ماڵه‌وه‌ > PoemMusic > سكاڵا/ شێرکۆ بێکه‌س

سكاڵا/ شێرکۆ بێکه‌س

لە دوای خنکانی هەڵەبجە
سکاڵایێکی درێژم نووسی بۆ خوا
بەر لە خەڵکی
بۆ درەختێکم خوێنەوە
درەخت گریا
لە پەناوە،
باڵندەیێکی پۆستەچی
وتی: “باشە کێ بۆت ئەبا؟
گەر بە تەمای منی بیبەم،
من ناگەمە عەرشی خودا”
بۆ شەو درەنگ
فریشتەی ڕەشپۆشی شێعرم
وتی: “تۆ هیچ خەمت نەبێ؛
من بۆت ئەبەم هەتا سەرێ،
تا کەشکەڵان
بەڵام بەڵێنت نایەمێ خۆی نامەکەم لێ وەر گرێ؛
خۆ دەیزانی، خودای گەورە کێ ئەیبینێ؟”
وتم: “سوپاس، تۆ هەڵفڕە”
فریشتەی ئیلهام،
هەڵفڕیو
لە گەڵ خۆیا سکاڵای برد
ڕۆژی دوایی کە هاتەوە،
سکرتێری پلە چواری نووسینگەی خوا
“عوبێد” ناوێ
هەر لە سەر هەمان سکاڵاو لە دامێنا
بە عەرەبی بۆی نووسیبووم
“گەوجە!
بیکە بە عەرەبی
کەس لێرە کوردی نازانێ و
نایبەین بۆ خوا!

:هاوپۆله‌کانPoemMusic تاگەکان: ,
  1. : ڕۆژپڕێس / Rojpress
    16 ئازار 2012 له‌ 06:20

  1. No trackbacks yet.

لێدوانێک بنووسە