ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > واشینگتۆن لە درێژەپەیداکردنی قەیرانی سووریادا بە خەتابار بزانن

واشینگتۆن لە درێژەپەیداکردنی قەیرانی سووریادا بە خەتابار بزانن

5 تشرینی دووه‌م 2014 لێدوانێک بنووسە Go to comments

مەروە شەبنەم ئۆرووچ- ئەلجەزیرە
لە ئینگلیزییەوە: مەسعوود مەناف

تێبینی وەرگێڕ: خەڵکانێک هەن کە هەرچی لە دونیا بقەومێ ئەمریکای لێ بە خەتابار دەزانن. مومکینە ناحەقیشیان نەبێ و ئەمریکا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دەستی لە خوڵقانی زۆر تراژێدیدا هەبووبێ یا لانیکەم ئەو چاوەڕوانییەی کە وەک زلهێزیک، بۆ پێشگیری لە دووپاتبوونەوەی کارەساتەکان لێی دەکرێی بەجێ نەگەیاندبێ. بەڵام حاشا لەوە ناکرێ کە سیاسەتەکانی تورکیا، لە لایەک وەک هاوپەیمانی ئەمریکا و لە لایەکی تر، وەک هێزیکی هەرێمی کە ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیە، رۆڵێکی بەرچاوی لە قووڵبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی سووریادا هەبووە. شۆڕشی سووریا لە دەستپێکەوە شۆڕشێکی مەدەنی دژ بە دیکتاتۆرییەتی بەشار ئەسەد بوو بەڵام ئیدەی چەکدارکردنی ئۆپۆزیسیۆن، لە لایەن تورکیا و هاوپەیمانەکەیەوە هات. زیاتر لە سێ ساڵە، دەیان هەزار جیهادیستی نێودەوڵەتی لە ڕێگای سنوورەکانی تورکیاوە ئاودیوی سووریا دەبن، بەشێکی زۆر لەو جیهادیستانە و دژبەرە سوورییەکان لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا سازمان دەدرێن، پەروەردە دەکرێن، دەرمان و خۆراک و پێداویستیی سەربازی و لۆژیستیکیان بۆ دابین دەکرێ و دەنێردرێنەوە بەرەکانی شەڕ. زۆربەی ئەو گرووپانە، هەر لە ڕێگەی تورکیاوە، لە ئاستی نێودەوڵەتییدا تریبوون و هاوکاریان بۆ دەدۆزرێتەوە و مەشرووعییەتیان بۆ پەیدا دەکرێ. با لەوەش بگوزەرێین کە تورکیا لە ڕۆژی یەکەمەوە، چەندەی هەوڵ داوە ئۆپۆزیسیۆنی کورد و عەرەب لێک دوور بخاتەوە، لە ئێستاوە نەهێڵێ کورد لە داهاتووی سووریادا بە مافەکانی بگات و ئەو بەڕێوەبەرییە ئۆتۆنۆمەی کە لە ڕۆژئاوا دامەزراوە، تێک بچێ. سەرەڕای ئەو ڕاستییانە، نووسەری ئەم وتارە، هەوڵی داوە کە بە پاساوهێنانەوە بۆ ئانکارا، تەنیا ئەمریکا بە خەتاباری سەرەکی بزانێ و تورکیا بەرحەق نیشان بدات و سیاسەتە کارەساتبارەکەی پینە بکات. بیرتان دەخەمەوە کە نووسەر، وتارنووسی ڕۆژنامەکانی یەنی شەفەق، سەباح و تورکیش ئاجێندایە کە بە میدیاگەلی نزیک لە حکوومەتی ئاکەپە دەناسرێن.


وەک دوێنێ قەومابێ ئاوایە. مانگی مەی ٢٠١٣ بوو. باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان، سەرکۆماری ئێستا و سەرۆک وەزیری ئەوسای تورکیا، لە باخچەی کۆشکی سپی، لەبەرچاوی ڕاگەیاندنەکان بەڵێنی دا کە باری قورسی پەنابەرانی سووری لەسەر شانی تورکیا کەم بکاتەوە و لەم بوارەدا یارمەتی ئانکارا بکات. ناوبراو وتیشی کە ڕۆیشتنی بەشار ئەسەد تاکە ڕێگەی کۆتایی هاتن بە قەیرانی سووریایە. ئانکارا لەو کاتەوە کە تێگەیشت بەشار ئەسەد حازر نییە کۆتایی بە کوشتنی خەڵکەکەی بێنێ، هاتە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ ڕەژیمەکەی بڕووخێ و تا ئێستاش لەسەر هەمان ڕوانگە ماوەتەوە.

بەشار ئەسەد بە خوڵقاندنی کارەساتی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غوتتە بە چەکی کیمیایی، لە ئووتی ٢٠١٣دا، هێڵە سوورەکەی ئۆبامای بەزاند. ئەمریکا بەرنامەی داڕشت تا خێرا ١٠٠ مووشەکی کڕووزی جۆری تامهاوک ئاڕاستەی سوپای سووریا بکات. ئۆباما هەموو ڕۆژێ لەسەر تیڤییەکان باسی لە ئەگەر و پێویستیی دەستێوەردانی سەربازی دەکرد بەڵام دیار نییە سەرەڕای ئەوەی کە کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنا، ڕەزامەندی لەسەر دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا دژ بە سووریا نیشان دابوو، ئۆباما بە چ هۆکارێک، تۆپەکەی خستە مەیدانی کۆنگرە. هەرجۆرێک بێ، ئەمریکا و ڕووسیا ڕێککەوتن کە بەشار ئەسەد لە چەکی شیمیایی دابماڵن. ئەوە لەکاتێکدابوو کە ڕەژیمی ئەسەد درێژەی بە تۆپبارانکردن، قڕکردن و کوشتنی سیستماتیکی خەڵکی سووریا دەدا.

ئەمریکا هەرچۆنێک بێت سەرکەوتووانە مەسەلەی دەستێوەردانی سەربازی بردە بن بەڕە بەڵام تورکیا دەستبەردار نەبوو و هەر جار نا جارێک هۆشداری دەدا و قسەی خۆی دووپات دەکردەوە. مەترسی ڕێکخراوە توندئاژۆکان لە پەرەسەندن دابوو. تەنانەت ئۆباما خۆشی دانی بەو راستییە دەنا. بۆ وێنە لە کۆتاییەکانی مانگی “مەی”دا باسی لەوە کرد کە بە درێژەپەیداکردنی شەڕ لە سووریا، توندوتیژی دزە دەکاتە دەرەوەی سنوورەکانیش. ڕۆژ بە ڕۆژیش توانای شەڕکردنی گرووپە توندئاژۆکان زیاتر دەبێ.

ئەو کارەی ئۆباما کردی مایەی شەرمەزارییە. ئەمریکا، هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکە بەتەنیا جێهێشت و ناچاری کرد خۆی بەدوای چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا بگەڕێ. هێنانەسەرزمانی ئەو وشانە بۆ ئۆباما هاسانن بەڵام بە کردەوە دژوار. ئۆباما پشتی دە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کرد و هاوپەیمانەکەشی ناهومێد کرد.

سەبارەت بە عێڕاقیش، تورکیا چەند جاریش هۆشداری بە ئەمریکا دا کە و پێی ڕاگەیاند کە بەدوور نییە وەک سووریای لێ بێ. سیاسەتی فیرقەگەرایانەیی مالکی، بە کردەوە ئاڵۆزی و توندوتیژی بەرهەم دێنا. تەنیا پاش ئەوەی مووسڵ لە مانگی ژووئەندا کەوت، ئەمریکا تێگەیشت کە چ باسە. شەڕ ڕۆژ بە ڕۆژ خوێناویتر دەبوو بەڵام تەنانەت لە مانگی ئووتیشدا ئۆباما ستراتێژییەکی روونی سەبارەت بە داعش نەبوو و دواتریش کە دۆزییەوە، دەرکەوت کە ڕێچارەیەکی هەڵەی هەڵبژاردووە. ئەمریکا ئێستاش نەخشەڕێیەکی دیاریکراوی سەبارەت بە سووریا نییە. داعش ئەمجار ڕووی کردە ناوچە کوردییەکانی سووریا و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێشگرتن بە هێرشەکانی داعش زۆر درەنگ ما و زۆر کەم کاریگەر بوو. هاوکات لەگەڵ ئەوەش کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەسەر زەوی خەریک بوو لاواز دەبوون، ڕەژیمی ئەسەد بە ورەیەکی بەرزتر، لوولەی تانکەکانی ڕوو لە بەڵێنە بەجێنەگەینراوەکانی ئۆباما مۆڵ دەدا. پاش ماوەیەک هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئەو گرووپانەی کە شەڕی داعش، ڕەژیمی سووریا و حیزبوڵایان دەکرد، ئێستا ئەمریکا لەم وڵاتەدا بۆ دۆست ماوەتەوە. تەنانەت ویست و پلانێکی تۆکمەشی بۆ داهاتووی سووریا نییە. هەر بۆیە ئاشکرایە کە لەم زلکاوەدا، تەنیا داعش و ڕەژیمی ئەسەد سوودمەند دەبن.

سیاسەتی ئۆباما بۆ بەڵێن دان و بەجێ نەگەیاندنی بەڵێنییەکانی، هەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە و هەمیش دژ بەو دروشمەی ئەمریکایە کە دەڵێ حەز بە ئارامی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات. بەبێ هەبوونی گرووپێکی چەکداری بەتوانا، هێرشە ئاسمانییەکان ناتوانن داعش بوەستێنن. تەنانەت خۆی پێنتاگۆنیش چەندین جار دانی بەو ڕاستییە ناوە.

ئێستا ئەمریکا هەوڵ دەدات سەربازەکانی لە بێسەروبەری و بشێوی هەرێمەکە دوور ڕابگرێ و هاوکات، کەسانێک پەیدا بکات کە لەجیاتی ئەو شەڕ بکەن. خۆششانسترین بەربژێرەکانیش سوپای تورکیا و پێشمەرگە کوردەکانن. ئەمریکا هاوکات چاوچاوێن لەگەڵ باڵی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان، واتە پەیەدەش دەکات. بۆ وێنە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی پڕ مشتومڕدا ڕایگەیاند کە واشینگتۆن پەیەدە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناناسێ. گەرچی کە دەزانرێ کە پەیەدە، سێبەری پەکەکە لە سووریایە. ئەو هەڵوێستە سەیرەی ئەمریکا، وەک ئەوەیە کە بێژی ئەلنوسرە بەشێک لە ئەلقاعیدە نییە!

لەم لاوە تورکیا پێی وایە کە هێزگرتنی پەیەدە لە سووریا، پەرە بە جیاییخوازی کوردەکان لەناوخۆی ئەو وڵاتە دەدات. لەکاتێکدا کە مەیل و ڕێکخستنێکی لەم چەشنە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا[باکووری کوردستان.و] هەیە و ئێستا کە سەدان هەزار کوردی سووریا، بۆ ڕزگاربوون لە چەنگ هێرشەکانی داعش سنووریان بەزاندووە و ڕوویان لە تورکیا کردووە، ئانکارا بە مافی خۆی دەزانێ کە گفتگۆ لەسەر سیناریۆی چاوەڕوانکراو سەبارەت بە داهاتوویی سووریا بکات. سیناریۆگەلێک کە مومکینە کۆپی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە سووریای لێبکەوێتەوە. هەر بۆیە تورکیاش دەبێ سیاسەت و نەخشەڕێیەکی سەربەخۆ بەرانبەر بە داهاتووی سووریا پیشەکات کە هەم ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە پارێزراو بێت و هەم بەرژەوەندییەکانی. بۆیە کە ئەمریکا سەلماندوویەتی کە هاوپەیمانێکی جیگەی متمانە نییە و پلانێکی تۆکمە و ڕێکوپیکی بۆ شکڵدان بە ناوچەکە نییە.

ئەمریکا سەرەڕای هێزی میدیایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناتوانێ رۆڵی خۆی لە خوڵقانی ئەو بارودۆخەدا بشارێتەوە. ئێستا میدیاکانی ئەمریکا، لەژێر کاریگەریی کابینەی ئۆباما و لە بێ خیاڵی کۆمەڵگای جیهانیدا هەوڵ دەدەن تورکیا خەتابار نیشان بدەن و ناچاری بکەن واز لە دەستێوەردانی سەربازی بهێنێ. بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی دەست لە پێ درێژتر ماوەتە، ئۆبامایە کە بە سیاسەتەکانی، ڕۆژهەڵاتی ناوینی بەرەو هەڵدێر بردووە. لەو بارودۆخەدا تورکیا چۆن دەتوانێ ئاسایشی خۆی و داهاتووی لەرزۆکی هەرێمە قەیراناوییەکە پشتگوێ بخات؟ بەهەرحاڵ تورکیا خەریکە هەوڵ دەدات کە چارەسەرییەکی ڕیشەیی بۆ کێشە بدۆزێتەوە و تەنیا بەم هۆیە کە ئەمریکا حەزی لێ نییە و ڕای خۆی گۆڕیوە، پاشەکشە لە داخوازییەکانی نەکات.

جنووکە تازە لە قووتووەکە هاتۆتە دەر. نزیک ١٠ میلیۆن و هەشت سەد هەزار سووری، پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی خێرا هەیە. ئەمە نیوەی کۆی گشتیی حەشیمەتی سووریایە. تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە سووریا، لە سایەسەری پشتگوێخستنی قەیرانەکە لە لایەن ئەمریکاوە، گیانیان لەدەست داوە و ٦.٤ میلیۆن کەس لەناوخۆ کۆچبەر بووە و نزیک بە ٣ میلیۆن کەسی تریش کۆچبەری وڵاتانی جیران بووە. ئێستا تەواوی هەرێمەکە، ڕووبەڕووی مەترسیی ئەگەری دووپاتبوونەوەی ڕەوشی لوبنانە. لەو بارودۆخەدا، ئەگەر مرۆڤ هەوڵ بدات بەشێک لە ڕاستییەکە نەبینێ، کارەسات درێژەپەیدا دەکات و بێسەروبەرییە هەمووان قووت دەدات.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: