ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > کوردەکان بیچم بە نەخشەی سیاسیی تورکیا دەدەن

کوردەکان بیچم بە نەخشەی سیاسیی تورکیا دەدەن

ئەسڵی ئایدینتاشباش – ئەنستیتۆی واشینگتۆن
لە ئینگلیزییەوە: مەسعوود مەناف- ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

لە ساڵی ٢٠٠ی زایینییەوە، پارتی داد و گەشەپێدان[AKP]، بە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا، جڵەوی دیاریکردنی سیاسەت لە تورکیای بەدەستەوە بووە. ڕاپرسییە گشتییەکان دەریدەخەن کە لە دوای هەڵبژاردنی پارلەمانی حەوتی ژووئەنیشدا، ئاکەپە درێژە بەو رۆڵەی دەدات. سەرەڕای ئەوەش، چارەنووسی ئەکتەرێکی بەچاو بچووک، واتە پارتی دێمۆکراتیکی گەلان[HDP]، دەتوانێ ڕۆڵێکی مەزن و کاریگەر لە پێشگرتن بە ئاواتەکانی ئاکەپە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسیی تورکیا بگێڕێ.

ئەگەر هەدەپە بتوانێ ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ چوونە ناو پارلەمان بەدەست بهێنێ، ئاکەپە دەبێتە زۆرینەیەکی لاواز لە سیستمی یاساداناندا کە لە ئاکامیدا، چوارەمین خولی دەسەڵاتداری حیزبەکە، لاواز[تر لە خولی پێشووی، و.] دەبێ. بەڵام ئەگەر هەدەپە نەتوانێ بەربەستی هەڵبژاردن دەرباز بکا، کۆی گشتیی کورسییەکانی ئاکەپە زیاد دەکا و زۆرینەی پێویست بۆ بردنە ڕێفڕاندۆمی یاسای بنەڕەتی پەسەندکراوی خۆی بەدەست دێنێ. لە ئەگەری وەڕاستگەڕانی ئەو سێناریۆیەدا، ئاکەپە هەوڵ دەدات سیستمی حوکمڕانی تورکیا وەک ئەمریکا لێ بکات کە تێیدا ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار دەبێت.

پێشینە:
لەم ساڵانەی دواییدا، ئاکەپە لە حیزبێکی ئیسلامگەرای مەیلەو ئەورووپاوە بۆ حیزبێک گۆڕاوە کە هەموو شتێکی لە شەخسی ئەردۆغاندا خۆلاسە دەبێتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵگای تورکیا بەسەر دوو بەرەی دژبەران و لایەنگرانی ناوبراودا دابەش بووە، ئەردۆغان، لە ڕێگەی کەناڵە خەبەرەییەکانەوە، کە ڕۆژ نییە بەرنامە ئاساییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی لێدوانەکانی ناوبراو نەبڕن، درێژە بە حزووری بەردەوامی خۆی لەبەردەم خەڵکی تورکیا دەدات.

پێوەندیدار:
بەربەستی هەڵبژاردن چییە؟ ئاوارە وڵات
باهۆزی هەدەپە و داوەکانی ئانکارا، جەنگیز چاندار و بە فارسی
آیا برندە شدن HDP در انتخابات همچون کودتا است؟
سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆکایەتیی کۆمار، دەبێ پۆستێکی بێ لایەن بێ، ئەردۆغان، هەر لە پاش هەڵبژاردنییەوە تا ئێستا، بەردەوام دەستی لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەت وەرداوە. ناوبراو بیروبۆچوونی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشەڕووشدا هیچ شاردۆتەوە و بگرە بانگەشەی بۆ سیستمی دڵخوازی خۆی بۆ “تورکیای نوێ” کردووە و دەکات. شتێک کە وەک نۆژەنکردنەوەی سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە لە قەڵەم دراوە، ناوی “سەرکۆماریی مۆدێل تورکیا”ی لێنراوە و بڕیارە بە گوێرەی ئەم پلانە، پارلەمان، دەسەڵاتگەلێکی بەرفراوانی ڕێوەبەریی بە ئەردۆغان بدات.

هەدەپە دەتوانێ ئاکامی کایەکە بگۆڕێ
سەیرەکە لەوەدایە کە هەم خەونی ئەردۆغان بۆ تورکیای نوێ و هەمیش داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتە، پێوەندییەکی راستەوخۆی نە بە ئەحمەد داوودئۆغڵوو، جێگرەوە دەستبەسراوەکەی ئەردۆغان لە سەرۆکایەتیی وەزیران، هەیە، نە بە لایەنی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن واتە پارتی کۆماری گەل[CHP]، بەڵکوو بە پێوەندی بە دەستکەوتی حیزبێکی بچووکی ناسیۆناڵیستی کورد لە هەڵبژاردنی پێشەڕوودا هەیە. پارتی ئاشتی و دێمۆکراسیی پێشوو، ئێستا لەژێر ناوی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان، گرینگترین حیزبی لایەنگری کوردان لە تورکیایە. هەدەپە هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی لە نێوان کورد، فێمینیست، سۆسیالیست، چەپگەرا، عەلەوی و باقی کەمایەتییەکاندا ساز کردووە و بەرنامەکەی ئەوەیە کە بەربەستی سەدا دەی هەڵبژاردن تێپەڕێنێ و بچێتە ناو پارلەمان. بەربەستێک کە لە لایەن سەربازە کودەتاچییەکان لە ساڵی ١٩٨٠دا خزێنراوەتە ناو یاسای بنەڕەتی تورکیا و ئامانجی تایبەت لە پەسەندکرانی، پێشگرتن لە چوونی نوێنەرانی کورد بۆ پارلەمانی تورکیایە. یاسایەک، کە بەرزترین بەربەستی هەڵبژاردن لە سەرانسەری جیهانە.

هەر بۆیەشە کە گۆشەنووسانی تورکیا، بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پێشەڕوودا دەنووسن. ئەگەر هەدەپە بتوانێ بچیتە پارلەمان، هەژماری کورسییەکانی ئاکەپە تا ڕادەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە و لە ئاکامدا پێش بە خەونی ئەردۆغان بۆ دیاریکرانی وەک سەرکۆماری فرەدەسەڵاتی تورکیا دەگرێ. ئەگەریش هەدەپە نەتوانێ بەربەستەکە تێپەڕێنێ، مومکینە ئاسایشیی ناوخۆیی تورکیا تووشی مەترسی بێت. یانی ئەگەر هەدەپە لە دەرەوەی پارلەمان بمێنێتەوە، مومکینە ناوچە کوردستانییەکانی تورکیا تووشی ئاڵۆزی بن و هەروەها بەدوور نییە کە پڕۆسەی چارەسەری و وتووێژی نیوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستانی جیاییخواز- کە لە ئەجنێندا ناسیۆناڵیستییەکەیدا لەگەڵ هەدەپە هاوبەشە- بوەستێ.

بڵەی بتوانن؟
حیزبە کوردییەکان، بە شێوەیەکی نەریتی توانیویانە شێست تا شێست و پێنج لە سەدی دەنگی شارە سەرەکییەکانی کوردستان[ی باکوور، و.] بەدەست بهێنن بەڵام ئەو ڕێژە تەنیا دەوری ٦.٥ لە سەدی رێژەی سەرجەم دەنگەکانی سەرانسەری تورکیایە و ئەمەش لە خوارووی بەربەستی هەڵبژاردنە. پێشووتر، بۆ وێنە ئەندامانی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی[BDP]، ئەو بەربەستەیان بە خۆپاڵاوتن وەک بەربژێری سەربەخۆ دەبەزاند. ئەم ستراتێژییەش گەرچی ڕێی بە کوردەکان دەدا هەژمارێک نوێنەر بنێرنە پارلەمان و ٢٠ تا ٣٥ کورسی بۆ ئەو حیزبە مسۆگەر دەکرد بەڵام لە بەروارد لەگەڵ ئەو ڕێژە دەنگەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیان دەهێنا کەمتر بوو. بەو حیسابە ئەگەر هەدەپە بەربەستی لە سەدا دەی هەڵبژاردن دەرباز بکات، لانیکەم ٥٠ تا ٧٠ کورسی لە کۆی ٥٥٠ کورسییەکەی پارلەمانی تورکیا دەبێت و ئەمەش هەدەپە دەکاتە یاریزانی “شا”ساز”ی مەیدان.

رێک ئەم حیساب و کتابەیە کە بۆتە خاڵی سەرەکیی بانگەشەی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە. بە گوێرەی دوا ڕاپرسییەکان، ئێستا ڕێژەی دەنگەکانی هەدەپە لە دەوروبەری لە سەدا دەدا دەخولێتەوە. هەدەپە بۆ دڵنیابوون لە دەربازکردنی ئەو بەربەستە، دەبێ پشت بە تورکە سێکۆلارەکان و هەروەها کوردە محافزەکارەکان ببەستێ. گرووپێک کە لە دەیەی ڕابردوودا، زیاتر مەویلەو ئاکەپە بوونە.

پڕۆسەی ئاشتی و وتووێژی نێوان ئانکارا و پارتی قەدەخەکراوی پەکەکە، مەشروعییەتێکی تایبەتی بە هەدەپە لە بیروڕای گشتیی تورکیا و هەروەها لەنێو ئەو کوردانە داوە کە بە لایەنگری ڕێکارە ڕادیکاڵەکانی پەکەکە ناسراون. هەدەپە پشتیوانییەکی زۆریشی لەنێو ئەو خۆپێشاندەرانە بەدەست هێناوە کە لە هاوینی ٢٠١٣دا لە پارکی گەزی ئیستانبووڵ لەسەر شەقامەکان بوون. خۆپێشاندانەکانی گەزی، دەرفەتێکی بە هەدەپە دا کە خۆی وەک لایەنی سەرەکی دژبەری ئاکەپە بە تورکە لیبێراڵ و ناڕازییەکان بناسێنێ.

دەمیرتاش؛ ڕەخنەگرێکی بەهێز
هۆکارێکی گرینگی پەرەسەندنی خۆشەویستی و هەژماری دەنگەکانی هەدەپە، بەهۆی ناوبانگی سەرکردە گەنجەکەی، واتە سەلاحەدین دەمیرتاشە. دەمیرتاشی ٤٢ ساڵە-کە پارێزەری پێشووی مافی مرۆڤە- بۆتە یەکێک لە ڕەخنەگرانی بەتوانای ئەردۆغان. لە هەڵبژاردنی هاوینی ڕابردوو بۆ سەرۆکایەتیی کۆماردا، ناوبراو لەهەمبەر ئەردۆغان کاندید بوو و توانی ڕێژەی چاوەڕواننەکراوی لە سەدا ٩.٨ی دەنگەکان بەدەست بهێنێ. هەرچەند ئەردۆغان بە سەدا پەنجا و یەکی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەست هێنا بەڵام دەمیرتاش و حیزبەکەی، بە گوێرەی بەرپرسێکی هەدەپە، ئێستا بە هاوپەیمانییەکی بەرفراوانترەوە و بە ڕێژەی لە سەدا پەنجای بەربژێرانی ژن، چاویان بڕیوەتەوە هەریکەم ٥٦ کورسی پارلەمان.

دەمیرتاش لە وتارێکی مانگی مارسیدا لە پارلەمان ڕوو لە ئەردۆغان وتی کە “ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین کە تۆ ببی بە سەرۆک”. لێدوانێکی کورت کە چەپڵەی دوورودرێژی جەماوەری ئامادەبوو و کەیخفۆشی بەرفراوانی گۆشەنووسانی لیبراڵ و سێکۆلاری تورکیای لێکەوتەوە. گەرچی زۆرینەی خەڵکی تورکیاش بە گوێرەی ڕاپرسییە گشتییەکان، ڕازی نین کە سیستمی سەرۆکایەتی پەسەند بکرێ بەڵام هەر ئەو لێدوانەی دەمیرتاش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەردۆغان بە کردەوە، ستۆپ بە پڕۆسەی ئاشتی بکات و وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرە زیندانیکراوەکەی پەکەکە ڕابگرێ و بەم شێوە هۆشدار بە هەدەپە بدات کە ئەگەر دژ بە [وەڕاستگەڕانی] خەونەکانی بوەستنەوە، زەختیان دەخاتە سەر.

هەژماری کورسییەکان چارەنووسساز دەبن
هەر بۆ ئاگاداریتان، گومانێکی زۆر کەم سەبارەت بە سەرکەوتنی دووبارەی ئاکەپە لە هەڵبژاردنی مانگی ژووئەندا هەیە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە مارسی ٢٠١٤دا، ئاکەپە توانی ٪٤٣.٥ی دەنگەکان بەدەست بهێنێ و بەم شێوەی هەژماری دەنگەکانی، بە پێچەوانەی ڕەوشی بەرەو لاوازی ئابووری تورکیا، کەمی نەکرد. ئاکەپە سەرەڕای ئاستەمەکان، درێژەی داوە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە خەڵک. بۆ وێنە توانیویەتی لە ئاستێکی نزیک بە ستانداردە جیهانییەکەیدا خزمەتگەلی بواری تەندروستی دابین بکا و نۆژەنکردنەوەی مەزن لە ژێرخانی هاتوچۆی گشتی و شارسازیدا ئەنجام بدات. ئاکەپە هەروەها توانیویەتی هاوپەیمانییەکی ئابووری لە نێوان سیاسەتمەدارانی سوننی و محافزەکاری کۆمەڵگا و وەفادار بە ئەردۆغان پێک بێنێ.

بەهەرحاڵ، گرینگترین مەسەلە بۆ ئاکەپە ئەوەیە کە شەوی هەڵبژاردن چەند کورسی بەدەست هێنابێ. ئەگەر هەدەپە بەربەستی لەسەدا ١٠ی هەڵبژاردن دەرباز بکا، دەوری ٤٠ کورسی ئاکەپە کەم دەکاتەوە و هەژماری کورسییەکانی پارتی دەسەڵاتدار دەکاتە نێوان ٢٧٠ تا ٣١٠ کورسی. بۆ ئەوەی کە حکوومەتی داهاتووش پێک بێ، ئاکەپە پێویستی بە هەریکەم ٢٧٦ کورسی هەیە. ئەمەش نەتەنیا توانای ئەردۆغان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لاواز و سنووردار دەکات بگرە هێژمۆنی دە ساڵەی ناوبراو و حیزبەکەی لەسەر پانتای سیاسیی تورکیا خەوشدار دەکات و ئەگەر حیزبی لایەنگری کوردان بتوانێ سەدا ١٢ی دەنگەکان بەدەست بهێنێ، ئاکەپە ناچار دەبێ کە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی دەستی یارمەتی بۆ حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن[و یەکێک لەمانە، هەدەپە] درێژ بکا.

بە پێچەوانە و لە ئەگەری سەرنەکەوتنی هەدەپەدا، ئاکەپە بە ئاسوودەیی دەتوانێ دەستوور هەموار و سیستمی پارلەمانی تورکیا نۆژەن بکاتەوە و پاشان بڕیارەکە بباتە بەردەم خەڵک تا لە گشتپرسیدا دەنگی لەسەر بدەن. بۆ ئەوەش ئاکەپە پێویستی بە ٣٠٠ دەنگ دەبێ تا بتوانێ لە پارلەمان یاساکە بگۆڕێ و بیگەیەنێتە قۆناخی ڕێفڕاندۆم و هەروەها ئەردۆغانیش دەبێ هەوڵ بدات داوودئۆغڵوو بە شێوەیەک قانع بکات تا ئەو پلانە وەڕاست گەڕێ و دواتر لانیکەم سەدا ٥١ی خەڵک ڕازی بکرێ تا دەنگ بە گۆڕانکارییەکە بدەن. ئەگەرچی وادیارە کە ئێستا تەنیا ٣٠ تا ٤٠ لە سەدی کۆمەڵگای تورکیا لایەنگری لە سیستمی پێشبینیکراوی سەرۆکایەتی دەکات، بەڵام پێدەچێ ئەردۆغان هەوڵ بدات کە لە پێگەی خۆی لەناو خەڵک و هەروەها بە کۆنترۆڵکردنی پارلەمان، پلانەکەی جێبەجێ بکات.

وەک پێشووتر باس کرا، پێشگرتن لە چوونی هەدەپە بۆ ناو پارلەمان مومکینە تورکیا بەرەو دۆخیکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر ببات کە بێ گومان خۆپێشاندانە خیابانییەکان، بە پێشەنگایەتیی ناسیۆناڵیستە کوردەکان، یەکێک لە بژارەکان دەبێت. جگە لەوە بەدوور نییە کە یەکێک لە پلانەکانی[کوردەکان، و.] کە بریتییە لە دامەزراندنی پارلەمانی خۆجێی و ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی، بێتە ڕۆژەڤ. هەر بۆیە باڵانسەکە، بە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی هەدەپەوە گرێدراوە.
– تێبینی: ئەسڵی ئایدینتاشباش، گۆشەنووسی ڕۆژنامەی میللییەتی تورکیایە

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: