ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > سێهەم کۆبوونەوەی حدکا و پەکەکە؛ “دیالۆگ تا چارەسەرکردنی کێشەکان درێژەی دەبێ”

سێهەم کۆبوونەوەی حدکا و پەکەکە؛ “دیالۆگ تا چارەسەرکردنی کێشەکان درێژەی دەبێ”

NNSROJ: زانرا کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردان- ٢٠ی ژووئەن، وەفدێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی “محەمەدنەزیف قادری”، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە، سەردانی قەندیلیان کردووە و لەگەڵ “جەمیل بایک”، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان کۆبوونەوتەوە.

بەرپرسی وەفدی حدکا بە کوردستان مێدیا، ماڵپەڕی زمانحاڵی حیزبەکەی ڕاگەیاندووە کە سێهەم دانیشتنی نێوان دوو لایەن “لە کەشوهەوایەکی دۆستانە و لێکتێگەیشتنێکی تەواو”دا بەڕێوەچووە و تێیدا گفتگۆ لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دووپاتنەبوونەوەی ئاڵۆزیی نەخوازراو لە نێوان حدکا و پەکەکە کراوە و بڕیار دراوە کە “دیالۆگ تا گەیشتن بە چارەسەریی یەکجاریی کێشەکان” بەردەوام بن.

پاش تێکهەڵچوونە خوێناوییەکەی ٣ی جۆزەردان-٢٤ی مەی لە کێلەشین، پەکەکە و حدکا دوو جاری تر لە هەولێر[٢٧ی مەی] و بنکەی سەرەکیی حدکا لە کۆیەی باشووری کوردستان[١٣ی ژووئەن] کۆبوونەتەوە.
م.م.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. Rojpress
    20 حوزه‌یران 2015 له‌ 19:07

    حیزبی دێموکرات و پ.ک.ک سێهەم دانیشتنی خۆیان لە قەندیل ئەنجام دا
    زایینی: ٢٠-٠٦-٢٠١٥ – هەتاوی: ١٣٩٤/٠٣/٣٠ – ١٩:٠٨ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
    حیزبی دێموکرات و پ.ک.ک سێهەم دانیشتنی خۆیان لە قەندیل ئەنجام دا
    کوردستان میدیا: سێهەم دانیشتنی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان لە قەندیل ئەنجام درا.

    بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی قەندیلی کرد و لەلایەن شاندێکی پەکەکە بە سەرپەرەستی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی ئەو پارتەوە پێشوازی لێکرا.

    لەم چاوپێکەوتنەدا، کۆمەڵێک باسی سیاسی لەبارەی دۆخی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و نەتوەی کورد بەتایبەتی خرانە بەرباس.

    بەشی سەرەکیی ئەم دانیشتنە دوولایەنەیە بۆ باسکردن لەسەر پرسە پێوەندیدارەکان بە هەردوولایەن، ئاوڕدانەوەیەک لە دانیشتنەکانی پیشوو و تاوتوێ کردن و دۆزینەوەی رێکارێک بۆ دووپات‌نەبوونەوەی هەرچەشنە ئاڵۆزییەک بە لێک‌تەگەیشتنی تەواو بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان تەرخان کرابوو.

    محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر شێوازی بەڕێوەچوونی ئەم دانیشتنە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: “دانیشتنەکە لە کەش و هەوایەکی دۆستانە و لێک تێگەیشتنێکی تەواو بەڕێوەچوو”.

    سەرپەرەستی شاندی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا باسی لە گەشبینی هەردوولایەن لەسەر ئاکامی ئەم دانیشتنە و دانیشتنەکانی داهاتووی کرد.

    ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە کۆتاییدا رایگەیاند: لەو دانیشتنەدا بڕیاری بەردەوام‌بوون لە دیالۆگ هەتا چارەسەری یەکجاریی هەموو کێشەکان درا.

    پێشتریش، رۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردان چاوپێکەوتنی دووهەمی حیزبی دێموکرات و پەکەکە لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچووبوو.

    پاش کۆتایی‌هاتنی دانیشتنی دووهەم، حیزبی دێموکرات لەسوور بوونی خۆی لەسەر داخوازییەکانی و پاشەکشەنەکردنی هێزەکانی لە چیاکانی کێلەشین و قەندیل پێداگری کردبوو.

    http://www.kurdistanmedia.com/sorani/dreje/19508

  2. Rojpress
    20 حوزه‌یران 2015 له‌ 19:09

    شاندێكی باڵای پارتی و یەكێتی دەچێتە قەندیل
    لەلایەن هێڤیدار ئەحمەد 25/5/2015
    لۆگۆی پارتی و یەکێتی
    لۆگۆی پارتی و یەکێتی
    رووداو- هەولێر

    بۆ كۆتاییهێنان بە كێشە و ناكۆكیی نێوان PKK و پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، شاندێكی ئاستبەرزی پارتی و یەكێتی كە تەواوی دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، لەگەڵ هەردوو لایەن لە قەندیل كۆدەبنەوە. بەڵام PKK دەڵێت بە “مەرج” لەگەڵ حدكا كۆدەبنەوە.

    گرژییەكانی چەند رۆژی رابردووی نێوان PKK و حدكا لەسەر دانانی بارەگا دواجار تەقەی تێكەوت و بەو هۆیەشەوە پێشمەرگەیەكی دیموكرات لە ناوچەی “خنێرە” لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی كوردستان شەهید بوو. پێشمەرگەكانی دیموكراتیش دوو گەریلای PKK دەستگیر دەكەن.

    بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە لە قەندیلەوە دەست (رووداو) كەوتوون، بڕیارە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان كە لە ئەندامانی پارتی و یەكێتی پێكدێن، بچنە قەندیل و لەگەڵ جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان كۆببنەوە.

    سەرچاوەیەكی باڵای نێو PKK كە پێی باش نەبوو نێوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت “بڕیارە رۆژی 26/5/2015 كەریم شنگالی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و حاكم قادر حەمە جان، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەندێ هەڤاڵی دیكە بگەنە قەندیل”.

    ئەو سەرچاوەیە زانیاری زیاتری ئاشكرا كرد و گوتی “بڕیارە یەكەمجار لەگەڵ حدكا كۆببنەوە، دواتر لەگەڵ هەڤاڵ جەمیل بایك و بەرپرسانی PKK كۆببنەوەو كۆتایی بەو كێشەیە بهێنن”. گوتیشی “بەپێی زانیارییەكانی ئێمە ئەو شاندەی هەرێمی كوردستان تەواوی دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە”.

    نامەكەی حدكا بۆ كەجەكە

    حدكا لە رێگەی ناردنی نامە و ئاگاداركردنەوەی لایەنەكان لەو كێشەیەی چەند رۆژێك بوو سەری هەڵدابوو، هەوڵیداوە لەگەڵ PKK بگاتە ئەنجامێك، بەڵام هەموو هەوڵەكان شكستیان هێنا و دواجار پێكدادانی لێكەوتەوە.

    پێش ئەوەی شەڕەكە رووبدات، دەفتەری سیاسیی حدكا نامەیەك بۆ كۆنسەی سەرۆكایەتی KCK دەنێرێ و تێیدا داوادەكات كێشەی لێكنزیكبوونەوەی هێزەكانیان لە ناوچەی سنووریی كێلەشین چارەسەر بكەن، بەڵام وەك ئاماژەی پێدراوە، وەڵامی PKK بۆ دانوستاندن “نا” بووە.

    گەریلاكانی PKK لە سنوورەكانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی كێلەشین، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە گەمارۆی هێزێكی حدكایان داوە و داوایان لێدەكەن ئەو ناوچەیە جێبهێڵن. رۆژی 22ی ئایاریش حدكا بەفەرمی لە نامەیەكدا وەڵامی ئەو داوایەی داوەتەوە.

    لەو نامەیەدا كە كۆپییەكی دەست (رووداو) كەوتووە، دەفتەری سیاسی حدكا بۆ KCK ی نووسیوە “ئاگادارین كە داواتان كردووە هاوڕێیانی ئێمە لە شوێنەكانی مانەوەی ئێستایان دابەزن. ئەو داوایە ئەگەر بەمەبەستی كشانەوە و گەڕانەوەی هاوڕێیانمان و پێشگرتن بە خەبات لە كوردستانی رۆژهەڵاتە، ئاشكرایە كە حدكا ناتوانێ ئەو جۆرە گوشارانە قبوڵ بكات، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی پەیوەندی دۆستانەماندا تێبینییەكتان هەبێ دەكرێ بە دانیشتن و لێكتێگەیشتن رێگایەك بۆ چارەسەری مەسەلەكە بدۆزینەوە”.

    وەڵامیان “نا”بوو

    لە بەشێكی دیكەی نامەكەی حدكا بۆ KCK هاتووە “ئێمە هەر لە رۆژی یەكەمی ئەم وەزعەوە لە چەند كەناڵێكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە داوای دیدار و چارەسەركردنی مەسەلەكەمان كردووە، كە بەداخەوە یان وەڵامێك نەبووە، یان ئەگەر هەبووبێ (نا) بووە، ئەویش بە هەڕەشەوە كە دوورە لە پەیوەندی سیاسیی نێوانمان”.

    بەرپرسانی حدكا لە نامەكەی دوو رۆژ پێش شەڕەكەشیان هەمان هەڵوێستیان لێ بەدیدەكرێ كە تێیدا بۆ KCK نووسیویانە “ئێمە دڵنیاتان دەكەین كە لەلایەن ئێمەوە هیچ هۆیەك بۆ گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانماندا نییە و هیواداریشین ئێوەش هەروا بیربكەنەوەو هەنگاو بەرەو كردەوەیەك نەنێن كە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكمان و بزووتنەوەی كورد بەگشتیدا نەبێ و ئێمەش ناچار نەبین لەو پەیوەندییەدا راستییەكان بۆ رای گشتی روونبكەینەوە”.

    بەدیلگرتنی دوو گەریلا

    سەدیق دەروێش، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی (حدكا) كە سەرپەرشتی هێزەكەی حدكا دەكات لە ناوچەی كێلەشین بە (رووداو)ی گوت ” PKKبەهاوكاری پاسدارانی ئێران هێرشیان كردووەتە سەر پێشمەرگەكانی ئێمە لە ناوچەی خنێرە و لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا دوو پێشمەرگەی ئێمە شەهید بوون”.

    سەدیق دەروێش ئەوەش ئاشكرا دەكات كە “لەكاتی شەڕۆپێكدادانەكاندا دوو گەریلای PKK لەلایەن پێشمەرگەكانی حدكاوە دەستگیركراون، یەكێكیان خەڵكی رۆژهەڵات بوو، بە ئێمەی گوت زۆر شەرمەزاری ئێوەم كە هێرشمان كردووەتە سەرتان”. گوتیشی “بۆ نیازپاكی ئەو دوو دیلەی PKK ئازادكران، بەڵام ئێرەش چۆڵ ناكەین”.

    نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان كە سەردانی قەندیلی كردووە، بەشێك لە نێوەڕۆكی كۆبوونەوەی خۆیان لەگەڵ PKK ئاشكرا دەكات و دەڵێت “حدكا داوایان لێكردین نێوبژیوانی بكەین، چونكە هێزەكانیان لەلایەن PKK گەمارۆدرابوون، ئێمەش هەرزوو داوامان لە قەندیل كرد بەپەلە دیدارێكمان لەگەڵ جەمیل بایك بۆ رێكبخەن”.

    ئیمزای PKK وەرگیراوە

    نیعمەت عەبدوڵڵا گوتیشی “كە گەیشتینە ئەوێ جەمیل بایكمان نەبینی و گوتیان كاری هەبووە، ئێوەش داوای كۆبوونەوەی بەپەلەتان كردووە، بەڵام PKKرەتیكردەوە نامەی حیزبی دیموكراتیان بەدەست گەیشتبێ‌”.

    بەڵام حەسەن شەرەفی، جێگری سكرتێری حدكا دەڵێ بەڵگەیان هەیە كە نامەكە گەیشتووە “نوێنەری PKK لە هەولێر نامەی ئێمە وەرگرتووە، تەنانەت ئیمزاشی كردووە كە نامەكەی وەرگرتووە”.

    سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتاران قسەی بەرپرسانی PKK لەبارەی هاتنی پێشمەرگەكانی دیموكرات بۆ ئەو ناوچەیە باس دەكات و دەڵێت “برادەرانی PKK بۆیان باسكردین كە پێشمەرگەكانی حدكا پێیانگوتوون رێگەمان بدەن هێزەكەی ئێمە ئاودیوی رۆژهەڵات ببێ‌، رێگەمان دان، بەڵام ئەوان نیازێكی دیكەیان هەبوو”. هەروەها گوتی “لەو سنوورە رەبایەی ئێران زۆرن و PKK گوتیان ئێران لە هاتنی ئەو هێزە بە ئاگا هاتبوون”.

    KCKش لە زاری ئەندامێكییەوە روونكردنەوەی لەسەر رووداوەكە دا. دەمهات عەگید، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان دەڵێت ‌”هێزەكانی حیزبی دیموكرات پێشتر پێیانگوتوون كە دەیانەوێت ئەو سنوورە بۆ تێپەڕبوون بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان بەكاربهێنن، ئەمانیش پێیانگوتوون لەوەدا هیچ كێشەیەك نییە و هەركات بیانەوێت دەتوانن ئەم سنوورانە بەكاربهێنن”. بە گوتەی دەمهات عەگید “حیزبی دیموكرات نیازێكی خراپیان هەبوو لە ‌ناوچەكانی گەریلا”.

    مەرجی PKK بۆ كۆبوونەوە

    حدكا رەتیدەكاتەوە كە PKK رازیبووبێ هێزی ئەوان ئاودیوی رۆژهەڵاتی كوردستان بێ‌. شەرەفی لەو بارەیەوە دەڵێ ” PKK راست ناكات، تەنانەت بە ئێمەیان گوت نابێ بچنە رۆژهەڵاتی كوردستان، چونكە ئێران بەڵێنی لە PKK وەرگرتووە ئەو سنوورە بپارێزن”.

    شەڕەكە وەستاوە، PKKش مەرجی هەیە بۆئەوەی كێشەكە لەگەڵ حدكا چارەسەر بكات و چاوەڕێی وەڵامی كۆتایی یەكێتی پەرلەمانتاران دەكات كە بڕیارە لەگەڵ حدكا كۆببنەوە. نیعمەت عەبدوڵلا باسی مەرجەكەی پەكەكەی كرد و گوتی “پەكەكە كێشەی نییە لەگەڵ حدكا لە هەر شوێنێك كۆببێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی پێشمەرگەكانی دیموكرات بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێی هاتوون”. شەرەفی دەڵێ “ئامادەین بۆ دانوستاندن، بەڵام هیچ مەرجێكی PKK قبووڵ ناكەین”.

    http://rudaw.net/sorani/kurdistan/250520157

    گرژی نێوان پەکەکە و حدکا هێشتا چارەسەر نەکراوە
    لەلایەن ناسر پیرۆتی 4/6/2015

    رووداو – هەولێر

    ‌‌سەرەڕای ئەوەی، کە پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران جەخت لەسەر چارەسەری ناکۆکییەکانیان دەکەنەوە، بەڵام هێشتا سەنگەرگرتنیان بەرامبەری یەکتری بەردەوامە.

    محەممەد ئەمین پێنجوێنی، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە لە یەکەم دانیشتنی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆما جڤاکێن کوردستانێ(کەجەکە)، لە هەولێر بەشداربوو، دەڵێت بە چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناکۆکی نێوان پەکەکە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەرەو چارەسەربوون دەچێت و تەنیا هەندێک کێشەی تەکنیکی ماون کە بۆ چارەسەرکردنیان، دوو لایەنەکە دەبێ زیاتر گفتوگۆ بکەن.

    پێنجوێنی باسی ئەوە دەکات :” گرژی نێوان پەکەکە و حیزبی دیموکرات بەهۆی چوونی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە بۆ ناوچەی کێلەشین لەسەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، کە بەهۆیەوە، لەرۆژی 23ی ئایار، هێڵی سووری شەڕی براکوژی بەزێندرا” دەشڵێت :”بەڵام ئێستا پەکەکە ئەو داوایەی نییە، کە هێزەکانی دیکە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان نەبن، بەڵکو داوا دەکات هێزەکانیان لە نزیک یەکتری نەبن”.

    حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش هیوادارە لێدوانی ئەو کەسایەتییە سیاسییەی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان، هەڵوێستی ئەو حیزبەش بێت.

    حەسەن شەڕەفی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:”ئەگەر پەکەکە بێتە سەر ئەو بڕوایەی، کە هێزە کوردییەکان مافی خۆیانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بمێننەوە، کێشەیەک لەنێوانیاندا نامێنێ و گرژییەکە چارەسەر دەبێت”.

    هاوکات ئاشکراشی دەکات، لە کۆبوونەوەی یەکەمیان لە هەولێر بڕیاریاندا لەداهاتوویەکی نزیکدا دووبارە وەفدی دوو لایەن بە نێوبژیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام هێشتا کۆنەبوونەتەوە. بەگوتەی حەسەن شەڕەفی “ئەوان داوایانکردووە بۆ چارەسەری کێشەکە درێژە بە دانوستاندنەکان بدەن، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەرێنیان وەرنەگرتووەتەوە بۆیە کێشەکە وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ نەگۆڕاوە”.
    http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0306201533

    كەریم شنگالی: كۆبوونەوەی حدكا و پەكەكە ئیجابی بوو
    لەلایەن رووداو 27/5/2015

    رووداو- هەولێر

    كۆبوونەوەی شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران “حدکا” و پارتی کرێکارانی کوردستان”پەكەكە” لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆتاییهات.

    سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی دەكرد، لە كۆگنرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند:” کۆبوونەوەکە ئیجابی بوو و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن، زەمینە خۆشکرا بۆئەوەی لە داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیكە بكرێت، هەروەها، لە نزیكترین كاتیشدا كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجامدەدرێت”.

    حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكرات بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کرد. هەروەها دەمهات عەگید، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆماجڤاكێن كوردستان KCK و محەممەدەمین پێنجوێنی کەسایەتی نزیک لە PKK و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد KNK لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.

    رۆژی دووشەممە شاندێكی هەرێمی كوردستان ، بەسەركردایەتی كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی كرد لە كۆیە و دوای ئەوەش شاندەكە سەردانی سەكردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK كرد لە قەندیل .

    مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، لە پەیامێكدا لەبارەی شەڕ و گرژییەكانی نێوان PKK و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد ، كە كۆتایی بە گرژیی نێوان PKK و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بێنێت.
    http://rudaw.net/sorani/kurdistan/270520158

    کۆبوونەوەی پەکەکە و حدکا لە کۆیە دەستیپێکرد
    لەلایەن رووداو 13/6/2015
    http://rudaw.net/sorani/kurdistan/130620153
    رووداو – کۆیە

    کۆبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لە کۆیە دەستیپێکرد.

    کۆبوونەوەکە بەشێکە لە هەوڵەکانی پەکەکە و حدکا بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان هەردوو حیزب، کە بە هۆی رووداوەکانی ئەمدواییەی کێلە شین تێکچبوون.

    ئەمە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوولایەنە، دوای ئەوەی ئەو دوو حیزبە لەناوچەی سنوری نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان لە چیای كێلەشین ئاڵۆزی لەنێوانیادا روویدا و بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەكی دیموكراتی كوردستانی ئێران گیانی لە دەست دا.

  3. Rojpress
    20 حوزه‌یران 2015 له‌ 20:31

    پەکەکە و حدکا شەڕی راگەیاندن دژی یەکتر رادەگرن
    لەلایەن ناسر پیرۆتی 1 کاژێر لەمەوبەر
    لۆگۆی پەکەکە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
    لۆگۆی پەکەکە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
    رووداو- هەولێر

    بۆ جاری سێیەم، شاندی پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەو بڕیاریاندا”پڕوپاگەندە دژ بە یەکتری نەکەن و دۆخی نێوانیان بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت”.

    رۆژی شەممە 20-6-2015 ، شاندی پەکەکە و حدکا لە بنکەی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە سەرۆکایەتی شاندی پەکەکەی کردووە و محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدکا سەرپەرشتی شاندی ئەو حیزبە بووە.

    رووداو زانیویەتی، هەردوو لایەن لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون، پڕوپاگەندە دژ بە یەکتری نەکەن و دۆخی نێوانیان بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت.

    شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەردوولایەن سیاسەتی دۆستانەیان پێکەوە هەبێت.

    محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدکا لەو بارەوە بە( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:” شاندی پەکەکە پێیان راگەیاندووین کە پێشوازی لە سیاسەتەکانی حیزبی دیموکرات دەکەن بۆ ئەوەی کە کێشە لەنێوانیاندا سەرهەڵنەداتەوە”.

    لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها بڕیاریانداوە، بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانیان لەبارەی جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حدکا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، دووبارە کۆببنەوە.

    پێشتریش هەردوولا جارێک بە ئامادەبوونی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دواتریش بە دوو لایەنە لە بنکەی سەرکردایەتی حدکا لە کۆیە کۆببوونەوە.

    رۆژی یەکشەممە 24-5-2015 گەریلاکانی پەکەکە هێرشیانکردە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشین لەسێ گۆشەی سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکوور و باشووری کوردستان، بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکرات گیانی لەدەستدا و 3 پیشمەرگەش برینداربوون، ئەمەش كاردانەوەیەكی تووندی لە نێوان خەڵك و لایەنە سیاسییەكان لێكەوتەوە.

    دوای هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و سەردانیكردنی شاندێك بۆ قەندیل و كۆیە كە بارەگای سەرەكی ئەو پارتانەی لێیە، رۆژی چوارشەممە 27-5-2015، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران “حدکا” و پارتی کرێکارانی کوردستان”پەكەكە” لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوە.
    http://rudaw.net/sorani/kurdistan/2006201513

  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: