ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > میتینگی ئاشتیی هەدەپەیان لە ئانکارا غەرقی خوێن کرد- نوێدەکرێتەوە

میتینگی ئاشتیی هەدەپەیان لە ئانکارا غەرقی خوێن کرد- نوێدەکرێتەوە

10 تشرینی یه‌كه‌م 2015 لێدوانێک بنووسە Go to comments

NNSROJ: بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ئۆکتۆبر، دوو تەقینەوەی بەهێز بەشدارانی میتینگی ئاشتی پارتی دێموکراتیکی گەلان لە ئانکارای کردە ئامانج و کوژرانی لانیکەم ٣٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٢٠ کەسیان لێکەوتەوە.

تەقینەوەکان بە مەودای پێنج دەقە و لە کاتژمێر ١٠:٠٤ و ١٠:١٠ لە ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی هەدەپە، بەر لە دەستپێکی فەرمی میتینگەکە هاتنە ئاراوە.
[وێنەهەواڵ]

میتینگەکە بە دەستپێشخەری هەدەپە و بە هاوکاری چەندین سەندیکای کرێکاری، پزیشکان و هەژماریک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕێکخرابوو.
[ڤیدیۆی ساتی یەکێک لە تەقینەوەکان]

[١٠:٤٠]
سڕڕی سوڕەیا ئۆندەر، پارلەمانتاری هەدەپە کە خۆی بڕیاربوو بەشداری ئەو میتینگە بێ دەڵێ هەژماری تەقینەوەکان سێیە نەک دوو بەڵام سێهەم تەقینەوە بەهێز نەبووە و بە مەودایەکی دوور لە خەڵکەکە هاتۆتە ئاراوە.

ناوبراو داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە خۆ بگەیەننە نەخۆشخانەکانی ئانکارا و خوێن بە بریندارەکانی ئەو تەقینەوانە بدەن.

[١١:٥٠]
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشە خوێناوییە، ڕەخنەی توندیشی لە حکوومەتی تورکیا و پۆلیس گرت کە بە وەدرەنگخستنی بەئانقەستی هاتنی ئامبووڵانسەکان، بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی هەژمارێکی زۆرتر لە برینداران.

تا ئێستا هیچ ڕێکخراوەیەک بەرپرسیارێتیی ئەو تەقینەوانەی نەگرتۆتە ئەستۆ بەڵام بە گوتەی دەمیرتاش، وێکچوونێکی تەواو لە نێوان تەقینەوەکەی پەرسووس و ئامەد لەگەڵ ئەم تەقینەوانەی ئانکارا هەیە.

دەمیرتاش بە گومانبوونی خۆی لە ئاشکرابوونی کەس و لایەنەکانی پشت ئەم تەقینەوە هێنایە سەر زمان و وتی هەروەک چۆن هێرشەکانی پێشووتری سەر ئێمە تەم و مژاوی ماوەتەوە، وێناچێ هەرگیز بکەرانی ئەو هێرشە خوێناویەش ئاشکرا بن.
م.م.

[١٢:٤٥]
– بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا؛
هەژماری کوژراوانی تەقینەوەکانی ئەمڕۆی ئانکارا لەناو ئاپۆڕای لایەنگرانی هەدەپەدا گەیشتە ٣٠ کەس و هەژماری برینداران ١٢٦ کەسە.

[١٤:٤٠]
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی حوڕییەت، هەژماری قوربانیانی تەقینەوەکەی بەیانیی ئەمڕۆ لە ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی هەدەپەدا لە ئانکارا گەیشتۆتە ٤٧ کەس.

– لەناو قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆدا، هەژمارێک لە بەرپرسانی هەدەپەش دەبینرێن. “جاوید ئوغوور”، بەرپرسی لقی هەدەپە لە ئیزمیر، “ئایشە دەنیز” ڕاوێژکاری ماڵی لقی “کارشی یاکا”ی ئیزمیری هەدەپە و دوو کەسی تر لە ئەندامانی حیزبەکە کە خزمی ئبڕاهیمی بینیجی پارلەمانتاری هەدەپەشن چوار لە قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆن. “کوبڕا مەڵتەم”، بەربژێری هەدەپە بۆ بازنەی یەکەمی ئیستانبووڵیش لەناو کوژراوانی تەقینەوەکەدایە.

[١٥:٢٥]
– بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا؛
هەژماری قوربانیانی تەقینەوەکەی ئانکارا لەناو لایەنگرانی هەدەپەدا بۆ ٨٦ کوژراو و ١٨٦ بریندار بەرزبۆتەوە. ڕەوشی تەندروستی بەشێک لە برینداران خراپە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژراوان لەئاردایە.

[١٦:٠٥]
– دامەزراوەی بەرزی ڕادیۆ و تەلڤیزیۆنی تورکیا قەدەخەی ڕاگەیاندن لەسەر تەقینەوەکەی ئانکارا دانا و هۆشداری بە میدیاکانی ئەو وڵاتە دا کە تا ڕاگەیاندراویکی تر، وردەکاری زیاتر سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاونەکەنەوە.

– تیمێکی دادوەری کە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە و دۆزینەوەی بکەرانی لە ئەستۆیە ڕایگەیاند کە پێدەچێ تەقینەوەکان لە لایەن دوو کەسی خۆکوژوە ئەنجام درابن.

– سەلاحەدین دەمیرتاش کە بە مەبەستی بەشداری لە میتینگێکی تری هەدەپە لە ئیستانبووڵ بوو، خۆی گەیاندەوە ئانکارا و لە دووهەمین لێدوانی ئەمڕۆیدا بۆ میدیاکان، توندی ڕەخنەی لە حکوومەتی ئاکەپە گرت و بە تۆمەتباری سەرەکیی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی لەقەڵەم دا.

[٢٢:٣٠]
– هەژماری قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی ناو میتینگی هەدەپە لە ئانکارا بۆ ٩٥ کوژرا و ٢٤٦ بریندار بەرزبۆتەوە. نووسینگەی سەرۆکایەتیی وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ڕەوشی تەندروستی ٤٨ کەس لە برینداران خراپە. لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدرێ ناسنامەی قوربانیانی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێ بەڵام تا ئێستا هەر ٥٢ کەس ناسراونەتەوە.

-حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، هێرشە تیرۆریستییەکەی ئانکارای مەحکووم کرد. لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوەکەی حدکدا هاتووە: لە پێوەندی لە گەڵ ئەو هەڕەشە و بەربەستانەش دا کە بە تازەیی و لە رابردووشدا لە تورکیە ڕووبەڕووی هەدەپ و بەشداریی چالاکانەی کوردەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بوونەوە، هیوادارین دەستەکانی پشتی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن. هومێدیشمان وایە هەر وەک لە ڕابردوو دا ئەم جۆرە تاوانانە نەیانتوانیوە خەڵکی باکووری کوردستان لە قۆزتنەوەی دەرفەتە سیاسییەکان بۆ بردنە پێشی پرسی رەوای خۆیان سارد بکەنەوە، ئەمجارەش بە شێلگیرییەکی زیاترەوە لە مەیدان دابن ودەرفەتی هەڵبژاردنی داهاتوو بە باشترین شێوە بۆ سەلماندنی سەنگی خۆیان و بەرەو پێشبردنی پرسی نەتەوەیی و سیاسیی خۆیان بە کار بێنن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی حدک

١١ی ئۆکتۆبر

دەمیرتاش: ١٢٨ هاوڕێمان لەدەست داوە
– درەنگانی شەوی ڕابردوو، دوا ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکانی ئانکارا بە ٩٥ کەس ڕاگەیاندرابوو بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئۆکتۆبر، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە بە میدیاکانی تورکیا ڕاگەیاند کە هەژماری قوربانیان بۆ ١٢٨ کەس بەرزبۆتەوە. ئەو زانیارییە هێستا لە لایەن حکوومەتەوە بەفەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

– مانشێتی نزیک بە سەرجەم ڕۆژنامەکانی تورکیا و بەشێک لە ڕۆژنامە ئەورووپییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی پێوەندیدار بە تەقینەوە خوێناوییەکانی شەممە ١٠ی ئۆکتۆبر لە میتینگی هەدەپەدا تەرخان کراوە. دوو تەقینەوە کە مەزەندە دەکرێ لە لایەن کەسانی خۆکوژەوە ئەنجام درابێ. تەقینەوەکانی دوێنێ شەممە، وەک خوێناویترین تەقینەوەی مێژووی هاوچەرخی تورکیا دێنە ئەژمار.[وێنەکان لێرە ببینە]

وێنەهەواڵ- مالمۆ/ سوید؛
خۆپێشاندان بۆ مەحکوومکردنی تەقینەوە خوێناوەییەکانی میتینگی ‫هەدەپە‬ لە ئانکارا و شەرمەزارکردنی حکوومەتی تورکیا بەهۆی زەختی بەردەوامی لەسەر کوردان.

وێنەهەواڵ- خۆپێشاندان لە پاریس؛
– ڕۆژێک دوای تەقینەوە خوێناوییەکانی ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی هەدەپە، پاریسی پێتەختی فەڕەنسا، وەک زۆربەی پێتەختە ئەورووپییەکان شایەتی ڕێپێوان و کۆبوونەوەی هەزاران کەس بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە خوێناوییە بوو. بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە هەموو بە یەکەوە دروشمیان دەدا کە دەوڵەتی قاتڵ دەبێ حیسابی ئەو تاوانە بداتەوە.

ڤیدیۆ: “قاتڵ دەوڵەت”
– ڕۆژێک دوای تەقینەوە خوێناوییەکانی ناو ئاپۆڕای لایەنگرانی هەدەپە، مەیدانی سیهییەی ئانکارا شایەتی کۆبوونەوەی هەزاران کەس بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە خوێناوییە بوو. بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە هەموو بە یەکەوە دروشمیان دەدا کە دەوڵەتی قاتڵ دەبێ حیسابی ئەو تاوانە بداتەوە.

– ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان[RMMK]، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێکی نووسراو، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی تەقینەوەکانی ئانکارای کرد و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی شەرمەزارکرد. ر.م.م.ک هەروەها ڕەخنەی توندی لە تورکیا گرتووە و داوای کردووە تا حکوومەتی ئەو وڵاتە کۆتایی بە زەخت و گوشاری سەر کوردان و شەڕ لە کوردستان بهێنێ.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بە فارسی

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: