ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > مەسڕوور بارزانی: سەربەخۆیی کوردستان، کاریگەریی لەسەر شکەستدانی داعش دەبێ

مەسڕوور بارزانی: سەربەخۆیی کوردستان، کاریگەریی لەسەر شکەستدانی داعش دەبێ

عەمبەرین زەمان* ئەلمۆنیتۆر
لە ئینگلیزییەوە: مەسعوود مەناف- ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێڕاق شەڕ بەرانبەر بە داعش بە تەواوی هێز درێژەی هەیە. لەم نێوەدا کوردەکان وەک کاریگەرترین هاوپەیمانیی جیهانیی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا خەریکی ڕیشەکێشکردنی جیهادکەرەکانن گەرچی ناکۆکیی نێوان هێزە کوردییەکانی عێڕاق و هەروەها کێشەی کوردەکانی عێڕاق و سووریا، ئاستەنگیان بۆ ئەو هەوڵانە دروست کردووە. ناڕەزامەندیی تورکیا بۆ ئیزندان بە کەڵکوەرگرتن لە بنکە ئاسمانیی ئینجێرلیک دژ بە داعش، یەکێکی تر لەو ئاستەنگانەیە. ئەلمۆنیتۆر دیمانەیەکی لەگەڵ مەسڕوور بارزانی*، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو ئاستەنگانە کردووە کە لە شەڕ بەرانبەر داعشدا بەڕەوڕوویان دەبنەوە. تایتڵی فەرمیی ناوبرا “ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان”ە، بە تەمەنترین کوڕی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستانە. دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن کە مەسڕوور زۆر لە باوکی ئەچێت لەم ڕوویەوە کە زۆری حەز لە خۆدەرخستن نییە، متمانەی بەخۆیە و زمانیشی قایمە. دیمانەکە لە بینای سەرۆکایەتیی هەرێم ئەنجام دراوە کە لە باکووری هەولێر هەڵکەوتووە و بە چڕی دەپارێزرێ.


ئەلمۆنیتۆر: شەڕ لەگەڵ داعش چۆن دەڕواتە پێش؟
مەسڕوور بارزانی: هەوراز و نشێومان هەبووە. پێشڕەوی داعشمان وەستاندووە و لە چەندین بەرەش شکەستمان داوە. ناوچەیەکی بەرفراوانمان ئازاد کردووە کە ئەمەش زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوایی دیجلە، بۆ وێنە رەبیعە و زومماریش دەگرێتەوە. ناوچەکانی هەڵکەوتوو لە باشووری هەولێر، واتە مەخموور و گوێڕ و هەروەها ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای نێوان کەرکووک و هەولێریشمان ئازاد کردووە. جەلەولە و سەعدیە و خانەقینیشمان گرتەوە. بەگشتی نزیک ٢٠ هەزار کیلۆمەتری دووجا. بەداخەوە ئێمە، لە مانگی ئووتی پارەوە کە داعش هێرشی کردە هەولێر، ١٢٨٠ پێشمەرگەمان لەدەست داوە و ٧ هەزاریش بریندار بوونە. لە بەرانبەریشدا داعش زەبری قورس و گورچبڕی بە دەست پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەکان وێکەوتووە و لەو ماوەیەدا ١١ هەزار چەکداری لێ کوژراوە. بۆ ماوەیەک وامان زانی کە داعش بەرەو داڕمانە بەڵام کەوتنی ڕەمادی لە عێڕاق و پالمیڕا/تەدمور لە سووریا، هەم لە باری لۆژیستیکییەوە و هەمیش لەباری ورەوە، سوودی مەزنی بۆ داعش هەبوو. ئەوە پەیامێکی ڕوونی بۆ خەڵکی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش پێبوو، پەیامی ئەوەی کە ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کە خۆمان ڕێکبخەینەوە و هێرشی دووبارەش پێکبهێنین. داعش ڕێکخراوەیەک نییە بە ئاسانی بتوانی شکەستی بدەی…

ئەلمۆنیتۆر: چیتر پێویستە بکرێ؟
مەسڕوور بارزانی: گومانم نییە کە داعش دەبەزێندرێ. ئەوە تەنیا مەسەلەی کاتە. بەڵام ڕاشکاوانەش بڵێم کە لە کوردەکان زیاتر، کەس ئەوەی پێویستە نایکات.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام گرینگبوونی پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان سەلماوە
مەسڕوور بارزانی: هەڵبەت، هەر لایەنێک بەم یا بەو جۆر، لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ڕۆڵ دەگێڕێ بەڵام هیچکام بە خێرایی ناجووڵێنەوە، ئێمە ئێستاش چاوەڕوانی مەشقپێکرانی هێزی تازەی بەرەی هاوپەیمانیی دژ بە داعش لە سووریا و عێڕاقین. داعش لەو ماوە بۆ ئەندامگیری زیاتری خۆی سوود وەردەگرێ و گیانی هەژماریکی زیاتر لە مرۆڤە بێ تاوانەکان دەگرێ. کەوایە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە گەلۆ بەرەی جیهانی دژ بە داعشچ دەکا بۆ ئەوەی هەرچی زووتر داعش ببەزێنێ؟

ئەلمۆنیتۆر: تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە سەرەڕای ئەندامبوونی لەو هاوپەیمانییە جیهانییە دژ بە داعش، کارێکی ئەوتۆ لەو ئاڕاستەدا ناکات. بۆ وێنە ڕێگە نادات فڕۆکەی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی ئینجێرلیک کەڵکوەربگرن. هەر بۆ نموونە، باوکی ئێوە-مەسعوود بارزانی، و.- زۆر دڵگران بوو لەوەی کە هاوینی ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای نزیکبوونەوەی داعش لە هەولێر، تورکیا هیچ دژکردەوەیەکی لەخۆ نیشان نەدابوو.
مەسڕوور بارزانی: ئەوە ئیشی من نییە کە شرۆڤەی کردەوەی وڵاتان بکەم و بە تورکان بڵێم کە دەبێ چ بکەن بەڵام ڕاستییەکان ڕوونن کاتێک باس لە چۆنییەتی هەنگاونانی یەک وڵات لە پێوەندیی لەگەڵ مەسەلەیەکی تایبەتدا دەکەین. ئێمە چاوەڕوانی زیاترمان لە تورکیا هەبوو. ئەوان دەبا زۆر لەوەی کە کردوویانە، زیاتریان کردبا. ئەوان ئەندامی ناتۆن، دەبوایە سیستمێکیان دامەزراندبا تا دیاریان کردبا گەلۆ تورکیا چۆن دەتوانێ باشترین شێوەی بەشداریکردنی لەو هاوپەیمانییە جیهانییەی دژ بە داعش هەبێ. ئێمە نیگەرانین لەوەی کە بارودۆخی سووریا خراپتر بێ و هەروەها لەوەش نیگەرانین کە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردان لە تورکیا تێک بچێ. ئەوەی ئێمە ئارەزوو دەکەین بیبینین ئەوەیە کە داعش شکەست بدرێ و لە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردیشدا، حەز دەکەین ئەو پڕۆسە خێراتر بەرەوپێش بچێ تا بتوانین بۆ جاریک و دواجار کێشەی نێوان کورد و تورکان لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا چارەسەر بکەین.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام لێدوانەکانی ئەمدواییانەی ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و هەوەها حکوومەتی ئەو وڵاتە نیشان دەدات کە هەڵوێستەکانیان لەم قۆناخەدا توندتر بوونە. مەسەلەن ئەردۆغان وتی ئێمە بەهیچ شێوە ڕێگە نادەین کە دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری سووریا دابمەزرێ. ڕۆژنامەکانی لایەنگری حکوومەتی تورکیا یەپەگە وەک هەڕەشەیەکی مەزنتر لە داعش بۆ تورکیا نیشان دەدەن.
مەسڕوور بارزانی: بە بڕوای من تورکەکان دەبێ زیاتر لە بوونی داعش لە سەر سنوورەکانیان نیگەران بن. تورکیا دەبوایە دڵنەوایی کوردانی داباوە کە ئێستا کۆنترۆڵی سنوورەکانیان لەدەست دایە و خۆیان بە هاوڕێی تورکیا دەزانن، نەک -بە باشتر زانین یا بێدەنگیی لە بەرانبەر.و.- داعش کە دوژمنی تورکیا و دوژمنی تەواوی جیهانە. ئێستا من کە دەڵێم “کوردەکان”، مەبەستم تەنیا یەپەگە نییە بەڵکوو زۆر هێزی تری کوردیش هەن. حیزبی سیاسیی تریش هەن وەک پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریا- PDKS کە میانەڕۆترن. تەنانەت ئەگەر تورکیا نیگەرانی گرووپێکی تایبەت[یەپەگە]ـە، دەبێ یارمەتیدەر بێ تا بەرەیەک لە هەموو هێزە میانەڕۆ-کوردییەکان- دابمەزرێ. ئەمریکاییەکانیش دەبێ هاندەری هاریکاریی نێوان یەپەگە و پەدەکەسە بن بۆیە کە ئەوە تەنیا ڕێگەی پێشڤەچوونە. بە باوەڕی ئێمە دەبێ هەموو حیزبەکان، دەرفەتی لەباریان بۆ بەشداریکردن و چالاکی لە کوردستانی سووریادا هەبێ.

“قەندیل خاکی عێڕاقە و ئەوان دەبێ چۆلی کەن. ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ئێمە ئەوەندە خوازیارین کە پڕۆسەی ئاشتیی لەگەڵ کوردان لە تورکیا سەربکەوێ. ئێمە هیوادارین کە ئەو پرسە بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێ.”

ئەلمۆنیتۆر: ئەی ئێوە سەربەخۆییتان بۆ کوردستانی عێڕاق ناوێ؟
مەسڕوور بارزانی: فکر ناکەم عێڕاق -چیتر- پڕۆژەیەکی گونجاو/کردەیی بێت. کاتی ئەوە هاتووە جیهان بەو قەناعەتە بگات کە عێڕاق سیستمێکی شکەستخواردووە و پێویستە نوێبکرێتەوە. شێتانەیە ئەگەر هەمان هەڵە دووپات بکرێتەوە کاتێک ئەنجامێکی جیاوازی لێناکەوێتەوە. بارودۆخی عێڕاق ڕیک ئەوایە. چەند جار پشتیوانیمان لە عێڕاقێکی یەکگرتوو و بەهێزمان لە بەغدا کرد بەڵام سوودی نەبوو. کوردستان لە لایەن کوردەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێ، ناوچە سوننەنشینەکان لە لایەن داعشەوە و ناوچە شیعەکانیش لە لایەن حەشدی شەعبی. سەرۆک وەزیری عەبادیش لە هەوڵی باشترکردنی دۆخەکەیەدایە بەڵام حکوومەتی عێڕاق دەبێ ئەو ڕاستییە قبووڵ بکات و بەدوای چارەسەریی تردا بگەڕێ. ئێمە نامانەوێ بەزۆرەملی جیابینەوە بەڵکوو قسە لەسەر جیابوونەوەیەکی هەنگاو بەهەنگاو دەکەین.

ئەلمۆنیتۆر: ئەی سەبارەت بە کەرکووک چ دەکەن؟
مەسڕوور بارزانی: ئەگەر حکوومەتی بەغدا ئەوەندە لە عێڕاقیبوونی کەرکووک دڵنیایە، بۆ مادەی ١٤٠ جێبەجێ ناکا؟ ئەو مادە داهاتووی کەرکووک، بە ئەنجامی ڕێفراندۆمێک بە ڕوونی دیاری دەکات بەڵام ئەو ڕێفراندۆمە بەردەوام دوا دەخری! بۆ؟

ئەلمۆنیتۆر: دەڵەی کە ناوچە سوننەنشینەکانی سنووری هەرێمی کوردستان لە لایەن داعشەوە کۆنترۆڵ دەکرێ. داعش ئەو سەربەخۆییە چۆن قبووڵ دەکا؟
مەسڕوور بارزانی: ئێمە بەهیچ شێوە نابینە لایەنێکی دیالۆگ لەگەڵ داعش بەڵکوو ناچارین کە شکەستی بدەین.

ئەلمۆنیتۆر: یانی مەبەستت ئەوەیە کە بەر لەوەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، دەبێ داعش شکەست بدەن؟
مەسڕوور بارزانی: نەخێر، ناتوانین ئەوە بڵەین چونکە دەزانین کە داعش -بەم زووانە- هەر دەمێنێ. کاری یەکەمینی ئێمە شەڕکردن لەگەڵ داعشە بەڵام کۆتاییهێنان بە داعش بەمانای کۆتاییهاتن بە تیرۆریزمیش نییە بۆیە کە ئەو دیاردەیە زۆر لەون و ڕەهەند و ناوی هەیە.

ئەلمۆنیتۆر: ئەگەر سەربەخۆ بان، ئاسانتر بەرەنگاریی تیرۆریزمتان دەکردەوە؟
مەسڕوور بارزانی: بەڵێ

“شنگال ناوچەیەکی کوردی لەناو خاکی عێڕاقە و پەیەدە، باڵی سیاسیی یەپەگە میوانە، ڕێک وەک پێشمەرگەی ئێمە کاتێک بە پشتیوانی ئەوان چوونە کۆبانێ و دوایەش گەڕانەوە. ئێمە و خەڵکی ئێمە لە کوردستانی عێڕاق چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە چەکدارە بیانییەکان دواجار دەبێ بڕۆن و بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێوە هاتوون.”
ئەلمۆنیتۆر: دەکرێ زیاتری باس بکەی؟
مەسڕوور بارزانی: ئەوکات هەرچەندە چەک و چۆڵەی ویستبامان، هەرچی و هەرکات گەرەکمان با خۆمان ڕاستەوخۆ دەبینمان دەکرد. بەڵام ئێستا بەداخەوە نە ئەو چەکانەی کە پێویستمانە و نە ئەو هەژمارەی کە گەرەکمانە دەتوانین لە کاتی خۆیدا وەرگرین.

ئەلمۆنیتۆر: گەلۆ بوونی بنکەیەکی ئەمریکا، دەتوانێ بتانپارێزێ؟
مەسڕوور بارزانی: ئەو پرسیارەتان کاتێک وەڵام دەدەمەوە کە کوردستان سەربەخۆ بوو.

ئەلمۆنیتۆر: ڕاتان سەبارەت بەو سیناریۆیە چییە؟ کوردستانی سەربەخۆی پێکهاتوو لە کوردستانی سووریا و عێڕاق بە پێتەختی هەولێر…
مەسڕوور بارزانی: نازانم. حەز ناکەم بکەومە ناو ئەو دەنگۆیانە. سەرنجی ئێمە لەسەر ئەو هەرێمەیە کە ڕەوایە، حکوومەتی خۆی هەیە و سنوورەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسراون و ناوی کوردستانی عێڕاقە. ئێمە هەروەها دەمانهەوێ پێوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ دراوسێکانمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە لە یەکتر هەبێت.

ئەلمۆنیتۆر: تورکیا پێشنیاری کردووە کە ناوبژیوانی لە نێوان پارتی و یەپەگە/پەکەکە بکات. دەزانرێ کە هێزەکانی یەپەگە/پەکەکە لەگەڵ هێزەکانی ئێوە، ڕۆڵێکی گرینگیان لە ڕزگارکردنی شنگالدا هەبووە. ئێوە دەتانهەوێ کە یەپەگە لە شنگال بکشێتەوە و ئەوانیش دژ بەو داوایەتان دەوەستنەوە…
مەسڕوور بارزانی: تورکەکان ویستیان ڕۆڵێک لەمبارەوە بگێڕن بەڵام کەمێک درەنگ هەوڵیان دا بۆیە کە ئەوکات، داعش هێرشی کردە سەر کوردان، تورکیا لە ڕێگەی بەشداربوونی چالاکانە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێمە دژ بە داعشدا، دەیتوانی ڕۆڵێکی زۆر گرینگ بگێڕێ. ئەوکات کوردەکان پێویستییان بە پشتیوانی بوو. مەسەلەی شنگال زۆر جیاوازە. شنگال لە قووڵایی ناوچەکانی ئێمە هەڵکەوتووە، داگیرکرانی لە لایەن داعشەوە، لە ڕێگەی پشتیوانیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانان و بەتایبەت بە دەستی پێشمەرگە چارەسەر کرا. شنگال ناوچەیەکی کوردی لەناو خاکی عێڕاقە و پەیەدە- باڵی سیاسیی یەپەگە میوانە، ڕێک وەک پێشمەرگەی ئێمە کاتێک بە پشتیوانی ئەوان چوونە کۆبانێ و دوایەش گەڕانەوە. ئێمە و خەڵکی ئێمە لە کوردستانی عێڕاق چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە چەکدارە بیانییەکان دواجار دەبێ بڕۆن و بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێوە هاتوون.

ئەلمۆنیتۆر: گەلۆ چاوەڕوانی خەڵکی کورد لە هەموو شوێنێک ئەوە نییە کە لە سەرووی هەموو جیاوازییەکانتان، یەکگرتوو بن؟ من لە زۆر کەسم بیستووە کە دەڵێن کە پێویستە هێزێکی چەکدار بە بەشداری هەموو گرووپە جیاوازە کوردییەکان دابمەزرێ.
مەسڕوور بارزانی: ئێمە هەر ئێستاش یەکگرتووین لە بەرانبەر داعشدا. کوردی عێڕاق، ئێران، تورکیا و سووریا لە سەنگەرێکدان. بۆ دامەزرانی هێزێکی چەکداری پێکهاتوو لە هەموو لایەنە کوردییەکان، دەبێ سەیری ڕاستیەکانی سەر زەوی بکەی. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتیی کوردستانی عێڕاق، زووە بتوانین باس لەوە بکەین کە شتێکی وا وەڕاست بگەڕێ. باشتر ئەوەیە کە کوردی پارچەکانی دیکە، یارمەتیی کوردستانی عێڕاق بدەن.

ئەلمۆنیتۆر: ئەم گوتنەت بۆ شنگال چۆن دەبێ؟
مەسڕوور بارزانی: وەک وتم، لە شنگال هیچ رۆڵێک نییە پەکەکە وەستۆخۆی گرێ. پێویستە لەوێ بکشێنەوە و ناچارن ئەو کارە بکەن بۆیە کە مافی شنگالییەکانە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن و ئێرە کوردستانی عێڕاقە. ئەگەر حیزبێکی سیاسیی کوردستانی عێڕاق دەستێوەردان دە کاروباری ئامەد یا مێردین بکات، بڵەی پەکەکە بەوە خۆشحاڵ بێ؟ بەڵام بێگومان لەناوخۆی کۆمەڵگای کوردستان لە تورکیادا حیزبگەلێک هەن کە دەبێ ڕێگە بدرین تا ڕۆڵ بگێڕن. ئێمە باوەڕمان بە سیستمی فرەحیزبی هەیە. کاتێک دۆخەکە ئاسایی بۆتە، پەکەکەیی و پەیەدەییەکان دەبێ بکشێنەوە.

ئەلمۆنیتۆر: سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە قەندیل چی؟
مەسڕوور بارزانی: قەندیل خاکی عێڕاقە و ئەوان دەبێ چۆلی کەن. ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ئێمە ئەوەندە خوازیارین کە پڕۆسەی ئاشتیی لەگەڵ کوردان لە تورکیا سەربکەوێ. ئێمە هیوادارین کە ئەو پرسە بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێ.

ئەلمۆنیتۆر: چەندە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی کاریگەریی ئێران لەسەر حەشدی شەعبی نیگەرانی؟
مەسڕوور بارزانی: ڕێزمان هەیە بۆ سەرکەوتنەکانی حەشدی شەعبی بەڵام دەبێ ستاتووی ئەو هێزە بە ڕوونی دیاری بکرێ. دەبێ بکەوێتە ژێر چاودێریی یاسایی و بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی بەرپرسانی عێڕاقیدا بێ. لە جێگەی ئەوەی کە ڕکەبەریی لەگەڵ باقی هێزە عێڕاقییەکان بکات، بە فەرمیان بناسێ. ئێمەش لە چوارچێوەی عێڕاقدا، هێزەکانمان بە گوێرەی دەستوور پێکدێنین و دەیانخەینە ژێر کۆنترۆڵ. یانی پێویست بە هاتنی لایەنی تر نییە. جگە لەوەش، هەروەک گوتم، حەز دەکەین پێوەندیی دۆستانەمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە لە یەکتر، لەگەڵ سەرجەم دراوسێکانمان -بە ئێرانیشەوە- هەبێت. ئێمە نامانهەوێ بە چاوێکی سووک، وەک فەرمانبەر یا دوژمن لێمان بڕوانن.

ئەلمۆنیتۆر: بۆ مەگەر واتان لێ دەڕوانن؟
مەسڕوور بارزانی: لە هەندێک لە ناوچەکان ئاوایە بەڵام لە کوردستان وانییە، کوردستان جیاوازە.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام ئێران پێشووتر زۆرجار دەستی دە کاروباری ناوخۆیی عێڕاق وەرداوە. مەسەلەن لە نەوەدەکان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوکاری ئێران پارتی دێموکراتی کوردستانی لە سلێمانی سەندەوە.
مەسڕوور بارزانی: هەڵبەت جیاوازییەک لە نێوان لایەنەکان هەیە. مەسەلەی گرێدراوبوون بە لایەنی سێهەم لەئارادایە. ئامانجی ئێمە و ئامانجی سەرۆکی ئێمە، دامەزرانی کوردستانێکی کامەران و دێموکراتیکە کە ڕێز لە دراوسێکانیشی دەگرێ. زەختی دراوسێکان لەسەر خۆمان دەبینین بەڵام گرینگ ئەوەیە کە کوردەکان لەوە تێبگەن کە یەکگرتوومانەوە تاکە گەرەنتی ئێمەیە.

ئەلمۆنیتۆر: لە مانگی ئووتدا، وادەی سەرۆک کۆتایی پێدێ و لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەیتییەکەیدا ناکۆکی لە نێوان پارتی و لایەنەکانی تردا هەیە. جگە لەوەش ئۆپۆزیسیۆن باس لە پێویستیی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دەکات. ئەمەش بێ شک دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گرینگی ئەو یەکگرتوویەی کە باسی دەکەی. وانییە؟

مەسڕوور بارزانی: هەندێک قبووڵی بکەن یان نا، سەرۆک[مەسعوود بارزانی. و.] بۆتە سیمبولی بزوتنەوەی کورد. لە کەشوهەوایەکی نۆرماڵدا، ڕۆژی ٢٠ی ئووت دەبوایە هەڵبژاردنمان ئەنجام دابا. سەرۆک هەم بە پارلەمان و هەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندووە کە ئامادەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بکەن. ئەگەر هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێ، بۆشایی دەسەڵاتی لێدەکەوێتەوە و ئەمەش لە ئەستۆی کۆمیسیۆنە. بەر لەوە ئەو وەزعە بێتە پێش، هەموو حیزبەکان، گرفتەکانیان لە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، بە سازان چارەسەر دەکرد. ئەگەر ئەو حیزبانە لە مەترسیییەکانی پێوەندیدار بە داعش و هەروەها ناکۆکییەکان لەسەر شێوەی دابەشکردنی داهات لەگەڵ بەغدا تێبگەن، ڕێگە نادەن کە هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی قەیرانێکی دیکە ببێتەوە. ڕێگای ڕاست و ڕێگەی پێشڤەچوون، لە سازانەوە دەرباز دەبێ. پارتی لەو سەردەمەشدا کە زۆرینەی پارلەمانی لەدەستدابوو و دەیتوانی بە تەنیاش بڕیار بدات، هێستا پشتیوانی لە سازان و یەکێتیی نەتەوەیی دەکرد. بەداخەوە حیزبەکانی تر هەر لەگەڵ ئەوەی کە یەکەم دەرفەتیان بۆ هەڵکەوت، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان لەبیر برد و بۆ قازانجی سیاسی، هەوڵی قۆزتنەوەی ئەو دەرفەتە دەدەن کە بۆیان هەڵکەوتووە. ئەمەش کایەیەکی زۆر سووک و هەرزانە.

Amberin Zaman is a columnist for Al-Monitor and an Istanbul-based writer who has covered Turkey for The Washington Post, The Los AngelesTimes, The Daily Telegraph and the Voice of America. A frequent commentator on Turkish television, she is currently Turkey correspondent for The Economist, a position she has retained since 1999

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: