ماڵه‌وه‌ > NNSROJ > فیلمێک لە سەر کیمیابارانکردنی حەڵەبچە بەرهەم دێت

فیلمێک لە سەر کیمیابارانکردنی حەڵەبچە بەرهەم دێت

دیمانەیی “دەنیز ئۆزەر” لەگەڵ “رەمەزان ئوزتورک”، خاوەنی وێنە ناسراوەکەیی “عومەر خاوەر”/ ڕۆژنامەی حوریەت

لە میانەیی شەڕی ئێران و عێراق دا، فڕۆکەکانی عێراق هێرشی کیمیاییان کرده سەر شاری حەڵەبچە کە لە ئاکامی دا نیزێک بە ٦ هەزار مرۆڤ گیانیان لەدەست دا. رۆژنامەوان “رەمەزان ئۆزتورک”، لەو نێوە دا، که بە وێنەکانی و هەم بە ڕێپۆرتاژەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پایەبەرزی هەرێمەکە، سات به سات لەگەڵ قەتڵوعامەکە ژیا، ئێستا دەیهەوێ ئەم بیرەوەریانەیی بکاتە فیلمێکی سینەمایی.

لە ڕاستیدا هەموومان ناوبراو بەم وێنانە کە لە کارەساتەکەیی حەڵەبچەیی گرتبوون دەناسینەوە. بە تایبەت بە وێنەیەک کە بوو بە سەمبۆلی ئەم کوشتارە واتە” “شایەتی خامۆش” (عومەر خاوەر). رەمەزان ئۆزتورک، ئەم ڕۆژە خوێناویانەی لەوێ تێپەڕ کرد و بە وێنەکانیشی سەرکەوتنێکی مەزنی ڕۆژنامەوانیشی تۆمار کرد.

لە حەڵەبچە شەش هەزار مرۆڤ ژیانی لەدەست دا. شار بوو بە وێرانە و لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شار، وێنەیی پیاوێک کە خەریک بوو گیانی دەدا بەڵام بە دوایین هەناسەکانی لە بیری کۆرپەکەیی دابوو، دنیایی هەستاندە سەر پێ! گوتنی هاسانە، بەڵام ڕەمەزان ئوزتورک، هەشت ساڵ شەڕی ئێران و عێراقی لە دەسپێکەوە تا کۆتایی و لە جەبهەکانەوە تاقیب کرد. ئێستاش ناوبراو وێنەیی “شایەتی خامۆش”، کە بوو بە سەمبۆلی قەتڵوعامەکەی کردوە بە ناوی فیلمێک کە بڕیارە سەبارەت بە حەڵەبچە سازی بکات و دەڵێ “ئەمە دەبێتە یەکەم فیلمی نێونەتەوەیی کوردی، فیلمێک کە بە عەرەب و کورد و تورک و … هەرکەس سیناریۆکەیی بخوێنێتەوە دەگرێ”.

لە میانەیی وتووێژەکە دا ئوزتورک زۆر هەیەجان و خۆشحاڵیەوە باس لە فیلمەکە دەکات و هەر وەها سەبارەت بە کوالیتی فیلمەکە زۆر بە ئیدعاوە دەدوێت. ڕۆژنامەوانی ساڵانی درێژ ڕەمەزان، باس لەوە دەکات کە فیلمەکەیی دە میلیۆن دۆڵاری تێچوو دەبێت و هەروەها زۆر وردەکاری تریش دەدرکێنێ کە بۆ یەکەم جار، لێرەدا دەبیسرێن.

کەی بڕیارت دا ئەزموونەکانت لە سەر قەتڵوعامی حەڵەبچە بکێشیە سەر پەردەیی سینەما؟
سازکردنی فیلمێک لە سەر ئەم ڕووداوە هەر مێشکم دابوو. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٩ وەکو شایەتحاڵێک بانگهێشتی دادگایی عەلی کیمیایی کرام، بۆ یەکەم جار لە بەغدا بە فەرمی بۆ تەلەڤزیۆنەکانم باسکرد کە فیلمێک لە سەر حەڵەبچە ساز دەکەم.
دوو ساڵە کە لە سەر پڕۆژەیی فیلمەکە کار دەکەین. بەسەرهاتەکە ئامادەبوو بەڵام، سیناریۆمان نەبوو. پاشتر لەگەڵ “ئوناڵ کوپەلی” سیناریۆیەکمان بۆ نووسی. سیناریۆ ئامادەکراوەکە هەم لە عێراق و هەم لە تورکیا پێشوازی زۆری لێکرا. ساڵ و نیوێکیشە دوایی تەواوبوونی سیناریۆکە، خەریکی ئەنجامی کۆمەڵێک دیدار و بەدواداچوونم بۆ وەگەرخستنی پڕۆژەکە و دەسپێکی سازکردنی فیلمەکە.

لە تورکیاوە پشتیـــــوانیم لێنەدەکرا
فیلمەکە بە سەرمایەیی خۆتانەوە ساز دەکەن؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیمان دەدات. لە ئەساس دا، سیناریۆکە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چەند مانگ لێکۆڵینەوەیی لەسەر کرا، پاشان ڕەزامەندی لەسەر درا. یارمەتی دران لە لایەن ئەوانەوە (حکومەتی هەرێم.و) دروستترە، بەم هۆیە کە بەسەرهاتەکە، بەسەرهاتی ئەوانە. بەڵێ، من وەکو رۆژنامەوان، شایەتی ڕووداوەکان بووم، بەڵام وەک گووتم: بەسەرهاتەکە هی ئەوانە.

باشە، گەلۆ بیرتان لە وەرگرتنی یارمەتی لە تورکیا نەکردەوە؟
نەخێر، چوونکە یارمەتی نەدەدرا.

پاش ئەوەیی کە سیناریۆکەیان خوێندەوە، چ هەڵوێستێکیان نیشان دا؟
بە تایبەت، خەڵکی عێراق، زۆر کەیف خۆش بوون بەم سیناریۆیە. سەرەتا لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریەوە لێکۆڵینەوەیی لەسەر کرا. بەرپرسانی وەزارەتخانەکە وتیان کە “ئەمە بۆ ئێمە یەکەمین پڕۆژەیەوە لەم ئاستە دا، بەسەرهاتێکی فرەرەهەند و هەمەلایەنەیە.
بەرپرسان، شەممەیی ڕابردوو بانگیان کردم و پێیان ڕاگەیاندم کە پڕۆژەکە لە ئاستی باڵا دا قەبووڵ کراوه. وتیان ” کە ئەم پڕۆژە، لە نێوان دەیان پڕۆژەیی ئامادەکراوی هاوشێوە لە سەر حەڵەبچە، تایبەتە و توانایی جێگرتن لە ئاستێکی نێونەتەوەیی دا هەیە. بۆیە ئێمە ئامادەین کە هەرچەشنە یارمەتیەکی بۆ تەرخان بکەین”. هەوەها باسیان لەوەش کرد کە ئەوان چاوەڕوانن کە خاوەنکارەکانیش وەکو پشتیوان (سپۆنسۆر) یارمەتی پڕۆژەکە بدەن.

کەوابوو دەتوانین بڵێین یەکەم فیلمی نێونەتەوەیی کوردی لە لایەن تورکانەوە سازدەکرێت؟
بەڵێ، فیلمەکە لە تورکیاوە دێتە دەر.

بودجەیی فیلمەکە چەندە؟
١٠ میلیۆن دۆڵار

دەرهێنەری فیلمەکە کێیە؟
دەرهێنەر، هەمان سێناریستی فیلمەکە “ئوناڵ کوپەلی”یە. بەڵام فیلمەکە تەنیا بە یەک دەرهێنەر ساز ناکەین. دەرهێنەرێکی بە ناوبانگی فەرانسەویش هاوکاری سازکردنی فیلمەکە دەبێت.

ئەکتەرەکان، لە ئاستی سینەمایی جیهانی دان
فیلمەکە کەش و هەوایی فیلمێکی بەڵگەنامەییە یاخود گێڕانەوەی ئێوەیە لە قەتڵوعامی حەڵەبچە؟
رەوتی سەرەکی فیلمەکە، چیرۆکی رۆژنامەوانیک (کە بۆخۆمم) و گێڕانەوەی ئەو سەبارت بە کارەساتەکە دەبێت.

ئەکتەرەکانی کە بڕیارە لە فیلمەکە دا رۆڵ بگێڕن دیاری کراون؟
فیلمەکە دوو ئەکتەری سەرەکی هەیە. ڕۆژنامەوانێکی پیاو، یانی من، ئەوەی تریش خانمێک لە رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور. بەمەبستی پەیداکردنی دوو ئەکتەری گونجاو بۆ کایەکردنی ئەم دوو رۆڵە سەرەکیە، هەڤدیتنەکانمان بەردەوامن. هەر بۆیە گووتنی ناوەکانیان زۆر بە درووست نازانم. بەڵام دەتوانم بڵێم کە “ئەکتەرێک، کە لە فیلمە ئەورووپاییەکان دا رۆڵ دەگێڕێت، بەردەوام دەبینرێت و لایەنگری زۆریشی هەیە، لەگەڵمان دەبێت”.

بۆ بیرتان لە ئەکتەری تورک نەکردۆتەوە بۆ فیلمەکەتان؟
جگە لەم دوو ئەکتەرە سەرەکیە، ئەکتەرەکانی تر تورک دەبن. ئەوانیش هەروەها لە ناو کەسانێکی خۆشەویست و خاوەن ڕێزی کۆمەڵگا هەڵدەبژێردرێن.

باشە بۆچی رۆڵە سەرەکیەکانتان نەدا بە ئەکتەری تورک؟
بەم جۆرە وەڵامتان بدەمەوە: من لەو سەردەم (سەردەمی کیمیابارانکرانی هەڵەبچە)دا تەمەنم سی و یەک ساڵ بوو. لە ناو ئەکتەرە تورکەکان دا کەسیکی گونجاوی لەو تەمەنەم دا نەکەوتە بەر دڵ. لە ئەساس دا ئێمە ئەو فیلمە هەر بۆ تورکیا ساز ناکەین. بۆ سینەماکانی جیهانی سازدەکەین. هەر بۆیە دەبێ کاراکتێرە سەرەکیەکانیش لە نێوان ئەکتەرگەلێک هەڵبژێردرێن کە شایانی سینەمایی جیهان بن. بۆیە ئەو بژارەمان کردووە.

لە تورکیا کەسیکی بە ئەزموون لە تەمەنی سی‌یەکان دا نیە کە بتوانێ ئەم رۆڵە بگێڕێ؟
بۆ وێنە زۆرم حەز دەکرد کە کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە، یانی لە جێگەی من، “شەنەر شەن” یا “هەلوک بیلگینەر” کایە بکات. بەڵام هەر وەک گووتم پێویستمان بە ئەکتەرێکی گەنجترە.

کەوابوو فیلمەکە زۆرتر بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەیە؟
“ڕاستەقینە بوونی بەسەرهات”، سەرەکیترین تایبەتمەندی ئەم فیلمەیە. بەسەرهاتەکە لە “ڕفاندنی تەکنسیەنێکی تورک” لە لایەن تاڵەبانیەوە دەستپێدەکات و بە شایەتی دانی من لە دادگایی باڵایی عێراق دژ بە “عەلی کیمیایی” لە بەغدا، کۆتایی پێدێت. یانی فیلمەکە رەوتێکی ڕاستەقینەیی ٢٢ ساڵە دەگێڕێتەوە.

دیمەنەکان لە کوێ هەڵدەگیرێن؟
فیلمەکە لە لۆکێشنیکی تایبەت تۆمار ناکرێت. بەشە جیاوازەکانی فیلمەکە لە ٤ وڵات وێنەیان بۆ هەڵدەگیرێنەوە. سەتا هەشتایی وینەکانیش لە شوێنی ڕاستەقینەیی کارەساتەکە، واتە حەڵەبچە، تۆمار دەکرێن.

مادام بەشێکی سەرەکی تۆمارکردنی فیلمەکە لە شوێنی کارەساتەکە دەبێت، کەواتە خەڵکیش بەشدار دەبن لەم فیلمەدا؟
بەڵێ، هاوڵاتیانیش بەشیک لە ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە دەبن. لەو شوێنانەیی کە بڕیارە فیلمەکە تۆمار بکرێن، لەگەڵ هاوڵاتیان قسە کراوە و تێگەیێندراون و لەم بابەتەوە کێشەیەک نیە.

لە تورکیاوە خەڵاتێک بە من نادریت
فیلمەکەتان وەکوو فیلمێکی “فیستیڤاڵ”ی یا فیلمێکی “گیشە”یی دەبینن؟
هەموو فێستیڤاڵەکان تاقی دەکەینەوە. تەنانەت فیستیڤاڵی “کەن”یش. لەم بڕوایە دام کە فیلمەکە زۆر دەدیترێ و لە ئاستی “گیشە”ش دا، قسەیی دەبێ بۆ گوتن. ئەگەرچی “رەخنەگرانی سینەما” بڵێن کە ئەم دوو تایبەتمەندیە پێکەوە ناگونجێن، بەڵام ئەم فیلمە هەم “فیلمی فێستیڤاڵ و هەم فیلمی گیشە” دەبێت.

بە بڕوایی ئێوە فیلمەکەتان لە تورکیا “خەڵات”ی دەستدەکەوێ؟
نەخێر، لەم فکر ناکەم خەڵات بەم فیلمە بدەن. من لە سەر ئەم باوەڕە نیم کە خەڵاتەکان لە تورکیا دەدرێن بەم فیلمانە کە حەقیانە. ناشمهەوێ پێشداوەری بکەم بەڵام من، لە ساڵی ٨٨ەوە تا ئێستا، بەشداری هیچ کێبڕکێیەک لەم وڵاتە نەبوومە، کەوابوو فکر ناکەم خەڵاتێکیشم لە تورکیا پێبدرێ.

لە تورکییەوە: مەسعوود مەناف

:هاوپۆله‌کانNNSROJ
  1. هیچ‌ لێدوانێک نییە تا ئێستا
  1. No trackbacks yet.

لێدوانێک بنووسە