ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > “گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر”

“گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر”

NNSROJ: پاش ئەوەی سەرۆکوەزیری تورکیا بانگەشەی کرد کە م. بارزانی، هاوسۆزی لەگەڵ تورکیا نیشان داوە و هێرشە ئاسمانییەکەی ئەو وڵاتە بۆ سەر بنکەکانی پەکەکەی بە مافی تورکیا لەقەڵەم داوە، سەرۆکایەتیی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە ناڕاستەوخۆ بانگەشەکەی داوودئۆغڵوو ڕەتدەکاتەوە.

لە ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی پێشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و بەدرێژی، باسی بۆمبارانی بارەگاکانی پەکەکەی کردووە و هۆی گەییشتنی دۆخەکەی بۆ ئاستی ئەو پەرەسەندنەی ئێستا ڕوون کردۆتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە بەرانبەردا مەسعوود بارزانی “دڵگرانیی خۆی نیشان دا کە ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەم ئاستە مەترسیدارە و جەختیشی کردەوە کە زۆر داومان کرد کێشەکان نەگەیەندرێنە ئاستی گرژیی زیاتر، چوونکە ئاشتی تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە”.

مەسعوود بارزانی هەروەها وتوویەتی کە “ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕکردن، بۆیە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات ڕەوشەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر.”

ڕاگەیاندراوە باسی لەمەش کردووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان “پێشتر هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان خستۆتەگەڕ و ئێستاش هەرچی لە توانایدا بێت بۆ نەهێشتنی ئەم گرژییە دەیخاتەگەڕ و ئومێدەوارە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی پڕۆسەی ئاشتی.”

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەحمەد داوودئۆغڵوو، سەرۆکوەزیری تورکیا، پێشنیوەڕۆی شەممە ٢٥ی جولای لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتبووی کە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا زانیاری سەبارەت بە هۆکار و چۆنییەتی هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی ڕابردوو بۆسەر قەندیل بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوە و لە بەرانبەریشدا سەرۆکی هەرێم وتوویەتی کە ئەوان لەوە تێدەگەن کە هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆسەر پەکەکە، بنەمای لۆژیکی هەیە و بۆیەش هاوسۆزی لەگەڵ ئەو تورکیا لەخۆ نیشان داوە.
م.م.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. Rojpress
    25 ته‌مموز 2015 له‌ 18:32

    Barzani ile görüştüler
    Türk Hava Kuvvetleri’ne ait F-16 uçakları dört yıl aradan sonra cuma gecesi Kuzey Irak’taki PKK kamplarını vurmuştu. Bunun ardından cumartesi sabahı Davutoğlu, Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Başkanı Mesut Barzani ile bir saatten fazla telefonda görüştüklerini açıkladı. Davutoğlu görüşmeyle ilgili, “Durum değerlendirmesi yaptık. Kuzey Irak’ta özellikle operasyonun amaçları ve çerçevesiyle ilgili bilgileri aktardım. Sayın Barzani, Türkiye’nin gerek DEAŞ ile gerek PKK’ya yönelik amaçlarının haklı temellere dayandığını ve bu çerçevede Türkiye ile dayanışma içinde olduklarını bir kez daha ifade ettiler. Temasların sürmesine karar verdik” dedi.
    Cumhurbaşkanı Recep Tayyip Erdoğan, Başbakan Ahmet Davutoğlu’nu Tarabya Köşkü’nde kabul etti. Daha sonra da Davutoğlu ve Genelkurmay Başkanı Necdet Özel ile toplantı yapacak.

    http://www.aljazeera.com.tr/haber/davutoglu-kandil-uzerindeki-jetler-ceylanpinara-cevap

    “پەیوەندی تەلەفۆنی داودئۆغڵو لەگەڵ مەسعود بارزانی”

    25 تيرمة 2015 13:54 (نوێكردنەوەیی دوايي 25 تيرمة 2015 14:20)
    ئەحمەد داودئۆغڵو و مەسعود بارزانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژبە گرووپەکانی تیرۆریستی بەیانی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێ دواین پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنەكانیان كردووە.

    ئەنقەرە

    بەیانی ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژ بە تیرۆر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی ئەنجامدا و تێیدا دواین پێشھاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكان تاوتوێ كراوە و بارزانی لە دژی تیرۆر ئامادەیی نیشان داوە بۆ ھەماھەنگی كردن لەگەڵ توركیا.

    سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو سەبارەت بە ھەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەمەڕ ئۆپەراسیۆنەكانی دژبە رێكخراوەكانی تیرۆریستی گوتی: “ئەمڕۆ بەڕێز بارزانی پێی گوتم ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی داعش و پەكەكە مافی خۆتانە، لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین ھەموو ھەماھەنگییەك لەگەڵ توركیا بكەین”.

    گووتیشی: “پەیوەندییەكی دۆستانە و سەركەوتوو لە نێوانماندا بەڕێوەچوو”.

    سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە داودئۆغڵو راگەیاندووە كە ئەوان درك بەوە دەكەن كە ئۆپەراسیۆنەكان لە بەرامبەر نەتەوە و مەزھەبێك نییە لەو بارەیەوە داودئۆغڵو گوتی: “ھەموو پێكھاتەكانی عێراق بە كورد و توركمان و عەرەب و بە ھەمان شێوە پێكھاتەكانی كورد و توركمان و عەرەب لە سووریا برای ئێمەن، ئۆپەراسیۆنەكان دژی نەتەوەیەك و نەژادێك نییە، من ئەوەم بە بەڕێز بارزانی گوت ئەویش لەبەرامبەردا رایگەیاند كە ئەوانیش دەزانن ئەو ئۆپەراسیۆنانە ھیچ پەیوەندییەكی بە پێكھاتەیەكی ئەتنیكی و مەزھەبی نییە. بارزانی دووپاتیشی كردووە كە ئەوان لە دژی تیرۆردا ھەموو كات ئامادەن ھەماھەنگی لەگەڵ توركیا بكەن ھەر وەكو پێشتریش ئامادەیی خۆیان نیشاندابوو كە ھاوكاری ھەموو جۆر ھەماھەنگێك بكەن”.
    http://www.aa.com.tr/ks/headlines/562140

  2. Rojpress
    25 ته‌مموز 2015 له‌ 19:00

    ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

    http://www.presidency.krd/Kurdish/articledisplay.aspx?id=Rco3rr0/3Kw=

    25/07/2015

    شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا بارەگاکانی PKK ـی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆمباران کرد، دوای ئەو بۆردومانکردنە، سەعات ٩:٣٠ خولەکی پێشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ـی٧ـی٢٠١٥، بەڕێز ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و بەدرێژی باسی ڕەوشەکەی کرد و هۆی گەییشتنی دۆخەکەی بۆ ئاستی ئەو پەرەسەندنەی ئێستا ڕوون کردەوە.

    لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی دڵگرانیی خۆی نیشان دا کە ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەم ئاستە مەترسیدارە و جەختیشی کردەوە کە زۆر داومان کرد کێشەکان نەگەیەندرێنە ئاستی گرژیی زیاتر، چوونکە ئاشتی تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە و ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕکردن، بۆیە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات ڕەوشەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەر.

    سەرۆک بارزانی هەروەها تەئکید دەکاتەوە کە پێشتر هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان خستۆتەگەڕ و ئێستاش هەرچی لە توانایدا بێت بۆ نەهێشتنی ئەم گرژییە دەیخاتەگەڕ و ئومێدەوارە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی پڕۆسەی ئاشتی.

    سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

    ٢٥ـی٧ـی٢٠١٥

  3. Rojpress
    26 ته‌مموز 2015 له‌ 22:24

    په‌یامێك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

    KRP.org | |

    26/07/2015

    به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

    جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی كوردستان..

    له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی نێوان حكوومه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ پێویستم زانی هه‌ڵوێستی شه‌خسیی خۆم ڕابگه‌یێنم، چونكه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستیی من له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، هه‌ندێ لێكدانه‌وه‌ی میزاجی و حوكمی پێشوه‌خته‌ و دوور له‌ زانیاری خراونه‌ته‌ڕوو .

    كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ به‌بێ ئیراده‌ی خۆی دابه‌شكراوه‌. ئه‌و دابه‌شكردنه‌ش وه‌ك واقعێكی تاڵ به‌سه‌ر ئێمه‌دا سه‌پێندراوه‌. له‌پێناو گۆڕینی ئه‌م واقیعه‌ خوێنێكی زۆر ڕژا، كه‌چی واقعه‌كه‌ هێشتا له‌ڕووی جوگرافی و سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌م خوێن و قوربانییه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان پاراست. سه‌د ساڵه‌ وه‌ك كورد دژی زوڵم و زۆرداری و داگیركاری شه‌ڕمان كردووه‌، نه‌ ئێمه‌ توانیمان واقعه‌كه‌ بگۆڕین و نه‌ به‌رانبه‌ره‌كانیشمان توانیان ئێمه‌ له‌ناوببه‌ن. بۆیه‌ گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ شه‌ڕ هیچ ده‌ستكه‌وتی نابێ و، پێویسته‌ سوود له‌ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی ئاشتی وه‌ربگرین و به‌ره‌و ئاشتی و گفتوگۆ بچین .

    له‌دوای شه‌ڕی كوه‌یت له‌ باشووری كوردستان ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قۆناغی زۆر ناخۆشمان بڕین، به‌ڵام كیانێك پێكهێنرا كه‌ له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئیعترافی پێكرا و بووه‌ جێگه‌ی ئومێدی هه‌موو تاكێكی كورد له‌ هه‌موو شوێنێك. وه‌ك شه‌خسی خۆم و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ یارمه‌تیدانی خوشك و براكانمان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌وه‌ی پێمانكرابێ كردوومانه‌ دوور له‌ هه‌موو جۆره‌ موزایه‌داتێك .

    ئه‌گه‌ر به‌ دیدێكی واقعیانه‌ سه‌یری بارودۆخی توركیا بكه‌ین ده‌بینین كه‌ به‌ر له‌ هاتنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، ناوی كورد و كوردستان و گشت هێمایه‌كی كوردی قه‌ده‌غه‌ بوو. زۆر هه‌وڵماندا كه‌ زه‌مینه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ له‌ توركیا دروست ببێت، دوای گفتوگۆ و دانیشتنی زۆر ده‌ركه‌وت كه‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و شه‌خسی به‌ڕێز ئه‌ردۆغان سیاسه‌ت و بۆچوونێكی تازه‌ و جیاواز له‌ حیزبه‌كانی رابردووی توركیایان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كورد. بۆیه‌ له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان هه‌وڵماندا كه‌ به‌شداری گفتوگۆ ببن و به‌ڕێز ئۆجه‌لانیش وه‌ك لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی دانوساندنی ئاشتی و كرانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. ئه‌وه‌ش پێشكه‌وتنێكی زۆر گرنگ بوو، چونكه‌ پێشتر بینیمان حكوومه‌ته‌كانی پێش حكوومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان چ جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی پڕ له‌ سووكایه‌تیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجه‌لان ده‌كرد. ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی باشی لێكه‌وته‌وه‌ و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بواری دانوستاندنی راسته‌وخۆ بڕه‌خسێت و، وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م پڕۆسه‌ی ئاشتی زۆر به‌ باشی به‌ڕێوه‌بچێت ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواتر كۆسپی زۆر هاتنه‌ پێش . به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، پڕۆسه‌كه‌ هه‌ر به‌ هه‌بوو حیسابده‌كرا، به‌تایبه‌تی كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا و به‌ڕێز ئۆجه‌لان و پارتی دیموكراتیی گه‌لان HDP پابه‌ندیی خۆیان به‌و پرۆسه‌یه‌وه‌و درێژه‌پێدانی ڕاده‌گه‌یاند، بۆیه‌ش ئێمه‌ به‌وهیوایه‌بووین كه‌ پرۆسه‌كه‌ ئه‌و كۆسپانه‌ش تێپه‌ڕێنێت و ئێمه‌ش ئاماده‌یی خۆمان بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك له‌وباره‌وه‌ به‌هه‌ردوولا راگه‌یاندبوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین جارێكی دیكه‌ پڕۆسه‌كه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌ و گه‌لی كورد به‌ مافه‌كانی شاد ببێت و ئاساییش و سه‌قامگیری به‌رقه‌رار بێت

    سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستانیش ، ئێمه‌ سیاسه‌تی توركیا ڕه‌سم ناكه‌ین و به‌رپرسیش نین له‌ سیاسه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستان. ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان دێت ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ن و لێكنزیك ببنه‌وه‌. بۆ مێژوو ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێست و ئاماژه‌ و هه‌نگاوی ئیجابیمان له‌ حكوومه‌تی توركیا بینین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ لایه‌ن ئیستیعابیان نه‌كرد و تێبینیی ئه‌وه‌مان كرد كه‌ تووشی غروور بوونه‌. چه‌ندین جار په‌یامم بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان ناردن كه‌ پشوودرێژ بن، چونكه‌ ئاشتی پرۆسه‌یه‌كی زه‌حمه‌ته‌ و به‌ پشوودرێژی سه‌رده‌كه‌وێت. پێمڕاگه‌یاندن به‌ كوشتنی دوو پۆلیس توركیا له‌ناو ناچێ، ئێستا گه‌وره‌ترین هه‌ل هاتووه‌ته‌ پێش كه‌ به‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان، به‌ قه‌ڵه‌م، دیالۆگ، سیاسه‌ت و خه‌باتی ئاشتیانه‌ به‌رده‌وام بن، چونكه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وت و به‌رهه‌مه‌ مه‌زنه‌ی له‌و رێگه‌یانه‌وه‌ به‌ده‌ستدێت، هه‌رگیز له‌ رێگه‌ی چه‌كه‌وه‌ به‌ده‌ست نایێت. ئێستاش پێمانوایه‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ڕێكبكه‌ون بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی تازه‌ له‌ توركیا، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆر گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ كورد و هه‌موو توركیا و ناوچه‌كه‌.

    هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ پێمانوابوو بێ بڕیاركردنی به‌ڕێز ئۆجه‌لان و پارتی دیموكراتی گه‌لان له‌باره‌ی چه‌كدانان و كۆتاییهێنان به‌شه‌ڕی چه‌كداریی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاره‌كی، هه‌نگاوێكی زۆر هه‌ڵه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌، چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ واده‌كه‌ن كه‌ توركیا وه‌ك لایه‌نێكی دانوستاندنه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجه‌لان نه‌كات و، وابكه‌ن پارتی دیموكراتیی گه‌لانیش بكه‌وێته‌ ژێر گوشارێكی سیاسی و په‌رله‌مانیی زۆره‌وه‌ دوای سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌كه‌ی.

    ئێستا شه‌ڕێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ ، ده‌بێ هاوپه‌یمانیی ناوچه‌یی له‌و شه‌ڕه‌دا رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت هاوشان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیداو، پێویستیمان به‌شه‌ڕ و كێشه‌ی لابه‌لای دیكه‌ی بێ ئه‌نجام نییه‌. پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌مان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ له‌ناوبردنی دیارده‌ی داعش و هۆكار و ئاسه‌واره‌كانی. پێمانوایه‌ ڕێككه‌وتنی توركیا و ئه‌مه‌ریكا بۆ لێدانی داعش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ و ئه‌نجام و كاریگه‌ریی زۆر گه‌وره‌ی ده‌بێت . به‌شداریی سه‌ربازییانه‌ی توركیا ئه‌نجامی زۆر گه‌وره‌ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ هاوپه‌یمانێتی ئه‌مریكا، هه‌موو لایه‌كیشمان ده‌بێ زۆر به‌ وردی ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ بخوێنینه‌وه‌.

    زۆر نیگه‌رانی ئه‌و بارودۆخه‌ نوێیه‌ و دووباره‌ ده‌ركه‌وتنی بۆنی باڕووتم ، شه‌ڕم پێ خۆش نییه‌ و هیچكات پشتیوانی یه‌ك چركه‌ی شه‌ڕیش ناكه‌م . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر تێبینیم له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌ستوه‌ردانیان له‌ كاروباری هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و قۆرغكردنی گۆڕه‌پانی رۆژئاوا، به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌، به‌ هاندان و دروشم و شه‌ڕ و تووندوتیژی كێشه‌كان چارەسەر ناكرێن. باشترین هاوكاریی من بۆ هه‌ردوولا ئه‌وه‌یه‌ داوابكه‌م بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و ، درێژه‌بده‌نه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی. به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ زیانی بۆ خه‌ڵك و دانیشتوانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌بووه‌. خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی پرسیار بكات بۆچی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و ژیان و ئاسووده‌ییان بشێوێت. له‌كۆتاییدا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی و گفتوگۆ ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان و ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت ده‌یكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی گفتوگۆ و ژیانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی بده‌ین.

    مسعود بارزانی

    سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

    26ـی 7ـی 2015

    http://www.presidency.krd/Kurdish/articledisplay.aspx?id=esJtZ9HzigU=

  1. 25 ته‌مموز 2015 له‌ 18:43

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: