ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > “سەماکردن” لەگەڵ “ورچ”

“سەماکردن” لەگەڵ “ورچ”

13 كانونی یه‌كه‌م 2015 لێدوانێک بنووسە Go to comments

جەنگیز چاندار- ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: مەسعوود مەناف/ ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

هەر کە گەیشتمە برووکسێڵ هەواڵی بۆمبارانە خەبەرییەکەی ڕووسیام بیست. ئاناتۆلی ئانتۆنۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی ڕووسیا لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند کە تورکیا مامەڵەی نایاسایی نەوت لەگەڵ داعش دەکات و هەژمارێک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کە خزم و کەسی سەرکۆماری تورکیاشیان لەناودایە، دەو مامەڵە نەوتییەوە گلاون. لە بەرانبەر ئەو بانگەشەی ڕووسەکاندا، بەرپرسانی ئەمریکی بۆ وێنە کاربەدەستێکی پینتاگۆن، خێرا ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ئاژانسی ڕیا نۆڤۆستی دا و وتی “ئێمە ڕەتیدەکەینەوە کە پەیمانێک سەبارەت بە قاچاخچێتیی نەوت لە نێوان حکوومەتی تورکیا و داعشدا هەبێ”. ناوبراو وتیشی کە “تورکیا بە هاوکاری هاوپەیمانان، لە هەوڵی هێمنترکردنی سنوورەکانی سووریایە” و بە گوتنی ئەوەش کە “ئامانجمان پێشگرتن لە بازرگانیی نایاسایی داعش بە نەوتە”، پشتیوانی وڵاتەکەی لە تورکیا نیشان دا.

جێگری وەزیری بەرگریی ڕووسیا باسی لەوەش کرد کە حەوتووی داهاتوو کۆمەڵێک بەڵگە بڵاودەکەنەوە کە پشتیوانیکردنی تورکیا لە داعش دەسەلمێنن. بەو پێیە قەیران لە پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیادا بەرەو خاڵێکی نادیار لە هەڵکشاندایە. بۆمبارانە خەبەرییەکەی ڕووسەکان و بانگەشەکانیان لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و مەولوود چاووشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا چاویان پێک بکەوی.

chandar

ئەو قەیرانەی لە پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیادا هاتۆتە ئاراوە، مومکینە سەرجەم دەرگەکانی ڕۆژهەڵات بەرەو تورکیا دابخا و ناچاری بکات تەنیا لە بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا جێگەی خۆی ببینێتەوە.

ئەگەر چاوپێکەوتنی لاڤرۆڤ و چاووشئۆغڵوو، ڕووداوێکی دڵخۆشکەر بۆ تواندنەوەی سەهۆڵەکان و هێورترکردنی بارگرژییەکەیە، ئەی تۆمەتبارکردنی تورکیا بە مامەڵەی نەوتی نایاسایی لەگەڵ داعش دەبێ چۆن لێکبدەینەوە؟ ئەم هەنگاوەی ڕووسیا چ مانایەکی هەیە؟

بەر لەوەی لە ئیستانبووڵەوە بەرەو بڕووکسێل بکەومەڕێ، وتارێکم نووسی کە تێیدا ئاماژەم بەم نووسراوەیەکی “ئاندرێی کۆلسێنیکۆڤ”، پەیامنێری ڕۆژنامەی کۆمێرسانتی چاپی مۆسکۆ کردبوو. ئەو ڕۆژنامە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بە نزیکایەتی لە پوتین دەناسرێ وەک یەکێک لە ڕەخنەگرانی کریملینیش پێناسەدەکرێ. کۆلسێنیکۆڤ باسی لەوە کردبوو کە لە کۆنفڕانسەکەی پاریسدا، ئەردۆغان، پەیتا پەیتا لە ساڵۆنی کۆنفڕانس هاتبۆ دەر تا بەڵکوو لە داڵانەکانی دەرەوەی ساڵۆندا چاوی بە پوتین بکەوێ. نازانم ئەو بانگەشە چەندە ڕاستە بەڵام ئاشکرایە کە تورکیا حەز دەکا کۆتایی بەو بارگرژییە بێنێ و دۆخەکە هێوربکاتەوە. شاراوە نییە کە بەردانەوەی فڕۆکە ڕووسییەکە و پێشهاتەکانی دوای ئەو ڕووداوە، خەریکە بەرەو ئاڕاستەیەک دەڕوا کە خەسار لە تورکیا دەدا.

ماوەیەک پێش، لە هاوڕێیەکم بیست کە گۆیا پەندێکی ڕووسی هەیە دەڵێ “کە ورچت بۆ سەما هەڵساند، سەماکە نەک بە دڵخوازی تۆ بەڵکوو بە بڕیاری ورچە کۆتایی دێت” و پاشان بەردرانەوەی فڕۆکە ڕووسیەکەی وەک هەڵساندنی “ورچ”، بۆ “سەماکردن” چواندبوو. بەو پێیە، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ڕووسیا لە بێلگراد، ئەوەندەش جێگەی دڵپێخۆشکردن نییە.

هاوینی ئەمساڵ سەردانی مۆسکۆم کرد و لەوێ بۆم دەرکەوت کە ڕووسیا دەیهەوێ بە شێوەیەکی ئەکتیڤ بێتە ناو هاوکێشەی سووریا، بۆیە کە ئەو مژارە بۆ پوتین گرینگییەکی ستراتێژیکی هەیە. هەر ئەوکات مرۆڤ هەستی دەکرد کە ئەمە لە داهاتوودا قەیران لە پێوەندییەکانی مۆسکۆ و ئانکارادا سازدەکات.

وێکچوونیکی زۆر لە نێوان پێکهاتە، شێواز و قەوارەی ئایدیالۆژیکی سیستمی دەسەڵاتداریی ڕووسیا و تورکیا هەیە. ئەو وێکچوونەش، کەڵکێکی ئەوتۆی بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی قەیران نییە بەڵکوو پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات. بۆ وێنە ئەگەر ئیسلامیگەری وەک پێناسەیەک بۆ ئەردۆغان بێ، لە بەرانبەریشدا ڕووسیایەکی ئۆرتۆدۆکسی هەیە. ئەمەش هاوکێشەی سووریا ئەوەندەی تر قووڵتر دەکاتە کاتێک ناکۆکیی نێوان ئەو دوو بەرە کە خۆ بە میراتگرانی “بیزانس” و “ڕۆم” و “ناتۆ” و هتد دەبینن. وەک دەبینرێ لە لایەک ئیسلامچێتیمان هەیە و لە لایەکی تر، ڕەژیمی پوتین لە ڕووسیا کە “مەسیحییەت” وەک تاکە پارێزەر و دژبەری “تیرۆریستە ئیسلامگەراکان” لە سووریا دەبینێ. لە لای تورکیای ئێستاش کە مەیلێکی ئاشکرا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و کەڵکوەرگرتن لە ئەدەبیاتی “باوباپیرانمان” و دژبەرییان لەگەڵ “ڕووسی تێزاری” هەیە، هەرچەند ئەوەی ڕووسیای پوتینیش دەیکات کایەیەکی زەربری سیفرە. جگە لەمانە، هاوکات لەگەڵ هەنگاونانی تورکیا بەرەو ڕەژیمێکی ئۆتۆریتەر و سەرەڕۆی تاکەکەسی، ڕووسیا لەمێژە ئەو ڕەژیمەی جێگیرکردووە و هەر وەک چۆن لە سەردەمی تێزارەکان و یەکێتیی سۆڤییەتدا شایەتی تاکەکەسی سەرەڕۆ و بەهێزی وەک ستالین بووین، ئێستا پوتین-کە خۆی سەردەمانێک ئەندامی دەزگای ئیستخباراتی سۆڤییەتی پێشوو واتە کا.گێ.بێ بووە- هەمان ڕێگا لە ڕووسیای سەردەمدا درێژە پێدەدا.

ئەوانەی شارەزا بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیان دەزانن کە ئانکارا ناتوانێ سیاسەتێکی دروست و حیسابی لە هەمبەر مۆسکۆ پێڕەوبکات تا ئەو کاتەی کە لە پوتین و پوتینیزم بە باشی تێنەگات. داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەبێ لەوە تێبگەن کە سیاسەتی دەرەوە بە “نەزانی” و “ڕیسککردنی نابەجی” ناچێتەپێش. دوو فاکتەر کە بە کردەوە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمڕۆژانەی تورکیادا دەبینرێن.

هەر لە مانگی سێپتامبرەوە کە ڕووسیا ڕایگەیاند دەستێوەردانی سەربازی لە سووریادا دەکات، تورکیا دەبوایە ژیرانەتر مامەڵەی بکردایە و ئەو هێڵە سوورانەی کە بۆ فڕۆکە سوورییەکانی پێشبینی کردبوو بۆ فڕۆکە ڕووسییەکانی دووپات نەکردباوە.

لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە فڕۆکە ڕووسییەکان، پێشێلی سنووری ئاسمانیی تورکیایان کردبوو. بۆ وێنە ڕۆژی ٣ی ئۆکتۆبر، فڕۆکەیەکی ڕووسی سنووری ئاسمانیی تورکیای بەزاند و دوو جێتی شەڕکەری تورکیا هەستابوون و فڕۆکە ڕووسییەکەیان ناچارکردبوو تا بگەڕێتەوە سنووری ئاسمانیی سووریا و ڕۆژێک دواتر، ئاندرێی کارلۆڤ، باڵوێزی ڕووسیا لە ئانکارا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرابوو و لەمبارەوە هۆشداری پێدرابوو. ڕۆژی ٤ی ئۆکتۆبر، فڕۆکەیەکی جۆری میگ-٢٩ی ڕووسی سنووری تورکیای بەزاندبوو و دوو جێتی تورکیا گەڕاندبوویانە دوایە و ڕۆژی ٥ی هەمان مانگ، فڕۆکەیەکی تری ڕووسیا لە لایەن ٨ فڕۆکەی شەڕکەری تورکیاوە لە سنووری ئەو وڵاتە دوورکرابۆوە. بە درێژەپەیداکردنی ئەو حاڵەتانە، کۆمیتەیەکی دوولایەنە پێکهاتبوو کە تێیدا بەرپرسانی پایەبەرزی سەربازیی دوو وڵات بۆ پێشگرتن لە هاتنەئارای ڕووداوێکی نەخوازراو لە پێوەندیدا بوون. کەچی لە ٢٤ی نۆڤامبردا فڕۆکەیەکی ڕووسی بەهۆی بەزاندنی ١٧ چرکەیی سنووری ئاسمانیی تورکیا، بێ ئەوەی ڕێگەیەکی دیکە بگیرێتە بەر، لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاوە بەردرایەوە.

هەموو ئەوانە بە جێگای خۆی، کاترین ئەشتۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە تورکیا گرتووە کە بەگوێرەی پێویست بەرەنگاری داعش نەبۆتەوە. ئەم لێدوانەی ناوبراو لەکاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا تورکیا بە مامەڵەی نایاسایی نەوت لەگەڵ داعش تۆمەتبار دەکات.

گوێ مەدەنێ بەڵام وادیارە ڕۆژئاوا، لە پێوەندی لەگەڵ داعشدا، زەختی زۆرتر دەخاتە سەر تورکیا و لە بەرەی ڕووسیاش، سەماکردن لەگەڵ ورچ، درێژەی دەبێ.

Advertisements
:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. 13 كانونی یه‌كه‌م 2015 له‌ 13:41

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: