ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > ر.م.م.ک داوای دۆزینەوە و سزادانی بکوژانی تاهیر ئەلچی دەکات

ر.م.م.ک داوای دۆزینەوە و سزادانی بکوژانی تاهیر ئەلچی دەکات

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 لێدوانێک بنووسە Go to comments

NNSROJ: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی نووسراو، بەداخبوونی خۆی لە تیرۆری “تاهیر ئەلچی” پارێزەری کورد و سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد دەربڕیوە.

ر.م.م.ک لە بەیاننامەکەیدا کە وێنەیەکی بۆ ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژیش ڕەوانەکراوە، وێڕای سەرەخۆشیکردن لە خەڵکی ئامەد و باکووری کوردستان، داوای کردووە کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر ئەو هێرشە بکرێ، بکوژ و فەرماندەرانی ئەو تیرۆرە قۆڵبەست بکرێن و سزا بدرێن.

تاهیر ئەلچی، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، پێشنیوەڕۆی شەممە ٢٨ی نۆڤامبر، پاش بەشداریکردن لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا بە مەبەستی ئیدانەکردنی توندوتیژی و ئۆپێراسیۆنە سەربازییەکانی ناو ئامەد و باکووری کوردستان، لە لایەن کەس یا کەسانی نەناسراوەوە تیرۆر کرا و تەرمەکەی ڕۆژی دواتر بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە ئامەد بەخاک سپێردرا.

ناوبراو پارێزەری دەیان دۆسیەی ناسراو بە “بکوژ نادیار”، گیراوانی دۆزی کەجەکە، بنەماڵەی قوربانیانی ڕۆبۆسکی و هتد بوو.

تاهیر ئەلچی پاش بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانیی سی ئێن‌ئێن‌ تورکدا و خۆبواردنی لە پێناسەکردنی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، سەدان جار هەڕەشەی مەرگی لێکرابوو و دادگای ئیستانبووڵیش دەیەویست سزای ٧.٥ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێ.
م.م.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. Rojpress
    2 كانونی یه‌كه‌م 2015 له‌ 19:50

    تاهیر ئەلچی.. قوربانییەكی دیكەی تاوانی بكەر نادیار
    لەلایەن رووداو 30/11/2015
    تاهیر ئێلچی
    تاهیر ئێلچی
    رووداو- هەولێر

    تاهیر ئەلچی، سەرۆكی ژووری پارێزەرانی ئامەد كە هەمیشە گوێی لە گۆرانی “باتسن بو دونیا – ئەو جیهانە نغرۆ بێ” و “دەبێت شتێك بكەین” دەگرت، بە فیشەكێكی نادیار كوژرا. هەندێك پێیانوایە كوشتنی ئەلچی بە پلان نەبووە، هەندێكیش دەڵێن بكوژانی ئەلچی نادۆزرێنەوە، چونكە بكەری نادیارن.

    رۆژی 28/11/2015 تاوانێكی دیكەی بكەر نادیار، تاهیر ئەلچی، سەرۆكی ژووری پارێزەرانی ئامەدی لە باكووری كوردستان كردە ئامانج.

    ئەلچی، ئەندامی دەستەی دامەزراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤ، وەقفی مافەكانی مرۆڤی توركیایە. پارێزەری دۆسیەی كوشتنی 16 گوندنشینی لیجە بوو لەساڵی 1993، كۆمەڵكوژیی رۆبۆسكێ لەساڵی 2011 و كوشتنی نووسەری بەڕەگەز ئەرمەنی هیرانت دینك بوو. بەشێكی زۆر لەو دۆسیانەی سەرپەرشتیی دەكردن لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە بەرژەوەندیی زوڵملێكراوان تەواوبوون.

    رەخنەی لە دەوڵەت و پەكەكە دەگرت

    كاتێك لە 22ی تەمموزی رابردوودا گەڕێكی دیكەی شەڕ لەنێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا دەستی پێكردەوە، ئەلچی رەخنەی لە گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو شارەكان گرت. رەخنەی لە هێرشەكانی پەكەكە و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتەوە گرت.

    ئەلچی رەخنەی توندی لە كوشتنی دوو پۆلیسی هاتوچۆ لە ئامەد گرت و گوتی “هێرشی چەكداری بۆ سەر دوو پۆلیسی هاتوچۆ كە ژیانی هاووڵاتیان ئاسانتر دەكەن، قەبوڵ ناكرێت. ئەو هێرشە ویژدانی كۆمەڵگا و هاوپیشەكانم ئازار دەدات”.

    لە 15ی تشرینی یەكەمی 2015دا كاتێك لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا كە رۆژنامەنووسی ناوداری توركیا ئەحمەد هاكان پێشكەشی دەكرد، لە تۆڕی (CNN) ەوە گوتی “پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆریستی نییە”، بەوەش بووە ئامانجی هێرش و هەڕەشەی نەتەوەپەرستانی تورك و میدیای نزیك لە ئاكپارتی.

    دوای ئەو قسەیە، كەناڵی ناوبراو بە 700 هەزار لیرەی توركی سزادرا، ئەلچیش رۆژی 20ی ئەم مانگە بەشێوەیەكی نایاسایی دەستگیركرا و رەوانەی ئیستانبوڵ كرا، هەروەها قەدەغەی چوونە دەرەوەی وڵاتی بەسەردا سەپێنرا. لە تویتێكیشیدا دوای رووداوەكەی CNN، ئەلچی وەڵامی هەڕەشەكانی دایەوە و گوتی “هەموو ئەوانەی بە مردن هەڕەشەم لێدەكەن، ئەوەی لێتان دەترسێت لە ئێوە سووكترە. من لە ساڵانی 1990ەوە تا ئەمڕۆ سەرم بۆ ژیتەمی باوكی گەورەتان و جەنەراڵەكانتان شۆڕ نەكردووە. لە ئێوە دەترسێم؟”.

    گەورەترین مەراسیمی بۆ كرا

    ئەلچی زۆر حەزی لە گۆرانییەكی ئۆرهان گەنجەبای (باتسن بوو دونیا – نغرۆ بێ ئەم جیهانە) دەكرد، بەڵام لەسەر فەیسبووكەكەشی گۆرانی (دەبێت شتێك بكەین)ی بڵاوكردبووەوە كە گرووپی مۆغڵەر دەیڵێت.
    تەرمی تاهیر ئەلچی كاژێر 9ی بەیانی رۆژی 29/11/2015 لە نەخۆخشانەی سەڵاحەدین ئەیوبی، بە مەراسیمێك گەیشتە پاركی كۆشو یۆڵو، لەوێش بە درێژایی 4 كیلۆمەتر بەپێ گەیەنرایە گۆڕستانی یەنی كۆی. دوای نوێژی نیوەڕۆش بەخاك سپێردرا. جگە لە پەرلەمانتارانی هەدەپە و جەهەپە، سەرۆكی هەموو بارۆكانی ئامەد بەشدارییان لە مەراسیمەكەدا كرد.

    مەراسیمی بەخاكسپاردنی ئەلچی، لەدوای مەراسیمی بەخاك سپاردنی ویداد ئایدن، سەرۆكی دەپ لە ئامەد لە ساڵی 1991 و مەراسیمی كوشتنی ساكینە جانسز و دوو هاوڕێكەی، بە گەورەترین مەراسیمی بەخاك سپاردن دادەنرێ. وەكو هاوخەمی و كاردانەوەیەكیش، زۆربەی دووكانەكانی ئامەد داخران.

    “تاوانی بكەر نادیارە”

    ئەحمەد ئەلچی، برا گەورەی تاهیر ئەلچی لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی 24T لەبارەی كوشتنی براكەی دەڵێت “تاهیر لەدوای قسەكانی لە كەناڵی CNN بەردەوام لەلایەن فاشیستەكانەوە هەڕەشەی لێدەكرا. زەحمەتە بڵێین برام لەلایەن كێوە كوژراوە، بەڵام براكەم لەلایەن دەوڵەتەوە كرایە ئامانج”.

    تاهیر ئەلچی، یەكەمین سەرۆكی بارۆی ئامەد نییە كە رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. ساڵی 1991 پارێزەر مستەفا ئۆزەر كە سەرۆكی ژووری پارێزەران بوو، لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو، كاتێك بۆمبێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەی تەقییەوە، بەڵام لەكاتی تەقینەوەی بۆمبەكە ئۆزەر لەناویدا نەبوو.

    هەروەها رۆژی 2/8/2000 رەجەب عەزیز ئۆغڵو، سەرۆكی ژووری پارێزەرانی ئامەد كە لە شوقەكەی دەهاتە دەرەوە و دەیویست بچێتە سەر كارەكەی، تەقەی لێكرا و كوژرا، بەڵام تاوەكو ئێستا بكەرانی ئەو دوو تاوانە ئاشكرا نەكراون.

    مستەفا ئۆزەر، كە هاوڕێیەكی زۆر نزیكی تاهیر ئەلچییە و بەیەكەوە چەندین ساڵ لە بارۆی ئامەد كاریان كردووە و رۆڵی هەبووە لەوەی تاهیر ئەلچی لە ساڵی 2012 بە سەرۆكی بارۆ هەڵبژێردرێت، بە گریانەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی “لەم وڵاتەدا هیچ تاوانێكی بكەر نادیار ئاشكرا نەكراوە. بۆیە پێموانییە كوشتنی تاهیریش ئەگەر بڵێن بكەر نادیارە ئاشكرا بكرێت”.

    لەبارەی كاریگەریی كوشتنی ئەلچیش بەتایبەتی لەسەر بارودۆخی ئامەد، ئۆزەر دەڵێت “هێشتا زووە بڵێین چی دەقەومێ، بەڵام هەموو ئاماژەكان نیشانی دەدەن كە كێشەی كورد لە چارەسەری دوور دەكەوێتەوە و كورد و توركیش لەیەكدی دوور دەكەونەوە”.

    بە پلان نەبووە

    زانیاریی ناكۆك و دژبەیەك لەبارەی كوشتنی ئەلچی بڵاودەكرێنەوە. لەدوای رووداوەكە و لە ئەنجامی پشكنینی سەرەتایی بۆ جەستەی ئەلچی، جەخت لەوە كرایەوە كە فیشەكێك لە دوورەوە بە نێوچەوانی كەوتووە. بەڵام رۆژی دوای رووداوەكە، ئاژانسی (DİHA) كە نزیكە لە پەكەكە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، دوو كەس لە تاكسییەك دادەبەزن، یەكێكیان بەرەو ئەو كۆڵانە دەڕوات كە تاهیر ئەلچی و رۆژنامەنووسان خۆیان تێَدا حەشار داوە. بۆیە پێشبینی دەكرێت لەو كاتەی پۆلیس تەقە لەو كەسە دەكات، فیشەكێك بەر تاهیر ئەلچی كەوتبێت.

    عەبدولڕەحمان كورت سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی ئامەد لەسەر لیستی ئاكپارتی بە (رووداو)ی گوت “بەگوێرەی زانیارییەكان پێموانییە كوشتنی ئەلچی بە پلان بووبێ، مومكین نییە لەو شوێنە و لەكاتی لەم شێوەیەدا پلانێك بۆ كوشتنی هەبووبێت. بە گوێرەی ئاماژەكان كوشتنی ئەلچی رێكەوت بووە”.

    لەبارەی رەنگدانەوەی كوشتنی ئەلچی لەسەر بارودۆخی ئامەد، كورت گوتی “تاهیر ئەلچی نە ئاكپارتی بوو نە هەدەپە، ئەو ئاشتیخوازێك بوو، بۆیە پێویستە كوشتنی ئەلچی نەكرێتە كەرەستەیەكی سیاسی”.

    رۆژنامەنووسێكی دیاری ئامەد كە لەكاتی رووداوەكەدا لە منارەی چوار لینگ لە شوێنی رووداوەكە بووە، گوتی “منیش پێموایە رووداوەكە بە پلان نەبووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە گومانمان لە چۆنیەتی كوشتنی نەبێت. پۆلیس نە هەر لە كاتی شەڕ، لە كاتی بارودۆخی ئاساییشیدا بەبێ ئێلەگی گوللەنەبڕ نایەتە ناو سوور، بەڵام رۆژی رووداوەكە هەموو پۆلیسەكانی ناو سوور بێ گوللەنەبڕ بوون”.

    تاهیر ئەلچی:
    – ساڵی 1966 لە شارۆچكەی جزیرە لەدایك بووە.
    – كۆلێژی مافی لە زانكۆی دیجلە تەواو كردووە.
    – لە ساڵی 1992 بووەتە پارێزەر.
    – ساڵی 1998 دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ژووری پارێزەرانی ئامەد.
    – ساڵی 2012 بەسەرۆكی ژووری پارێزەرانی ئامەد هەڵبژێردراوە.
    – ئەندامی دەزگای راوێژكاری ناوەندی مافی مرۆڤی توركیا سەر بە یەكێتی بارۆكانی توركیا بوو.

  1. 1 كانونی یه‌كه‌م 2015 له‌ 21:27

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: