ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > هەژماری قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکەی پەرسووس گەیشتە ٣٠ کەس؛ کاردانەوەکان

هەژماری قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکەی پەرسووس گەیشتە ٣٠ کەس؛ کاردانەوەکان

NNSROJ: لە ئاکامی تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا کە نیوەڕۆی دووشەممە ٢٠ی جولای، لە ناو کۆمەڵێک گەنجی ئامادەی ڕۆیشتن بۆ کۆبانێ، لە پاڕکی “ناوەندی کولتووری ئامارا”ی پەرسووسی باکووری کوردستان هاتە ئاراوە، ٣٠ کەس گیانیان لەدەست دا و نزیک بە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون. ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ لەم لینکەدا دوا زانیارییەکان سەبارەت بەو تەقینەوە و هەڵوێست و کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و کوردستان بڵاودەکاتەوە.


ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان:
“تاوانی هۆڤانه‌ی پرسووس ئه‌گه‌رچی برینێکی به‌ژانی دیکه‌یه‌ به‌ جه‌سته‌ی برینداری کوردستانه‌وه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی هاوپێوه‌ندیی زیاتری رۆڵه‌کانی کورد له ‌لایه‌ک و هاوسۆزی و هاوپێوه‌ندیی زیاتری مرۆڤایه‌تیی پێشکه‌وتنخواز له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌. حیزبی دیمۆکراتی کوردستان وێڕای مه‌حکوومکردنی ئه‌م تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ی دژمنانی کوردو مرۆڤایه‌تیی پێشکه‌وتنخواز، هاوخه‌میی قووڵی خۆی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌و که‌سوکاری شه‌هیدانی پرسووس و ده‌رده‌بڕی و هیواداره‌ زامدارانی ئه‌م کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ش هه‌رچی زووتر چاک ببنه‌وه‌.”
درێژەی بەیاننامەکە


“كردەوە تیرۆریستیەكەی شاری ‫پەرسووس‬ لە باكووری كوردستان مەحكووم دەكەین”
دوێنی دووشەممە ۲۰ی جولای تیرۆریستان لە تەقینەوەیەكدا لە شاری پەرسووس لە باكووری كوردستان ژمارەیەک لاوی سوسیالیست‌ و ئازادیخوازی كوردیان شەهید‌ و بریندار كرد. هەوڵی تیرۆریستان لەكاتێكدایە كە گەلی كورد رۆژانە شاهیدی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە‌ و شەڕڤانان لە باشوور‌ و رۆژئاوای كوردستانن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، هەروەها سەركەوتنی كورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی باكووری كوردستان بووەتە هۆی ئەوەی دوژمنانی كورد چاویان بەو سەركەوتنانە هەڵنەیت‌ و بە ئەنجامدانی كردوەی تیرۆریستی وەک كردەوە تیرۆریستییەكەی پەرسووس زیان بە ئەزموون‌ و سەركەوتنەكانی كورد بگەیەنن.
ئێمە تەقینەوەكەی شاری پەرسوس مەحكووم دەكەین. ئەمەش یەكەمجار نییە هەوڵی تیرۆریستی دژ بە خەڵكی كورد لە باكووری كوردستان ئەنجام نەدرێت بۆیە ئێمە دەوڵەتی توركیا بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ماڵ‌ و ژیانی خەڵكی باكووری كوردستان‌ و داواكاریشین دەوڵەت‌ و دەزگا ئەمنییەكانی توركیا بۆ دۆزینەوە‌ و دەستگیركردنی تاوانبارانی تەقینەوەكە هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ. هەروەها سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی گیانبەختكردوانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە دەكەین‌و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی تەقینەوەكە دەخوازین.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
۲۱ی جولای ۲۰۱۵ – ۳۰ی پوشپەڕی ۱۳۹۴


سەلاحەدین دەمیرتاش, هاوسەرۆکی ‫‏هەدەپە‬:
– سێشەممە ٢١ی جولای: بە ترێلی چەک و جبەخانە لە تورکیاوە بۆ داعش دەچێ و چەکدارانی ئەو گرووپە بە هاسانی سنوورەکانی تورکیا دەرباز دەکەن بەڵام حکوومەت ڕێگەی نەدا، گەنجانی شۆڕشگێڕ سنوور دەرباز بکەن و بەشداریی هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ بکەن. هەر کردەوەیەکی کە دەستی دەوڵەتی تێدابێ، بکەرەکانی قەت نادۆزرێنەوە. لەبیرتان نەچێ، کاری نیوەڕۆژێک بوو بەڵام تا ئێستاش بکوژانی ٩ گەنجەکەی گەزی، بۆمبدانەرەکەی ناوەندی حیزبەکەمان لە مەرسین، فەرماندەری کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی و هتد نەدۆزراونەتەوە. ئێستا بەو وەزعەش، کەسانێک هەن کە داعشیان پێ لە پەیەدە و هەدەپە باشترە. داوا لە پارلەمان دەکەین هەرچی زووتر کۆبێتەوە و هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی کورد، سیاسەتی تورکیا لە بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان و سیاسەتی ئەو وڵاتە لەهەمبەر داعش دیاری بکات.

پەیامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە تەقینەوەکەی ‫پەرسووس‬؛
“ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ٧ی ٢٠١٥ كردەوەیەكی تیرۆریستی لە سەنتەرێكی كولتووریی گەنجان لە شارۆچكەی پرسووسی سەر بە ئۆرفای باكووری كوردستان ڕوویدا و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتیی ئەو ناوچەیە. زۆر بە توندی ئەو كردەوە نامرۆڤانە و دڕندانەیە ئیدانە دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و ئومێدی چاكبوونەوەیش بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەخوازین و هاوخەمی خۆمان بە خوشك و براكانمان لە باكوور ڕادەگەیێنین. تاوانی شەهیدكردنی هاووڵاتیان و ئەنجامدانی كردەوەی دڕندانە، نیشانەی شكست و پەلەقاژەی تیرۆریستانە كە دژی هەموو بەهایەكی مرۆڤی و ئایینین. لەوەیش دڵنیاین كرداری تیرۆریستیی لەمجۆرە ئیرادەی هەموو لایەك بەهێزتر دەكات بۆ لەناوبردن و تێكشكاندنی تیرۆریستان.
سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان؛ شكست و سەرشۆڕیش بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی”

– هەدەپە: ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ‏پەرسووس، [ئەندامی] داعشە و هاوکارەکانیشی بەرپرسانی ئانکاران.

– لە تەقینەوەکەدا هاوسەر و کوڕێکی “مەتین قڵیچ” ، کاندیدی شاری بورسای هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیاش گیانیان لەدەستداوە.

– گومان دەکرێت کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ تەقینەوەکەی ئەنجام دابێت.
وێنەهەواڵ- خۆپێشاندان لە ئیستانبووڵ
– هێزەکانی پۆلیس لە شاری پەرسووس بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی کە بە مەبەستی شەرمەزارکردنی ئەو ڕووداوە، لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە کۆببوونەوە.

– بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە و داوا دەکەن؛ بە بۆنەی ئەو کارەساتەوە حکومەتی تورکیا پرسە و ماتەمینی گشتی رابگەیەنێت.

بۆ دەچوونە کۆبانێ؟ ڤیــــدیۆ
-مێرسین؛ تەقە لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کرا کە بۆ شەرمەزارکردنی تەقینەوەکەی پەرسووس رێکخرابوو و لە ئاکامدا ٢ کەس بریندار بوون. یەکێک لە بریندارەکان “رەشاد باشان”، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی کۆچ[گۆچ-دەر]ە. هاوکات هەزاران کەس لە ئامەد بۆ شەرمەزارکردنی تەقینەوەکە، خۆپێشاندانیان کرد.

– وێنەهەواڵ: خۆپێشاندان لە بەرلین
– دەنگیر میر مەهمەت فرات؛ پارلەمانتاری هەدەپە:
ئەو هێرشە نائاسایی نەبوو بەلامەوە. ئەوان لەو ڕێگەیەوە دەیانهەوێ تۆڵەی ئەو شکستەیان بکەنەوە کە لە ڕۆژائاوا تووشی هاتن. ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشە نە سووریایە و نە عێڕاق، بەڵکوو سەرجەم خەڵکی تورکیایە کە بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانە لاییکترە. بەڵام تورکیا دەرکی ئەو ڕاستییە ناکات.
– میتحەت سانجار؛ پارلەمانتاری ‏هەدەپە
ئەگەر کاتی خۆی بەدواداچوونی جددی بۆ تەقینەوەکەی ئامەد کرابا، شایەد پێشگیری لەو تەقینەوەیە کرابا.

– کەماڵ قڵچدارئۆغڵوو، سەرۆکی جەهەپە:
هێرشە تیرۆریستیەکەی ‏پەرسووس ئازارێکی قورسی خستە دڵمانەوە. خەمی لەدەستدانی گەنجانی وڵات قورسە و وەسف ناکرێ. تێرۆر و هەموو پشتیوانانی تیرۆر بە نەفرەت دەکەم.

– یاڵچین ئاکدۆغان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیری تورکیا؛
ئەو هێرشە تیرۆرستیە بە توندی مەحکوم دەکەم. هیچ هێرشێکی تیرۆریستی حکومەتی تورکیا بەچۆکدا ناهێنێ.
– وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا گیانلەدەستدانی 28 کەس و برینداربوونی نزیک بە 100 کەسی لە ئاکامی تەقینەوەکەی پەرسووسدا پشتڕاست کردۆتەوە.

– موارد ئاکداغ، یەکێک لە شایەتحاڵانی تەقینەوەکە بە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵی ڕاگەیاندووە کە تەقینەوەکە لەکاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە گرووپێکی ١٥٠ کەسی لە گەنجان، سەبارەت بە چوونیان بۆ کۆبانێ، خەریک بوون لێدوانیان بۆ ڕاگەیاندنەکان دەدا. مەبەستی گەنجان لە چوونیان بۆ کۆبانێ، بەشداریکردن لە هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارە بوو.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: