ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > “نە بۆ کوشتنی کورد بە دەستی کورد”

“نە بۆ کوشتنی کورد بە دەستی کورد”

دەقی ڕاگەیاندراوی پارتی فێمینیستی کوردستان سەبارەت بە ئاڵۆزییەکەی نێوان حدکا و پەکەکە لە کێلەشین:

بە داخەوە سەرلەبەیانیی رۆژی ٣ی جۆزەردان لە ئاکامی کێشە لە نێوان هێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران‌ و پارتی کرێکارانی کوردستان، شەڕ و پێکدادان هاتە ئاراوە و پێشمەرگەیەکیش گیانی بەخت کرد. ئێمە وەکوو پارتی فمێنیستی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگەی گیانبەختکردوو هاوسەنگەرانی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین‌ و ئیدانەی هەرچەشنە شەڕێکی چەکداری ئەکەین کە هێزەکانی کوردستان بەرامبەر بە یەک پەنای بۆ ببەن.

گەلی کورد لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدایە. لە لایەک‌و بە درێژایی سنوورێکی پان‌و بەرین لە شەڕێکی دەستەویەخەیەدایە لە گەڵ داعش وەکوو کۆنەپارێزترین هێزی سەردەم‌ و لە لایەکی دیکەوە لە ململانێەکی قورسی هەڵبژاردندایە لە باکووری کوردستان. ئەمە بێجگە لەو هەزاران گرفتە و لەمپەرەی بەردەم گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە پێویستی بە هاوخەباتی‌و هاوپشتی هەیە.

گەلی کورد ئیتر نابێت رێگە بدات رۆلەکانی ببنە قوربانی شەڕی ناوخۆی‌ و یەک قبووڵنەکردنی حیزبەکانی کوردستان. رۆڵەی کورد ئیتر نابێت بکرێتە سووتەمەنی شەڕیک کە تەنیا داگیرکەرانی کوردستان لێی سوودمەند دەبن‌ و ئێمەش وەکوو کورد لە شەرمەزاری زیاتر بۆ ئێستا و مێژوومان هیچمان بۆ وتن نەبێت.

پێویستە هەر چەشنە پەنابردن بۆ چەک و بەکارهێنانی زەبر و زەنگ، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە لایەن گەلی کوردەوە ئیدانە بکرێت. نابێت رێگە بەین هەموو خەونەکانی نەتەوەی کورد ببێتە بڵقی سەرئاو و مێژووی رەشی شەڕی ناوخۆمان دووبارە بکەینەوە. ئەو شەڕەی بە براکوژی ناسراوە و لە لیستی گیابەختکردووانی شەڕی ناوخۆ دەیان ژنە پێشمەرگەشی تێیدایە و پڕە لە چیرۆکی تاڵی بەسەرهاتی ڕۆڵەکانی گەلی کورد، بەڕاستی تا سەر ئیسقان شەڕێکی پیاوسالارانە و پاوانخوازانە و دەسەڵات سەپێنە و دەبێت لە لایەن هەموو گەلی کورد و بە تایبەتی ژنانی کورد کە زەرەرمەندی یەکەمی هەموو شەڕەکانن بەرپەرچ بدرێتەوە و زمانی دیالۆگ و ئاشتەوایی، لە جیاتی ئاگر بەکار ببرێت و چی دیکە حورمەتی نەتەوەیی نەشکێندرێت.

ئەرکە لە سەر شانی هەموو تاکێکی کورد بە ئەوپەڕی هەستی بەرپرسیاریەتیەوە لە ئاست ئەم چەشنە کێشانە قسە بکات. پەنابردن بۆ شیتەڵکردنی ساڵنامەی یەکتر و هەڵدانەوەی لاپەڕە رەشەکانی مێژوومان لە ساتەوەختە ئاڵۆزەکاندا، نە لە قازانجی گەلی کوردە و نە مەبەست لە باسکردنی رەخنەگرتن و دەرسوەرگرتنە لە رابروو. هیوادارین پیاوانی ناو گوڕەپانی سیاسەت لە ئەمڕۆی کوردستان رۆژە رەشەکانی رابردوومان بۆ دووبارە نەکەنەوە و هیچ ئاگرێک خوش نەکەن کە بە دەیان ساڵ بۆمان نەکوژێتەوەو برینەکانی هەرگیز ساڕێژ نەکرێت.

پارتی فمێنیستی کوردستان
٤ی جۆزەردانی ٢٧١٥

:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

لێدوانێک بنووسە