ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > “هەڵمەتی چەپکەگوڵ”، بۆ وەڵامدانەوە بە سووکایەتیکردنی هەژماریک لە ئازەرییەکان بە کورد ڕاگەیاندرا

“هەڵمەتی چەپکەگوڵ”، بۆ وەڵامدانەوە بە سووکایەتیکردنی هەژماریک لە ئازەرییەکان بە کورد ڕاگەیاندرا

24 تشرینی یه‌كه‌م 2015 لێدوانێک بنووسە Go to comments

NNSROJ: کۆمەڵێک لە چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی نووسراو، وێڕای مەحکوومکردنی سووکایەتیی هەژمارێک لە هاندەرانی یانەی والیباڵی شارەداریی ورمێ بە بنەماڵەی یاریزانێکی کورد، “هەڵمەتی چەپکەگوڵ”یان بۆ بەرپرچدانەوەی ئەو کردەوەیە ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەدا کە لەژێر ناوی کۆمەڵێک لە چالاکان و وەزشڤانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکراوەتەوە، داوا کراوە کە بێڕێزیکردنی هاندەرە “ئازەری”یەکان بە شێوەیەکی “شارستانیانە، کە گوزارشت لە ڕەوشت و کەسایەتیی بەرزی کورد بکات” وەڵام بدرێتەوە.

دەستپێشخەرانی هەڵمەتەکە باسیان لە پێوەندیی دەیان ساڵەی نێوان کورد و ئازەریان کردووە و پێداگرن لەسەر ئەوەی کە وەڵامدانەوە بە سووکایەتی هەژماریک هاندەری تورک دەبێ بەدوور لە هەر چەشنە توندوتیژی و گرژییەک بێت و بە گوتەی ئەوان “هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی برایەتیی کورد و تورک دەبێ لە نوتفەدا خەفە بکرێ”.

هەر لەم چوارچێوەدا، ئەو چالاکانە پێشنیاریان کردووە کە “ئەو هاونیشتیمانیانەی ڕۆژی چوارشەممە دەچنە یاریگەی “غەدیر”ی ورمێ، وێرای خۆبەدوورگرتن لە گرژی، هاوکات لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی‌ كوردی‌، هەرکام چه‌پكه‌ “گوڵ”یان پێبێت و پێشکەشی هاووڵاتیانی‌ ئازه‌ری‌ بكه‌ن.

هاوکات داوا لە خەڵک کراوە کە لە سەرجەم ئەو شارانەی ڕۆژهەڵات وەکوو پیرانشار، مهاباد، سەردەشت، بانە، مەریوان و هتد کە بازاڕ و بازاڕچەی سنووریان هەیە، رۆژی هەینی کاتژمێر ١٠ی بەیانی جلوبەرگی کوردی بپۆشن و بە‌ “چه‌پكه‌گوڵ” پێشوازی لە میوانانی ئازەری بکەن.

شایانی بیرخستنەوەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، هەژمارێک لە هاندەرانی تیمی والیباڵی شارەداریی ورمێ، بە دیتنی ئەندامانی بنەماڵەی “فەرهاد پیرۆت پوور”، یاریزانە کوردەکەی ئەو تیمە، دەستیان بە جنێودان و سووکایەتیکردن کرد و ئەمەش دواتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هەرای نایەوە.

ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، فایلێکی بە دەنگی “فەرهاد پیرۆت پوور”، یاریزانە کوردەکەی تیمی شارەداریی ورمێ پێگەیشتووە کە ناوبراو تێیدا ڕووداوەکە بە “سوئی تەفاهوم” ناودێر دەکات و باس لە “خەتمی بەخێربوون”ی مەسەلەکە لە هەمان ڕۆژی یارییەدا دەکات. پیرۆت پوور بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەش کە “خۆی ئیجازە بە کەس نادات سووکایەتی بە کورد بکەن”، تکاش لە هاندەرانی دەکا تا “ئەو قەزیە بە خۆشی و بە سڵامەت تەواو بێت”.

هەڵمەتی چەپکەگوڵیش پاش ئەوە پێشنیار کرا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، باس لە خۆئامادەکردنی “هەزاران” کورد بۆ چوونە یاریگای غەدیری ورمێ بە جلوبەرگی کوردی و وەڵامدانەوەی گونجاو بە بێڕێزیکردنی هاندەرە ئازەرییەکان دەکرێ.

[ڤیدیۆی کاتی جنێودانەکە]

دەقی بەیاننامەی دەستپێشخەرانی هەڵمەتی چەپکەگوڵ بەم شێوەیە؛

گەلی خۆراگری کوردستان
هەر وەکوو ئاگادارن رۆژی ٢٩ی ڕەزبەر، لە میانەی بەڕێوەچوونی یاری دوو یانەی “شارەوانیی ورمێ” و “بانکی سەرمایە” لە یاریگەی “غەدیر”ی ورمێ، ژمارەیەک هانده‌ری ئازەری زمان تەنیا بە هۆی‌ پۆشینی جلی کوردییه‌وه‌ بەشێوەیەکی دوور له‌ هه‌ر نه‌ریت‌ و ئه‌خلاقیكی‌ ئینسانی‌، بێڕێزیان بە بنەماڵەی یاریزانی کورد “فەرهاد پیرۆت پوور” کرد.
ئیمه‌ له‌ گه‌ل مه‌حكوومكردنی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كۆمه‌لیک هانده‌ری‌ ئازه‌ری‌ زمانه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین ئه‌م پرسه‌ به‌ شیوه‌ی‌ شارستانیانه‌ وەڵام بدرێتەوە. هەر بۆیە ئێمە پێشوازی لە هەر جۆڕە هەوڵێکی مەدەنییانە و شارستێنیانە دەکەین، کە گوزارشت لە ڕەوشت و کەسایەتیی به‌رزی‌ کورد بکات و سیمای جوامێرانەی گەلی کورد نیشان بدات، بۆ ئەوەی کردەوەی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە بەرامبەر بە هیچ کوردێک. هەروەها نابێت پردی پەیوەندی دەیان ساڵەی دوو گەلی کورد و ئازەری بپسێ، بۆیە پێداگرین کە دەبێ خۆ لە هەرجۆرە توندوتیژی و گرژییەک بپارێزن ‌و هه‌ر هەوڵێک بۆ تێكدانی‌ برایه‌تی‌‌ی كورد‌ و ئازه‌ری،‌ ده‌بی‌ له‌ نوتفه‌ خه‌فه‌ بكریت كه‌ بێگۆمان ئه‌مه‌ خواستی‌ داخ له‌ دڵانی‌ هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ی‌ دراوسێیه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ كوردستان، پیشه‌وای‌ كورد قازی‌ محه‌مه‌د بۆ یه‌كه‌مجار په‌یماننامه‌ی‌ برایه‌تی‌ نێوان كورد ‌و ئازه‌ری‌ له‌ ژێر ئاڵای كوردستان به‌ ئیمزا گه‌یاند.
خوشکان و برایانمان
لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
داواکاری ئێمە جێبەجێکردنی ئەو دوو خاڵەیە:
۱- ئەو هاونیشتیمانیانەی رۆژی چوارشەممە دەچنە یاریگەی “غەدیر”ی ورمێ، وێرای خۆبەدورگرتن لە گرژی، به‌ له‌به‌ركردنی‌ لیباسی‌ كوردی‌، هەرکام چه‌پكه‌ “گوڵ”ێکیان پێبێت و پێشکەشی هاووڵاتیانی‌ ئازه‌ری‌ زمانی‌ بكه‌ن.
۲- لە سەرجەم شارەکانی رۆژهەڵات کە بازار و بازارچەی سنووریان هەیە، وەکوو پیرانشار، مهاباد، سەردەشت، بانە، مەریوان و هتد، ڕۆژی هەینی کاتژمێر ۱۰ی بەیانی بە له‌به‌ركردنی‌ لیباسی‌ كوردی‌‌ و به‌ “چه‌پكه‌ گوڵ” پێشوازی لە میوانانی ئازەری زمان بکردرێ.
لەلایەن ژمارەیەک چالاکڤان و وەرزشڤانی کورد
۲۴.۱۰.۲۰۱۵
۰۲.۰۸.۱۳۹۵

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: