ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > چوار فڕاکسیۆن داوای کۆتاییهاتن بە هەڕەشە و گوشاری سەر پارلەمانتاران دەکەن

چوار فڕاکسیۆن داوای کۆتاییهاتن بە هەڕەشە و گوشاری سەر پارلەمانتاران دەکەن

NNSROJ: چوار ڕۆژ بەر لە کۆتایی هاتنی مۆڵەتە دوو ساڵە درێژکراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی ململانێ و مشتومڕ لەسەر داهاتووی ئەو پۆستە، ٤ فڕاکسیۆنی پارلەمانی کوردستان، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دژ بەوەی کە ناوی “زەخت، گوشار و هەڕەشە بۆ سەر پارلەمانتاران” ناوی دەبەن، بڵاوکردۆتەوە.

بەیاننامەکە چەند کاتژمێر پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێگریکردنی هێزەکانی ئاسایش لە هاتنی پارلەمانتارانی گۆڕان بۆ هەولێر و هەڕەشەکردن لە نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانی و یەکگرتوو بڵاودەکرێتەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوە:

بەیاننامەی چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە فشار لەسەر پەرلەمانتاران

“هەموان دەزانن قەیرانی سەرۆکایەتی، هەرێمی کوردستانی خستوەتە دۆخێکی هەستیار و چارەنوسسازەوە. جێگەی داخە، جیاوازی لە دیدی حیزب و لایەنە سیاسیەکان پەیوەندیەکانی بردوەتە ئاستێکی گرژ و ئاڵۆزەوە. ئێستا دۆخەکە بە ئاستێك گەیشتوە کە هەندێك دەزگا و ناوەند بەشێوەیەکی سیستەماتیك پەرلەمانتاران و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنیان خستوەتە ژێر فشاری ترس و تۆقاندن و ناوزڕاندنەوە.

لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی راستەقینەدا تێدەپەڕێت، ناکرێت پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بێدەنگ و بێهەڵوێست سەیری لافاوی روداوەکان بکەن وڵاتەکەمان بەرەو تونێڵێکی تاریك لول بدەن. بۆیە پەرلەمانی کوردستان لە هەردو ئاستی سیاسی و یاسایی چەندین دەستپێشخەری و فرسەتی خستە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەربازکردنی هەرێم لە قەیرانی سەرۆکایەتی لەسەر بنەما یاسایی و رێکارە کارپێکراوەکان بەڕێوەچون، بەڵام بەداخەوە، لەبری پێشوازی و پشتیوانی، پەرلەمانی کوردستان کەوتە بەر تانە و تەشەری هەندێك ناوەندی گرنگ و کاریگەری هەرێم.

ئێمە ململانێی نێوان ئەجێندا و لایەنە سیاسیە جیاوازەکان وەك دیاریدەیەکی سروشتی کۆمەڵگای دیموکراتی و مەدەنی دەبینین، بەڵام بێخەمی دەزگاکانی ئاسایش لە پاراستنی پەرلەمانتاران لە هەڕەشە و ناوزڕاندن و هەوڵدان بۆ دۆزینەوە و سزادانی تاوانباران بەتەواوی نائاساییە. ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بەتایبەتی دەزگاکانی حکومەت و ئاسایش لە هەولێری پایتەخت، رێگری بکەن لە فراوانبونەوەی گرژیەکان و بەکارهێنانی ئامرازە نادیموکرات و نامەدەنیەکان لە ململانێ سیاسیەکاندا. ئێمە بە راشکاوی رایدەگەیەنین کە پاراستنی گیان و شکۆی پەرلەمانتاران لە ئەستۆی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشە و داوایان لێدەکەین چیتر لە ئاست هەڕەشە و فشار بۆسەر پەرلەمانتاران بێخەمی نەنوێنن.
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی
فراکسیۆنی گۆڕان
فراکسیۆنی یەکێتی
فراکسیۆنی یەکگرتوو
هەولێر- ١٥ ی ئابی ٢٠١٥

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: