Archive

Archive for ئازار, 2015

کرماشان: تەرمی پێنج کوژراوەکەی تەقینەوەی مین بەخاک سپێردران

31 ئازار 2015 3 comments

NNSROJ: تەرمی چوار چەکداری سنوورپارێزی ئێرانی کە لە ئاکامی تەقینەوەی میندا گیانیان لەدەست دابوو، ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی خاکەلێوە، لە کرماشان بەخاک سپێردران و تەرمی یەکێک لە کوژراوانیش بۆ ئیسفەهان، شوێنی لەدایکبوونەکەی ڕەوانە کرا.

ئەو پێنج چەکدارە، پێشنیوەڕۆی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوە لە ناوچە سنوورییەکانی قەسری شیرین وەسەر مین پەڕیبوون و گیانیان لەدەست دابوو.

ناوی چوار کەس لە کوژراوەکەی تەقینەوەی مین لە قەسری شیرین بریتییە لە: مەهدی خانان، سامان کەرەمی، سەیدزیائەدین محەمەدی، عەباس کەنعانی.
م.م.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ

کاوان محەمەدپوور بۆ ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە

31 ئازار 2015 2 comments

NNSROJ: بە گوێرەی هەواڵدەریی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، کاوان محەمەدپوور، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری دەستبەسەرکراوی کورد، لەم ڕۆژانەی دواییدا بۆ ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازراوەتەوە.

کاوان محەمەدپوور، ڕۆژنامەنووسی تەمەن ٢٨ ساڵەی سەردەشتی، مانگی ڕابردوو بە هۆکارێکی نادیار لە لایەن ئیتلاعاتی مهابادەوە قۆڵبەست کراوە.

ناوبراو سەرنووسەری بەشی کۆمەڵایەتیی دوحەوتەنامەی “جامعە کردستان” و سەرنووسەر بەشی ئەدەبی گۆڤاری “٧ی تیر”ی سەردەشتە و لەگەڵ هەژمارێکی زۆر لە گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکان و هەروەها ڕۆژنامە ئێرانییەکان هاوکاری هەبووە.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

مەنیژە سادقی بۆ گرتووخانەی سنە گوازرایەوە

31 ئازار 2015 2 comments

NNSROJ: مەنیژە سادقی، چالاکی مەدەنی و کرێکاری، پێشنیوەڕۆی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوە، بۆ گرتووخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.

سادقی پێشووتر، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا بە تۆمەتی شێواندنی ئاسایشی گشتیی قۆڵبەست و بە سێ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

کەسیکی نزیک لە مەنیژە سادقی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو ئەندامی هیچ حیزب و ڕێکخراوەیەکی سیاسیی نییە و تەنیا لە بواری مافی ژنان و مناڵان لە سنە چالاکی دەکات.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

قازیی دۆسیەی “بەرکین ئەلوان” بە بارمتە گیرا

31 ئازار 2015 2 comments

NNSROJ: ئەندامێکی “بەرەی شۆڕشگێڕی ڕزگاریخوازی گەل[DHKP-C]، کە ڕێکخراوی چەپگری تورکە، قازییەکی لە بینای دادوەری چاغڵایانی ئیستانبووڵ بە بارمتە گرتووە. قازییەکە، بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی “بەرکین ئێلوان”ە.

بەرکین، مناڵێکی پازدە ساڵانی تورک بوو کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزی لە هاوینی ٢٠١٣ی ئیستانبووڵدا لە لایەن پۆلیسەوە بریندار کرا و ٢٦٩ ڕۆژ گیانی لەدەست دابوو.

کەسی بارمتەگر پێنج داوای لە بەرانبەر ئازادکرانی ئەو قازییەدا کردووە. بەشیک لە داواکارییەکان بریتین لە: پۆلیسە بکوژەکانی بەرکین لە پەخشی زیندووی کاناڵێکدا دان بە کوشتنی ئەو مناڵە بنێن، پۆلیسەکان لە مەحکەمەی گەلدا دادگایی بکرێن، سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە دۆسیەی ئەو مناڵە گیراون، ئازاد بکرێن و دۆسیەکانیان قەپات بکرێ و هتد. بارمتەگر ڕایگەیاندووە کە ئەگەر تا کاتژمێر ١٥ و نیوی نیوەڕۆ بەجێ نەگەینرێن، قازییەکە دەکوژێ.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

#هەدەپە بەرەو هەڵبژاردنی حەوتی حەزیران

30 ئازار 2015 25 comments
  • ٢٠ی مارس: بە گوێرەی دوا پێشبینیەکان، هەدەپە سەدان ١١.٤ی دەنگەکان بەدەست دێنێ
  • ٢٨ی مارس: بوڵەنت ئارنچ، یاریدەدەری سەرۆک وەزیر و جێگری سەرۆکی ئاکەپە: دەترسین هەدەپە سەدا ١١ تا دوازدەی دەنگەکان بەدەست بهێنێ
  • ٢٩ی مارس: یاڵچین ئاکدۆغان: پارلەمانتاری ئاکەپە و یاریدەدەری داوودئۆغڵوو: هەدەپە نەیەتە مەجلیس، دنیا خەرا نابێ، پڕۆسەی ئاشتی درێژە پێدەدەین
  • ٢٩ی مارس: هاکان ئاکسای، نووسەری تی٢٤: لە لێدوانەکانی دەمیرتاش ڕا دیارە کە گیانی ناوبراو لە مەترسی دایە. ئەوە چەندەمین جارە ئاماژە بە ئەگەری تیرۆرکرانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا دەکات
  • ٣٠ی مارس: مەلیح گۆکچەک، شارەداری ئانکارا: فکری بەشداریکردن وەک حیزب لە لایەن هەدەپە، مەترسیدارە، فکرێکی پلانداڕێژراو لە لایەن زەینێکی باڵایە، ئەگەر هەدەپە بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێ، وەک ئەوە وایە کودەتا کرابێ، سەقامگیری تورکیا دەشێوێنێ
  • ٣٠ی مارس: دەنگیر میر مەهمەت فرات: لە دامەزرێنەران و سەرکردەکانی پێشووی ئاکەپە ، کاندیدی ئێستای هەدەپە لە مەرسین: حەوتی حەزیران نەک هەر هەڵبژاردن، بەڵکوو دەستپێکی گۆڕینی ڕەژیمی تورکیایە
  • ٢٩ی مارس: سەلاحەدین دەمیرتاش: سەدا دە چییە، ئەگەر بەربەست سەدا بیست با، ئێمە سەدا بیست و پێنجی دەنگەکانمان بەدەست دێنا :)
  • ٣١ی مارس: ئەگەری ئەوە هەیە کە زوبەیر ئایدار و ڕەمزی قارتاڵ، بەرپرسانی پەکەکە لە ئەورووپا و لە پارلەمانتارانی پێشووی کورد، دووبارە لەسەر لیستی هەدەپە ببنەوە کاندید. دەگوترێ تەنیا هەندیک بەربەستی یاسایی بچووک لەسەر ڕێگەی کاندیدبوونەوەیان هەیە.
  • ٣١ی مارس: پارتێکی کوردی باکوور بە ناوی “پارتی ئازادیی کوردستان” کە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی دوور و درێژ، ڕایگەیاندووە کە ئەوان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن و وەڵامی “نا”ش بە پێشنیاری هاوپەیمانیی هەدەپە دەدەنەوە چونکە ئەوان پڕۆسەی ئاشتی بە زەرەری کورد دەزانن و پێیان باشترە لەگەڵ هەندێک حیزبی تر وەک پەدەکەی باکوور، کادەپ، هەقپار و ئینسیاتیڤی ئازادی و هتد کار بکەن
  • ٣ی ئاپریل: دەمیرتاش وتی، زۆرمان ڕوو دا بە ئەردۆغان بۆیە ئێستا داوای ٤٠٠ پارلەمانتار دەکات
  • ٤ی ئاپریل: پارتی ئیسلامگەرای هوداپار بڕیاری دا لە ٩ شاری باکووری کوردستان بە کاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارلەمانی تورکیا بکات.
  • ٤ی ئاپریل: ٨٠٣ ڕۆژنامەنووس، ئاکادێمیسییەن، شاعیر، نووسەر و کەسایەتیی ناوداری تورکیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕایانگەیاند کە پشتیوانی لە هەدەپە دەکەن
  • ٥ی ئاپریل: نزیک بە سەدا پەنجای کاندیدەکان، ژنن، دروشمی هەڵبژاردن “ژیانی نوێ”یە… گەلێک کاندیدی سەرنجڕاکێش و سورپرایز هەن… کاندیدەکان لە هەموو نەتەوە، ڕەگەز، کەمەنەتەوە و کەمایەتیی ئاییینی و گرووپی کۆمەڵایەتییان تێدا… کورد، ئەرمەنی، عەلەوی، کەم ئەندام، سۆسیالیست، سریانی، چەپی تۆخ، کوردی تۆخ، ئایینی و هتد
  • هەژماری بەشدارانی هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات نزیک لە ٢.٩ میلیۆن کەسە.
  • ٧ی ئاپریل: هەدەپە و حیزبەکانی تر، ناوی کاندیدەکانی خۆیان دا بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان. هەدەپە ئەمجار وەک حیزب بەشداری هەڵبژاردن دەبێ و بۆ هەر ٥٥٠ کورسی پارلەمان، کاندیدی دیاری کردووە. لەناو کاندیدەکاندا، چەندین کەسایەتی چاوەڕواننەکراو هەن. لە ئورفا بایدەمیر و برازایەکی ئۆجالان بەناوی دیلەک ئۆجالان، لە ئاگری لەیلا زانا، لە ئامەد دووبارە ئاڵتان تان، لە ئیستانبووڵ هاوسەرۆک سەلاحەدین دەمیرتاش، لە ریزە، مامۆستایەکی خانەنشین بە ناوی “نەجمەدین دورموش”، کە هاوینی ڕابردوو لەسەر هەدەپە کەوتبۆ بەر هێرشی نەژادپەرستانی تورک، لە ئامەد، فەلەکناز ئۆجا، کە پێشووتر پارلەمانتاری ئەورووپا بوو، لە ئیستانبووڵ، خودا کایای محەجەبە و …
  • ٧ی ئاپریل: هەدەپە زۆرترین ڕێژەی کاندیدی ژن بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ناساندووە. ٢٦٨ کاندیدی هەدەپە لە کۆی ٥٥٠ کاندیدی ئەو حیزبە بۆ هەڵبژاردن، ژنن ئەو لەکاتێکدایە کە ئەو ڕێژە لە پارتی دەسەڵاتداردا تەنیا ٩٩ ژن و لە جەهەپەی ئۆپۆزیسیۆندا دوو قات و نیو کەمتر لە هەدەپە، واتە ١٠٣ بەربژێرە و لە مەهەپەدا تەنیا ٢ کاندید.
  • ٧ی ئاپریل: لەیلا زانا لە ئاگری کاندید کراوە. ئایسەل توغڵوک، پارلەمانتاری ئێستای هەدەپە و لە پارێزەرانی پێشووی ئۆجالان، ئەمجار کاندید نەکراوەتەوە. سڕی ساکیک، گوڵتەن کشاناک و ئەحمەد تورک، کە پێشووتر ببوونە شارەداری ئاگری، ئامەد و مێردین، ئەمجارە کاندید نەبوونەتەوە و بە باشتریان زانیوە لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە. خەتیب دیجلە، کە ئێستا ئەندامی وەفدی دانوستانی هەدەپە، دەوڵەت و ئۆجالانە، خۆی کاندید نەکردووە و زۆربەی پارلەمانتارەکانی ئێستاش، خۆیان نەپاڵاوتووەتەوە. یەکێک لە مژارە چاوەڕواننەکراوەکان ئەوەیە کە “فەرهاد تونج”، لە دەرسیم خۆی پاڵاوتبوو بەڵام هەدەپە، کەسێکی تری لە جێگەی بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ناساندووە. ناوبراو گلەیی نەکردووە و دەڵێ ئامانجی تەنیا سەرکەوتنی حیزبەکەیەتی.
  • ٨ی ئاپریل: مەهمەد ئەمین ئەکمەن، پارلەمانتاری بەڕەچەڵەک کوردی ئاکەپە، ئەمجار لە ڕیزی دووهەمی حیزبەکەی لە باتمان کاندید کرا بەڵام ڕۆژێک دوای پێزانینی، وازی لە کاندیداتۆری هێنا. لە ئامەدیش عەبدوڵڕەحمان کورت، نوێنەری پێشووی ئاکەپە لە پارلەمان، کە ئەمجارە لە ڕیزی شەشەمی حیزبەکەی لە ئامەد کاندید کراوە، وازی لە کاندیداتۆری هێنا. پێدەچێ ئەو دوو کوردەی ناو ئاکەپە، گلەییان لە شوێن و ڕیزبەندی کاندیدکرانیان بێ.
  • ٨ی ئاپریل: میدیاکانی تورکیا رایانگەیاندووە کە لەناو لیستی کاندیدەکانی ئاکەپەدا، زاوا، نووسەر، پارێزەر، ڕاوێژکار، کوڕەپووری ڕاوێژکار، بەرپرسی کاروباری ئیداری، بەرپرسی کاروباری نووسین و چەندین کەسی تری نزیک لە ئەردۆغان کاندید کراون.
  • ١١ی ئاپریل: مەهمەت، برای عەبدوڵا ئۆجالان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی تورکیا ناڕازیبوونی خۆی و بنەماڵەکەی لە کاندیدکرانی “دیلەک”ی برازای ڕاگەیاندووە و وتوویەتی کە هەدەپە تەنانەت هەواڵی کاندیدکرانەکەشی لە من شاردۆتەوە. ناوبراو بە توندی دژایەتیی ئەو کارەی کردووە و وتوویەتی کە فکر ناکا عەبدوڵا ئۆجالانی براشی ڕازی بێ بەم کارە بۆیە کە ئەو نایهەوێ کەس لە بنەماڵەکەی لەسەر ناو و ئیعتباری ئەو ببێتە خاوەن پلە و پایەیەک.
  • ١١ی ئاپریل: یەکێک لە بەرنامەکانی مەهەپە لە ئەگەری سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی ٧ی ژووئەندا، گوازتنەوەی ئۆجالان لە گرتووخانەی ئیمراڵی بۆ گرتووخانەیەکی ئاسایی و کۆتایی هێنان بە پڕۆسەی ئاشتییە. مەهەپە پڕۆسەکە بە پڕۆسەی خەیانەتی نیشتمانی بە تورکیا پێناسە دەکات و دەڵێ کە لە ئاکامیدا ئۆجالان ئازاد دەبێ، پەکەکە دەبێتە پارتێکی ئاسایی و یاسایی و تورکیا بەرەو دابڕان دەڕوان و ئاکەپە بە دەستی خۆی کوردستانی سەربەخۆ ساز دەکات.
  • ١٢ی ئاپریل: جەنگیز چاندار: هەدەپە دەتوانێ هەموو حیساباتی ئەردۆغان تێک بدات، پێش بە سەرەڕۆیی و سیستمی تاک.سەرکردە و تاک.حیزبی ئاکەپە بگرێ بەڵام ئەگەری ئاژاوە و پلانگێڕی دژ بەو حیزبە هەیە. سەلاحەدین دەمیرتاش خۆی پێشووتر وتوویەتی نیگەرانی زیادبوونی ئاژاوەگێڕییەکان و خەتابارکردنی هەدەپەیە. دێمۆکراسیخوازەکان دەبێ پێش بەو ئاژاوەگێڕیانە بگرن و لە بەرانبەر داوەکانی ئانکارا دژ بە هەدەپە چاوکراوە بن.
  • ١٨ی ئاپریل: درەنگانی شەوی ڕابردوو[١٧ لەسەر ١٨ی ئاپریل]، کەس یا کەسانی نەناسراو، بە چەک هێرشیان کردە سەر ناوەندی سەرەکیی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان[HDP] لە گەڕەکی چانکایای ئانکارا. هێرشەکە کوژراو و برینداری لێنەکەوتۆتەوە و پێدەچێ تەنیا مەبەست، ترساندن و هەڕەشەکردن لەو حیزبە، لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنی گشتیی تورکیا بێت.
  • ٢٥ی ئاپریل: ڕەمزی قارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕایگەیاند کە ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان شەخسەن پێشی بە کاندیدبوونەوەی ئەو و زوبەیر ئایدار گرتووە.
  • ٢٦ی ئاپریل: بۆ دووهەمین جار لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا، ناوەندێکی تری پارتی دێمۆکراتیکی گەلان[HDP]، ئەمجار لە شارۆچکەی ئاڵتین ئۆڤای سەر بە یاڵۆڤای هەڵکەوتوو لە باشووری ئیستانبووڵ لە لایەن کەس یا کەسانی نەناسراوەوە گوللەباران کرا. بە گوێرەی بەرپرسانی هەدەپە، بەم هۆیە کە نوێنەر یا ئەندامانی ئەو حیزبە لەکاتی هێرشەکەدا لەناو بینایەکەدا نەبوونە، کەس بریندار نەبووە و تەنیا خەساری مادی بە بینایەکە گەیشتووە. شەوی ١٨ی ئاپریلیش، چەند کەس بە چەک هێرشیان کردە سەر بینای ناوەندی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان لە چانکایای ئانکارا. هێرشبەران چەند ڕۆژ دواتر لە لایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کران و زانرا کە یەکێک لەو کەسانە، پێشووتریش دەستی لە هێرشێکی سەر هەدەپەدا هەبووە.
  • ١٠ی مەی:  چەند عەشیرەتی کوردی باکوور، لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنی پارلەمانی تورکیادا، پاش دوازدە ساڵ پشتیوانی لە ئاکەپەی دەسەڵاتدار، ڕایانگەیاندووە کە ئەمجارە دەنگ بە هەدەپە-پارتی دێمۆکراتیکی گەلان- دەدەن. بۆ وێنە هەر لەم ڕۆژانەی دواییدا، عەشیرەتێک بە ناوی “ڕامان”، کە خاوەنی ٢٠ هەزار دەنگدەرە، لە رحا، بڕیاری داوە کە لەمەودوا پشتی هەدەپە بگرێ. لە باتمانیش ئەو ڕۆژانە، ٣٠٠ دەنگدەری عەشیرەتێکی تر، لە ڕێووڕەسمێکدا بەکۆمەڵ بوونە ئەندامی هەدەپە. لە پەرسووسی رحا، عەشیرەتێکی تر بە ٥ هەزار دەنگدەرەوە و لە ئادیامانیش عەشیرەتی “حاجی بەدر ئاغا” کە لە سەردەمی ئاتاتورکەوە، لایەنگری پارتە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا بوونە، بە ١٢ هەزار دەنگدەرەوە، بەڵێنیان داوە ئەمجار پشتیوانی لە هەدەپە بکەن. ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ لەمبارەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ڕووداوەکانی کۆبانێ و سەرکەوتوونەبوونی ئاکەپە لە بەجێ گەیاندنی بەڵێنییەکانی بەو توێژە لە دەنگدەران، عەشیرەتە کوردەکان لە حیزبەکانی سیستم ناوهومێد بوونە. جگە لەوەش پشتیوانیی کەسانی ناسراو لە هەدەپە و هەوەها هەوڵی ئەو حیزبە بۆ ئاشتکردنەوەی عەشیرەتە دژبەرەکان لەگەڵ یەک و لەگەڵ کۆمەڵگای کوردستان، بەرە بەرە ئەو عەشیرەتە محافزەکارانەی بەرەو هەدەپە و بزوتنەوەی سیاسیی کورد گەڕاندۆتەوە.
  • ١٣ی مەی: هونەرمەندێکی وێنەکێشی باکووری بە ناوی «سەردار کاراتای»، بەڵێنی بە دەنگدەرانی شارۆچەکەکەی[سێلاخەی مێردین] داوە کە ئەگەر هەر کامیان دەنگ بە هەدەپە بدەن، وێنەیەکی ڕەنگی، یەکێک لە بەساڵاچووانی بنەماڵەکەیان دەکێشێتەوە و بێ بەرانبەر پێشکەشیان دەکات. ناوبراو هەروەها بەڵێنی بە باقی دەنگدەرانیش داوە کە ئەگەر دەنگ بە هەدەپە بدەن، پۆرترەی ڕەش و سپی هەمووان دەکێشێتەوە و پێشکەشیان دەکات.
  • ١٤ی مەی: نوێنەری هەدەپە لە قەیسەری دەڵێ هەڕەشەمان لێ دەکرێ، ڕێگە نادرێن پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بکەین و مافی چالاکی سیاسیی لە حیزبەکەی ئێمە لە ناوەندی تورکیا زەوت کراوە
  • ١٥ی مەی: گرووپێکی چەند دە کەسی لە نەژادپەرستانی تورک، هێرشیان کردە سەر میتینگی هەدەپە لە قیرشەهیری ناوەندی تورکیا. سەلاحەدین دەمیرتاش  بۆ بەشداری لە میتینگی حیزبەکەی سەردانی ئەو شارەی کردبوو
  • ١٤ی مەی: شەوی ڕابردوو، چەند کەس هێرشیان کردە سەر بینای هەدەپە لە بارتینی تورکیا و لە ئاکامدا ئاڵا و تابلۆکانی هەدەپە سووتێندران و بیناکە بەردباران کرا و دەرگا و پەنجەرەی شکا. پۆلیس دەڵێ دوو کەسمان قۆڵبەست کردووە.
  • ١٤ی مەی: فیگەن یوکسەلداغ، هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند کە لەم چەند حەوتوویەی ڕابردوودا، ٥٦ ناوەندی هەڵبژاردنی حیزبەکەیان لە شارەکانی تورکیا هێرشی کراوەتە سەر و پۆلیسیش هاوکات زیاتر لە ١٠٠ ئەندام و چالاکی ئەو حیزبەی قۆڵبەست کردووە.
  • ٢٢ی مەی: بەرپرس و چەند ئەندامی هەدەپە لە شاری چۆڕوومی تورکیا لە لایەن گرووپێک لە نەژادپەرستانی تورکەوە هیرشیان کرایە سەر و بریندار کران. لەم دواییانەدا هێرش بۆ سەر چالاکان و ئەندامانی هەدەپە و بنکەکانی هەڵبژاردنی ئەو حیزبەی زیادی کردووە و بگرە لە ئادانا و مەرسین، بە بۆمبنانەوە هەڕەشەی تۆقاندنی هەدەپە و کشانەوەی لە هەڵبژاردن کرا.
  • ٢٩ی مەی: کەماڵ بورقای، سەرۆک و دامەزرێنەری پێشووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و سەرۆکی بەرێی هەکپار، لە وتارێکدا باسی ئەوەی کردووە کە سەرکەوتن یا نەکەوتنی هەدەپە گرینگییەکی ئەوتۆی بۆ کورد نییە بۆیە کە ئەو حیزبە بە پێشنیاری ئۆجالان و فیتی میت، زەواجی لەگەڵ چەپی تورک کردووە و ئامانجی ئەوەیە کە ببێتە حیزبێکی تورکیایی و … سەرۆکی پەدەکەی باکووریش چەند ڕۆژ لەمەوبەر بە ڕووداوی گوت کە حەز ناکا هەدەپە سەر بکەوێ چونکە ئەگەر هەدەپە نوێنەر بنێرێتە پارلەمانیش چ سوودێکی نییە و چیان پێ ناکرێ.
  • ٣٠ مەی: لە ئاکامی پێکهەڵپڕژانی لایەنگرانی هوداپار و هەدەپە لە ڕێیی گوندی قۆزلووجەی شڕناخ، دوو کەس کە شیمانە دەکرێ ئەندامی هوداپار بن کوژران و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی پۆلیس لە شڕناخ دەڵێن کە هوداپارییەکان ڕێگەیان بە هەدەپەییەکان نەداوە بچنە ناو گوندەکە و پڕۆپاگەندەی خۆیان بکەن و لە کاتێکدا کە بەرپرسان و نوێنەرانی گوندەکە لە دەرەوەی گوند سەرقاڵی قسەکردن لەسەر ئەوە مەسەلە بوونە، چەند کەس تەقەیان کردووە و لەم ناوەدا دوو هوداپاری کوژراون.
:هاوپۆله‌کانComment

پاکێجی ئاسایشیی ناوخۆیی تورکیا لە وتووێژ لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا

لە وتوویژێکدا لەگەڵ جانی دیلان لە دەنگی ئەمریکا، باسمان لەو پاکێجە نوێیەی ئاکەپە کرد کە بە دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی، سەرەڕای دژکردەوەی توندی هەدەپە و جەهەپە، بە پەسەندکرانی دا. ئەو کۆمەڵە یاسایە، ڕێگە بە پۆلیس دەدا تەقە لە هەر کەس بگات کە گومانی بوونی مۆلۆتۆفی لێ دەکا، خەڵک بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری دادگا بۆ ٤٨ کاتژمێر بگرێ، جلوبەرگی کوردی وەک پڕۆپاگەندە بۆ تیرۆریسم پێناسە دەکات، پشکنینی ئۆتۆمۆبیل و ماڵ ئاسانتر دەکا و دەسەڵاتی پارێزگارەکان ئەوەندە زیاد دەکا کە مەترسی زیندووکردنەوەی دەیەی نەوەتی ژاندارمی لای خەڵکانێک ساز کردووە. وەک بێژی تورکیا یازدەی سێپتامبری بەسەر هاتووە و ئەمەش پاتریۆت ئەکتە پەسەندی دەکات. ئەمریکا دەڵێ ئەو پاکێجە یاساکان بەرتەسک دەکاتەوە، زەخت بۆ سەر کۆمەڵگای مەدەنی زیاتر دەکات و یەکیەتیی ئەورووپاش نیگەرانی وەستانی ڕەوستی دێمۆکراتیزاسیۆن و دیمۆکراسی دیفیسیتە. یاساکە بەتایبەت بزوتنەوەی کورد دەکاتە ئامانج، سەندیکالیست و چەپ و ناڕازییان و دژبەرانی ئاکەپە دەکاتە ئامانج، یەکدەستکردنی دەسەڵاتی لێدەکەوێتەوە و دژکردەوەی یاسایی و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژوارتر و مەترسیدار و پڕ تێچووتر دەکات. ئاکەپە لە خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزی و کۆبانێ ترساوە و نایهەوێ ئەمانە دووپات ببنەوە. بۆ گوێگرتن لەو وتووێژە کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن.

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان:

ڕەوشی تەندروستی مستەفا سەلیمی نالەبارە

27 ئازار 2015 1 comment

NNSROJ: ڕەوشی تەندروستی “مستەفا سەلیمی” گیراوێکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام نالەبارە و پێویستی بە دەرمانکردن لە نەخۆشخانە هەیە بەڵام بەرپرسانی گرتووخانەی ‫سەقز‬ ڕێگەن نادەن ئەو گیراوە لە دەرەوەی زیندان دەرمان بکرێ.

بە گوێرەی “کەمپینی بەرگری لە گیراوانی سیاسی و مەدەنی”، مستەفا سەلیمی‬، چوار مانگە بەدەست نەخۆشی گورچیلە و چڵکی ڕیخەڵۆکەوە دەناڵێ بەڵام ڕێگەی پێ نادرێ بچێتە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی گرتووخانە و دەرمان بکرێ.
م.م

:هاوپۆله‌کانNNSROJ