ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن

10 تشرینی یه‌كه‌م 2015 لێدوانێک بنووسە Go to comments

NNSROJ: خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەبڕینی هاووڵاتییان، فەرمانبەران و مامۆستایان لە گۆشەگۆشەی هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە.

هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی، کۆیە، ڕانییە، گەرمیان، سەیدسادق و کەلار خۆپێشاندان بەڕێوەچوون. بەشێک لە خۆپێشاندەران لە کەلار و سەیدسادق بارەگای پارتی دێموکراتی پارتیان لەم شارانە بەردباران کرد و بەم هۆیەوە بشێوی لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران هاتەئاراوە.

دوێنێ هەینی لە قەڵادزێ لقی پارتی بەردباران کرابوو و تەقەی پاسەوانانی بارەگاکە لە خۆپێشاندوران، کوژرا و برینداری لێکەوتبۆوە و ئەمەش تووڕەیی زیاتری خۆپێشاندەران و سووتێندرانی بارەگاکەی بەدواوەهاتبوو.

لە ئاکامی ئەو بشێوییەدا ٣ کەس کوژران و ٢٠ کەسی تر برینداربوون.

سلێمانی؛
– کۆمەڵێک لە خۆپێشاندەرانی شاری سلێمانی بە چەکەوە هێرشیان کردۆتەوە سەر بارەگای نووسینگەی تۆڕی میدیایی “ڕووداو” لەو شارە. پەیامنێرێک لە سەربانی باڵەخانەی “ڕووداو”ەوە بە کەناڵەکەی ڕاگەیاند کە خۆپێشاندەران هەڕەشەی سووتاندنی بینایەی نووسینگەکەیان کردووە.

هاوکات پەیامنێری کەناڵی ئێن.ئاڕ.تی کە لە شوێنی ڕووداوەکە نزیکە دەڵێت کە دەنگۆی ئەوە هەیە لە ناو بینایەی نووسینگەی “ڕووداو”یشەوە تەقە لە خۆپێشاندەران کراوە. دەگوترێت کە ئاسایشی سلێمانی لە ئێستادا هێزێکی بۆ پاراستنی نووسینگەکەی ڕووداو بۆ شوێنەکە ناردووە.

– کەناڵی ئێن ئارتی ڕایگەیاند کە لە میانەی خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆی شاری سلێمانیدا کامێرامانی کەناڵەکە لە کاتی گواستنەوەی وێنەی خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆدا، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە بریندار کراوە. ئاسایش هەروەها دەستی بەسەر کامێراکەیدا گرتووە.

ئاراستەی خۆپێشاندەران بەرەو قایمقامییەتی سلێمانی و بارەگای لقی چوار پارتی دیمۆکڕاتی کوردستان چووە و هەروەها بەردەم بینایەی قامیمقامییەتدا دەنگی تەقە دەبیسترێت.
[ڤیدیۆیەک لە خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ]

قەڵادزێ؛
– دووهەم بینای پارتی دێموکراتی کوردستان لە شاری قەڵادزێ ئاگری تێبەردرا.[ڤیدیۆ] هەر لەم شارە خۆپێشاندەران ئاڵای چەند حیزبی تریان لەسەر بارەگاکانیان داخست.

– سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان هێرشبردە سەر میدیاکاران و ناوەندە میدیاکانیانیان شەرمەزار کرد. دەقی بەیاننامەی ئەو دوو ناوەندە بەم شێوەیە:

ئیدانەی هێرشكردنە سەر نووسینگەی رووداو لەسلێمانی دەكەن

پاشنیوەڕۆی رۆژی ١٠ ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ كۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە شاری سلێمانی هێرشیان كردە سەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی ڕووداو، خۆشبەختانە زیانی گیانی بەدواوە نەبوو، هەر زوو هێزەكانی پۆلیس و چالاكیە مەدەنییەكان گەیشتنە شوێنی رووداوەكەو كۆنترۆڵی بارودۆخەكەیان كرد بەڵام زەرەرو زیانێكی ماددی زۆر بەر باڵەخانەی نووسینگەكە كەوت. ئێمە وەک سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان و لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و ئیدانەی ئەم هێرشەو هەموو جۆرە هێرش و توندوتیژیەک دەكەین كە بەرامبەر بە میدیا و میدیاكاران و نووسینگەكانی میدیا بكرێت.

داواكارین كاری میدیا و دەسەڵاتی چوارەم تێكەڵ بە سیاسەت و دەسەڵاتەكانی تر نەكرێت و لەلایەن خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسیش بە چاوی گومانەوە لە میدیاكاران نەڕوانن و بیانپارێزن. پایتەختی رۆشنبیری دەبێت لە ڕووی سەرجەم كایە ژیانیەكان و رۆشنبیریەكانەوە شارێكی سپی و پاک بێت و میدیا لەم سنوورەدا دەبێت ئازادانە كاری خۆی بكات، چونكە گەر میدیا رێگری لێبكرێت ئەوا دەنگی ناڕازی و نارەزاییەكان ونارازییەكان كێ بیگەیەنێت؟

کەلار؛
– دوو کەس لە خۆپێشاندەرانی کەلار گیانیان لەدەست دا. شیمانە دەکرێ کە ئەو دوو گەنجە بە تەقەی پاسەوانانی بارەگای کەلار گیانیان لەدەست دابێ. هەروەها زانرا کە مێرمنداڵێک لە قەڵادزێ، لە ئاگرگرتنی دووهەم بارەگای پارتی لەم شارەدا جەستەی سووتاوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەست داوە. بە گوێرەی سەرچاوەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ ناوی ئەو مێرمنداڵە “دیار خدر هەمزە ئیبڕاهیم”ە.

بەیاننامەیەکی توند لە پارتیییەوە:
پارتی دێموکراتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی توند، نۆشیروان مستەفا بە بەرپرسیاری یەکەمی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆژانەی هەرێمی کوردستان زانیوە و ڕەخنەی توندیشی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرتەوە و بە کەمتەرخەمی لە پاراستنی بارەگاکانی تۆمەتباری کردووە.

مەکتەبی سیاسیی پارتی لەو بەیاننامەدا سێ جار بزوتنەوەی گۆڕانی بە “دارودەستە” و “تاقمی نەوشیروان مستەفا” وەسف کردووە و هەڕەشەی کردووە کە “وەڵامی گونجاو”یان دژ بەم لایەنە دەبێت و وتووشییەتی کە دەبێ “پیلانگێڕان باجی ئەم دەستدرێژیانەیان بدەن.”

شایانی باسە کە دوو ڕۆژە خۆپێشاندانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بشێویان تێکەوتووە. خۆپێشاندەران لە چەند شار و شارۆچکە هێرشیان کردۆتە سەر بارەگاکانی پارتی و لە ئەنجامی تەقەی پاسەوانانی ئەو بارەگایانەدا ٥ خۆپێشاندەر کوژراون.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە

هێرش بۆسەر کەناڵی ئێن‌ئاڕ‌تی
– ئەمشەو ١٠ی ئۆکتۆبر کارمەندانی ئۆفیسەکانی هەولێر و دهۆکی کەناڵی ئێن‌ئاڕ‌تی لە لایەن ئاسایشەوە دەستبەسەر کران و دواتر سەرجەم کارمەندەکانی ئۆفیسی هەولێری کەناڵەکە لە بازگەی دێگەڵە ئازاد کران. هەر ئەمڕۆش لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەست بەسەر دوو کامێرای کەناڵەکەدا گیرابوو و پاسەوانەکانی بارەگای سەیدسادقی پارتی دێموکراتی کوردستانیش دەستیان بەسەر کامێرایەکی کەناڵەکەدا گرتبوو.

لە سلێمانیش گرووپێک لە خۆپێشاندەرانیش ئۆفیسی کەناڵی ئاسمانیی ڕووداویان بەردباران کردبوو.
زیاتر لەمبارەوە

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: