری و هۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیانیان كرد لە شاری سلێمانی.

    شاندەکەی پارتی لە لایەن شاندێکی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە پێشوازی لێكرا كە پێكهاتبوون لە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی ی.ن.ک كۆسرەت رەسوڵ عەلی لێپرسراوی دەستی گارگێڕی مەکتەبی سیاسی مەلا بەختیار، هەروەها حاكم قادر و عومەر فەتاح و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد و رەفعەت عەبدولڵا و شێخ جەعفەر و سەعدی ئەحمەد پیرە.

    لە كۆبوونەوەیەكدا كە زیاتر لە سەعاتێکی خایاند، باس لە بابەتە گرنگەكانی ئەمڕۆی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و رۆژئاوا و ناوچەكە كرا.

    لەبارەی پەیوەندییەكانی هەردوولا كە لە ئێستادا زۆر باس لە تێكچوونی پەیوەندییەكانیان دەكرێ، هەردوولا كیشە و گلەییەكانی یەكیان گەیاند بە یەكتری و بڕیاریشیاندا بۆ پتەوكردن و نوێ‌كردنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان، لیژنەیەكی دووقۆڵی پێكبێنن و بەسەر پەیوەندییەكانیاندا بچنەوە و خاڵە لاوازەكان چارەسەر بكەن.

    بۆ كێشەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراقیش، بڕیاردرا سبەی لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی فراوانی پێنج قۆڵی نێوان هەر پێنج حزبە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان بكرێتو تیایدا بڕیار لەسەر یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی كورد بۆ رووداوەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان بدرێ.

    دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە مەلا بەختیار و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوەكەیان بە “گرنگ و پێویست” باسكرد “بۆ رەخساندنی ئایندەیەكی گەش.”

    لە کۆنگرەکەدا باسیان لەوەکرد کە چەند تەوەرێكی زۆر گرنگ باسكراوە و پەیوەندییەكانی نێوانیشیان خاڵێكی گرنگی كۆبوونەوەكە بووە و ئاماژەیان بەوەکرد کە هەلومەرجی ئەمڕۆ پێویست بەوە دەكا سەرلەنوێ‌ بە پەیوەندییەكانی نیوانیاندا بچنەوە.

    دەربارەی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “بڕیارمانداوە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێکمان بچێتە بەغدا و كۆبوونەوە و گفتوگۆی گرنگ بۆ چارەسەری ئەو كێشانە دەكەین.”

    بودجەی هەرێم و پرسی نەوت

    دەربارەی ئەو مەرجانەی كە حكومەتی عەبادی بۆ هەرێمی داناوە بۆ ناردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “ئامادەی پیشاندانی هەموو جۆرە شەفافییەتێكین بۆ هەرلایەک، چونكە سیاسەتی نەوتی ئێمە زۆر ئاشكرا و روونە.”

    گوتیشی: “نەوت بیانووی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان نەبوو، چونكە ئەو كاتەی حكومەتەكەی مالیكی بڕیاری بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانیدا یەك بەرمیل نەوتمان نەناردبووە دەرەوە و نەوتمان نەفرۆشتبوو” ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا دۆخەكە گۆڕاوە و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانێكی نوێ‌ مامەڵە دەكەن و هەوڵی چارەسەری هەموو كێشەكان دەدەن.

    لەبارەی ئەو بڕە نەوتەی كە تا ئێستا فرۆشراوە، بارزانی رایگەیاند کە تا ئێستا 20 كەشتی نەوتیان فرۆشتووە و پارەكەی گەڕاوەتەوە بۆ توركیا و لە رێی توركیاشەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە.

    هاوکات ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە توركیا دەستیگرتبێ بەسەر پارەی هەرێمی كوردستاندا.

    “تەقەمەنیمان بۆ کۆبانێ ناردووە”

    لەبارەی شاری كۆبانێ و یارمەتییەكانی حكومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند ئەوەی لە دەستی حكومەتی هەرێمدا بووبێ لە یارمەتی كۆبانێ درێغییان نەكردووە و تەقەمەنی و یارمەتی مرۆییان ناردووە و سنوورەكانیشیان بە رووی ئاوارەكاندا كردووەتەوە و هەماهەنگیشیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیشدا دروستكردووە بۆ چۆنییەتی هاوكاریكردنی زیاتر.

    لەسەر پرسیاری ئەوەی بۆچی هێز رەوانەی كۆبانێ ناكەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “كۆبانێ لە سنووری هەرێمی كوردستانەوە زیاتر لە 200كم دوورە و بە هیچ جۆرێك ناتوانین هێز بگەیەنینە ئەو شارە.”

    لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی لە رێی توركیاوە هێز نانێرن، گوتی: “من فەرمانبەری حكومەتی توركیا نیم و پەیوەندیشمان لەسەر بنەمایەکی فەرمی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیایە، هەروەك چۆن لەگەڵ ئێرانیش پەیوەندیمان باشە. ناردنی هێز بە خاكی ئەواندا لەدەست ئێمەدا نییە، بەڵام ئەوەی ئێستا گرنگە بۆمان دۆخی ئەمڕۆ وا دەخوازێ هەموو یەكدەنگ بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان.”

    رێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیی

    لە وەڵامی ئەوەی بۆ دۆخی ئێستا چی بەسەر رێككەوتننامەی ستراتیژی دێ، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی مەلا بەختیار گوتی: “رێككەوتنەكە بەپێی هەلومەرجی ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە و نوێ‌كردنەوە و گۆڕانكاری هەیە. دوو ساڵیش بەر لە ئێستا لە كۆبوونەوەی نێوانماندا باسمان لەوەكردووە بۆیە لیژنەیەكیشمان لە نێوانماندا پێكهێناوە بۆ پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانمان و گەڕانەوەی ئاستی پەیوەندییەكان بۆ دۆخی باشی جاران.”

    گوتیشی: “لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بە راشكاوی گلەیی و گازندەكانی خۆمان خستەڕوو و گفتوگۆمان لەوبارەیەوە كرد.”

    لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی ئەوەی گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی لە دیمانەیەكی ئانادۆڵودا گوتویەتی “ئەگەر رێككەوتنەكە ئاوابێ نەمێنێ باشترە.” ئایا ئەمە رای مەكتەبی سیاسیشە، مەڵا بەختیار رایگەیاند كە بەپێی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی سیاسەتی حزب دیاری دەکا و دایدەڕێژێ و ئەوەی رەسمی بێ گفتوگۆكانی ناو ئەو كۆبوونەوانەیە و گوتی: “برادەرانی ئەنجومەنی ناوەندیش لە پەرۆشی و دڵسۆزییان بۆ یەكێتیی ئەو رایانە دەردەبڕن، بەڵام تای مەكتەبی سیاسی رەسمییە.”

    دەربارەی ئەو دیلە پێشمەرگانەی لای داعشن، ئایە هەوڵی رزگاركردنیان دەدەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “ئێمە هیچ رێگەیەكمان لەبەردەستدا نییە بۆ رزگاركردنی ئەوانە.”

    راشیگەیاند کە “بە هیچ جۆرێك مومكین نییە حكومەتی هەرێم دانوستان و مامەڵە لەگەڵ هێزێكی تیرۆریستی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامبدا.”

    http://www.aa.com.tr/ks/headlines/403229

  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: