ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > داهاتی ئەو نەوتەی بە تانکەر هەناردەی ئێران دەکرێ دەچێتە دە گیرفانی کێ؟

داهاتی ئەو نەوتەی بە تانکەر هەناردەی ئێران دەکرێ دەچێتە دە گیرفانی کێ؟

NNSROJ: لەم ڕۆژانەی دواییدا، مشتومڕ لەسەر داهاتی نەوت و ڕێژەی قەرزەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کۆمپانیا بیانییەکان و نقاش لەسەر شەفافبوون و نەبوونی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە.

هەر لەمبارەوە، “شێركۆ جه‌وده‌ت”، سه‌رۆكی لیژنه‌ى پیشه‌سازی‌، وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه‌ وتی، باسی لە ناشەفافبوونی کەرتی نەوت کردووە و بۆ وێنە وتوویەتی کە ئەوان ئاگادار نین کە گەلۆ داهاتی ئەو نه‌وته‌ی كه‌ لە ڕێگەی خاڵی سنووری پەرویزخانەوە هه‌نارده‌ ده‌كرێت چه‌نده‌ و داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی کێ؟

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە لێژنەکەیان لە پارلەمان نازانێ کە ئایا “ئه‌و تانكه‌ره‌ نه‌وتانه‌ هی شه‌خسێكی دیاریكراون یان هی حكوومه‌ته‌” و سەرەڕای ئەوەی داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە، وەڵامێکیان دەستنەکەوتووە.

سەبارەت بە هەمان مژار، د. غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌ و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە هاووڵاتی ڕاگەیاندووە کە چەند کۆمپانیای حیزبی، ساڵانە ٢٠٠ تا ٢٥٠ هەزار تانکەر نەوتی خاو/ڕەش، کە داهاتەکەی زیاتر لە ٣ میلیارد دۆلارە، لە خاڵی سنووری باشماخ و پەرویزخانەوە دەنێرنە ئێران بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ھیچ ئاماژەیەک بە فرۆشتنی ئەو نەوتە و داھاتەکەی ناکات.

د. غالب محەمەد، پاش لێدوانەکانی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان کە باسی لە شەفافبوونی كەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستانی کردبوو، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانیشی ڕاگەیاندبوو کە ساڵی ڕابردوو ٢٨٣ ھەزار تانکەر نەوت لە پەرویزخان و باشماخەوە ڕەوانەی ئێران کراوە بەڵام داهاتەکەی کە دەتوانێ مووچەی ٨ مانگی فەرمانبەرانی حکوومەتی سلێمانێی پێ دابین بکات، دیار نییە.

عەلی حەمەساڵح، پارلەمانتاری گۆڕان و جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان، لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا، ڕەخنەی توندی لە وەزارەتی ئاماژەپێکراو گرتبوو و بە “گەندەڵی” و “قۆرەخکاری” بواری وزەی تۆمەتبار کردبوون.

KRG Oilئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بەڵگەی ١١ پێشێلکاری و دۆسیەی بڵاوکردبۆوە و کە تێیاندا بە گوتەی ئەو “بە هۆی گەندەڵی، قۆرخكاری‌، به‌فیڕۆدان‌ و به‌تاڵانبردنی نه‌وت، چه‌ندین كه‌س بوونه‌ خاوه‌نی سه‌دان ملیۆن دۆلار و میلله‌تیش بێ مووچه‌ و بێ پرۆژه‌ و بێ بازاڕ و بێ ژیان” ماونەتەوە بەڵام لە بەرانبەردا وەزیری سامانە سروشتییەکان، زانیارییەکانی ناوبراوی بە هەڵخەڵەتێنەر و چەواشەکارانە وەسف کردبوو.
م.م.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. Rojpress
    29 ئاب 2015 له‌ 09:57

    په‌رله‌مانتارێك: نازانین تانكه‌ره‌ نه‌وته‌كان موڵكی شه‌خسێكی دیاریكراون یان حكومه‌ت
    فۆتۆ: ئاراز محه‌مه‌د
    26 ئاب, کوردستانی كوردستان – ئ ف –
    سه‌رۆكی لیژنه‌ى پیشه‌سازی‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگادارنین له‌بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت‌و ده‌ڵێت “ناشزانین ئه‌و تانكه‌ره‌ نه‌وتانه‌ هی شه‌خسێكی دیاریكراون یان هی حكومه‌ته‌”.

    ئاوێنه‌: شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ى پیشه‌سازی‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه‌ ده‌ڵێت “ئه‌و بڕه‌ داهاته‌ی له‌فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ده‌ست دێت له‌ڕێگه‌ی مه‌رزه‌كانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت مه‌رزی په‌روێزخان، یه‌كێكه‌ له‌كێشه‌كانمان كه‌ له‌ماوه‌ی رابردودا داوامان له‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان كردوه‌ ئه‌و زانیارییانه‌مان پێبدرێت”.

    سه‌رۆكی لیژنه‌ى پیشه‌سازی‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان بۆ ئاوێنه‌ وتیشی “ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگادار نین له‌بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ ده‌ڕوات‌و هه‌نارده‌ ده‌كرێت، له‌شێوازی رۆشتنه‌كه‌ی‌و بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ لیوه‌ی ده‌ستده‌كه‌وێت چه‌نده‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كێ”.

    جه‌وده‌ت رونیده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت “ناشزانین ئایا ئه‌و تانكه‌ره‌ نه‌وتانه‌ هی شه‌خسێكی دیاریكراون یان هی حكومه‌ته‌، ئه‌و زانیاریانه‌ تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌نراوه‌و ده‌ستمان نه‌كه‌وتوه، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌داهاتودا ئه‌و زانیارییانه‌مان هه‌بێت به‌شێوه‌یكی فه‌رمی‌و ناكرێت له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری نافه‌رمی قسه‌ بكرێت.

    له‌هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی له‌خاڵه‌ سنورییه‌كاندا چوار مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی بونیان هه‌یه‌، له‌وانه‌ ئیراهیم خه‌لیل‌و باشماخ‌وحاجی ئۆمه‌ران‌و په‌روێزخان، كه‌ به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان داهاتی ساڵانه‌ى ئه‌و مه‌رزانه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌، داهاتی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل 720 ملیار دیناره‌، داهاتی مه‌رزی باشماخ 360 ملیار دیناره‌، به‌هه‌مانشێوه‌ داهاتی مه‌رزی حاجی ئۆمه‌ران 360 ملیار دیناره‌، داهاتی مه‌رزی په‌روێزخان 324 ملیار دیناره‌، به‌و پێیه‌ش داهاتی رۆژێكی خاڵه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان (4 ملیارو 900 ملیۆن) دیناره‌و بۆ مانگێك (147 ملیار) دینارو له‌ساڵێكیشدا ده‌كاته‌ (1 ترلیۆن‌و 764 ملیار) دینار.

    http://www.awene.com/article/2015/08/26/44393

    ئەو نەوتەی بەتەنکەر دەڕوات مووچەی 8 مانگی فەرمانبەرانی سلێمانییە

    سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: داھاتی ئەو نەوتەی بەتەنکەر دەڕوات، مووچەی ھەشت مانگی پارێزگای سلێمانی دابین دەکات، بەڵام سامانە سروشتییەکان ھیچ ئاماژەیەک بەفرۆشتنی ئەو نەوتەو داھاتەکەی ناکات.

    پاش ئەوەی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان وتبووی كەرتی نەوت شەفافە، لەبەرامبەردا د.غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەو بازرگانی و سەرچاوە سروشتییەکان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکدا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: لەماوەی ساڵێکدا ٢٨٣ ھەزار تەنکەر نەوت لەھەردوو مەرزی پەروێزخان و باشماخەوە رەوانەی ئێران کراوە.

    وتیشی: “بەشێوەیەکی فەرمی ئەوەمان بۆ پشتڕاست نەبۆتەوە کە نەوتی ئەو تەنکەرانە چییە، بەڵام دڵنیاین بەشێکی زۆری ئەو نەتەی لەڕێگەی تەنکەرەوە رەوانەی ئێران دەکرێت، نەوتی رەش نییە، بۆیە ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین ئەو تەنکەرانە نەوتی رەش دەگوازنەوە کە کەمترین نرخی ھەیە، ئەوا دەتوانرێت مووچەی ھەشت مانگی فەرمانبەرانی سلێمانی دابین بکات”.

    ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوەی زیاتری داو وتی: “کۆی گشتی ئەو داھاتەی لەو تەنکەرانەوە دەستدەکەوێت، دوای لێدەکردنی گومرکەکەی کە بۆ ھەر تەنکەرێک (١٦٢) دۆلارە، دەکاتە دوو ملیارو ١٠٠ ملیۆن دۆلار”.

    ئاشکراشیکرد، موچەی یەک مانگی فەرمانبەرانی سلێمانی پێویستی بەکەمتر لە ٣٠٠ ملیۆنە دۆلارە، “بۆیە دەمانتوانی بەو داھاتە مووچەی ھەشت مانگی فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایە دابین بکەین”.

    سەبارەت بەئاماری تەنکەرەکانیش وتی:” لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لەمەرزەکاندان، ژمارەی ئەو تەنکەرانەمان دەست کەوتووە کە لەماوەی ساڵێکدا لەو دوو مەرزەوە رەوانەی ئێران کراون”.

    غالب محەمەد باسی لەوەشکرد کە لەساڵانی رابردوودا دوو ھێندەی ئێستا تەنکەرە نەوت رەوانەی ئێران کراوە، بەڵام بەھۆی شەڕی داعشەوە لەئێستادا ژمارەکە کەمیکردووە”.

    بەوتەی د.غالب محەمەد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەکاتی بڵاوکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەھیچ شێوەیەک باسی ھەناردەی نەوت بەتەنکەر ناکات، ئەمەش لەکاتێکدایە ئاشتی ھەورامی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، کە دوو رۆژ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، رایگەیاند کە رۆژانە بڕێک کەم نەوت لەڕێی تەنکەرەوە ھەناردە دەکرێت.

    http://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=24034&Jor=1

  2. Rojpress
    29 ئاب 2015 له‌ 11:20

    سپی چەند نهێنیەکی فرۆشتنی نەوتی هەرێم‌و دواکەوتنی مووچە بڵاودەکاتەوە

    بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا کەووتووە لەسەر پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهان و دواکەوتنی مووچەی مانگی حوزەیران، چەندین کێشەو پرسیاری گرنگ هەڵدەگرێت.

    لەم مانگەدا کێشەیەکی گەورە لەسەر دوا کەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچە خۆرانی کوردستان هاتە ئاوارەو چەندین رۆژ میدیاکان پێوەی خەریک بوون، د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان دەیخستە سەرشانی وەزارەتی دارایی و ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە خودی وەزیری دارایی نەچۆتە تورکیا تا رێوشوێن و بەرپرسیارێتی حسابی بانکی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بگوازێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.

    هەرچی وەزیری داراییە رێباز محەمەد حەملان، کەموکوڕییەکەی دەخستە ئۆباڵی د. ئاشتی هەورامی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، کە ئەو بەرپرسە لەدواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، لە هەردوو حاڵەتەکەدا پاش دواکەوتن چەند هەفتەیە، لەپڕ وا ماوەی دوو هەفتەیە مووچەی مانگی حوزەیرانی ژمارەیەکی بەرچاو لەوەزارەت و دەستەکان دەدرێت کە ژمارەیان (٣٠ ) وەزارەت و دەستەیە، پێی زانیاریە سەرەتاییەکان زیاد لە ٣٠٠ سێ سەد ملیار دینارە، ئەم پارە گەورەیە چۆن هاتە کوردستان لەکاتێکدا ڕێباز محەمەد حەملان سەردانی تورکیای نەکرد؟

    سەبارەت بەو زەرەرو زیانە مادیانەی لە ئەنجامی هێرشی گەریلاکانی پەکەکە لە ٧/٢٩ لە نزیک شاری جەزیرە لە باکوری کوردستان بە بۆری نەوتی کوردستان گەیشت، د.ئاشتی هەورامی بەپێی راگەیاندنێکی وەزارەتی ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ٥٠١ پێنج سەدو یەک ملیۆن دۆلار زەرەر لەکورد کەوتووەو زیاتر لەهەفتەیەک بۆرەیەک شکاوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو گرێبەستەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای ( بۆتاش )دا بەستوویەتی، کەپێی دەوترێت ” گرێبەستە ٥٠ ساڵیەکە”، ئەرکی پاراستنی بۆری نەوتەکە لەهەر کەموکوڕیەکی هونەری و زیانگەیاند بەبۆریەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایە، پرسیار لەسەر ئەوەیە ئایا ئەم ٥٠١ ملیۆن دۆلارەی کە د. ئاشتی باسی دەکات لە کوێوە هاتووە، لەکاتێکدا بەپێی گرێبەستەکە چاککردنەوەی بۆریە نەوتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیای ( بۆتاش )؟

    بەپێی زانیارییەکانی سپی لە گرێبەستەکەدا ئەم کۆمپانیا تورکیە ( بۆتاش ) بۆ گواستنەوەی هەربەرمیلێک نەوتی هەرێم بەناو خاکی تورکیادا بڕی ٥ پێنج دۆلار وەردەگرێت، لەکاتێکدا بە ستانداری جیهانی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک ١ یەک دۆلار لە خراپترین حاڵەتدا بە ٢ دوو دۆلارە.

    وەزیری سامانە سروشتییەکان کە دەڵێت ٥٠١ ملیۆن دۆلار بەهۆی هێرشی پەکەکەوە زەرەر لەهەرێم کەوتووە، ئەگەر واشبێت چۆن راستەوخۆ کاریگەری لەو پارەیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکات کە مانگانە دەنێردرێت بۆ هەرێم، لە کاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی سپی ١٥ گەنجینە (تەنکی) گەورەی نەوتی عێراق لە بەندەری جیهان هەیە کە ٩ تەنکی گەورەی عەمبارکردنی نەوت بۆ هەرێم دانراوەو چەند مانگە هەرێم نەوت کۆدەکاتەوە. پرسیارەکە لەوەدایە چۆن وا زوو ئەو زەرەرە ئەگەر راستیشبێت کاریگەری لەو ٨٥٠ ملیۆن دۆلارە کرد کە بەپێی گرێبەستێک هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای ( فیتۆڵ )دا هەیەتی و مانگانە ئەو کۆمپانیایە بڕی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار لەبری فرۆشتنی نەوت دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان؟

    ئەمە تەنها پرسیاری ئەم مانگەیە لەسەر وەزارەتی سامانە سورشتییەکان کە پێویستە د. ئاشتی وەڵامی بداتەوە، بۆ ئەوەی راستیەکان بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان ئاشکرا بێت کە کی بەرپرسە لە دواکەوتنی مووچەی مانگی حوزیران؟

  1. 29 ئاب 2015 له‌ 10:05

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: