Archive

Posts Tagged ‘My interviews’

“هێرشەکان هۆشدارێکن بۆ کۆماری ئیسلامی و هەوڵێکن بۆ تۆڵەسەندنەوە”

11 تشرینی یه‌كه‌م 2016 4 comments

rudaw

لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ بەشی خەبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووداو شرۆڤەی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی گەریلاکانی پەژاک بۆسەر بنکە و بارەگاکانی سپای پاسدارانی ئێرانم کرد. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، نە پەژاک و نە باقی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، هیچ کام لێدوانی فەرمیان لەمبارەوە نەدابوو و بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی ڕەبەتی سەردەشت و مەریوانیان نەگرتبۆ ئەستۆ بەڵام بڕوای من ئەوە بوو کە ئەگەر پەژاکیش ئەو هێرشانە وەستۆخۆ بگرێ، بە مانای ئەمە نییە کە قۆناخێکی نوێ لە خەباتی چەکداری دەستپێدەکا و کۆتایی بە ئاگربەست دێنێ بەڵکوو زیاتر وەک هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی سەلاس و باوەجانی دەدات. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە لە ساڵانی ڕابردووشدا دەیان تێکهەڵچوونی خوێناوی لەم چەشنە هاتوونەتە ئاراوە بەڵام ئاگربەستە نافەرمییەکەی نێوان پەژاک و ئێران هەر کۆتایی نەهاتووە. جگە لەوەش پەژاک و دەستەخوشکەکەی پەکەکە، زیاتر فۆکووسیان لەسەر ڕۆژئاوا و باکوورە و ئەمرۆژانە بە گونجاو نازانن کە بەرەیەکی دیکەی شەڕی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵات بکرێتەوە.

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: , ,

“فڕاکسیۆنی نوێنەرانی سوننی نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان ناکات”

24 ئاب 2016 2 comments

rudaw

لە لێدوانێکدا بۆ ڕووداو: فڕاکسیۆنی نوێنەرانی سوننی، پێکهاتەیەک نییە کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگای کوردستان بکات بەم هۆیە کە کوردستان، پێکهاتەیەکی یەکڕەنگ و یەک ئایین نییە و بگرە نزیک بە نیوەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوردی شیعەمەزهەبن و هەژمارێکی بەرچاویش کوردی یارسان و ئەهلی حەق و زەردەشتی و پێڕەوی ئایین و ئایینزاکانی ترن.
هەر چالاکییەک کە بتوانێ دەنگی خەڵک بگەیەنێتە ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵات و بەدواداچوون بۆ مافەکانیان بکات، یا ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ مەتڕەحکردنی داواکاری کورد، مایەی خۆشحاڵییە و جێگەی ڕێزە بەڵام وەک دەزانرێ، سیاسەتکردن لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا، کردەوەیەکی سنووردارە. سیاسەتمەدار مەجالێکی ئەوتۆی نییە تا بتوانێ ئەوەی لە دڵی دایە باسی بکا. هێڵە سوورەکان ئەوەندە زۆرن، کە هەر چەشنەباسێک سەبارەت بە کوردستان و مافە نەتەوایەتییەکان، هیڵی سوورە بەڵام سەرەڕای ئەوەش فڕاکسیۆنێکی ئاوا ڕێگەپێدراوە. سەردەمی خاتەمی کەش و هەوایی سیاسیی ئێران ئاوەڵاتر بوو و پارلەمانتارانیش بوێرتر بوون بۆیە فڕاکسیۆن دامەزرا و ئێستاش ئەگەرچی چەند مانگە باس لە دامەزرانی دەکرێ، بە هۆکارگەلی نادیار، ئەو یەکە سەری نەگرتووە. ئایا بەربەستێک هەیە، دڵنیا نیم بەڵام دیارە کاری جیددی بۆ نەکراوە. بەڵام دەزانین کە بەرە بەرە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار نزیک دەبێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی کرانەوەی کاتی فەزای سیاسیی و مومکینە ئەو فڕاکسیۆنەش لەو کەش و هەوایەدا دامەزرێ.

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان:

“پاش ئاشتبوونەوەی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و ئیسرائیل، کەجەکە داوا لە ئانکارا دەکات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ”

21 ئاب 2016 1 comment

دوێنی[٢٠ی هه‌شـتی ٢٠١٦] لە هەندێک لە میدیاکاندا باس لەوە کرا گوایە ڕێبەرایتی کۆما جڤاکێن کوردستان، لەسەر داخوازی
گەلێک هێزی جیهانی و هەرێمی بە نیازی گەرانەوەدایە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان. ئایا بارودۆخەکە لە باردایە بۆ گەرانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ؟
لینکی وتووێژەکە لەسەر ماڵپەڕی ڤی ئۆ ئەی

ڕۆژنامەوان مەسعوود مەناف، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەمبارەوە دەڵێت “بارودۆخەکە بەو شێوە لەبار نییە بۆ گەرانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ، چونکە ئێستا تورکیا تێکەڵاوی قەیرانێکی ناوخۆیی پاش کودەتاییە و لە لایەکی ترەوە شەر و تێکهەڵچوونەکان لە باکووری کوردستان دە قاتی ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو، بەرز بوەتەوە، لە لایەکی تریشەوە کێشە و ئاڵۆزیەکان و بۆمباران بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی گەریلاکانی پەکەکە و هەر وەها هێڕش بۆ سەر شارەوانیەکانی سەر بە پەکەکە و بارگاکانی پارتی دیمۆکراتییکی گەلان و بەرپرسانی کورد لە باکوری کوردستان”.

کاک مەسعود هەر وەها دەڵێت “ئەو گۆرانکاریانەی کە لەم دواییەدا هاتوەتە گۆرێ و KCK ی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە کە دیسان بۆ جارێکی تر باس لە وتو وێژ لەگەڵ تورکیا بکاتەوە ئەوەیە کە، تورکیا پاش ئەو هەموو ململانیە توند و ئاڵۆزیە دیپلۆماسیەی لەکەڵ ئیسرائیل دا هەبوو، لەم داییانەدا توانی کێشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل چارەسەر بکا، تا رادەیەکی باش توانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا ئاسایی بکاتەوە وە هەر وەها هەندێ هەڵمەتی تر بۆ ئاشتبۆنەوە یان نزدیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ دراوسیەکانی وەکو ئێران و عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی تری ناوچەکە، هەر بۆیە KCK وا دەزانی مادام تورکیا لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی دوژمن یان ناکۆک دێتە سەر مێزی و پاشەکشە لە هەڵویستەکانی خۆێ بکا، گومان لەوەدا نییە کە ئەگەر حەزی لێ بێ دەتوانێ لەگەڵ لایەنی کوردیش بگەرێتەوە سەر قوناغی وتو وێژ و دانوستاندنەکانی ئیمرالی”.

ناوبراو “ئەگەر چاودێرێ و ناوبژی کەرێکی سیاسی و زلهێزێک وەکو ئەمەریکا کە پێشووتر PKK چەندین جار داوای لێکردووە ببێتە نێۆبژیوان، لە رەوتی گفت و گۆ دانوستاندنەکاندا بێت و بیەوی ناوبژیوانیەک لە نێوان ئەو دوو لایەنە بکات، بە دوور نییە کە KCK ئاگربەسێکی تر رابگەینێ و پرۆسەیەکی نوێ وتو وێژکردن دەستپێکاتەوە”.

 

 

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

”هەڵویستی جیهانی دەرەوە بەو ڕادە نەبووە تورکیا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ پاشەگەز بکاتەوە”

voa

لە وتووێژ لەگەڵ جانی دیلان، لە دەنگی ئەمریکا

پاش کودەتا سەرنەکەوتووە لەشکەرییەکەی تورکیا، کەسانێکی زۆر هەر لە لەشکەریەکانەوە بگرە تا ئەکادیمیست و رۆژنامەنووسەکان بەکۆمەڵ دەستگیر کراوون. ئاخۆ چ هەڵسەنگاندن وروانینێک هەیە بۆ کاردانەوەکانی جیهانی رۆژئاوا بەرامبەر بەو دەستگیردنانە؟

ڕۆژنامەوان مەسعوود مەناف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت “بەداخەوە هەڵویستی خەڵک لە جیهانی دەرەوە، هەلویستی سیاسەتمەدار و دیپلۆماتەکان لە دونیای دەرەوە بەو رادەیە نەبوە کە تورکیا لەو قۆڵبەستکردنە هەڕەمەکیە و ئەو پێشێلیە زۆرانەی کە تا ئێستا کردوویەتی پاشگەز بکاتەوە”. ناوبراو هەر وەها دەلێت “بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی تردا لەگەڵ تورکیا باڵێکی زۆری بە سەر مافەکانی مرۆڤدا لەو وڵاتەدا کێشاوە، نەک هەر ئەمەریکا بە هۆێ بەرەنگاربوونەوەی لەشەری داعشدا و پێویستی بە تورکیا وەکو هاوپەیمانیەکی مەزن کە لەو ناوچەدا نەرمیەکی نواندووە، بەلکو زۆری وڵاتانی تری ئەوروپاییش بە هەمان شێوە نەرمیان نواندووە و گوشارێکی زۆریان نەخستوەتە سەر تورکیا. بانگنەهێشتنی دەمیرتاش بۆ کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەردۆغان لەگەڵ لایەنەکانی ئوپۆزسیۆن وا نیشان دەدات سیاسەتی تورکیا و ئەردۆغان بەرامبەر بە کورد نەگۆراوە کە هەمان ڕوانگەی کەماڵیست و نەتەوەپەرستە تورکەکانە و ئەو رێبازەی ئەردۆغان تورکیا بەرەو هەڵدێر دەبات”.

دەقی وتووێژەکە لەم لینکەدا گوێگر بن

“برا لە پشت برا بێ، قەزا مەگەر لە لای خوا بێت”

25 كانونی یه‌كه‌م 2015 28 comments

rudaw

دیمانە لەگەڵ ڕووداو: پەندێکی پێشینیان کە بە جوانی و ڕەوانی، شرۆڤەی پشتیوانیکردنی پارچەکانی کوردستان لە خەباتی یەکتری پێ دەکرێ. لەم ڕۆژانەی دواییدا گرووپێکی ئانلاین بە ناویهەڵمەتی پشتیوانی لە کوردانی باکوور، هەڵمەتیکی خۆڕسک لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستپێکرد و داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بە هەرچەشنێک دەتوانن پشتیوانیان لە خەباتی کوردانی باکوور نیشان بدەن و دژ بە کوردکوژی ئەردۆغان بوەستنەوە. هاووڵاتییان وەڵامی ئەرێنیان بە بانگەوازەکە دایەوە و پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە، ٣ی بەفرانبار، لە چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سنە، کرماشان، ئیلام، پاوە، سەقز و هتد و هەروەها لە بەر دەرگای باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران و کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە ورمێ چالاکیگەلێک بەڕێوەچوو بەڵام پۆلیس و هێزە ئاسایشییەکان دەستیان دەو چالاکییانە وەردا و بڵاوەیان بە خەڵک کرد و هەژمارێک خۆپێشاندەریشیان قۆڵبەست کرد و هەڕەشەی پێشوەختیان لە هەژمارێکی تریش کردبوو.

بەڵام هەرچۆنێک بێت، بێ لەبەرچاوگرتنی چەندایەتییەکەی، شەقام جووڵا و نیشانی دا کە مادام کورد نەتەوەیەکە، دەرد و ئازارەکانیشی یەکن. ئەوە سروشتیترین ڕێگەی دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزییە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خۆ بە بەشێک لەو نەتەوە لەیەکدابڕاوە دەزانن بەڵام هەر بەدەر لەوەش، ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە کە دژ بە قەتڵوعامی بەکۆمەڵی خەڵکی بێدیفاع و ژن و مناڵ هەڵوێست بگیردرێ. هەڵوێستی لەم چەشنە یەکێک لە کاردکردەکانی ناسیۆناڵیزمە، کە بێ گوێدان بە کات، سات، سنووری دەستکرد و مەودا، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تاکەکەسی، حیزبی و ناوچەیی، بەرانبەر بە هەر تەعدایەک دژ بە هاونیشتمانییەکەی، هاونەتەوەکەی هەڵوێست دەگرێ. هەر وەک چۆن دڵی ئێمە وەک مرۆڤ بۆ خەڵکی فلستین و ئاوارەکانی حەڵەب و برسییەکانی سوودان دەهەژێ، چ لەوە ئاساییتر نییە کە هەوڵ بدەین ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر ئەو زوڵمەی دەرحەق بە دراوسێکانمان، بە هاوزمانەکانمان لە چەند کیلۆمەتری سنوورە دەستکردەکانی ئێمە دەکرێ. زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

مه‌سعوود مه‌ناف: قه‌یرانی په‌نابه‌ران به رێکه‌وتنی تورکیا و یه‌کیه‌تی ئۆروپا چاره‌سه‌ر نابێت

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

شاهید عەلەوی- دەنگی ئەمریکا: به پێی هه‌واڵی ئاژانسی هه‌واڵنێری فه‌رانسه، تورکیا و یه‌کیه‌تیی ئەورووپا بو که‌مکردنه‌وه‌ی شه‌پوڵی په‌نابه‌ران به رێکه‌تنێک گه‌یشتون. دوناڵد تاسک، به‌رپرسی کۆمیسیۆنی یه‌کیه‌تیی ئەورووپا ده‌ڵێت 3 میلیارد دۆلار به تورکیا ده‌درێت تا بۆ جێگیرکردنی په‌نابه‌رانی سوریا له تورکیا سه‌رف بکرێت. ئه‌م رێکه‌وتنه هه‌روه‌ها رێگه به هاووڵاتیانی تورکیا ده‌دات له مانگی 10 ساڵی 2016وه بێ پێویستی به وه‌رگرتنی ویزا سه‌ردانی وڵاتانی ئەورووپایی بکه‌ن. هه‌ندێک له وڵاتانی یه‌کیه‌تیی ئەورووپا به هوی ئه‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که تورکیا به دێمۆکراسی و سه‌روه‌ری یاسا پابه‌ند نیه، ڕەخنە له‌م رێکه‌وتنه ده‌گرن. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا به‌رپرسانی یه‌کیه‌تیی ئەورووپا ده‌ڵێن که ئه‌و بڕه پاره‌ی به‌ڵێنی به‌خشینی به‌ تورکیا دراوه یه‌کجێ ته‌سلیمی ئه‌م وڵاته ناکرێت و پابه‌ندبوونی به به‌ڵێنه به‌رانبه‌ره‌کانی و شێوه‌ی بەکارهێنانی ئه‌و بڕه پاره‌یه مانگ به مانگ چاودێری ده‌کرێت.

مه‌سعوود مه‌ناف، ڕۆژنامەنووس له ناوه‌ندی نووچە و شرۆڤه‌ی ڕۆژ، ده‌ڵێت تورکیا له په‌نابه‌ران وه‌ک کارتی کایه بۆ گوشار خستنەسەر یەکێتیی ئەورووپا و ده‌سته‌به‌‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌کانی که‌ڵکی وه‌رگرتوه.

لەم لینکەدا دەتوانن گوێ لە وتووێژەکە بگرن

 

 

:هاوپۆله‌کانNNSROJ تاگەکان: ,

مەسعوود مەناف: نەخێر تورکیا نایەوەێ سنوورەکە کونترۆڵ بکات

1 كانونی یه‌كه‌م 2015 1 comment

voaزۆر لایەن نەک هەر گومان دەخەنە سەر هەڵسوکەوتی تورکیا بەڵکوو تاوانباریشی دەکەن بە یارمەتیدانی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش. لە وتارێکی واڵستریت ژورناڵدا هاتووە ئەمەریکا لە تورکیا داوا دەکات سنوورەکانی توند بکات بە رووی تیرۆریستاندا. رۆژنامەوان مەسعوود مەناف لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی ئەمەریکادا سەبارەت بەوەی ئاخۆ پاراستنی ئەو سنوورانە بە تورکیا دەکرێت، دەڵێت “پرسیاری بنەرەتی ئەوەیە گەلۆ تورکیا حەز دەکات ئەو سنوورانە بەڕووی داعش دابخات یان نا، یاخود داخوازیەکی نامەعقولانە و نالۆژیکیە، بە هۆێ ئەوەی ئێمە گەواهی ئەوەین لەو سێ، چوار ساڵی ڕابردوودا تورکیا بە دەیان بەڵگە تا ئێستا لە میدیاکانی بەناوبانگی جیهانی بڵاوبوونەتەوە و تەنانەت لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکایی کە هاوپەیمانی تورکیا، بۆ وێنە جۆزیف بایدن گلەیی لە تورکیا کرد کە بەشێکی ئەو جیهادیستانەی کە لە رۆژئاواوە دێنەوە و دەچنە ناو سووریا لە خاکی تورکیا بە ئازادی دا دەروون. ئەو ڕۆژنامەنووسە هەر وەها ئاماژە بە قۆڵبەستکردنی چەند رۆژ لەمەوپێشی ڕۆژنامەوانی جمهوریەت دەکات کە هەندی بەڵگەی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەبوە لە هاوکاری میت لەگەڵ داعشدا و دواجار بەو ئاکامە دەگات کە نەخێر تورکیا نایەوەێ سنوورەکە کونترۆڵ بکات. مەسعوود مەناف هەر وەها دەڵێت لە کاتێکدا کەمتر لە 10 هەزار شەرڤان دەتوانن سنورەکانی بەری خۆیان بپارێزن و رێگا نەدەن ئەندامێکی تیرۆریستی داعش دەربازی ئەم بەر و ئەو بەری سنوور بن، بەڵام پێیم سەیرە بۆ دەبێ 30 هەزار سەرباز بۆ پاراستنی 60 کم لە جەرابلسەوە تا نزدیک عەفرین پێویست بێ؟”

لینکی وتووێژەکە

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

هەڵمەتی پێشوازیکردن لە پەناخوازانی کورد

19 ئه‌یلول 2015 1 comment

rudawلە ناوەندی مانگی ئەگۆستەوە تا کۆتاییەکانی سێپتامبر، لەگەڵ کۆمەڵێک هاورێی چالاک، لەژێر ناوی گرووپی چالاکانی کورد لە ماڵمۆ و وەک بەشێک لە هەڵمەتە جیهانییەکەی “ڕێفیووجیز وێڵکام؛”، ئێمەش لە وێستگەی شەمەندەفەری شارەکە، دەستمانکرد بە پێشوازیکردن لە پەناخوازان بە تایبەت پەناخوازانی کورد… هەر سەبارەت بەو مژارە لەگەڵ ڕووداو دوام

لینکی وتووێژەکە 

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

“ئێران دەیەوێ خۆ وەک قوربانی تیرۆر نیشان بدات”

14 ئاب 2015 1 comment

به‌ پێێ ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ هێرشێکی شه‌ڕه‌وانانی پژاک بۆ سه‌ر بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی سوپا له‌ شه‌وی سێ شه‌مه‌ 11ی ئاگوست پێنج که‌س له‌ هیزی “به‌سیج” سوپای شاری کامیاران کوژراون. فه‌رمانده‌یه‌کی سوپای پاسداران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ڵێت هێرشی پژاک بۆ سه‌ر بنکه‌کانی ئێمه‌ هه‌وڵێکی تێرورستییه‌.

مه‌سعوود مه‌ناف، ڕۆژنامه‌وانی کورد له‌ سوید ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ یه‌که‌م پێکدادانی ئه‌و دوو هێزه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا نییه‌ و وادیاره‌ سوپا به‌ ڕاگه‌یاندنی فه‌رمی کوژراوه‌کانی ده‌یه‌وێت خۆی وه‌ک قوربانی تێروریسم پێناسه‌ بکات که ئه‌وه‌ ڕاست نیه‌. لەم لینکەدا گوێ لە وتووێژەکە بگرن

voa

:هاوپۆله‌کانNNSROJ تاگەکان: ,

شرۆڤەی هەڵبژاردنی پارلەمانیی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی دەنگی ئەمریکادا

8 حوزه‌یران 2015 لێدوانێک بنووسە

دەنگی ئەمریکا: هه‌ر وه‌کو بینیمان ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا ئاشکرا بوون، ئایا هه‌ده‌په‌ زانی له‌م ده‌ریا شڵه‌ژاوه‌دا چۆن مه‌له‌ بکات و خۆێ بگه‌ێینێته‌ که‌ناره‌کانی ئاسایش؟
رۆژنامه‌وان مه‌سعوود مه‌ناف، له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت “هه‌ده‌په‌ هاوپه‌یمانیه‌کی به‌رفراوانه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک پارتی کوردی و چه‌پ و ژێنگه‌ پارێز و پەراوێزخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای تورکیا که‌ ساڵانێکه‌ له‌ ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ران که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک پێش له‌ سه‌ررۆیی ئه‌ردۆغان و حیزبه‌که‌ی بگرن، هه‌ر بۆیه‌ سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسه‌رۆکانی و پلان دارێژانی ئه‌و حیزبه‌ ده‌رفه‌ته‌که‌یان قۆزته‌وه‌ بۆ پێکهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌. هه‌ده‌په‌ به‌ کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ له‌ شێوازی پارته‌ هه‌ره‌ پێشکه‌وتوه‌کانی ئه‌ورووپایی له‌ بواری ئابووری، ژینگه‌، مافه‌کانی ژنان، مافی چه‌وساوان و ئه‌و که‌سانه‌ی زۆربه‌ی کات په‌راوێز خراون و له‌ به‌رنامه‌کانی دوڵه‌تدا جێگایان نه‌گرتووه‌، له‌ کوێ ئه‌وانه‌ توانی سه‌رنجی زۆری ده‌نگده‌ران بۆ لای خۆێ راکێشی، له‌ کورده‌ تۆراوه‌کان، پارێزکاره‌کان، ئه‌وانه‌ پێشووتر ده‌نگیان به‌ ئاکه‌په‌ دابوون”.

voa

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

ڕێککەوتنی وڵاتانی ١+٥ و ئێران لەسەر پرسی ناڤۆکی ئەم وڵاتە

لە پەخشی زیندووی بەرنامەی “دەنگی ڕۆژهەڵات”ی ڕووداودا لەگەڵ بەڕێزان ئومید بەرین، دیاکۆ خەیات و د. مستەفا ئەحمەدزادە، باسمان لە ڕیککەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک لەسەر پرسی ناڤۆکی ئەو وڵاتە کرد. [لەم لینکەدا دەتوانن گوێی لە بەرنامەکە بگرن] لە بەرنامەکەدا بە کورتی ئاماژەم بەوە کرد کە “لۆزان بەردی بناغەی چارەسەریی “یەکێک لە گرێ کوێرەکانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و ئێران، کە ساڵهایە لە ناکۆکییەکی قووڵ لەگەڵ ئەمریکا دایە- و لە ئاکامیدا بە جۆرێک لە کۆمەڵگای جیهانیش دابڕاوە، بەو لێکتێگەیشتنە، بە هەندێک ئەگەرەوە، دەرفەتی بووژانەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ دەخوڵقێ، پاساوێکی لۆژیکی بۆ پێویستیی دەستوێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم نامێنێ بەڵام هاوکات لانیکەم ١٠ تا ١٥ ساڵ، لە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دوور دەکەوێتەوە. جگە لەوە ئێران بە کەمکردنەوە بەشێکی بەرچاو لە سانتریفیووژەکان و ناوەندە ئەتۆمییەکانی، مومکینە چیتر ئەو وڵاتە چیتر مەترسی ئەوەی نەمێنێ کە هەر چرکە ئەگەری هێرشکرانە سەری لە ئارا دایە. گەرچی کۆماریخوازەکان و ئیسرائیل ناڕازین هەڕەشە دەکەن و  لەم لاشەوە ئۆباما دەڵێ بژاری سەربازی هەر لەسەر مێزە، بەڵام دەزانین کە ئەوە هەمان بژارە کە وەک شمشیری داموکلێس، بیست سی ساڵە لە کاڵان هەر نەهاتە دەر.

پێشبینیکردنی ئەوەی کەچ دەبێ و چۆن دەبێ، سەختە، بۆیە کە کۆڵێک ئەگەر و ئەممای وەک ئەمەی هەیە کە گەلۆ ئێران بەڵێنەکان دەباتە سەر، گەلۆ ڕۆژئاواییەکان چی؟ گەلۆ کاریگەرییە سیاسییەکان و ئابوورییەکانی چ دەبێ بەڵام لە هەموو بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا کاریگەریی لەسەر خەڵکی ناوخۆ و لەسەر تەنانەت دراوسێکانیش دەبێ. بەدوور نییە کە لە بواری ماڤی مرۆڤدا ئەمجار زیاتر لەگەڵ نۆڕمە پەسەندکراوە جیهانییەکان ڕابێ، تیکەلاوی بە کۆمەڵگای جیهانی، مومکینە ایران ناچار بکا هەندێک پاشەکشە لە زێدەخوازییەکانی بکات. گەرچی زۆر کەس دەڵێ ئەمە پاشەکشەی ئێران و دۆڕانییەتی، بە تایبەت کوردە نەیارەکانی ئێران کە بەردەوام تەبلیغی ئەوە دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا، هەرچەند لە مقیاسێکی زۆر بچووکیش دابێ بەڵام – مافی پیتاندنی ئورانیۆمی دەبێ و بەمە ئێران بەشێک دەبێ لەو کڵابە ئەتۆمییە، هەڵگیرانی گەمارۆکان، بووژانەوەیەکی ئابووری لە درێژخایەندا بەدوا دەبێ.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

پاکێجی ئاسایشیی ناوخۆیی تورکیا لە وتووێژ لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا

لە وتوویژێکدا لەگەڵ جانی دیلان لە دەنگی ئەمریکا، باسمان لەو پاکێجە نوێیەی ئاکەپە کرد کە بە دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی، سەرەڕای دژکردەوەی توندی هەدەپە و جەهەپە، بە پەسەندکرانی دا. ئەو کۆمەڵە یاسایە، ڕێگە بە پۆلیس دەدا تەقە لە هەر کەس بگات کە گومانی بوونی مۆلۆتۆفی لێ دەکا، خەڵک بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری دادگا بۆ ٤٨ کاتژمێر بگرێ، جلوبەرگی کوردی وەک پڕۆپاگەندە بۆ تیرۆریسم پێناسە دەکات، پشکنینی ئۆتۆمۆبیل و ماڵ ئاسانتر دەکا و دەسەڵاتی پارێزگارەکان ئەوەندە زیاد دەکا کە مەترسی زیندووکردنەوەی دەیەی نەوەتی ژاندارمی لای خەڵکانێک ساز کردووە. وەک بێژی تورکیا یازدەی سێپتامبری بەسەر هاتووە و ئەمەش پاتریۆت ئەکتە پەسەندی دەکات. ئەمریکا دەڵێ ئەو پاکێجە یاساکان بەرتەسک دەکاتەوە، زەخت بۆ سەر کۆمەڵگای مەدەنی زیاتر دەکات و یەکیەتیی ئەورووپاش نیگەرانی وەستانی ڕەوستی دێمۆکراتیزاسیۆن و دیمۆکراسی دیفیسیتە. یاساکە بەتایبەت بزوتنەوەی کورد دەکاتە ئامانج، سەندیکالیست و چەپ و ناڕازییان و دژبەرانی ئاکەپە دەکاتە ئامانج، یەکدەستکردنی دەسەڵاتی لێدەکەوێتەوە و دژکردەوەی یاسایی و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژوارتر و مەترسیدار و پڕ تێچووتر دەکات. ئاکەپە لە خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزی و کۆبانێ ترساوە و نایهەوێ ئەمانە دووپات ببنەوە. بۆ گوێگرتن لەو وتووێژە کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن.

 

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

سەبارەت بە هێرشەکەی کۆپینهاگ

لە پانێلێکدا لە دەنگی ئەمریکا لەگەڵ کاک جانی دیلان و مەهدی فەتاحی باسمان لە هێرشی ڕۆژی شەممە و یەکشەممە[١٤ و ١٥ی فێبرواری]ی کەسێکی بە رەچەڵەک موسوڵمان بۆسەر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئازادی ڕادەربڕین و کەنیسەیەکی جووەکان و ئەگەری بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان، دژکردەوەی ئەورووپییەکان بەرانبەر بە کردەوەگەلی لەم چەشنە، هەڵوێستی ئێران و هەندێک بابەتی لەم چەشنە کرد. لە ڕێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن گوێ لە گفتگۆکە بگرن…

voa

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داعش

7 شوبات 2015 9 comments

rudaw

لە گفتگۆیەکی کورتدا لەگەڵ ڕووداو: لەم ڕۆژانەدا، هەندیک لە میدیاکانی باشووری کوردستان، هەواڵێکیان بە مانشێتی “دوو کوردی ڕۆژهەڵات لەناو ڕیزەکانی داعشدا کوژران” بڵاوکردەوە. میدیای باشوور وەها باس لەو مەسەلە دەکات وەک بڵەی هەموو ڕۆژهەڵات تۆمەتبار بە ئەندامەتی لە داعشە و نیوەی پڕی پەرداخەکە، کە یارمەتیی بەردەوامی کوردی ڕۆژهەڵات بە هێزی پێشمەرگە و گەریلایە نابینن. حدکا، کۆمەڵەکان و پەژاک لە ڕۆژەکانی سەرەتاییەوە بەشداری شەڕی دژ بە داعش بوون بەڵام گەڕاندیاننەوە. دواتر پێشمەرگەکانی پاک مانەوە و تا ئێستاش لەوێن. تا ئێستا نزیک ٢٠ شەهیدی ڕۆژهەڵاتی لە بەرەکانی شەڕ لە کۆبانێ، کەرکووک و شنگال خوێنیان ڕژاوە. خەڵک بە پشتیوانی لە باشوور و ڕۆژئاوا خۆپێشاندانیان کرد، پارەیان کۆ کردەوە بەڵام ئەوە نابینرێ… بەڵام هاوکات نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵات خەریکی پڕۆپاگەندەن و کۆماری ئیسلامی چاوپۆشییان لێ دەکات و ئەگەر بێژین ئاسانکاریش ناکات، لانیکەم بێدەنگی دەنوێنێ… نزیک بە ١٥ ساڵە سەلەفییەکان تەڕاتێن دەکەن، هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و دەوڵەت کارێکی ئەوتۆی پێیان نەداوە … مەلاکان ڕۆڵی باشیان گێڕاوە وەگەرنا دەبا هەژمارێکی زۆر زیاتر تا ئێستا تەڤلی داعش بووبان… هەرچەند لە غیابی حیزبە ناسیۆناڵیست، چەپ و سێکۆلارەکان، دەرفەت بۆ پەرەسەندنی داعش دەخوڵقێ…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

سەبارەت بە هەڵبژاردنی یوونان و پیرۆزبایی هەدەپە لە سەرکەوتنی چەپەکانی ئەو وڵاتە

28 كانونی دووه‌م 2015 1 comment

voa

لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاک جانی دیلان، بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، باسم لە پێوەندییەکانی پارتی چەپڕەوی سیریزا و بزووتنەوەی کورد بە گشتی و هەدەپە بە تایبەتی کرد. سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە، ڕۆژی ٢٥ی ژانویە، پاش سەرکەوتنی، بە زمانی یوونانی، و ئەفلووبێی سیریلیک پیرۆزبایی لە سەرکوەزیرە تازەهەڵبژێردراوە چەپگەراکەی ئەو وڵاتە کرد… دواتر نوێنەرێکی بەڕەچەڵەک ئەرمەنی هەدەپە چۆ ئاتێن و لە نزیکەوە پیرۆزبایی هەدەپەی لە ئالێکسیس چیپراس کرد. حیزبەکەی چیپراس، مانگی نۆڤامبر نوێنەرێکیان ناردبۆ سەر سنووری کۆبانێ… حیزبەکە لە سەردەمی سەرهەڵدانی گەزیدا، پشتیوانی بەرخۆدەرانی تورکیای کردبوو و وەکی تریش پێوەندی ئۆرگانیکی لەگەڵ ئۆدەپەی هاوپەیمانی هەدەپە هەیە… هەموو ئەمانە مومکینە ببنە هۆی ئەوەی کە سەرکەوتنی چەپ لە یوونان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەریی لەسەر چەپی تورکیا، بزووتنەوەی کورد و گوشار بۆ سەر تورکیا لە ڕێگەی یەکێتیی ئەورووپاوە هەبێت و … لە ڕێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن گوێ لە وتووێژەکە بگرن.

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

“شەڕی کۆبانێ زۆر دەنگۆی بێ بەڵگەی بەدرۆخستەوە”

10 تشرینی دووه‌م 2014 1 comment

voa

لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا کە لەگەڵ کاک جانی لە بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا هەمبوو، باسم لە دوا هەواڵەکانی پێوەندیدار بە شەڕی کۆبانێ و باقی بەرەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لەوێدا ئاماژەم بەوە کرد کە ڕەژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی داعش و کورد و تەنانەت داعش و باقی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن قازانج دەکات… تورکیا کاریگەریی تەواوی لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی مەیلەوئیخوان هەیە و ناهێڵێ لەوە زیاتر هاریکاریی کوردان بکەن… بۆ کەمکردنەوەی گووشاری سەر کۆبانێ، لە سەرێکانیێ و لە جەزعە و تل کۆچەر، چەند بەرەی تری شەڕ کراونەتەوە… لە حکوومەتی هەرێم و هێزی هاوپەیمانان زیاتر، کەس بە فریای کۆبانێوە نەچووە و باقی سیناریۆکان هەموو درۆ و پڕۆپاگەندەن و … لێــــرە دەتوانن گوێ لە وتووێژەکە بگرن

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

باسی “خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆبانێ”مان کرد

15 تشرینی یه‌كه‌م 2014 2 comments

rudaw

لە بەرنامەی “دەنگی رۆژهەڵات”ی دەنگی ڕووداودا، باسمان لە “خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی کۆبانێ” کرد. جگە لە من – خالید محەمەدزادە، رۆژنامەنووس لە سلێمانی، نەعیم نەجەفی، رۆژنامەنوس لە کرماشان، ئومید ئەحمەدیان، چالاکڤانی مەدەنی لە جوانرۆ، خەبات مەنگوری، رۆژنامەنووس و چالاکڤانی مەدەنی لە مهاباد، موسا ئومیدی، چالاکڤانی سیاسی و ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد لە ئیلام بەشدار بوون. ئومێد بەرین بەرنامەکەی پێشکەش کرد و پرۆدیوسێر “ئازەر فارووق”یش ئەرکی ئامادەکردنی کێشا. من لەم بەرنامەدا، بە کورتی هەندێک خاڵم خستە ڕوو کە لە ژێرەوە باسم کردوون:

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

“رۆژئاوای کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی بوێرانه‌ و لەخۆبوردوانه‌ به‌رخۆدان ده‌کات”

23 ئه‌یلول 2014 2 comments

voa

بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا/ جانی دیلان: هه‌رچه‌ند بۆ نزیکه‌ی دوو ساڵه‌ گه‌ریلا و شه‌رڤانانی کورد له‌ رۆژئاوای کوردستان له‌ به‌رخۆدان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی رێکخراوه‌ی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعشدان، ئه‌و تیرۆریستانه‌ به‌وه‌وه‌ رانه‌وه‌ستان و ده‌ستیان گه‌ێشته‌ باشوری کوردستان و کۆمه‌ڵ کوژیه‌کیان له‌ شه‌‌نگاڵ نایه‌وه‌، به‌ڵام به‌ به‌رخۆدانی گه‌ریلا و پێشمه‌رگه‌ پاشه‌ که‌شیان پێی کرا.

رۆژنامه‌وان مه‌سعوود مه‌ناف کە له‌م دواییانه‌دا سه‌ردانی هه‌ردوو به‌شی کوردستانی کردووه‌. به‌ هه‌لمان زانی بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ئه‌م هه‌ڤپه‌ێڤینه‌ی له‌گه‌ڵدا ساز بده‌ێن. کاک مه‌سعوود سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌که‌ی ده‌ڵێت “سه‌ردانه‌که‌مان ئه‌وه‌ بوو له‌ قامیشلۆ له‌ رۆژئاوای کوردستان، پرۆژه‌یه‌ک به‌ ناوی “رۆژئاوا میدیا پرۆجێکت” ده‌ست پێی بکه‌ێن، که‌ ده‌ست پێشخه‌ریه‌کی میدیایه‌ بۆ په‌روه‌رده‌کردنی کۆمه‌ڵێک گه‌نج له‌ رۆژئاوای کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشی رۆژئاوا به‌ ده‌ستی خۆیان، به‌ زمانی خۆیان و به‌ کامیرای خۆیان بۆ دونیا دره‌وه‌ بگوازنه‌وه‌. کاک مه‌سعوود هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت سه‌ختیه‌کی زۆرمان پێی گه‌ێشت له‌ ده‌می سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌دا به‌و هۆیه‌ی سه‌ردانه‌که‌مان هاوکات بوو به‌ داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆڤییه‌ که‌ له‌ باشوری کوردستان له‌ شه‌نگاڵ قه‌وما وه‌ ئه‌و هێڕشه‌ی که‌ داعش کردی بۆ سه‌ر شاره‌کانی باشوری کوردستان، جگه‌ له‌وه‌ش ئێمه‌ کێشه‌مان بۆ په‌ێدا بوو له‌وه‌ش که‌ سنوریش به‌ شێوه‌ی یاسایی ده‌رباز بکه‌ێن، به‌ داخه‌وه‌ رێگامان پێی نه‌درا سنوری کوردستان به‌ یاسایی ده‌رباز بکه‌ێن، به‌و هۆیه‌وه‌ ناچار بوین به‌ قاچاغ برۆێن بۆ رۆژئاوای کورستان. کاک مه‌سعود سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاوای کوردستان ده‌ڵی به‌ داخه‌وه‌ له‌باری ئابوریه‌وه‌ له‌ ژێر گه‌مارۆیه‌کی سه‌خت دایه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاێ شۆڕشه‌وه‌ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گه‌مارو دراوه‌، به‌ڵام به‌ خۆشیه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر بوێرانه‌ وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر له‌ خۆبوردوانه‌ به‌رخۆدان ده‌که‌ن و له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ هوڵی خۆ پاراستن ده‌ده‌ن”.

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنی شارەدارییەکان لە تورکیا لەگەڵ رووداو

30 ئازار 2014 2 comments

پاشنیوەڕۆی یەکشەممە ٣٠ی مارس، کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتی دەنگدان لە باکووری کوردستان میوانی بەشی باکووری رووداو بووم. لەم بەرنامەدا وەڵامی هەندێک پرسیارم سەبارەت بە ئاکامی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردن، داهاتووی پێوەندیی بەدەپە و ئاکەپە، ئازادکران و نەکرانی ئۆجالان و هتد کرد. بەشێک لە بۆچوونەکانم بە کورتی بەم شێوەیە بوو:

وەک لە رۆژانی خەباتی هەڵبژاردندا دەرکەوت، ئەگەری ئەوەی کە بەدەپە هەژماری دەنگ و شارەدارییەکانی زیاد بکا زۆرە. بە تایبەت لە هەندێک شار رکەبەرییەکی نزیک لە نێوان بەدەپە و ئاکەپە هەیە و مومکینە بەدەپە بتوانێ هەندێک لە شارەکانی وەک ئاگری، بەدلیس و مێردین لە چەنگی ئاکەپە دەربهێنێ. جگە لە بەدەپە و ئاکەپە حیزبێکی تری سیستم لە باکووری کوردستان نەماوە کە بتوانێ ببێتە ئاڵترناتیڤ. بەدەپە لەناو شارەکانیش لە ئاستێکی باشدا خزمەتی کردووە و خەڵکی رازی راگرتووە هەرچەند پرسی خەڵک خاوێنکردنەوەی شەقام و ئەوە نییە بەڵام من خۆم بە کردەوە دیتوومە کە کاری باشیان کردووە. دیاربەکر بۆ وێنە، وان بۆ وێنە و … سەبارەت بە حزووری باقی حیزبەکانیش، ساڵانێکە جەهەپە و مەهەپە لە کوردستان دەنگ ناهێننەوە. لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە چەند شار و شارۆچکە پارتی سەعادەت حزوورێکی دە تا پازدە لە سەدی هەبوو بەڵام ئەوجارە فکر ناکەم ئەوەندەش بمێنێ. زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

با رۆژهەڵاتییەکان پشتیوانیی سیاسیی لە #رۆژئاوا بکەن … لەگەڵ #رووداو

29 ئازار 2014 1 comment

rudaw

پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی مارس، بەشداری بەشی خەبەری رۆژهەڵاتی کاناڵی رووداو بووم و وەڵامی هەندێک پرسیارم سەبارەت بە پشتیوانییکردن و نەکردنی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لە بانگەوازی یەپەگە داوە. کۆبانێ لەم حەوتووانەی دواییدا کەوتۆتە ژێر گەمارۆ و ئەمەش یەپەگەی هاندا کە داوای پشتیوانی لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکات. لەم نێوەدا رۆژهەڵاتییەکان، وەڵامێکی ئەرێنیی ئەوتۆیان نەداوەتەوە. یەک مەرج دادەنێ و یەک دەڵێ دروست نییە و یەک …

و من: بە بڕوای من ناردنی هێزی چەکدار بۆ رۆژئاوا، ئەویش بە شێوەیەکی ئاشکرا دروست نییە و مومکینە کێشەکە قووڵتر بکاتەوە. تۆ بە ناردنی هێز، رەسمەن دەبییە بەشێک لە شەڕ و ئەوەش مومکینە کاردانەوەی نیگەتیڤی دراوسێکان و رۆژئاواییەکان لێبکەوێتەوە بەڵام زۆر ئاساییە کە بە نهێنی چیت لەدەست هات بۆ رۆژئاوای کوردستان بیکەی.

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

مه‌سعوود مه‌ناف: گه‌نده‌ڵی و تۆمارکردنه‌کان هۆکاری سه‌رکی داخستنی توێته‌ر له‌ تورکیا بوون

voa

بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا: بریاری سه‌رۆک وزیری تورکیا له‌ قه‌ده‌غه‌کردنی به‌ کارهێنانی توێته‌ر ره‌خنه‌یه‌کی زۆری له‌ ناوو و ده‌ره‌وه‌ی تورکیا لێکه‌وتوه‌ته‌وه‌. رۆژنامه‌وان مه‌سعوود مه‌ناف له‌ هه‌ڤپه‌ێڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ” ئه‌مه‌ یه‌کم جار نییه‌ تورکیا هه‌وڵ بدات توێته‌ر یان تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان  قه‌ده‌غه‌ بکات و له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌شدا ئه‌ردوگان هه‌وڵی زۆری داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میدیاکان بکێشێته‌ ژێر رکێفی خۆێ و کونترۆڵیان بکات که‌ هه‌م له‌ بواری سیاسی و هه‌م له‌ بواری میدیاییه‌وه‌ فیشاریان بۆ هێناوه‌ و زۆر به‌ ئاشکرا هێڕشیان کردوه‌ته‌ سه‌ر. کاک مه‌سعوود هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت ئه‌و دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ مانگی دیسامبر ئۆپه‌راسیۆنی گه‌نده‌ڵی ده‌ستیپێکردووه‌ و که‌سانێکی زۆر نزدیک له‌ ئه‌ردوگان و ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌کان و کوره‌که‌ی و کچه‌کانیشی پێیه‌وه‌ گلان و له‌ قاودانی ئه‌و فاێله‌ ده‌نگیانه‌ که‌ تۆمار کرابوون هه‌موو له‌ رێگای توێته‌ره‌وه‌ ئه‌نجام دران‌ ئه‌وه‌ هۆکارێکی گرنگ بوون بۆ داخستنی توێته‌ر”.

گوێگرتن لەو وتووێژە- listen the interview

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

سەبارەت بە ساڵڕۆژی گیرانی بەڕێز ئۆجالان لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان/ لەگەڵ رووداو

رۆژی پازدەی شووبات/ فێبرواری- لە پازدەیەمین ساڵوەگەریی گیران و رادەستکرانەوەی بەڕێز ئۆجالاندا میوانی بەشی خەبەریی رۆژهەڵاتیی کاناڵی ئاسمانیی رووداو بووم و وەڵامی هەندێک پرسیارم سەبارەت بە کاریگەریی پەکەکە و ئۆجالان لەسەر بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان و دووفاقییەتی نێوان پێوەندی لەگەڵ تاران و شەڕی پەژاک دژ بە تاران داوە.

کاکڵی قسەکانم ئەوە بووە کە دامەزرانی پەژاک، دیارترین کاریگەریی گیرانی ئۆجالان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئاستی مەعنەویشدا گرێدرانێک لە ئاستی هەست و سۆز لە نێوان بزووتنەوەی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان سازبوو و گەلێک کەسی بە خەباتی کورد لە باکوور ئاشنا کرد. ئەوەش کە ئایا پەژاک چۆنە گرێدراوی پەکەکەیە بەڵام لەگەڵ ئێران شەڕ دەکات و چەندە دەتوانێ سەربەخۆ بێت و ئەمانە، وتم کە چ وێناچێ پەژاک بیهەوێ بەو مانایەی کە ئێوە باسی دەکەن سەربەخۆ بێت. پەژاک خۆی بە حیزبێکی سەربەخۆ پێناسە دەکات کە ئایدیالۆژی ئۆجالانی قبووڵە و حەو دەکا ئەو سیستمەی کە ناوبراو پێی باشە لە رۆژهەڵات پیادەی بکا و مادام وایە پێم وانییە کە دەستبەرداری ئەو ویستەی بێت. دوای شەری قەندیل و ئاگربەستی پەژاک لەگەڵ ئێرانیش هەندێک هێمای پرسیار سازبوون کە زۆر کەس پرسی کە چۆنە پەژاک بە ئەمری پەکەکە یەکجێ شەڕ رادەگرێ و ئاگربەست دەکا بەڵام هیچ یەک لەمانە ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە دەیان ئەندامی ئەو حیزبە گیراون، لەسێدارە دراون و گیانیان بەخت کردووە و کوردێکی زۆریش لە ریزی ئەو حیزبەدا خەبات دەکەن. کەوایە گرێدرانی پەژاک بە پەکەکە نیشانەی سازان لەگەڵ ئێران نییە و…

 

 

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

لەگەڵ کاک جانی باسی هەڵبژاردن بوو: با حیزبەکان دەرفەت بدەن!

23 حوزه‌یران 2013 لێدوانێک بنووسە

هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئێران کۆتایی پێ هات و له‌وانه‌یه‌ یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ سه‌رکه‌ۆتوترینیان بێت به‌ڵام پارته‌ کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ باره‌ێ به‌شداری کردنه‌وه‌ کۆ ده‌نگ نه‌بوون.
رۆژنامه‌وان مه‌سعود مه‌ناف له‌ هه‌ڤپه‌ێڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا ده‌ڵێت”ئه‌و سیاسه‌ته‌ێ پارته‌ کوردیه‌کان ده‌ێگرنه‌ به‌ر مرۆڤ ده‌توانی له‌ زۆر ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ڕه‌خنه‌ێ لێبگرێ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات کۆمه‌ڵگاێ کوردستان و بگره‌ کۆمه‌ڵگاێ ئێرانیش هه‌ردوو زۆر فه‌ره‌ ده‌نگه،‌ زۆر فه‌ره‌ ڕه‌نگه‌، وه‌کو پێشوو نییه‌ که‌ بێژی ته‌نیا حیزبێک یان دوو حیزب هه‌نه‌ و له‌ ده‌روه‌ی وڵات ده‌توانن به‌ به‌شداری نه‌کردن وه‌ یاخود به‌ دانی به‌یاننامه‌یه‌ک، بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ک بتوانن کاریگه‌ریان له‌سه‌ر خه‌ڵک هه‌بێ. کاک مه‌سعود هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت نه‌بوونی هاوده‌نگیه‌ک، نه‌بوونی پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش وه‌ ته‌نانه‌ت بوونی حێزبه‌کان له‌ده‌ره‌ی کوردستان کارێکی وایکردووه‌ که‌ پێگه‌یه‌کی ئه‌وتویان له‌ نێوخۆ نه‌مێنی و له‌به‌ر هه‌ندێ هۆکاری تر خه‌ڵکی ناوخۆ ناتوانن وه‌ یاخود ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان …

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

مه‌سعود مه‌ناف: لادانی پ.ک.ک له‌سه‌ر لیستی” تیروریستی” بریارێکی سیاسیه‌ ده‌بێ ڕێبه‌رانی یه‌کێتی ئه‌وروپا بریاری له‌سه‌ر بده‌ن

27 نیسان 2013 1 comment

Jani Diylan – 24.04.2013: له‌ کۆبونه‌وه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی په‌ڕله‌مان ئه‌وروپا، له‌ به‌رنووسی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی که‌ له‌ لایه‌ن نوێنه‌ری پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نساوه‌ ئاماده‌ کرابووله‌ جیاتی ئاماژه‌ پێکردن به‌ ئه‌ندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌کو” تیرۆریست” ، چالاکوانی به‌ کار هێناوه‌.
ڕۆژنامه‌وان مه‌سعوود مه‌ناف، له‌ هه‌ڤپه‌ێڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ” ئه‌و ناوه‌نده‌ێ که‌ بریاره‌که‌ی داوه‌ ئه‌نجومه‌نی په‌رله‌مانتارانی کونسه‌ێ ئه‌وروپایه‌ که‌ ناوه‌نده‌که‌ێ له‌ ستراسبورگی فه‌ره‌نسایه‌ و زۆرتر ڕۆڵی ڕاوێژکاری هه‌یه‌ تا بریاردان وله‌ تواناێدا نییه‌ بریارێک ده‌ربکات و وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا په‌سه‌ندی بکه‌ن. کاک مه‌سعود ده‌شڵێت ئه‌وه‌ بریارێکی سیاسیه‌ وده‌بێت رێبه‌رانی ئه‌وروپا بریاری له‌سه‌ر بده‌ن”.
listen to the interview 

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

مه‌سعوود مه‌ناف: ململانی تورکیا و ئێران و ژیانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می سه‌فه‌وی و عوسمانیه‌کان

18 تشرینی دووه‌م 2012 لێدوانێک بنووسە

هه‌ر وه‌ک ده‌بینین ململانیه‌کی گه‌وره‌ له‌ نێوان تورکیا و ئێران هه‌یه‌ بۆ قوولترکردنه‌وه‌ی په‌ێوه‌ندیه‌کانیان و ده‌سه‌ڵاتێکی زۆرتر له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌ڵام وا دیاره‌ به‌ هۆی باره‌که‌ له‌ سوریا تورکیا باڵاده‌ستره‌.
ڕۆژنامه‌وان مه‌سعود مه‌ناف له‌ هه‌ڤپه‌ێڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ته‌له‌ / رادیۆێ ده‌نگی ئه‌مریکا ده‌ڵێت “من ده‌توانم له‌و ڕوانگه‌وه‌ بڵێم زۆر له‌ چاودێرانی سیاسی  باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌و ساڵانه‌ێ دواییه‌دا ململانیه‌ک له‌ نێوان ئێران و تورکیا دا په‌ێدا بوو به‌ شێوه‌یه‌ک بۆ رێبه‌رایه‌تی کردنی جیهانی شیعه‌ و سوننه‌، له‌ کاتێکدا ئێران زۆرتر هه‌وڵی داوه‌ که‌ په‌ێوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ شیعه‌کانی عێراق، سور‌یا ولوبنان په‌ره‌ پێبدات و تورکیاش له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ رووی کردوه‌ته‌ موسڵمانانی سوننی هه‌رێمه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ندێ له‌ چاودیرانه‌وه‌ دوو لایه‌ن هه‌وڵی ژیانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ پێشتر له‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌کان و عوسمانیه‌کان هه‌یانبوو بژێننه‌وه”‌.

 

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

سەبارەت بە پلانی نوێی جەهەپە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵ دەنگی ئەمریکا

9 حوزه‌یران 2012 7 comments

voa

که‌مال کلیجدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماری گه‌لی تورکیا ( جه‌هه‌په ) نه‌خشه‌ رێگایه‌کی 10 خاڵه‌ی پێشکه‌ش کردووه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا و وا دیاره‌ ئاکه‌په‌ و سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆگانیش به‌ هه‌ندێ جیاوازیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ کۆکن، به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ئارادایه‌ ئاخۆ ئه‌و نه‌خشه‌ رێگایه‌ شیانی سه‌رکه‌وتنی هه‌یه‌ به‌ بێ به‌شداریکردنی هه‌موو لایه‌نه‌ په‌ێوه‌نداره‌کان؟ وه‌ یاخود چ جیاوازیه‌کی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێشخه‌ریه‌کانی له‌مه‌و پێشی ئاکه‌په‌ و ئه‌ردوگان؟
رۆژنامه‌وان مه‌سعود مه‌ناف له‌ هه‌ڤپه‌ێڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت دیاره‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی جه‌هه‌په‌ ده‌ستیپێکردووه‌ ئێستا هه‌وڵێکی شایانی سه‌رنجه‌ و به‌ بڕوای من گرنگیه‌گی تاێبه‌تی هه‌یه و ئاکه‌په‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا یه‌کێک له‌ دروشمه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد بوه‌ له‌ تورکیا، به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ چاکسازی ڕه‌واڵه‌تی وه‌ یاخود به‌ چاکسازی زۆر زۆر بچووک کۆ‌مه‌ڵه‌ی کوردستان و یه‌کێتی ئه‌وروپا رازی بکات، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دیتمان تاکۆ ئێستا ئه‌و پرۆسه‌ به‌ باشی نه‌چۆته‌ پێش و پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی گروپی ئاشتی له‌ قه‌ندیل ڕاوه‌ستاوه‌.
گوێ بگرن لەم وتووێژەی کاک جانی دیلانی و مەسعوود مەناف

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

خەڵات بۆ قۆڵبەستکردنی ڕێبەرانی پەکەکە/ شەڕی قڕێژ و شەڕی ڕەوانی

11 ئازار 2012 4 comments

voa

دوو ساڵ لەمەوبەر و لە چوارچێوەی پڕۆژەی کرانەوە بەڕووی کورددا، لە ژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆ، ڕێکخراوەیەک بە ناوی “ڕاوێژکاری پاراستنی تەناهی کۆمەڵایەتی” لە سەرجەم دەزگاکانی هەواڵدەری تورکیا پێکهات. ئەو دەزگایەک یەکێک لە کارە گرینگەکانی شەڕی دەروونی دژ بە گەلی کوردە. ئەمڕۆژانە و لە ڕۆژنامەی سەباح ڕاپۆرتێک بڵاوبۆوە کە وەزارەتی ناوخۆ خەڵاتێکی 4 میلیۆن لیری بۆ دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان دابین کردووە. بە گوێرەی ئەو قەرارە هەر کەس بتوانێ یارمەتی بە کردەوە و ڕاستەوخۆ بکات بۆ دیتنەوە و قۆڵبەستکردنی ڕێبەرانی پەکەکە ئەو خەڵاتە وەردەگرێ. موراد قەرەییلان، جەمیل بایک، دوران کاڵکان، ڕەزا ئاڵتوون، مستەفا قەرەسوو، زوبەیر ئایدار، ڕەمزی قارتاڵ و 50 کەسی تر لە سەرکردەکانی پەکەکە ناویان لە لیستێک دا هاتووە کە خەڵاتیان بۆ دیاری کراوە. دەگووترێ بۆ ئەو مەبەستە کۆمیسیۆنێکی 7 کەسی لە ژاندرمە و میت و پۆلیس پێکهاتووە و بەو کارە ڕادەگات. ئامانجی سەرەکی کریمیناڵیزەکردنی بزووتنەوەی کورد و شەڕی دەروونیە. شەڕێکی قڕێژ کە تا ئێستا زیاتر لە 300 میلیارد دۆلاری تێچووە و هەر بەردەوامە. لە پشت داخرانی مەدیا تیڤی، مێد تیڤی و ڕۆژ تیڤیش هەمان شەڕ و زیهنیەت هەیە. ساڵانە دەیان کۆنتڕاکتی گەورەی کڕینی چەک و چۆڵ و سەرفی میلیۆنەها دۆڵار بۆ پڕۆپاگەندە دژ بە بزووتنەوەی کوردیش هەمان زینهینەت دەیکا. ئەمریکا زانیاری دەداتە تورکیا، ئیسرائیل فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هێڕۆنی پێدەفرۆشێ، ڕاسمووسێن لە بەرانبەر سەرۆکایەتی ناتۆ دا بەڵێنی داخستنی ڕۆژ تیڤی دەدات و تورکیاش بە میلیاردها دۆلارە پارە بۆ ئەو یەکە خەرج دەکات. ئەگەر تورکیا ئەو 25 جارە هێرشی نەکردبایە سەر کوردستان و ئەو هەمۆ پارەی لە بۆمب و شەڕ خەرجنەکردبا و لە جێگەی بەنداوەکانی کوردستانی تەواو کردبا و لە زمانی کوردی سەرف کردبا، نە ئەو 35 هەزار کەسە گیانی لەدەست دەدا و نە ئەو هەمۆ تڕاژێدیە دەقەوما. بەڵام مەخابن کە فکرێکی شۆڤێنیستی دوژمنکارانە بەرانبەر بە کورد حاکمە کە ئەو کێشەگەلە دەخووڵقێنێ. بزووتنەوەی کورد لە باکوور بنکە فراوانە و بە گیرانی کەس یا کەسانێک لەناو ناچێ. کرانەوە بە رووی کورد دا سەرکەوتوو نەبوو و ئاکەپە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی لەبیرنەماوە و بەدەپە تاکە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی تورکیایە…

ئەو ەبەشێک لە قسەکانم بوو لەگەڵ کاک جانی دیلانی و گفتگۆیەک دا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا

زیاتر بخوێنەوە…

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,

لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا باسم لە مانگرتنی کەبوودوەند کرد

18 شوبات 2012 1 comment

voa

محه‌مه‌د سدیق که‌بودوه‌ند سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان به‌ پێ میدیاکان ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک ده‌ستی به‌ مانگرتن له‌ خواردن گرتبوو و چه‌ندین داخوازی هه‌بوه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌ مانگرتنه‌که‌ی به‌ڵام ڕاپۆرتی جیاواز هه‌یه‌ ئاخۆ ده‌ستی له‌ مانگرتنه‌ی هه‌ڵگرتوه‌ یان نا. رۆژنامه‌وان مه‌سعود مه‌ناف له‌ هه‌ڤپه‌ێڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا ده‌ڵێت دیاره‌ به‌ راستی هه‌ندی زه‌حمه‌ته‌ ئه‌وه‌ی که‌ مرۆڤ بتوانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ چاودێری ڕه‌وشه‌که‌ بکات و وڵامێکی سه‌دا و سه‌د وه‌رگرێ سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ئاغای که‌بودوه‌ند، به‌ڵام به‌ پێ زۆرترین سه‌رچاوه‌ی که‌ ئێمه‌ پێمان گه‌یشتوه‌ دوواترین هه‌واڵی که‌ ئێمه‌ لێ ئاگادارین ئه‌وه‌یه‌ دوای سێ رۆژ له‌ مانگرتن ده‌ستی هه‌ڵگرتوه‌ له‌ چالاکیه‌که‌ی و ئێستا چاوه‌ڕوانی به‌ جێ گه‌یاندنی به‌ڵێنه‌کانی به‌رپرسانی به‌ندیخانه‌یە/ راستەوخۆ گوێ بگرن لەو گفتگۆیەم لەگەڵ کاک جانی دیلانی

:هاوپۆله‌کانComment تاگەکان: ,