ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > پارەی خوێن- داعش چۆن پارە پەیدا دەکا؟

پارەی خوێن- داعش چۆن پارە پەیدا دەکا؟

لوویس شێڵی- فاڕین ئەفێڕز
لە ئینگلیزییەوە: مەسعوود مەناف- ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ستراتێژیی ئۆباما لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، هێرشی ئاسمانی بۆسەر مەیدانە نەوتییەکانی ژێرکۆنترۆڵی ئەو گرووپە، بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە داراییەکانییەتی. داعش لە بەرانبەردا، لە ڕێگەی جۆربەجۆر، کە نەوت تەنیا یەکێکیانە، هەوڵی دەستخستنی داهات دەدات. ئەمەش خاڵێکی مەترسیدارە، کە بەرپرسانی ئەمریکا پشتگوێیان خستووە.

ڕاستە کە ئێستا نەوت سەرچاوەیەکی سەرکیی داهاتی داعشە. ئەو گرووپە، بە داگیرکردنی کۆمەڵێک کێڵگەی نەوتی پڕ داهات لە سووریا و عێڕاق، بۆتە دەوڵەمەندترین تۆڕی تیرۆریستیی جیهان. نەبوونی تێکنۆلۆژیی پێویست و ئەندازیار، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە زۆربەی ئەو کێڵگانە لە بەروارد لەگەڵ توانای کێڵگەکان کەمتر کردۆتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش شیمانە دەکرێ داعش ڕۆژانە نزیک بە ٤٤ هەزار بەرمیل نەوت لە سووریا و ٤ هەزار بەرمیل لە عێڕاق بەرهەم بهێنێ. ئەو ڕێکخراوە، نەوتی خاو بە قیمەتی هەرزانتر لە قیمەتی بازاڕ [بە ٢٠ تا سی دۆلار بۆ هەر بەرمیل] دەفرۆشێ. قاچاخچییەکانیش نزیک بە ٥٠٠٠ دۆلار بەرتیل دەدەن بە خاڵەکانی پشکنین تا نەوت لەو ناوچانە ببەنە دەر کە لەژێر کۆنترۆڵی داعش دان. بەم حیسابە، داعش ڕۆژانە بە فرۆشتنی هەرزانی نەوتی خاو و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی عێڕاق، ڕۆژانە نزیک بە میلیۆنێلک دۆلاری دەست دەکەوێ.

هەڵبەت دوژمنەکانی داعشیش بەو بازرگانییە دەوڵەمەندتر دەبن. بۆ وێنە قاچاخچییە کاتییە کوردەکان، لە ڕێگەی مامەڵەکردنی نەوت لەگەڵ داعش، مانگانە نیزێک به ٣٠٠ هەزار دۆلاریان دەچێتە گیرفان. ڕۆژنامەیەکی کوردی لەمدواییانەدا لیستی کەسانێکی بڵاوکردەوە کە دەستیان دە بازرگانیی نەوت لەگەڵ داعشدا هەبوو. لیستەکە پاشناوی کۆمەڵێک کەسی سەر بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، خاوەنی کۆمپانییەکی فرۆشیاری تۆیۆتا لە هەولێر-کە پیکاپی بە داعش فرۆشتبوو-، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبێکی دەسەڵاتداری کوردستان، سەرکردەیەکی سەربازی و [خاوەنی] چەند پاڵاوتنگەی نەوتیش دەبینرێن. بەشێک لەو کەسانەی کە دە لیستەکەدا ناویان هاتووە، لە سەردەمی ڕەژیمی سەددام حوسێنیشدا قاچاخچێتیی نەوتیان کردووە. هەژماریک لە کوردەکان هەروەها ئاسانکارییان بۆ داعش کردووە و کەلوپەلی پێویست وەک سیلەندری گاز، پیکاپ، گازۆئیل و هتدیان بۆ ئەو گرووپە دەستەبەر کردووە.

وەک باسکرا، نەوت تاکە سەرچاوەی ئابووری داعش نییە. داعش بۆ ئەندامگیری و دابینکردنی خەرج و مەسرەفی کەلوپەلی سەربازیی چەکدارانی بۆ گرتنەوە ناوچە سوننەنشینەکانی عێڕاق، تەنیا پشتی بە یارمەتیی ماڵی لایەنگرانی لە وڵاتانی کەنداو نەبەستووە. دواییانەدا، سەرچاوەی بەشێک لە داهاتەکانی داعش لە ڕێگەی قاچاخچێتی، ڕفاندنی خەڵک، سەندنی پارەی زۆرەملی و چەتەگەری بووە. بۆ وێنە جارێک داعش، بەرانبەر وەرگرتنی ٧٠ هەزار دۆلاری ڕازی بووە بارمتەیەکی سویدی ئازاد بکات. داعش هەروەها بەر لەوەی کە جەیمز فوولی، ڕۆژنامەوانە ئەمریکییەکە سەر ببڕێ، بۆ ئازادکردنی، داوای بڕە پارەیەکی زۆری کردبوو. پارەیەک کە هەرگیز دەستی پێی نەگەیشت.

Read the article in English

جگە لەوە، داعش داهاتێکی زۆریش لە فرۆشتنی جگەرەی ساختە، دەرمان، تەلەفۆنی مۆبایل، ئاسەواری مێژوویی و هەروەها پەساپۆرتی بیانی بەدەست دێنێ. قاچاخچێتیی کەلوپەلی لەم چەشنە لە سووریاوە بۆ ناو تورکیا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کردووە. شیمانە دەکرێ کە لەم دواییانەدا قاچاخچێتی جگەرە و سووتەمەنی بۆ تورکیا سێ قات و تەلەفۆن پێنج قات زیادی کردبێ. داعش هەروەها بە گوێرەی جۆری کەلوپەلەکە و شوێن، باجێکی٢٠ تا لە سەدا ٥٠ی دەخاتە سەر فرۆشتنی ئاسەوارە مێژووییە عەنتیکەکان. هاوکات، ئەو جیهادیستە بیانیایەش کە دەیانهەوێ بچنە ناو داعش، بەر لەوەی دەربازی سووریا بن، پەساپۆرتەکانیان لە تورکیا بە هەزاران دۆلار دەفرۆشنەوە. بەو پارەش لە سووریا هەم مایەحتاجی ڕۆژانەی خۆیانی پێ دابین دەکەن و هەمیش دەبنە یارمەتیدەرێک بۆ خەزێنەی داعش. بازرگانیی نایاسایی لەم چەشنە، بۆ تیرۆریستان سەرنجڕاکێشە بۆیە کە بازاڕی لەم چەشنە ڕکەبەری، یاسا و ڕێسا و بەدواداچوونی کەمتری تێدا. هەروەک بازاڕی چەک و چۆڵ و مادە هۆشبەرەکان.

ئەمڕۆژانە، داعش لە زۆر ڕووە، وا نیشان دەدات کە خەریکی بازرگانیکردنێکی ڕەوایە. سەرچاوە داراییەکانی پەرە پێدەدا، هێڵی نوێ بۆ قازانج دەدۆزێتەوە و بۆ دەستەبەرکردنی سوودی زیاتر، بەشوێن کارامەترین بەرهەمگەلدا دەگەڕێ. داعش هەر بەر لەوەی کە پەل باوێژێتە عێڕاق، لە سووریا قاچاخچێتی نەوتی دەکرد. جگە لەوەش ئەم گرووپە چەندین پاڵاوتنگەی بچووکی پەیدا کردووە کە وێرای تێچوو و توانای بەرهەمهێنانی کەمیان، بە ئاسانی گوێزگەگوێزگیان پێ دەکرێ. هەرچەند وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، تا ئێستا چەندین پاڵاوتنگەی سەیاری داعشی بۆمباران کردووە. سەرکردەکانی داعش، ئەکتەرگەلێکی ئابووریی ژیرن. ئەوان لە کارامەترین خزمەتگوزاری دەگەڕێن، شرۆڤەی قازانج و تێچووی پڕۆژەکان دەکەن، بەدوای ئەو تاوانانەدا دەچن کە زیاترین داهات بە کەمترین تێچوو بە نسیبیان دەکات و تەکنەلۆژی پێشکەوتوو بۆ پەیداکردنی داهات و و هەروەها ئەندام لە سەرانسەری جیهاندا بەکار دێنن.

سەیر نییە کە ڕێبەرانی داعش شارەزایی باشیان لە بواری ئابووریدا هەبێ. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو گرووپە دەستمایەی لایەنگرە ئایدیالۆژیکەکانی هەیە، سەرنجی تۆڕێکی بەرفراوان لە تاوانکارانی پسپۆڕ و بە ئەزموونیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بۆ نموونە میلیتانێکی گورجستانی بە ناوی “تارخان باتیراشڤیڵی” کە لە ناو داعشدا بە شێخ “ئەبوو عومەر شیشانی” ناسراوە، پێشووتر بە تۆمەتی بازرگانیکردنی چەک قۆڵبەست کراوە. لانیکەم یەک لەسەر سێی ٢٥ وەزیر و ڕاوێژکارەکەی ئەبووبەکر بەغدادی لە سووریا و عێڕاق، لە سەردەمی سەددام حوسێندا، لە سوپای عێڕاقدا بوونە و نزیک بە تەواویشیان دوای داگیرکرانی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣وە بۆ ئەملا، بە تۆمەتی ئەنجامی کردەوەی تیرۆریستی و یاخیگەری، لە گرتووخانەی هێزەکانی ئەمریکادا بوونە. کەواتە پسپۆرە بەئەزموونەکان بەعسییەکانی ناو داعش، ئێستا توانای ئەوەیان هەیە [کە بۆ دەستەبەرکردنی داهات] لە تۆڕە نایاساییەکانی قاچاخی سەردەمی سەددام حوسێن کەڵک وەربگرن. بە واتایەکی تر، داعش ئەزموونی چەند ساڵەی فێڵکردن لە ڕۆژئاواییەکان، بەرتیلدان، دامەزراندنی کۆمپانیای ساختە و شۆردنەوەی پارە هەیە. ئێستاش کە سەرچاوە نەوتییەکانی هێرشیان لەسەرە، بە ئاسانی دەتوانێ سەرچاوەیەکی دیکەی ئابووری بۆخۆی بدۆزێتەوە. بۆ وێنە، ئێستا کە داعش لەسەر زەوی حاکمییەتێکی هەیە و ناوچەگەلێکی داگیر کردووە، دەتوانێ لە خەڵکی ئەو ناوچانە وەک سەرچاوەی داهات کەڵک وەربگرێ، بۆ نموونە باجیان لێ دەستێنێ، هەر وەک چۆن هەمان ڕێکار، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داهاتی تالیبان لە ئەفغانستان هەبوو.

ئەمریکا و باقی وڵاتان، چاوەڕوان دەکەن کە ئەگەر کێڵگە نەوتییەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش لەناو ببەن، کارێکی شازیان کردووە بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هێرشی لەم چەشنە نیشان دەدا کە هاوپەیمانان، زانیارییەکی باشیان سەبارەت بە چالاکییە ئابوورییەکانی داعش لەدەستدا نییە. ئەگەر بتهەوێ خەسار بە ئابووری دژبەرەکەت بگەیەنی دەبێ هەنگاوی زیاتر لە تێکڕووخاندن و لەناوبردنی سەرچاوە سەرکییەکەی داهاتی بکەی. دەبێ وەدوای باقی ئەو ڕێگەیان بکەوی کە مومکینە دژبەرەکەت پەیدای کردبن یا بەدوایاندا بگەڕێ. بە واتایەکی دیکە، دەبێ بەربەست بخرێتە سەر زۆر ڕێگەی تری بازرگانیکردن تا بتوانی ڕایەڵەی بازرگانیی نایاسایی [دژبەرەکەت] لەناو ببەی.

بۆ ئەوەی کە کۆمپانییەکانی هەرێمی کوردستان پیکاپ [و کەلوپەلی تر] بە داعش نەفرۆشن و نەوتی لێ نەکڕن، ڕۆژئاواییەکان دەبێ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا ملکەچ بکەن تا بەشی کوردستان لە داهاتی ئەو نەوتە بدات کە حکوومەتی عێڕاق لە فرۆشتنی نەوتی ئەو هەرێمە دەستی دەکەوێ. نەناردنی پارە لە لایەن بەغداوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوردەکان بەدوای پەیداکردنی سەرچاوەی داهاتی تر بکەون، تەنانەت ئەگەر مامەڵەکردن لەگەڵ داعشی دوژمنیشیان بێت. لە هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، نابی بازرگانییەکانی ئەو گرووپە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییش لەبیر بکەین. بۆ وێنە کۆمپانیاکان دەبێ بەدواداچوونی ورد بکەن و بزانن کە گەلۆ جگەرە، وزە و یا ئەو دەرمانەی ئەوان بەرهەمی دێنن لە کوێ سەر دەردێنێ؟ کۆمپانیەکانی گوازتنەوە دەبێ ئاگاداری تۆڕە نایاساییەکانی بازرگانی بن و کۆمپانییەکانی بیمە وشیاری بەبارمتەگرتنی مشتەرییەکانیان بن. بە واتایەکی تر، هاوکاریی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لەو مژارەدا فاکتەرێکی گرینگە. کۆمپانیاکان دەتوانن ئەو زانیارییانەی کە سەبارەت بە بازرگانی نایاسایی، قاچاخچێتی و شوێنە هەستیارەکان[ی داعش] هەیانە بدەنە لایەنە پێوەندیدارەکان. ئەوان هەروەها دەتوانن بەکارهێنەر و مشتەرییەکانیان ئاگادار بکەنەوە کە خۆ لە کڕینی ئەو کەلوپەل و خزمەتگەلی نایاسایی و قاچاخە ببوێرین کە داهاتەکەی بۆ تیرۆریسم بەکار دەبردرێت.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: