ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > کێ و چۆن دەبێ تاوانی ئەو قەتڵوعامە بدات؟

کێ و چۆن دەبێ تاوانی ئەو قەتڵوعامە بدات؟

14 تشرینی یه‌كه‌م 2015 لێدوانێک بنووسە Go to comments

جەنگیز چاندار؛ ڕادیکاڵ
و: مەسعوود مەناف/ ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

هەر کە گوێم لە هێرشە خائینانەکەی ئانکارا بوو، وەک مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، هەستم بە پەژارە و ترس کرد. دوو هەستی تێکەڵاو و هاوکات، کە لە بارودۆخی ئاوادا خێرا بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبن. من هەروەها هەستم بە نیگەرانییەکی قووڵ سەبارەت بە داهاتووی وڵات و خەڵکەکەشم کرد. پاشان یەکسەر تەقینەوەکەی ناو میتینگی هەدەپە، ٤٨ کاتژمێر بەر لە هەڵبژاردنی ٧ی ژووئەن و هێرشە خوێناوییەکی ١٩ی جوولایم کەوتەوە بیر کە لە پەرسووس جەستەی ٣٣ گەنجی ئەو نیشتمانەی پارچە پارچە کرد. ئەو گەنجانەی کە ئەندامەتی و لایەنگریکردنیان لە هەدەپە شتێکی شاراوە نەبوو.

ئەوەی لە پەرسووس قەوما، خاڵی دەستپێکی گۆڕینی ڕەوشی تورکیا، هەڵوەشێنەری ئاکامەکانی هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەن و هەنگاونانی تورکیا بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێ لە یەکی نۆڤامبر بوو. حکوومەت شوێنەونکەی بە قەتڵوعامی پەرسووس کرد و بە پێشهاتەکانی دوای ٢٤ی جوولای [دەستپێکی بۆمبارانکردنی قەندیل]، ئاڕاستەی تورکیای بەرەو لایەنێکی تر گۆڕی و بەمەش پەرسووسی بە جارێک لەبیر خەڵک بردەوە.

تا ئەو ڕۆژەی کە ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە بە بانگهێشتی حیزبەکەیان و چەند سەندیکای کرێکاری و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی هاتبوون تا بەشداری ڕێپێوانی ئاشتی بکەن بەڵام کاتێ کە لەبەر وێستگەی شەمەندەفەری ئانکارا گۆڤەندیان دەگێڕا، خوێناویترین هێرشی تیرۆریستی مێژووی هاوچەرخی تورکیا قەوما. درەنگانی هەمان شەو ڕاگەیاندرا کە لانیکەم ٩٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیک بە ٢٠٠ کەسیش برینداربوونە. دواتر باس لە هەڵکشانی هەژماری برینداران بۆ ٤٠٠ کەس کرا و ئەمەش مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاماری کوژراوانی لامان دروست کرد.

ئیتر گومانێک لەوەدا نەماوە کە ئەو قەتڵوعامە ڕەزیلانە، ئاڵقەی سێهەمی ئەو زنجیرە هێرشانەیە کە لە ٥ی ژووئەندا ئامەدی کردە ئامانج و لە ١٩ی جوولایدا پەرسووسی دەخوێن گەوزاند. گومان لەوەشدا نەماوە کە ئەو زنجیرە هێرشە، کە خوێناویترین قەتڵوعامەکانی مێژووی تورکیایان لێکەوتۆتەوە، خاڵێکی هاوەبەشیان لەگەڵ یەک هەیە، ئەویش ئامانجگرتنی هەدەپەیە. هەر بۆیەشە کە سەلاحەدین دەمیرتاش، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرانبەر بەو ڕووداوە وتی کە “هێرشەکە درێژەی هێرشەکانی ئامەد و پەرسووسە. هەژماری قوربانیان لەسەرێیە.”

سەلاحەدین دەمیرتاش بەم شێوەیە درێژەی بە ڕوونکردنەوەکەی دا:
“هاوڕێیانمان لە شوێنی قەتڵوعامەکە خەمێکی قووڵ دایگرتوون. لە هەوڵی گوازتنەوەی بریندار و جەستە پارچەپارچەکراوەکاندان، سەیری دیمەنەکان بکەن، پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ هێرش دەکاتە ئەو شوێنەی کە تەقینەوەی لێ ڕوویداوە. بەر لە ئامبووڵانس، هێزی دژەشۆڕشی پۆلیس ڕەوانەکراوە.[ڕوو لە حکوومەت] پۆلیسەکانی ژێر فەرمانی ئێوە، گازی فرمێسکڕێژ داوێنە ناو ئەو کەسانەی کە تەرمەکان دەگوازنەوە. لە ئامەدیش هەمان کارتان کرد… تابلۆکە زۆر هەژێنەرە. بۆ ئەوەی هەژماری کوژراوان زیاتر بێ، بۆمبێکی بەهێز تەقینراوەتەوە. مەگەر مومکینە دەوڵەتێک ئیستخباراتێکی ئەوەندە بەهێزی هەبێ، خەبەرداری ئەم یەکە نەبێ؟”

ئەرێ هەر بەڕاست مەگەر مومکینە؟

دەمیرتاش لە درێژەدا وتی کە “تا ئەمڕۆ یەک تاوانباریشیان نەدۆزیوەتەوە. کابرا تویتێک دەنووسێ، دەیدۆزنەوە و قۆڵبەستی دەکەن. بەر فەرمانی کۆشک، هەر کەس پەل ببزێوێ زیندانی دەکرێ.”

ڕاست دەکا! هاوکات لەگەڵ تەقینەوەی بۆمبەکانی ئانکارا، “بولەنت کەنەش”، بەرپرسی گشتیی “تودەی زەمان”، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تویتێک، لە لایەن دادگایەکی ئیستانبووڵەوە مەحکووم و ڕەوانەی زیندان کرا.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش کرد کە “لە پێش و دوای هەڵبژاردندا ١٥٠ کەسمان کوژراوە. بکوژی هیچ کامیان نەدۆزراوەتەوە. تەنانەت لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکوپێکیش ئەنجام نەدراوە. هی ئەمڕۆش بەهەمان شێوە. بە باوەڕی ئێمە، ئەوە کاری هێزە دەرەکییەکان و هێزی شاراوە و هتد نییە، دەستی خۆیانی تێدا[مەبەست حکوومەت]، ئەگەر واش نەبێ، بزانە تاقە بەرپرسێک بەهۆی کەمتەرخەمی لە پێشگیریکردنی واز لە پۆستەکەی دێنێ؟”

هەر بەڕاست کەسیان هەیە ئیستقالە بکا؟

وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە خوێناویترین هێرشی مێژووی هاوچەرخی تورکیا هەستاوە دەڵێ “بڕوا ناکەم کەلێنێکی ئەمنی لەئارادابێ!” چیتر بێژێ ئاخر؟ ئەی کەمتەرخەمی و کەلێنی ئەمنی چۆن چۆنییە؟

لە سێ چوار مانگدا قەتڵوعام لە ئامەد، پەرسووس و ئانکارا پێکهات! ئەی باشە دەزگا ئیسختباراتییەکانی ئەو وڵاتە لەکوێن؟ میت خەریکی چییە؟

هاووڵاتییەکی لە تویتێر نووسیبووی “٨٦ کوژراو، ١٨٦ بریندار، نە کەلێنی ئەمنی هەیە و نە کەس واز لە پۆستەکەی دێنێ بەڵام قەدەخەی ڕاگەیاندن لەسەر هەواڵەکە دادەنرێ! شا ئەو وڵاتە!”.

یەکی تر نووسیویەتی “لە رۆبۆسکی ٣٤، لە ڕەیحانلی ٥٤، لە سۆما ٣٠١، لە پەرسووس ٣٣ و لە ئانکارا ٨٦” و بەم شێوە ئاماری کۆمەڵکوژییەکانی ئەمدواییانەی دەرهێناوە.

باشە کێ بەرپرسە لەو ژیانی ئەو هەمۆ مرۆڤە؟
کەس!
کێ هەیە، بەرپرسیارێتیی لەئەستۆ بگرێ و لەپێناو ئەو بەرپرسیارێتییەدا، واز لە پۆستەکەی بێنێ؟
کەس!

سەلاحەدین دەمیرتاش لە قسەکانی باسی ئەوەشی کردبوو کە “ڕێبەری گرووپێک چەتە، لەژێر چاودێری هێزە ئەمنییەکان میتینگ بەڕێوەدەبا”. مەبەستی ناوبراو “سەدات پەکەر”* بوو کە ڕۆژێک بەر تەقینەوەکەی ئانکارا، لە شاری “ڕیزە”، میتینگی “نەفرەت بۆ تیرۆر- میتینگی هاوسۆزی لەگەڵ تەیپ ئەردۆغان”ی بەڕیوەبردبوو و تێیدا باسی لە هەڵبەستنی جۆگەلەی خوێن کردبوو!

ڕۆژێک دوای ئەوە، شاڵاوی خوێن لە ئانکارا هەستا و سەرۆکوەزیر داوودئۆغڵوو، وەک ئەوەی نە بای هاتبێ و نە باران، نە تەنیا ئەوەندەشی لەدەست نەهات کە داوای وازهێنانی وەزیرێک بکا بگرە وەک بڵەی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی سەلاحەدین دەمیرتاش بێ، لە بەیانی هەتا ئێوارە، جوابەجەنگی دەمیرتاشی کرد.

سەرۆکوەزیرێک کە بەرپرسی سەرەکیی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانیەتی بە درێژایی هاوین، بەرپرسیارانی تاقە یەک قەتڵوعامیشی نەدۆزیوەتەوە و چ هەوڵێکی بۆ ئاشکراکردنی دەستەکانی پشت پەردەی ئەم هێرشە خوێناویانە نەداوە، سەرباری ئەوەشی دڵی میلیۆنان هاووڵاتی هەژاوە، مێشێکی میوان نییە و چاو زەق دە چاوی خەڵک دەبڕێ و دەڵێ “نەخێر کەلێنی ئەمنی لەگۆڕێدا نییە” و لە جێگەی ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیرە بێ چاو و ڕووەکانی بکا، دە سەلاحەدین دەمیرتاشی هەڵپێچاوە.

وەزعی تورکیا تەواو شێوە. لەمێژیشە شێوایە. لەو کاتەوەش کە حیزبی دەسەڵاتدار ئاکامی هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەنی ڕەتکردەوە و حەوتی ژووئەنی وەک نەدیتە هێنایە ئەژمار و تورکیای بە زۆرەملی بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێ لە یەکی نۆڤامبردا تاودا، ئەوەندەی تریشی وەزعی ئەو وڵاتە تووشی شڵەژاوی و بشێوی کرد. بەڵام لە هەمووی ئەوانە کارەساتبارتر، قەتڵوعامە خوێناوییەکەی ١٠ی ئۆکتۆبر بوو. ڕاستییەکەتان بوێ چەندین مانگە، ڕۆژ نییە و نووسراوە نییە تێیدا باسم لە ئەگەر قەومانی کارەساتی وەها نەکردبێ. ڕۆژ نییە لەمەڕ ئەگەری حەمامی خوێنێکی لەم چەشنە هۆشدارمان نەدابێ و باسمان لە نیگەرانییەکانمان نەکردبێ بەڵام مخابن. خۆزگە ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەی کە پێشبینیمان دەکرد هەرگیز نەهاتبانە دی و ١٠ی ئۆکتۆبر نەقەومابا و دۆخەکە لەوەش خراپتر و برینەکە لەوە قووڵتر نەبباوە بەڵام…

بەو وەزعە بێژی هەڵبژاردنی یەکی نۆڤامبر چی بەسەربێت؟ بەڕاست دەکرێ لەو بارودۆخەدا باس لە هەڵبژاردنێکی “ئازاد” بکەین؟

خۆزگە توانیبامان و تورکیامان لەو دەسەڵاتدار و بەرپرسە کارلەدەستنەهاتوو و بێ هونەرە نەجات دابا کە تەنانەت توانای پاراستنی گیانی هاووڵاتییەکانیشی نییە. بۆیە کە ئەگەر بتوانین بە سڵامەت بگەینە یەکی نۆڤامبر، گومانتان نەبێ کە حیسابی ئەو تاوانانە لەو دەسەڵاتە فاشیلە دەپرسینەوە.

پێشووتریش گەلێک کۆمەڵکوژی ڕوویاندا بەڵام هەر وەک ئەوەی پەرسووس پەردەپۆش کرا.

قەتڵوعامەکەی پێتەختی وڵات نابێ ئاوا سووک و سانا فەرامۆش بکرێ، دەبێ خەتابارەکان باجەکەی هەر بدەن.

هەڵبەت ئەگەر بگەینە ١ی نۆڤامبر…
*سەدات پەکەر، مافیایەکی بەناوبانگی تورکیایە و لە نەوەدەکانەوە دەیان جار بە تۆمەتی دامەزراندنی ڕێکخراوی مافیایی و چەتەگەری، کوشتنی مرۆڤ، قاچاخچێتی و هەڕەشە و تۆقاندن و هتد قۆڵبەست، دادگایی و مەحکووم بە زیندان کراوە بەڵام هەرجار دەستێکی شاراوە، پاش ماوەیەکی کورد لە گرتووخانە ڕزگاری کردووە. ناوبراو دواجار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە “ئەرگەنەکۆن”، کە وەک ڕێکخستنێکی بەربڵاوی مافیایی دەوڵەتی سێبەری تورکیا دەناسرێ ١٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا بەڵام پاش تەنیا ١٠ مانگ ئازاد کرا. سەدات پەکەر بە تورکێکی توندڕۆی “تورانخواز” دەناسرێ و ئێستا بۆتە یەکێک لە پشتیوانان و لایەنگرانی سەرسەختی ئاکەپە و شەخسی ئەردۆغان. ناوبراو ڕۆژێک بەر لە تەقینەوەکەی ئانکارا، لە ناو ئاپۆڕای لەیەنگرانی ئەردۆغان لە شاری ڕیزەی باکووری تورکیادا، هاواری دەکرد کە ئەردۆغان تاکە شانسی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانە و هەرکەس پێش بە سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی ئەردۆغان بگرێ ئێمە دە خوێنی دەگەوزێنین و هتد. ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. 14 تشرینی یه‌كه‌م 2015 له‌ 18:24

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: