Archive

Archive for ئه‌یلول, 2015

هەژماری قوربانیانی کاروانی حەجی مهاباد گەیشتە ٢٤ کەس

30 ئه‌یلول 2015 1 comment

NNSROJ: ڕێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران، دوا ئاماری قوربانیانی ڕووداوەکەی مینای بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ڕێکخراوەکە تا ئێستا مەرگی ٤٦٥ حاجی ئێرانی تەییدکراوە.

بەو پێیە هەژماری قوربانیانی مهابادیی ڕووداوەکەی ٢ی ڕەزبەر/٢٤ی سێپتامبری مینا لە مەککەی عەڕەبستانی سعوودی بۆ بیست و چوار کەس بەرزبۆتەوە.  پێشووتر گیانلەدەستدانی ١١ حاجی مهابادی پشتڕاست کرابۆوە و باس لەوە کرابوو کە چارەنووسی لانیکەم ١٣ حاجی تری کاروانی ئەو شارە نادیارە.

ناوی سەرجەم قوربانییەکانی کاروانی حاجیانی مهاباد بریتیە لە: ١- سمایل سپۆکە ٢- حەمەدەمین پیرۆتی ٣- یۆسف شێخی ٤- زڵەخا حاجی زادە ٥- عەبدوڵا ڕادپوور ٦- مرێم سوڵتانی ٧- حەسەن ئەفشوون ٨- ئەبووبەکر یۆسفی[پیرانشاری] ٩- عیسمەت حیسامی ١٠- شەریف عیماد ئەرشەد ١١- عەزیز چاچ ١٢. زارا ئەلیاسی ١٣. سەلیم ئیوەر ١٤. بازید حەیران ١٥. عەبدوڵا خادمی ١٦. سمایل چووپانی ١٧. عوسمان پیرۆتی ١٨. عەبدولناسر پیرۆتی ١٩. حەسەن خان پایە ٢٠. ئەحمەد شاهی ئەقدەم ٢١. زێنەب عەبدیان ٢٢. نازدار محەمەدی ٢٣. مەحموود عەزیزیان ٢٤. گوڵێ قادری

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

چالاکێکی سەردەشتی بە ٢.٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

29 ئه‌یلول 2015 1 comment

NNSROJ: بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ، لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بڕیاری دادگای بەرایی لەمەڕ سەپاندنی ٣٠ مانگ زیندان بەسەر “پێشەوا ساڵح زادە”ی وەک خۆی پەسەند کردەوە.

پێشەوا ساڵح زادە[ئاژوان]، چالاکی کورد پێشووتر لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهابادەوە بە ٣٠ مانگ[٢.٥ ساڵ] مەحکووم کرابوو.

دادگای ئاماژەپێکراو ناوبراوی بە “هەوڵدان دژ بە ئاسایشیی نیشتمانیی ئێران”، ئەندامەتی پارتێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پڕۆپاگەندەکردن دژ بەو ڕەژیمە تۆمەتبار کردبوو.

ساڵح زادە کە ئەندامی دامەزرێنەر و بەرپرسی ڕێکخراوی ناحکوومی “تیڕۆژ”ی سەردەشت و هەروەها بەڕێوەبەری وێبسایتی نووچە و شرۆڤەی “شارۆنیوز”ە، ڕۆژی ٦ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن ئیتلاعاتی مهابادەوە قۆڵبەست کرابوو و دواتر بە بڕیاری قازی زاهیری، لێکۆڵەری لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهاباد، بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا دەستبەسەر کرابوو.

پێشەوا ساڵح زادە پاش ئەو ماوەیە، بە سپاردنی بارمتەیەکی ١٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.  دادگای مهاباد ئەو چالاکە سیاسی و مەدەنییە کوردەی بە ڕێکخستن و بەشداری لە ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکەی هەژمارێک لە مهابادییەکان بە پشتیوانی لە کۆبانێ، کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر ڕەوشی مناڵانی شیناوێ تۆمەتبار کردووە.

بەشداری ئەو چالاکە سەردەشتییە لە هەڵمەتی پۆشینی جلوبەرگی ژنانە دژ بە سووکایەتیکردن بە ژنان لە مەریوانیش وەک پڕۆپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی و تێکدانی ئاسایشی گشتی لێکدراوەتەوە. هـ.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

هەژماری قوربانیانی مهابادی ڕووداوەکەی حەج بۆ ١١ کەس بەرز بۆوە

28 ئه‌یلول 2015 2 comments

دەنگ و ڕەنگی مهاباد، ناوی ١١ حاجی مهابادی ڕاگەیاند کە پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا لە مینای مەککە گیانیان لەدەست داوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا، تا ئێستاش زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی لانیکەم ١٣ حاجی مهابادی بڵاونەبۆتەوە. لە هەمان ڕووداودا ٣ حاجی مهابادیش برینداربوونە.
ناوی قوربانیانی مهابادی ڕووداوەکە بریتییە لە:

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسیی دوو لایەنی دێموکرات

28 ئه‌یلول 2015 2 comments

NNSROJ: وەک چاوەڕوان دەکرا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی ڕەزبەر/٢٧ی سێپتامبر، حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئاستی دەفتەری سیاسی و ڕێبەرایەتیدا کۆبوونەوە و گفتگۆیان لەسەر پتەوترکردنی پێوەندییەکان و هەنگاوهەڵێنانەوە بەرەو یەکگرتنەوە کرد.

دوابەدوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسانی دوو لایەن ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و لە داهاتوودا، بە مەبەستی گەیشتن بە خاڵی هاوبەشی زیاتر بۆ یەکگرتنەوە، درێژە بە دیالۆگ دەدەن.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

کوژرانی سێ ئەفسەری سوپای تورکیا و ٤ هاووڵاتیی مەدەنی لە باکوور

26 ئه‌یلول 2015 2 comments

NNSROJ: سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکدا کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی سێپتامبر، لە نێوان تیمێکی کۆماندۆی ژاندرمەی ئەو وڵاتە و گەریلاکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی چیچەکلی دێرسیم هاتەئاراوە، فەرماندەیەکی هێزی تایبەتی ژاندرمە بە ناوی سەرگورد “یاڤووز سۆنات” کوژراوە.

شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ٢٥ی سێپتامبریش، چەند بنکەی پۆلیس و سوپای تورکیا لە “ئەلکێ”[بەیتوشەباب]ی شڕناخ هێرشیان کرابۆ سەر و لە ئاکامدا دوو گرووبانی ژاندرمە کوژرابوون و ٨ عەسکەر، جەردەوانێک و ١١ پۆلیس بریندار ببوون.

دوابەدوای تێکهەڵچوونەکانی ئەم شارە، هێزە چەکدارەکانی تورکیا تەقەیان لە هاوڵاتیان کردبوو و لە ئاکامدا ٤ کەسی مەدەنی، کە شۆفیری ئامبووڵانسێکیشیان لەناودابوو، کوشتبوو.
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

هەریکەم ٣ حاجیی مهابادی لەناو قوربانیانی ئەمڕۆی قوربانگای مەککەدان

24 ئه‌یلول 2015 3 comments

NNSROJ: بە گوێرەی دوا زانیارییەکان هەژماری قوربانیانی پاڵەپەستۆکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی ڕەزبەر/٢٤ی سێپتامبری مینا لە مەککەی عەڕەبستانی سعوودی گەیشتۆتە ٧١٧ کەس و هەژماری بریندارانیش ٨٦٣ کەسە.

لەناو قوربانییەکانی ئەمڕۆدا هەریکەم سێ حاجی مهابادی هەن کە ناوەکانیان بریتییە لە “نوسرەت موسری، عیماد ئەرشەد، بایزید حەیران”.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ‫‏ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ‬ کاروانی حاجیانی مهابادی لە ١١٦ کەس پێکهاتووە و دەگوترێ کە سەرجەمیان لە کاتی ڕوودانی پاڵەپەستۆیەکەدا لەم شوێنە بوونە و هەر بەم هۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو سێ کەسە، هەریکەم سێ حاجی تری مهابادیش بریندارن و چارەنووسی ٣١ی تریش نادیارە.

بەرپرسی ڕێکخراوی حەج و زیارەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا گیانلەدەستدانی ٩٤ حاجی ئێرانیان بۆ پشتڕاست کراوەتەوە. دەوڵەت و ڕێبەری ئایینی ئێران بەم هۆکارە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیان ڕاگەیاندووە.

سەعید ئۆحادی، بەرپرسی ڕێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە پاڵەپەستۆیەکە بەم هۆیە هاتۆتە ئاراوە کە کارگێڕانی شوێنە، دوو ڕێڕەوی نزیک شوێنی ڕەمی جەمرە بە هۆکارێکی نادیار بەستووە و بەم هۆیە پاڵەپستۆ سازبووە و ئەو کارەساتەی لێکەوتۆتەوە.

حکوومەتی عەڕەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکیان سەبارەت بەم ڕووداوە دەستپێکردووە.

شایانی باسە کە ڕۆژی ١١ی سێپتامبریش لە ئاکامی کەوتنەخواری جەرەسەقیلێکدا لە مەسجیدولحەرامی مەدینە، ١١٠ حاجی گیانیان لەدەست دابوو.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ

“هیچ پێویست نەبوو بەم شێوە مامەڵە لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتی بکرێت”

24 ئه‌یلول 2015 1 comment

NNSROJ: مەسعوود بارزانی، لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی جەژنی قوربان بڵاویکردۆتەوە ئەو مشتومڕەی کە لەسەر کورسییەکەی دروست بووە بە ناپێویست زانیوە و وەک هۆکارێک بۆ “قووڵتركردنی قەیران و تێكدانی ئاسوودەیی خەڵک” لەقەڵەم داوە.

ناوبراو کە لە ٢٠ی ئاگۆستەوە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هاتووە، دەڵێ کە ئەو ئەرکەی لەسەر شانی بووە ئەنجامی داوە و بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەکەی، داوای هەڵبژاردنی کردووە بەڵام نە هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و نە پارلەمان و حیزبەکان توانیویانە کێشەکە چارەسەر بکەن.

مەسعوود بارزانی لە پەیامەکەیدا وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو بۆچوونانە کە دەڵێن ناوبراو “بەدیل”ی نییە دەشڵێ کە “لە درێژەكێشانی ئەو بارودۆخە زۆر نیگەرانم و خەڵكی كوردستانیش بێزار بووە و مافی خۆیانە گلەیی بكەن.”

بارزانی هەروەها داوای کردووە کە حیزبە سیاسییەکان کۆببنەوە و چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە و هاوکات جەختی لەسەر ئەمەش کردۆتەوە کە مانەوە و نەمانەوەی ئەو، “تێكەڵی ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆک و دەسەڵاتەكانی” نەکەن.
مەسعوود بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ ئەمەش نیشان داوە کە ئەگەر بڕیار بدرێت ئامادەیە پۆستەکەی ڕادەست بکات تا بە گوتەی ئەو “چیتر خەڵكی كوردستان بەم بابەتە سەرقاڵ و ماندوو نەكرێن.”
م.م.

:هاوپۆله‌کانNNSROJ