ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > وتووێژی نهێنیی واشینگتۆن لەگەڵ کوردەکانی سووریا

وتووێژی نهێنیی واشینگتۆن لەگەڵ کوردەکانی سووریا

22 تشرینی یه‌كه‌م 2014 لێدوانێک بنووسە Go to comments

جەیک هێس- فارسی پاڵیسی
لە ئینگلیزییەوە: مەسعوود مەناف

جیهادیستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی هەر ڕۆژ زیاتر لە کۆبانێ و سنووری تورکیا نزیک دەبنەوە. لەکاتێکیشدا کە داعش شارەکەی داوەتە بەر تۆپ و هاوەن، یەکینەکانی پاراستنی گەل، بە چەکی سووک چەند حەوتوویە بەرگری لە شارەکە دەکەن. هێزەکانی تورکیا، لەسەر سنوور، بێ جووڵە، سەیری شەڕ دەکەن و لەم لاشەوە بۆمبارانی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمان بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا، درێژەی هەیە. لەم نێوەدا، هیچ کام لە زلهێزەکان و وڵاتانی دراوسێ هەوڵیکی جیددیان بۆ ڕێگرتن بە پێشڕەوی داعش نەداوە و بەم شێوەیە یەپەگەیان لەگەڵ داعشی پڕچەک بەتەنیا جێهێشتووە.

ئەمریکاش ڕەتیکردۆتەوە کە بە فەرمی پێوەندی لەگەڵ پارتی یەکێتیی دێمۆکراتیک ساز بکات. حیزبێک کە وەک باڵی سیاسیی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەناسرێ. پەیەدە-کە لە جوولای ٢٠١٢ەوە، پاش کشانەوەی هێزەکانی ڕەژیمی ئەسەد، کۆبانێ و باقی ناوچەکانی کوردستانی سووریا بەڕێوەدەبات- بە حیزبێکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەناسرێ کە ئەویش بە نۆبەی خۆی، لە ساڵی ١٩٨٤ەوە لەگەڵ تورکیا شەڕ دەکات. حیزبێک کە لە لایەن ئەمریکا و تورکیاوە وەک حیزبێکی تیرۆریستی پێناسە کراوە. وتووێژ لەگەڵ هەندێک کەسایەتیی ئەمریکی و کورد دەری خست کە واشینگتۆن ساڵانێکە کاناڵی نهێنی بۆ وتووێژ لەگەڵ پەیەدەدا دۆزیوەتەوە. ئەمریکا تەنانەت هەوڵی ئەوەشی داوە کە گرووپێک لە کوردانی ناڕازی سووریا بەهێز بکات و بیانخاتە پاڵ سوپای ئازادی سووریا.

“ڕابێرت فۆرد”، باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە شام لەمبارەوە بە فارین پاڵیسی وت کە “پەیەدە داوای وتووێژی فەرمی لە ئەمریکا کردووە بەڵام واشینگتۆن ئەم داوای ڕەتکردۆتەوە ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٢ی زاینییەوە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو گرووپە کەوتۆتە وتووێژ. فۆرد دەڵێ “ئێمە چاومان بە کەسێک کەوت کە ناوبژیوانی ئەمریکا و پەیەدەی دەکرد. چەند جار چاومان پێی کەوت. خۆم جاریک و دیپلۆماتەکانی ترمان چەند جاری تر.”

بە گوتەی ناوبراو، هەریکەم شەش مانگ جارێک، بە ناوبژیوانی هاووڵاتییەکی سووری دانیشتووی ئەورووپا، ئەمریکا پێوەندی بە پەیەدەوە دەگرت. دوو چاودێری سیاسیی کوردی ئاگادار لەو پێوەندیانە، بە فاڕین پاڵیسیان وتووە کە هەڤدیتنەکان دواتر لە ڕێگەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە پاریسەوە درێژەیان هەبووە و لەم هەڤدیتنانەدا، دوو لایەن ئاڵوگۆڕی زانیارییان سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی سووریا دەکرد. بە گوتەی ئەو دوو چاودێرە کوردە، مومکینە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە ناوەڕۆکی ئەو دیدارانە ئاگادار نەکرابنەوە. جگە لەمە، نە فۆڕد و نە دوو سەرچاوە کوردەکە ئامادە بوون ناوی ناوبژیوانەکە بدرکێنن. لە مەسەلەی پێوەندیگرتنی واشینگتۆن بە پەیەدەوە، ئەمریکا بەردەوام نیگەرانی دژکردەوەی تورکیا بووە. فۆرد لەمبارەوە دەڵێ کە ئێمە[ئەمریکا] دەبی وشیار بین بۆیە کە ئەو مەسەلە بۆ تورکەکان زۆر هەستیارە بۆیە تورکەکانیشمان لەو مەسەلە ئاگادار کردەوە. تورکیا سپاسی ئەمریکای کرد کە لەگەڵیان ڕاستگۆ بووە و ئەو زانیاریەیان لا باس کردووە. هاوکات خۆشیان خەریکی سازکردنی پێوەندیی فەرمی و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەیەدە بوون. هەست دەکەم تورکەکان ئاگاداری ناوەڕۆکی دیداری ئێمە لەگەڵ پەیەدەش بوون و تەنانەت کەسی ناوبژیوانکەری نێوان ئێمە و پەیەدەشیان دەناسی! تورکیا داوای لە ئێمە دەکرد کە پڕۆسەی سازکردنی پێوەندی لەگەڵ پەیەدە بە هێواشی ببەینە پێش تا نەکا ئەو حیزبە ئەو مەسەلە دژ بە تورکیا بەکار بێنێ. بە گوتەی تورکەکان، ئەگەر ئێمە لە پێوەندیگرتن بە پەیەدەوە پەلە بکەین، ئانکارا چ کارتێکی گوشاری لە بەرانبەر ئەو حیزبەدا پێ نامێنێ.

هەر لەو سەردەمەدا، واشینگتۆن هەوڵی دەدا تا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا[ENKS] بەهێز بکات. ئەنەکەسە لە کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردی سووریا پێکهاتووە کە لە لایەن “مەسعوود بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێ و بەم هۆیە کە وەک بەرهەڵستی پەیەدە دەناسرێن، پێوەندی گەرم و گوڕیان لەگەڵ تورکیا هەیە.

لە مانگی مەی ٢٠١٢ی زاییندا، وەفدێکی ئەنەکەسە بە ڕێبەرایەتیی “عەبدولحەکیم بەشار”، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنەکە، لە واشینگتۆن چاویان بە ڕابێرت فۆرد کەوت. جێفڕی فێڵتمەن، جێگری کۆمیتەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک و فڕێدریک هۆف، نوێنەری ئەمریکا بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

ویستی سەرەکیی ئەمریکاییەکان ئەوە بوو کە ئەنەکەسە بچێتە ناو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا واتە “ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا[SNC]”. فۆڕد و هۆف داوایان لە ئەنەکەسە کرد لەگەڵ باقی گرووپەکان تەرکیز لەسەر خاڵێکی هاوبەشی سەرەکی، واتە ڕووخاندنی ڕەژیمی ئەسەد بکەنەوە. کۆپی بەڵگەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوە ئاشکرا دەکات، لە چوارچێوەی یاسایی ئازادی ڕادەربڕیندا، کەوتۆتە دەست فارین پاڵیسی.

حیساباتی ئەمریکا لەسەر ئەو بنەمایە چر ببۆوە کە دەبێ ئەنەکەسە، واز لە پێشمەرجەکانی بێنێ و تێکەڵ بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بێت و داخوازە سیاسییەکانیشی بۆ کورد، تا قۆناخی پاش ڕووخانی ڕەژیمی ئەسەد دوا بخات. بە گوێرەی بەڵگەنامەکەی دەست فارین پاڵیسی، باڵوێز فۆرد لەم دیدارەدا ئامۆژگاری ئەنەکەسەی کردووە کە جارێ واز لە خواستەکانیان بهێنن بۆیە کە لە دوای ڕووخانی ڕەژیم، بە تایبەت لە پڕۆسەی نووسینەوەی دەستووری بنەڕەتیدا، کوردەکان دەتوانن داخوازییەکانیان بهێننە سەر زمان و داوای سیستمەتی سیاسیی لامەرکەزی بۆ سووریا بکەن. لەو دیدارەدا، ئەنەکەسە نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێنابۆ زمان. ئەنەکەسە گلەیی لەوە کردبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لاسارە و لە زۆرینەیەکی ئیخوانیی بە پاڵپشتی تورکیا پێکهاتووە. پێکهاتەیەک کە بە گوتەی ئەنەکەسە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بەعسییەکان نییە.

بەهەر شێوە، ئەمریکا دواجار لە نۆڤەمبەری ٢٠١٣دا بە ئاواتەکەی گەیشت ئەوکاتە کە ئەنەکەسە تێکەڵ بە هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریای بنکە لە ئیستانبووڵ بوو. سەرەڕای ئەوەی کە ئەنەکەسە لە لایەن بارزانی و هاوپەیمانە تورکەکانییەوە پشتیوانی لێدەکرا، ڕەخنەی خۆشی لە ئانکارا دەرگرت. بۆ وێنە، یەکێک لە بەرپرسانی ئەنەکەسە، کە لە بەڵگەیەکی نهێنیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ناوەکەی ڕەشکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا، پێگەی تورکیا لەو هاوکێشەیەدا بە “خراپ” وەسف دەکات و باقی ئەندامانی وەفدەکەش قسەکانی پەسەند دەکەن. ڕەخنەی ئەنەکەسە لەوە بوو کە تورکیا پشتیوانی لە عەرەبە ئیسلامییەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆن دەکات. لەو بەڵگەدا هاتووە کە یەکێک لە بەشدارانی وەفدی کوردی گوتوویەتی “تورکیا، حکوومەتێکی ئیسلامی لە سووریایەکی ناوەندگەرا”دا دەوێت کە چ ئاماژەیەک بە کوردیشی تێدا نەبێ. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەنەکەسە داخوازی لامەرکەزییەت بۆ سووریا و گەڕەنتیکردنی مافی کوردان دەکات.

لە مانگی دێسامبری ٢٠١٢دا، جارێکی تر وەفدی ئەنەکەسە، ئەمجار لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان، چاویان بە ڕابێرت فۆرد کەوت و لەو دیدارەشدا ڕەخنەیان لە تورکیا و ئیسلامییەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گرت. بە گوتەی ئەوان، توندڕۆکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە حکوومەتگەلێک وەک تورکیا هاوکاری وەردەگرن و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تا کورد چ مافێکی تایبەتی لە داهاتووی سووریادا نەبێ. ئەمە گوتەی بەرپرسێکی ئەنەکەسەیە کە دیسان بەڵگە نهێنییەکەی وەەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ناوەکەی ڕەشکردۆتەوە. ئەو بەرپرسە هەروەها گوتوویەتی کە ئیمانیان بە تورکیا نییە بۆیە کە تەنانەت پشتیوانیی تورکیا لە سوپای ئازادی سووریاش بۆ ئەوەیە کە کوردەکانی سووریا لەژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی خۆیان بهێڵنەوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە پێدەچێ لەو قۆناخەدا ئەمریکا چ پێشبینییەکی دروست و حیسابی بۆ داهاتووی سووریا نەبووبێ. لە دێسامبری ٢٠١٢دا، فۆڕد زەختی خستە سەر ئەنەکەسە تا بێ گەڕەنتیکردنی مافی کوردان، تەڤلی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بێت بۆیە کە بە گوێرەی ئەو ڕەژیمی ئەسەد بەم زووانە دەڕووخێ و ئەگەر کورد پێداگری لەسەر مافەکانیان بکەن بە تەواوی پەراوێز دەخرێن و لە چ پێگەیەکیان لەناو حکوومەتی کاتی[ی داهاتوودا] نابێ. فۆرد هەروەها دانی بەوە ناوە کە لەناو سوپای ئازادی سووریا[FSA]دا، کەسانی توندڕۆ هەن بەڵام ئامۆژگاری ئەنەکەسەشی دەکرد کە لەگەڵ لایەنە میانەڕۆکان، کە بە قسەی ئەو زۆریشن، پێوەندی ساز بکەن.

ئەمریکاییەکانیش لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بۆچوونەکانی وەفدی کوردی سەبارەت بە پشتیوانیی ئانکارا لە توندڕۆ ئیسلامییەکان هاوڕا بوون. ڕابێرت فۆرد لەمبارەوە بە فاڕین پاڵیسی وت کە ئەو خۆی زۆر جار بەرپرسانی تورکیای لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا ئاگادار کردۆتەوە و لەمەڕ شەپۆلی ئەو جیهادیستەکانی کە لە خاکی تورکیاوە دەچنە سووریا، هۆشداری بە ئانکارا داوە. فۆرد دەڵێ خۆم ئەو پرسەم ڕاستەوخۆ لەگەڵ “هاکان فیدان”، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا[میت] ورووژاندووە. هاکان فیدان، ڕاوێژکاریی جێگەی متمانەی ئەردۆغانە، کە بە گوتەی فۆرد، ڕۆڵی سەرەکی لە سیاسەتیی تورکیا لەهەمبەر سووریادا گێڕاوە. خاڵی سەرەکیی تورکیا لەمبارەوە ئەوە بوو کە “ئەگەر ئەمریکا زانیاریی ئیستخباراتیی ورد سەبارەت بەو کەسانە[جیهادیستانە]ی لێی نیگەرانە بداتە تورکیا، ئانکارا دەتوانێ پێش بە هاتنیان بۆ ئەم وڵاتە یا چوونیان لە تورکیاوە بۆ سووریا بگرێ”. فۆرد ئەو وەڵامەی تورکیای پێ بەشێت زانینی ئەمریکایە بۆیە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەمریکا ناوی ئەو کەسانە نازانێ کە و ناشزانێ کە چۆنیان پێش پێ بگرێ. ناوبراو دەڵێ بە کاربەدەستانی تورکیام کوتووە ئێوەش دەتوانن هەمان سیاسەت پیشە بکەن کە ئێمە لە سەر سنووری مەکزیک پێڕەوی دەکەین. پارەی زیاتر بۆ پاراستنی سنوورەکان تەرخان بکەن تا پێش بە شەپۆلی هاتووچۆی جیهادیستەکان بۆ سووریا بگرن.

بەرپرسانی ئەنەکەسە ئەمجار خۆیان گەیاندە ئەمریکاییەکان و بۆ وەستان لە بەرانبەر پەیەدە، کە هێزی سەرەکیی کوردستانی سووریایە، داوای هاوکارییان لێکردن. لە مانگی مەی ٢٠١٢دا ئەنەکەسە داوای بڵینگۆ، کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی، ژێنراتۆر، تەلەفۆنی ماهوارەیی و یارمەتیی ماڵی بۆ دامەزراندنی کاناڵی ئاسمانییان لە واشینگتۆن کرد. بە گوێرەی بەڵگەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە دێسامبری ٢٠١٢دا، وەفدی ئەنەکەسە بە فۆردی گوتووە کە “ئەگەر ئەنەکەسە لە دنیای دەرەوەڕا یارمەتی و چەک و چۆڵی پێنەگا، ناتوانێ ڕکەبەریی پەیەدە بکات.” کاتێک فارین پاڵیسی لە فۆردی پرسی کە گەلۆ ئەنەکەسە داوای چەکیان لە ئەمریکا کردووە، فۆرد لە وەڵامدا گوتی “هەڵبەت داوایان کرد” بەڵام ئەوەشی لێ زیاد کرد کە ئەمریکا هەرگیز داواکەیانی قبووڵ نەکرد.

ئەنەکەسە هەروەها داوای لە پشتیوانیی ئەمریکای کرد تا بەڵکوو بتوانێ لە کاریگەریی ئیسلامییەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کەم بکاتەوە. ئەمەش نیشانەی پێگەی لاوازی کوردەکان لە بەروارد لەگەڵ ئیسلامییەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە. شتێک کە ئەندامانی ئەنەکەسی زۆر دڵگران کردووە. بەتایبەت کە ڕێبەرانی ئیخەوانولموسلمینی سووریا، دەنگی ئەندامانی ناو ئۆپۆزیسیۆن دەکڕن و بۆیە پێویستە، لایەنی بەرانبەریش هەمان کار بکات.

لە بەرانبەر داواکارییەکانی ئەنەکەسەدا، بە گوتەی فۆرد، ئەمریکا خولی پەروەردەی سیاسی و میدیایی، زۆربەی لە تورکیا و لەژێر چەتری “دەستپێشخەریی شەراکەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین” بۆ ئەنەکەسە فەراهەم کرد. “ئێمە کۆمەڵێک چالاکی کوردی سووریامان هێنا و لە خولی پەروەردەدا فێرمان کردن کە چۆن دەکرێ بە شێوەیەکی بنچینەیی کاری ڕێکخراوەیی بکەن، چۆن بتوانن ڕوانگەکانیان لە میدیای گشتگیردا بۆ بەردەنگ باس بکەن”. خولی تری تایبەت بە کاروباری ڕاگەیاندنیش بەڕێوەچوون. لەو خولانەدا، پەروەردەی چۆنیەتی دامەزراندنی ڕێکخراو و چۆنیەتیی کاری دامەزراوەیی و هاوبەش لە جێگەی بەڕێوەچوونی کار لە لایەن تاکەکەسێکەوە بینران. فۆرد ئەوەشی زیاد کرد کە ئامانجی ئێمە ئەوە بوو کە تۆڕێکی پێوەندی لە نێوان خەڵکدا ساز بکەین کە حکوومەتی سووریا نەتوانێ وا بەهاسانی تاقیبیان بکات.

لەو نێوەدا گرینگترین مەسەلە سەبارەت بە داوای یارمەتیکردنی ئەنەکەسە ئەوەیە کە ئەو ڕێکخراوە، خۆی قابلییەت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە بەراوارد لەگەڵ پەیەدەدا نییە. تەنانەت ئیدەی داواکردنی بڵینگۆ و یارمەتیی بۆ دامەزرانی کەناڵی ئاسمانی، بەو نییەتە بوو کە ئەمە بەڵکوو بتوانێ پێش بە هێزگرتنی پەیەدە بگرن. ئەمریکاییەکانیش لەو دیدارانەی ساڵی ٢٠١٢دا بەو ئاکامە گەیشتن کە ئەنەکەسە خۆی لاوازە و هەر بۆیە کردنەوەی دەرگای وتووێژی نهێنیی لەگەڵ پەیەدەیان هەڵبژارد.

بە گوتەی فۆڕد “پەیەدە-یەپەگە گرووپێکی چالاک لە سووریایە. هەرچەند هەستمان بە پێویستیی بەپەلەی چاوپێکەوتنی ڕاستەوڕاست لەگەڵ ئەو گرووپە نەکرد بەڵام بەهەرحاڵ، بۆ ئێمە سەرنجڕاکێش بوو تا بزانین کە پەیەدە چ ئیدە و ڕوانگەیەکی هەیە”. خاڵی سەرەکی کە ئێمە باوەڕمان پێی هەیە ئەوەیە کە پێویستی بە گفتگۆکردن بۆ دۆزینەوەی ڕێچارەیەکی سیاسی هەیە و تەنانەت ئەگەر ئێمەش وا بیربکەینەوە کە پەیەدە نوێنەرایەتیی هەموو کوردان ناکات، هێستا پێویستە کە کوردەکان تێکەڵی ئەو پڕۆسە بکرێن. ئێمە ویستمان لەوە تێبگەین کە بۆچی پەیەدە بەردەوامە لە پێوەندیگرتن لەگەڵ ڕەژیمی سووریا و بۆ هەڵوێستی دوژمنکارانەی بەرانبەر بە چالاکانی ئەنەکەسە هەیە. ویستمان لەوە تێبگەین کە هۆی ئەو ناکۆکیانەی ناو کوردان چییە و تا بەڵکوو[بە جۆرێک] کۆتاییان پێ بێ.

لەو کاتەوە کە داعش هێرشی ناوچە کوردییەکانی کردووە، پەیەدە داوای یارمەتیی سەربازی لە ڕۆژئاواییەکان کردووە. سەرچاوەیەکی کوردی ئاگادار لە پێوەندییە نهێنییەکانی ئەمریکا و پەیەدە، بە فاڕین پاڵیسی وت کە ئەمریکا زەختی خستۆتە سەر پەیەدە تا لە ڕەژیمی ئەسەد دوور بکەوێتەوە و تێکەڵ بە هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریا بێت و هاوکاریی سوپای ئازادی سووریا بکات و هەروەها پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەنەکەسە و بارزانی پەرە پێ بدات. پەیەدە ڕەتیدەکاتەوە کە هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ ڕەژیمی سووریا هەبێ و ڕێککەوتنی ئەمدواییانەی نێوان یەپەگە و سوپای ئازادی سووریا دەتوانێ یەکێک لەو نیشانانە بێت. ئەو ڕێککەوتنە مومکینە بتوانرێ وەک ڕەنگدانەوەی مەرجی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی پەیەدەش لێکبدریتەوە.

هاوکات لەگەڵ مەترسی کۆمەڵکوژی کۆبانێ لە لایەن داعش، زۆرێک لە پسپۆران داوا لە ئەمریکا دەکەن کە لە کوردەکانی سووریا نزیک ببێتەوە. ئەلیزا مارکوس، نووسەری کتێبی “خوێن و باوەڕ، پەکەکە و شەڕی کورد بۆ سەربەخۆیی” دەڵێ: بهێنە بەر چاوی خۆت، ئەگەر ساڵێک لەمەوبەر، ئەمریکا هاوکاری یەپەگەی کردبا، یەپەگە دەیتوانی پێش بە دزەکردنی داعش لە سووریاوە بۆ عێڕاق بگرێ. ئەمریکا پێویستە ئەو ڕاستییە قبووڵ بکات کە باشترین هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا کوردەکانن. ئەوان بەزۆری لایەنگری ڕۆژئاوان، سێکۆلارن و زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی ڕادیکاڵ یەکگرتووترن.

فۆردیش لەو باوەڕەدایە کە ئەمریکا دەبێ پێوەندییەکانی لەگەڵ پەیەدەدا پەرە پێ بدا بۆیە کە بە گوتەی ئەو ئێستا پەیەدە بۆتە چەقڵی چاوی داعش. فۆرد دەڵێ “فکرکەم ئێمە و پەیەدە، ئێستا دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە کە ئەویش دەوڵەتی ئیسلامییە”.

بەڵگەکان لەم لینکەدا دەست دەکەون
تێبینی: ئەو وتارە بەر لە دیداری حەوتووی ڕابردووی بەرپرسانی پەیەدە و ئەمریکا و دانپێنانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و گەیاندنی چەک بە کۆبانێ بڵاوبۆتەوە.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: