ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > “بێ چەندوچۆن پشتیوانیى ئەم ناڕەزاییە مەدەنییە و دابینکردنى مووچەى خەڵکین”

“بێ چەندوچۆن پشتیوانیى ئەم ناڕەزاییە مەدەنییە و دابینکردنى مووچەى خەڵکین”

11 تشرینی یه‌كه‌م 2015 لێدوانێک بنووسە Go to comments

NNSROJ: پاشنیوەڕۆی یەکشەممە، ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتیی “کۆسرەت ڕەسووڵ”، جێگری سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە کۆبوویەوە و تاوتوێی دۆخی ئێستا هەرێمی کوردستانی کرد.

لە دواى کۆبوونەوەکەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە کە تیایدا جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی بێ ئەملاولا لە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و پێویستیی دابینکرانی مووچەی خەڵک کراوە.

یەکێتیی پێشنیاری کردووە کە حکوومەتی هەرێم بە هەمان پێکهاتەی کە ئێستا هەیەتی، تا تەواوکردنی خولی یاسایی پارلەمان، درێژە بە کارەکانی بکات.

مەکتەبى سیاسی یەکێتی ئەوەشی خستۆتەڕوو کە ئەو حیزبە پابەندى بڕیارە هاوبەشەکان لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیشە.

دەقی راگەیەندراوی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر سیاسەتی یەکێتی لەم بارودۆخەدا
گەلی کۆڵنەدەری کوردستان!
قەیرانی دارایی فشاری خراپی لەسەر بودجەو موچەو بازاڕو پرۆژەکان هەیە، بەڵام زۆرینەی گەلەکەمان لە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو کەسوکاری شەهیدان، لەبەرامبەر داعشە فاشیەکاندا، درێغیان نەکردووە. باشترین بەڵگەش، بەوپەڕی وەفاداریەوە، بەڕێکردنی شەهیدانە بەرەو ژیانی نەمریی، لەلایەن جەماوەری شارو دێهاتەکانەوە. هاوکاری نیشتمانپەروەرەکانی کوردستانیش، بۆ کەسوکاری شەهیدان، هەروەها بەتەنگەوەچونی شەڕگەکانی بەرەنگاری، لەلایەن جەماوەرەوە، بەڵگەیەکی دیکەی هەستی کوردایەتی هاوچەرخە. پەرەسەندنی ئەزمونە دیموکراسیەکەی کوردستانیش گەیشتۆتە رادەیەک، فەرمانبەرانی کوردستان، بە ئارامی داکۆکی لە مافە مەدەنیەکانیان دەکەن. ئەم چەشنە خەباتە مەدەنییە، نەک هەر رەوایە، هەقیشوایە حکومەت بۆ چارەسەرکردنی موچە، هەنگاوی خێرا بنێ‌، بەڵکو مایەی دڵخۆشی دیموکراسیشە.

لەم هەلومەرجە جیهانیی‌و ناوچەیی‌و ناوخۆییەدا. مەکتەبی سیاسی، بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی کردو ئەرك‌و روداوەکانی لێکدایەوە. سەرەنجام ئەم بڕیارانە پەسەند کران:

یەکەم: دۆخی سیاسی
دۆخی سیاسی کوردستان، لەعێراق‌و کوردستان‌و ناوچەکە، سەرلەنوێ‌ هەڵوێستەو هەڵسەنگاندنی دەوێ‌، سەبارەت بەوەی وڵاتە گەورەکانی جیهان، لەسوریاو عێراق‌و بەشەکانی کوردستاندا، بەرامبەر داعش‌و داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوچەکە، کاریگەری راستەوخۆیان هەیە. پەرلەمان‌و حکومەت‌و هێزە سیاسیەکانی سەرانسەری کوردستان، پێویستە لەساڵانی رابوردوو، زیاتر وریای دۆخەکەو لەبەرامبەر ئەگەرە سیاسی‌و عەسکەریەکانیشدا، بڕیارو بەرنامەی دەستەبەرکردنی مافە دیموکراسیەکانی کوردستان، بکەنە خەمی سەرەکی خەبات. نەک قوڵکردنی ناکۆکییە لاوەکیەکان. یەکێتیی، بە هەستی بەپرسیارێتی، دۆخەکە لەبەرچاودەگرێ‌‌و تێدەکۆشێ‌ کەوا: لەسەر ئاستی عێراق؛ کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، لەڕووی سیاسی‌و ئابوریەوە، لەرێگای دیالۆگ‌و دیاریکردنی وردتری ئەرك‌و مافەکان، چارەسەر بکرێ‌. بە کێشەی چارەسەرنەکراوی نەوتیشەوە.

لەسەر ئاستی جیهان‌ و ناوچەکەش، هاوسەنگی سیاسەتی حکومەتی کوردستان‌و هێزە سیاسیەکان، لەبەرامبەر جەمسەرە گەورەکانی جیهانی‌و ئیقلیمی، بەئەرکێکی چارەنوسساز دەزانین. دیارە، هەرلایەک پارێزەری دیموکراسی‌و پشتیوانی مافە سیاسیەکانی گەلەکەشمان بکات، جگەلەوەی مایەی پێزانینی گەلەکەمانە، لەهەمانکاتدا، راستکردنەوەی ئەو هەڵە ستراتیژیانەیە، کە لەدوای پەیمانی سایکس پێکۆوە، سەپێندراوەتە سەر نەتەوەکەمان.

دووەم: هەلومەرجی کوردستان
بەشەکانی کوردستان، بەتایبەتی باشوری کوردستان، لە هەلومەرجێکی چارەنوسساز، لەهەمانکاتدا، ئاڵۆز و هەستیاردان.
– باکووری کوردستان؛ خەباتی مەدەنی‌و پەرلەمانی‌و بەرەنگاری عەسکەرییان، گەیشتۆتە ئاستێک، دوژمنانی دیموکراسی، تەنانەت چاویان بە خۆپیشاندانی مەدەنی‌و پروپاگەندەی هەڵبژاردنیش هەڵنایەت، لەناو خۆپیشاندانێکدا، دوو خۆکوژی کۆنەپەرست، خۆیان تەقاندەوەو بونەتە مایەی شەهدبونی ۹۵ ئازادیخوازو بریندارکردنی زیاتر لە ۱۸۰ چالاکەوانی هەدەپە و هێزە دیموکراتخوازەکانی سەرانسەری تورکیا. بەتوندی دژی ئەم تاوانە قێزەوەنەین‌و داوای دۆزینەوەی بڕیاردەرانی تاوانەکەین‌و بەتوندترین سزای یاساییش بگەیەندرێن.

– رۆژئاوای کوردستان؛ دوای ۴ ساڵ لە خەباتی قارەمانانەی یەپەگەو یەپەژە، هەروەها خەباتی سێ‌ چارەکە سەدەی گەلەکەمان، بەشی زۆری کوردستان ئازادو دەسەڵاتی خۆسەریش، لەدەڤەرە ئازادکراوەکانیدا، راگەیاندراوە، ئەم سەرکەوتنانە، سەنگێکی گەورەی بۆ رۆژئاوای کوردستان، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی‌و ناوچەیی پەیداکردووە. یەکێتی، وەکو هەمیشە، پشتیوانی سەرکەوتنەکان‌و ئەزمونە تازە دامەزراوەکەی رۆژئاوایە. بەڵام لەهەمانکاتدا، پێی باشە دوو ئەرکی گرنگ باشتر رەچاو بکەن:

۱- کرانەوەی دیموکراسی زیاترو دۆزینەوەی رێگاکانی چارەسەرکردنی سیاسی گونجاوتر، لەنێو لایەنە سیاسیەکاندا. ئەم ئەرکەش، ئەگەر لە پلەی یەکەمدا، رووبەڕوی پەیەدە بێتەوە، لەهەمان پلەدا، رووبەڕووی هێزە سیاسییە راستەقینەکانی دیکەی رۆژئاواش دەبێتەوە، کە دوور لە کارو کاردانەوە، سەربەخۆ، بڕیاری چارەسەری گونجاو بدەن.

۲- کێشەی ئابوری لە رۆژئاوادا، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیووە. بۆیە ئەرکێکی هەنوکەیی کانتۆنەکانە، بەهاوکاری تەواوی لایەنە سیاسیەکانی رۆژئاوا، بەتایبەتی حکومەتی هەرێم لە باشوری کوردستاندا، سنوری بازرگانی بەتەواوەتی بکاتەوە، کانتۆنەکانیش پرۆژەی ستراتیژییان بۆ باشکردنی ژێرخانی ئابوری‌و بوژانەوەی گوزەرانی گەلەکەمان، هەبێ‌.

– باشوری کوردستان؛ لە چارەکە سەدەی رابوردودا، سەرەڕای ناکۆکی‌و تەنگوچەڵەمەکان، ئەزمونە دیموکراسیەکەی پێشکەوتوەو سەرکەوتووە. بەڵام لەم قۆناغە گوزەرەی دیموکراسیدا، ناوبەناو کێشەی سیاسی‌و، تەنگوچەڵەمەی ئابوری‌و، ململانێی ناوخۆیی، روبەڕوی بۆتەوەو دەبێتەوە.

کێشەو قەیرانەکانی رابوردوو، بە رێگەی جۆراوجۆر چارەسەرکراون. بەڵام ئێستا قەیرانی ئابوری‌و ئەمنی‌و سیاسی عێراق، بەسەر باشوری کودستانیشدا روخاوە. ئەو هەڵە ئابورییانەی لە کابینەکانی کوردستاندا کەڵەکە بون‌و نەبونی دەستبەر لە دروستکردنی ژێرخانی ئابوری‌و پرۆژەی نەوت‌و بازاڕی ئازادو بەروبومی کشتوکاڵەوە، سەرەنجام دۆخی ئابوری کوردستان، بۆ ساڵێک دەچێ‌ دوچاری قەیرانی خنکێنەر بووە. ئەمەش رەنگی جۆراوجۆری سیاسی‌و ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی داوەتەوە:

– حکومەتی بنکە فراوان، خزێنراوەتە بنبەست.
– پەرلەمانی کوردستان، پەک دەخرێ‌.
– گوزەران‌و بژێوی خەڵک، دوچاری تەنگژەی نالەبار کراوە.

– چارەسەری یاسایی‌ و، سازانی سیاسی سەرۆکایەتی هەرێم؛ یەکاڵای ئەرکە دەستوری‌و سیاسیەکانی قۆناغەکە، نەکراوون. بەتایبەتی، کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لە دانوستانەکاندا، دەستپیشخەریەکی شیاویان بۆ سازان پێشکەش نەکردووە.

کۆی ئەو کێشەو ناکۆکی‌و قەیرانە ئابوریانە، دۆخێکی نەخوازراویان بۆ پەرلەمان‌و حکومەت‌و هێزە سیاسیەکانی کوردستان، هێناوەتەپێشەوە، لەپێشەوەدا، ناڕەزایی فەرمانبەرو کرێکارو مامۆستایانی کوردستانە، کە موچەی (۳-۴) مانگیان لای حکومەت کەڵەکە بووە. ئەمەش بۆتە مایەی پەرەسەندنی خەباتی (پیشەیی- مەدەنی) موچەخۆران تێکڕا.
یەکێتی.. بێ چەندو چۆن پشتیوانی ئەم ناڕەزاییە مەدەنییەو دابینکردنی موچەی خەڵکە. بەردەوامیش تێکۆشیووە کە حکومەتی کوردستان، چارەسەری قەیرانەکە بکات. لەمەودواش، پەر‌وشی چارەسەری قەیرانەکەو بەدیهێنانی داخوازیەکانی خەڵک دەبین. لەم پێناوەشدا، یەکێتی بڕوای وایە کە:

– شەرعیەتی پەرلەمانی کوردستان، بپارێزرێ‌‌و بە کێشەی سیاسی حزبەکان، بارگاوی نەکرێ‌.
– حکومەتی کوردستان، بەم پێکهاتەیەی ئیستا، تەنگوچەڵەمەکانی چارەسەر بکرێ‌‌و هەتا تەواوکردنی خولی ئێستای پەرلەمان، تەنگوچەڵەمەکان زاڵ نەکرێنە سەر ئەرکە هاوبەشەکان.

– سەنگەرەکانی بەرەنگاری؛ پێشمەرگە، سەرەڕای کێشە سیاسیەکان‌و تەنگوچەڵەمە ئابوریەکان‌و بێموچەیی هێزەکانی پێشمەرگە، بەوپەڕی قارەمانێتی‌و خۆبەختکردنەوە، کوردستان‌و ئازادی‌و سەروماڵی خەڵکی پاراستووە. سەرکەوتن دوای سەرکەوتنیش بەدیدێنێ‌. کەرکوك‌و خانەقین‌و مەخمورو خازر، دورخراونەتەوە لە مەترسی؛ ئومێدمان بە قارەمانێتی پێشمەرگەو پشتیوانی نێودەوڵەتی زۆرە، کە شەنگال‌و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش، بەم نزیکانە رزگار بکرێ‌.

یەکێتی، لە دامەزراندنیەوە، لەگەڵ پێشمەرگە لێک جیا نەبوەو نابێ‌. بۆیە، وەکو هەمیشە، تەواوی توانای خۆی بۆ پشتیوانیکردن‌و، گیانبەختکردن‌و، چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی پێشمەرگە، دەخاتە کار. داواش لە گەلەکەمان‌و هێزە سیاسیەکان دەکەین، بەردەوام پشتیوانی پێشمەرگە بن. سوپاسی بێپایانی وڵاتانی هاوپەیمانان‌و ئیقلیمیش دەکەین، کە لە شەڕی تەفروتوناکردنی داعشەکاندا، پشتیوانی پێشمەرگەو گەلەکەمانن.

جەماوەری کوردستان!
ئێستا کە گەلەکەمان، بەم قۆناغە دژوارەدا، تێدەپەڕێ‌. یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە:
تەنها لەچوارچێوەی پرۆژە پێشکەشکراوەکەی چوارقۆڵیەکەدا، پابەندی بڕیارە هاوبەشەکانە لەگەڵ سێ‌ لایەنە تێکۆشەرەکەی (بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵ‌ و یەکگرتوو) داکۆکیش دەکەین لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەشمان لە پرۆژە هاوبەشەکەماندا.

لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا، سەرەڕای ئەوەی خوێندنەوەمان بۆ قۆناغەکەو هەلومەرجەکەو روداوەکان، ناکۆك‌و جیاوازە، بەڵام پەرۆشیشین، لەرێگەی دیالۆگی بەرپرسیارانەوە، گرفتەکان لەبەرژەوەندی گەلەکەمان‌و پێشخستنی دیموکراسی‌و، چارەسەری کێشەی سیاسی هێزە سیاسیەکانی کوردستان، تێکڕا یەکاڵابکەینەوە. هەتا پێکەوە، هەموو لایەنەکان بتوانین هەلی ئەگەرە سیاسیەکانی لەمەودوا بۆ سەرکەوتنی ستراتیژی نەتەوەکەمان، بقۆزینەوە.

لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش، لەچوارچێوەی سیاسەتی بڕیارلێدراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، درێژە بە گفتوگۆ دەدەین لەپێناوی رێکەوتنی سیاسی دوولایەنە.

بێگومان، رێزو سەنگی سیاسی، هەموو لایەنەکانی تری کوردستان، لای یەکێتی، دیارەو دیاردەی حکومەتی فرەلایەنەو فرەیی ناو پەرلەمانیش، بەجوانترین دیاردەی دیموکراسی دەزانین.

لە کۆتاییشدا، ئومێدەوارین، لەم قۆناغەدا، کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم، لەسەر بنەمای دڵنیایی یاسایی‌و سازانی سیاسی، کۆتایی پێبهێنین. هەموو لایەکیش پێکەوە، لە ئەرك‌و مافەکانمان وردتر بینەوەو بەشداری چارەسەری کێشەو ململانێکان بین. تەنها بەم رێگە تەندروستەش، دەتوانین رێ لە پیلانگێڕانی دەوروبەرمان بگرین‌و بیانوش نەدرێتە دەست، هەتا توێژێکی هەڵچوو، یاسا پێشێل بکەن‌و بکەونە گێژاوی ئاژاوەگێڕی. کە بێگومان، حکومەتی کوردستان‌و وەزارەتی ناوخۆ، بە پشتیوانی تەواوی هێزی پێشمەرگە، ئەرکیانە داوودەزگاو بارەگاکان بپارێزن‌و یاسا پێشێل نەکرێ‌. بەدڵنیاییەوە، ئەو لایەنەنانەی وەکو ئاگری بن کا، هاندەری لاوان‌و هەرزەکارانی بێئەزمونن، بۆ هەڵکوتانە سەر بارەگای لایەنەکان‌و داگرتنی ئاڵاکان، بەشدارن لەم کارە گێڕەشێوێنییە، ئۆباڵێکی گەورە دەگرنەئەستۆ، لەبەرامبەر گەل‌و یاساو مێژوودا، دوچاری لێپێچینەوەی ویژدانی‌و یاسایش دەبن. هەر ئەم سیاسەتە نەخوازراوەشە، بۆتە مایەی چەندین قوربانی‌و برینداربونی دەیان هاوڵاتی.. قوربانیەکان تیکڕا بە شەهیدی خۆمان دەزانین‌و ئومێدی چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

هیچ لایەک، بەم رەفتارە ناشایستانە، ئاشکراو نهێنی، ناتوانێ‌ لافی دیموکراسی‌و کوردایەتی، بەرامبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێبدات. هەتا هەڵچونی تاقمێک بقۆزرێتەوە بۆ توندوتیژی. یەکێتی، پێشەنگی کوردایەتی‌و داهێنەری دیموکراسییە، لە باشوری کوردستاندا. قەڵای کوردایەتیشە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان. بۆئەوەی روداوی خراپتریش رونەدات، داوا لە هەموو لایەک دەکەین، ئارام ئارام داوای مافەکان بکەن. دورکەونەوە لە توندوتیژی، ئەرکە شارستانیەکان ناکرێ‌ بکرێتە پێخۆری توڕەیی.
– سەرکەوێ‌ خەباتی مەدەنی.
– نەمریی بۆ شەهیدان.
– بژی هێزی پێشمەرگە.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
۱۱/۱۰/۲۰۱۵

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. 12 تشرینی یه‌كه‌م 2015 له‌ 15:01

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: